گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوای مسۆگەرکردنی بلیتی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و بردنەوە لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا رایگەیاند، شێرەکانی ڕافیدەین لە پاڵەوانێتییەکەدا هیچ شتێکیان نییە لەدەستی بدەن و بە عەقڵیەتی بردنەوەوە ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا و نەرویج و سێنیگال دەبنەوە.
هەروەها ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوسترالیا لە مۆندیالی 2022 کرد کە سەرەڕای شکستیان بەرامبەر فەڕەنسا بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، بەڵام توانییان ئەوە یارییە بکەنە بە یاری هەڵسانەوەی خۆیان و لە تونس و دانیمارک ببەنەوە و بگەنە قۆناغی 16، ئێستاش دەیەوێت هەمان ڕۆحیەت لە ناو یاریزانە عێراقییەکاندا بچێنێت تاوەکو جیهان سەرسام بکەن لە چەند مانگی داهاتوودا لە جامی جیهانی.
راهێنەرە ئوسترالییەکە دووپاتی کردەوە کە یاریکردن بەرامبەر ئەستێرە گەورەکانی وەک کیلیان ئێمباپێ و ئیرلینگ هالاند شانازییەکی گەورەیە بۆ یاریزانانی عێراق کە پێشتر ئەزموونی رووبەڕووبوونەوەی یاریزانی لەو شێوەیەیان نەبووە بەڵام جەختی کردەوە کە سەرەڕای ڕێزگرتن لەو ناوانە ئەوان تەنها بۆ بەشداریکردن ناچنە ئەمریکا بەڵکو هەوڵ بۆ تۆمارکردنی ئەنجامی چاوەڕواننەکراو دەدەن.
