خوێندراوەتەوە: (1.0K)

دابان ئیبراهیم عەبدوڵا

فرۆشتنی وێنەی بەهەشتێک لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان، لە کاتێکدا ئاسمانی وڵاتەکە لەژێر بارانی ئاگردایە، گەورەترین بازرگانیی درۆزنەکانی سەدەی بیست و یەکە! دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ساڵانێکە ملیۆنان دۆلاری پارەی دزراوی میللەت لە کۆمپانیاکانی پەیوەندییە گشتییەکان خەرج دەکەن بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێن “ئێمە دوبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تاکە پەناگەی ئارامی عێراقین” ، بەڵام ئەم بڵقی سابوونە هەرکە بەر واقیع دەکەوێت، دەتەقێت. ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئەو “ئارامییەی” ئەوان باسی دەکەن، تەنها لەناو دیوارە بەرزەکانی کۆشک و ڤێلاکانی خۆیان و خاڵۆژن و پورەکانیاندا بوونی هەیە؛ لە دەرەوەی ئەو دیوارانە، ئاسمانی هەولێر و ناوچەکانی تر بووەتە تاقیگەی درۆن و مووشەکی میلیشیاکان و وڵاتانی دراوسێ، کە بەبێ هیچ بەرپەرچدانەوەیەک خەڵکی سڤیل و ژێرخانی ئابووری دەکەنە ئامانج. ئەم هەرێمە ئارام نییە، بەڵکو تەنها بێدەنگ کراوە!

پاراستنی سنوورەکان بە بەیاننامەی ترسنۆکانە، ڕێک وەک ئەوە وایە بە پەڕەی کاغەز قەڵغانێک بۆ گوللە دروست بکەیت! کاتێک هێرشەکان دەکرێنە سەر خاکەکەیان، ئەم سەرکردە فەنتەڵۆسانە لەبری نیشاندانی هێز و سەروەری، تەنها بەیاننامەی “ئیدانەکردنی توند” دەردەکەن و دەپاڕێنەوە. چۆن دەکرێت هەرێمێک ئارام بێت لە کاتێکدا لە ناوخۆدا هێندە داڕزاوە کە دەرگای پەرلەمانەکەی زیاتر لە ٥٠٠ ڕۆژە ژەنگی هێناوە و پەکخراوە ، حکومەتەکەی بەهۆی شەڕی مافیایانەی پارتی و یەکێتییەوە توانای یەکلاکردنەوەی کابینەی نییە ، و تەنانەت ناتوانێت پارووی نانی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرمانبەرەکانی دابین بکات ؟ دەوڵەتێک کە لە ناوەوە سکی خەڵکەکەی برسی بکات و دامەزراوەکانی ئیفلیج بکات، خۆبەخۆ دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ هەر هێزێکی دەرەکی، و ئەو درۆیەی ناوی “ئاسایشە” تەنها بۆ خەڵەتاندنی وەبەرهێنەرانە، نەک پاراستنی هاوڵاتیان.

دروستکردنی وەهمی سەلامەتی بۆ کۆیلەکردنی هزرەکان، کۆنترین تەڵەی دیکتاتۆرەکانە بۆ شاردنەوەی بێتوانایی خۆیان. (وەک چۆن نووسەر و بیرمەندی گەورە، جۆرج ئۆروێڵ زۆر بەوردی لەسەر گێڕانەوەی دەسەڵات دەڵێت: زمانی سیاسی بۆ ئەوە داڕێژراوە کە درۆکان وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر نیشان بدات، و وێرانکارییش وەک سەقامگیری و ئارامی بفڕۆشێتەوە.”) ئەمڕۆ دەسەڵاتی هەرێم ڕێک هەمان زمانی سیاسی بەکاردەهێنێت؛ ئەوان درۆی “سەقامگیری” دەکەنە دەمامکێک بۆ شاردنەوەی ئەو واقیعەی کە ناتوانن نەوتەکەیان بپارێزن، ناتوانن ئاسمانەکەیان کۆنترۆڵ بکەن، و ناتوانن ڕێگری لە داڕمانی ئابووری بکەن. ئەوان دەیانەوێت هاوڵاتی وا هەست بکات کە گوایە لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە دۆزەخ هەیە، لە کاتێکدا خودی مانەوەی ئەم منداڵە لوسکانە لەسەر کورسی، گەورەترین دۆزەخ و سەرچاوەی ناسەقامگیرییە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 50 Today: 160 📊 Click Here