لەمەودوا ئاڵای کوردستان لە مۆندیال و پاڵەوانێتییە جیهانییەکان دەشەکێتەوە

کوردستان دەبێتە ئەندامی فیدراسیۆنێکی تۆپی پێی جیهانی و لەمەودوا بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشی کوردستان بڵاوی کردەوە: “کوردستان بووە ئەندامی فەرمی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی نێودەوڵەتیی و لەمەودوا کوردستان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان لەژێر ئاڵای کوردستان بەشداریی جام و پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێی بچووککراوە دەکات.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، بە چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جامی جیهانی تۆپی پێی بچووکراوەی ئافرەتان لە هەولێر بەڕێوەچوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی جیهان داواکاری کوردستانی بۆ بوونە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە قبووڵ کرد و لەمەودوا کوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردەی وڵاتانی جیهان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی پاڵەوانێتییەکان دەکات.”

رۆژی 22ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یاریی کۆتایی مۆندیالی تۆپی پێی بچووککراوەی خانمان لە هەولێر بەڕێوەچوو، خانمانی میسر بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە خانمانی بەڕازیلییان بردەوە.

مێسی داهاتی ساڵانەی خەیاڵیە

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە هاوینی 2023وە پەیوەندی کرد بە یانەی ئینتەر میامی ئەمریکیەوە و لە ماوەی رابردووشدا گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە تا کۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2028 نوێکردەوە.

رۆژنامەی گلۆباڵ پرێس چەند نهێنیەکی لەسەر شایستە داراییەکان و زیادبوونی داهاتەکانی ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە بڵاوکردەوە کە ئەوەش لە رێککەوتنی لەگەڵ یانە ئەمریکیەکەدا ئیمزای لەسەر کراوە.

ئەو رۆژنامەیە باسی لەوە کردووە، مووچەی ساڵانەی مێسی لە یانەی ئینتەر میامی 20 ملیۆن و چوار سەد هەزار دۆلارە بەڵام بە کۆی پاداشت و گۆڕانکاریەکان ساڵانە دەگاتە 60 ملیۆن دۆلار کە پەیوەستە بە ئاستی یاریزانەکە لەگەڵ بردنەوەی نازناو و خەڵاتەکان.

نوسیویەتی، جگە لەوەش پشکەکانی مێسی لە ئێستای ئینتەر میامی لە سەدا 35ە کە ساڵانە بڕی یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار وەک داهات وەردەگرێت و ئەگەریشی زۆرە لە داهاتوودا ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی لە سەرۆکایەتی یانەکە . ئاماژەی بەوەشداوە، یاریزانە ئەرجەنتینیەکە ساڵانە بڕی 70 ملیۆن دۆلاریش وەردەگرێت لە گرێبەستی سپۆنسەر و ریکلامەکاندا، جگە لەوەش لە کۆمپانیاکانی ئەدیداس و ئەپڵ پشکی ساڵانەی هەیە.

کەریم بنزیما تووشی پێکان بوو

یانەی هیلالی سعودی لە راگەیاندرواێکی فەرمیدا ئاماژەیان بەوەکردووە کە کەریم بینزیمەی ئەستێرەی یانەکەیان لە ماسولکەکانی قاچی راستیدا تووشی پێکانبووە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە هێرشبەرەکە بۆ یاریی بەرامبەر تەعاون بەم هۆکارە دوورخراوەتەوە و بەشداری ناکات،لەلایەکیترەوە ڕاکان ئەلوابێلی پزیشکی سعودی لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە جۆری پێکانەکەی بینزیمە بەوشێوەیە کە پێویستە پشوو بدات.

ئەمەش نیگەرانی بەرپرسانی هیلالی لێکەوتووەتەوە چونکە یانەکە لە رکابەریکردنی نازناوی خولی رۆشەن لە قۆناغێکی سەختدان و پێویستییەکی زۆرییان بە تواناکانی ئەو ئەستێرە فەرەنسییە هەیە.

ئۆبیمیکێڵ ڕەخنەی توند لە مۆرینیۆ دەگرێت

لە نوێترین کاردانەوەکانی ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردووی یاری نێوان ڕیاڵ مەدرید و بێنفیکا،جۆن ئۆبیمیکێڵی ئەستێرەی نەیجیری و یاریزانی پێشووی چێڵسی ڕەخنەی توند لە مۆرینیۆی ڕاهێنەری بێنفیکا دەگرێت.

لە لێدوانێکیدا جۆن ئۆبیمیکێڵ ڕایگەیاند،کە مۆرینیۆ هەرگیز نەدەبوو بڵێت ڤینسیۆس نابێ بەو جۆرە ئاهەنگ بگێڕێت،چونکە ڤینسیۆس یاریزانێکی گەورەیە و لەکاتی گۆڵ تۆمار کردندا ئازادە چۆن ئاهەنگ دەگێڕێت.

ئۆبیمیکێڵ زیاتر دوا و وتی؛دڵنیام ڕەگەزپەرستی کراوە بەرامبەر ڤینسیۆس،بەڵگەش زۆرن،بەڵام شوێن و کات دیاری ناکرێت بۆ سزادانی تاوانبارەکان،بەداخەوەم بۆ ئە، حاڵەتانە.

“سەرکار ڕێبوار”

کۆرتوا؛ هەر یاریزانێک دەمی شاردەوە لەکاتی قسە کردندا دەبێ سزا بدرێت

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا پێش یاری بەرامبەر یانەی بێنفیکا،تیبۆ کۆرتوای گۆڵپاریزی یانەی ڕیاڵ مەدرید چەند لێدوانێکی بۆ میدیاکاندا و پێشوازی لە بڕیارێکی نوێی فیفا کرد و پاڵپشتی خۆشی دەربڕی بۆ سزادانی پرێستیانی.

سەبارەت بە سزادانی پرێستیانی کۆرتوا وتی؛من پاڵپشتی هەر سزا و یاسایەک دەکەم،کە دژی ڕەگەزپەرستیە،ئەمەش وا دەکات ئاژاوەکانی یاریگا لەو ڕووە نەمێنن و کۆتایی بەو سوکاتیانە دەهێنێت.

کۆرتوا دەربارەی دانانی دەست لەسەر دەمیان لەکاتی قسە کردن لەگەڵ یاریزانی بەرامبەر وتی؛من پێشوازی لەو یاسایە دەکەم،چونکە لەیاریەکانی دیکە یاریزانان میکرۆفۆنیان لەسەر دەم هەیە و ناوبژیوان ئاگاداری هەموو شتێکە،بەڵام ئەمە تۆپی پێی و ئاڵۆزە.

“سەرکار ڕێبوار”

راشفۆرد ئامادەیە قوربانی بدات لەپێناو مانەوەی

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە یانەی بەرشەلۆنە هەوڵەکانی دەستپێکردووە بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی داهاتووی مارکۆس راشفۆرد بە مانەوە لە یانەکەیان یان گەڕاندنەوەی بۆ مانچستەر یونایتد.

بەرپرسانی یانە کەتەلۆنیەکە ئامانجیان ئەوەیە گرێبەستی ئەو یاریزانە بکەنە هەمیشەیی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە یانەی مانچستەر یونایتد ئامادەنییە نرخەکەی دابەزێنێت و تەنها بەرامبەر بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ دەیفرۆشێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، یانە کەتەلۆنیەکە داوایان لە راشفۆرد کردووە بەشێک لە مووچەکەی کەمبکاتەوە تا بتوانن گرێەبستەکەی بکەنە هەمیشەیی و ئەو 30 ملیۆن یۆرۆیە بەدەستبهێنن تا پێشکەشی مانچستەر یونایتدی بکەن.

رۆژنامەکە دڵنیاییداوە لەوەی کە هێرشبەرە ئینگلیزیەکە رازیبووە بەوەی جاریکیتر بەشێک لە مووچەکەی کەمبکاتەوە لەپێناو ئەوەی گرێبەستێکی چەند ساڵی لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە ئیمزابکات.

ئاڵۆزی دەکەوێتە ماڵی میلان،ئەلێگری دەیەوێت بڕوات

لە نوێترین هەواڵەکانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ ماڵپەڕی سپۆرت ئیتاڵیا نیشانەی خستە سەر ماڵی ئەی سی میلان و کێشەیەکی نوێی ئەو یانەیەی ئاشکرا کرد،کە ئەویش مانەوە یان ڕۆیشتنی ماسیملیانۆ ئەلێگری ڕاهێنەرە.

بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕەکە بێت،ئەلێگری دەیەوێت تاکو مانگی سێی ئەمساڵ هەڵسەنگاندن بکات بۆ تیپەکە و پاشان بڕیاری مانەوە یان ڕۆیشتن بدات،ئەمەش جگە لەو ناڕەزایەتیانەی ڕاهێنەرەکە هەیەتی لە ئیدارەی میلان بەهۆی خراپی کارکردنیان لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە مێرکاتۆکاندا.

میلان و ئەلێگری ئەم وەرزە هەڵبەست و دابەستی زۆریان بینیوە لە ڕکابەریەکان و لە خولی ئیتاڵی یانەکە دووەمینی ڕیزبەندیە و 10 خاڵ دوورە لە ئینتەر میلانی یەکەمەوە بۆندەکەی ئەلێگریش لەگەڵ میلان تاکو هاوینی ساڵی 2027 بەردەوامە.

“سەرکار ڕێبوار”

ئاس؛ یاریزانە یەدەگەکانی ڕیاڵ مەدرید جیاوازی دروست ناکەن

یانەی ریاڵ مەدرید لەم وەرزەدا بەبارودۆخێکی باشدا تێناپەرێت بەجۆرێک ئاستی یانەکە بەبەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەدایە لە دۆخێکی جێگیردا نیە.

رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی سەبارەت بە یاریزانە جێگرەوەکانی ئەم وەرزەی ریاڵ مەدرید بڵاوکردووەتەوە کە کەمترین کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەنجامەکانی مێرێنگی.

لە راپۆرتەکەی رۆژنامە ئیسپانییەکەدا هاتووە کە ریاڵ لەم وەرزەی لالیگا تەنها دوو گۆڵیان لە رێگەی یاریزانی یەدەگەوە تۆمارکردووە بەجۆرێک فران گارسیا بەرامبەر ریاڵ بیتس گۆڵی پێنجەمی تۆمارکردوو و ڤینیسیۆسیش بەرامبەر ریاڵ ئۆڤیدۆ گۆڵی سێیەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.

لەلایەکیترەوە بەرشەلۆنە بەسەرکردایەتی فلێک زۆرترین سودیان لە گۆرانکارییەکانیان وەرگرتووە و بەجۆرێک لەم وەرزە خولی ئیسپانیا 13 گۆڵیان لەرێگەی ئەو یاریزانانەوە تۆمارکردووە کە تایمی دووەم بەشدارییان کردووە.

مەترسیی كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق هەیە

ئابووریناسێكی عێراقی هۆشداری له‌باره‌ی چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی فیدرالیی عێراق ده‌دات و پێیوایه‌ نابێت ده‌ستكاریی مووچه‌ و قووتی فه‌رمانبه‌ران بكرێت و چاكسازی ده‌بێت له‌ نه‌وت و گرێبه‌ستی كۆمپانیا و كرێكارە بیانییه‌كان بكرێت.

نه‌بیل مەرسوومی، ئابووریناسی عێراقی له‌ پلاتفۆڕمی خۆی له‌ (فه‌یسبووك)، هێرشی توندی كردووه‌ته‌ سه‌ر سیاسه‌تی سه‌ركرده‌كانی عێراق و ده‌ڵێت: “چاکسازی بە کەمکردنەوەی پارە و هاندانی فه‌رمانبه‌ران دەست پێناكات، به‌ڵكوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە شێوە جۆراوجۆرەکانیەوە دەست پێدەکات، لە گرێبەستەکانی نەوت و کارەبا و گواستنەوە، له قاچاخچێتیی نه‌وت و گرێبه‌ستی كۆمپانیا بیانییه‌كان دەست پێدەكات.“

ئەوەشی خستە ڕوو: “مووچە گرنگترین بەشی ژیانی تاكی عێراقی پێك ده‌هێنێت و بڕینی مووچە خواستی بەکاربەر کەم دەکاتەوە، بەم شێوەیەش خواستی گشتی کەم دەبێتەوە و داكشانی ئابووری قووڵتر ده‌بێته‌وه. له‌ بنه‌ڕه‌تدا پێویستە چاکسازی لایەنی ئابووریی به‌رزبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پشتیوانی سیاسی و جەماوەری ده‌كرێت بۆ سەرکەوتنی چاکسازی بەڵام چاکسازی بە کونکردنی گیرفانی فەرمانبەران نییە”.

مه‌ڕسومی ئاگاداری ئه‌وه‌شی دا، نه‌وت تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی داهات و سه‌رمایه‌ی سه‌ره‌كیی بودجه‌ی گشتیی عێراقه‌، به‌بێ نه‌وت داهاتی ئابووری توشی داڕمان ده‌بێت و هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ كاره‌كانی نه‌وت دروست بێت، زیان به‌ هه‌موو عێراق ده‌گه‌ێنێت. ده‌بێت بزانین چاكسازی له‌ مووچه‌ و هاوسه‌نگكردنی گرنگە، به‌ڵام نەك لە ڕێگەی كەمكردنەوەی مووچەی خاوەن مووچە مامناوەندییەكان، بەڵكوو لە ڕێگەی ‌چاره‌سه‌ركردنی گه‌نده‌ڵی و كەمكردنەوەی مووچه‌ی بڕوانامه‌ی تایبه‌تەكان و ئیمتیازاتی به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ مووچه‌كانیان كه‌مه‌.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/25، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەڵمانی کرد بە سەرۆکایەتی جیزا ئەندریاس ڤۆن گەیر بریکاری وەزارەتی دەرەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دانیال کرێبەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا .

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاری ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە.

هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاریی و هاوئاهەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم ئاڵوگۆڕ کرا.

👤
Live: 48 Today: 518 📊 Click Here