بایرن میونخ ناوبژیوان تاوانبار دەکات بەوەی هاوکاری یاریزانە پورتوگالیەکانی کردوە

دوێنێ شەو لەیاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ یانەی بایرن میونخ و پایس سانجێرمان بە تاکە گۆڵێک بەرامبەر بوو،بەفەرمی یانە فەڕەنسیەکە سەرکەوتە یاری کۆتایی،بەڵام ئەوەی جێگای مشتومڕ و قسە کردنە تاکو ئێستا بڕیارەکانی ناوبژیوانە لەیاریەکەدا،کە توڕەییەکی زۆری دروست کردوە لای یانە باڤاریەکە و هەر دوای یاریەکە هێرشی توندی کرایە سەری و تاوانباریان کرد بە هاوڕێیەتی کردن و نزیکی لە یاریزانە پورتوگالیەکان.

دوای یاریەکە ماکس ئێبرڵ هێرشی کردە سەر ناوبژیوان و وتی؛ ئەو لەبەر یاریزانە پورتوگالیەکانی پاریس دژی ئێمە بوو،تەنانەت قسەی خۆشی لەگەڵ دەکردن لەیاریەکە،بەهەموو پێوەرێک دەبووایە مێندێش کارتی دووەمی زەرد وەرگرێت،بەڵام نازانم بۆچی بڕیارەکەی گۆڕا،ئەو حاڵەتەی نێڤێش پێناڵتی بوو،یان کاتێک هاری کەین ئۆفساید نییە بۆچی دەیکاتە ئۆفساید،من تێناگەم لەم شتانە،بەڵام ئەم کەسە تاوانبارە.

شایەنی باسە ئەوەی مشتومڕی زۆری لەسەرە حاڵەتی دەستەکەی نێڤێشە بەڵام بەپێی یاساکان بێت نابێتە پێناڵی،چونکە نێڤێش نزیک بووە لەشوێنی هاتنی تۆپەکە و دەرفەتی نەبووە،وە هاوڕێکەی بەمەبەستی دوورخستنەوەی لێیداوە،کە نێڤێش بەئەنقەستیش دەستی نەکردۆتەوە،بەڵام ئەمانە ناتوانن دڵی هاندەرانی یانە باڤاریەکە دامرکێننەوە.

“سەرکار ڕێبوار”

دۆناڵد ترامپ؛شەڕێکی گەورەی UFC لە کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت

دوای چاوەڕوانیەکی زۆری هەوادارانی MMA دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری بەڕێوەچوونی ئیڤێنتێکی مێژووییدا لە نێو باخچەی کۆشکی سپی ئەمریکا لە واشنتن،کە بۆ یەکەمین جارە لەمێژوودا کارێکی لەو جۆرە بکرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ترامپ وتی؛ سوپاسی هەمووتان دەکەم،من هەوادارێکی وەرزشیم و حەزم لەوەرزشە،ئەم پیاوانەی لە پشتی منەوە وەستاون بەهێزترین کەسن،ئێمە شەوێکی مێژوویی ڕێکدەخەین و بەهێزترین شەڕەکان ئەنجام دەدرێن،کە هەرگیز ڕووی نەداوە و هەرگیز دووبارە نابێتەوە.

ترامپ ڕێککەوتی 14ی مانگی شەشی دیاریکرد وەکو کاتی بەڕێوەچوونی ئیڤێنتەکە،کە ئەلێکس پێرێرای بەڕازیلی و لیلیاتۆ پۆریای ئیسپانی و جەستن گەیجی ئەمریکی و سیرلی گەین تاکو ئێستا بەشدارن،ڕەنگە چەند یاریزانێکی دیکەش لەو ئیڤێنتە بەشداربن.

“سەرکار ڕێبوار”

پێکانەکان ڕێگری لە بەردەوامبوونی کارڤاخال دەکەن

هەموو ئاماژەکان لەنێو یانەی ریاڵ مەدرید ئەوە دووپات دەکەنەوە کە وەرزی ئێستا دەبێتە دوا وێستگەی دانی کارڤاخال لەگەڵ یانەی شاهانە و ئەم بەرگریکارە تەمەن 34 ساڵانەیە کە گرێبەستەکەی لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی داهاتوو تەواو دەبێت بڕیارە لە هاوینی ئەمساڵدا ماڵئاوایی یەکجاری لە سانتیاگۆ برنابیۆ بکات ئەوەش بەهۆی سیاسەتی یانەکە بەرامبەر یاریزانانی سەروو 30 ساڵ و زۆریی پێکانەکانی لەم دواییانەدا.

کارڤاخال خاوەنی مێژوویەکی زێڕین و پڕ لە دەستکەوتە لەگەڵ مێرێنگی چونکە ئەو یەکێک بوو لەو منداڵانەی لە ساڵی 2004 لەگەڵ ئەفسانە دی ستیفانۆ بەردی بناغەی شارۆچکەی وەرزشی فالدیبێباسیان دانا و دوای گەشتێکی کورت لە یانەی لیڤەرکوزن لە ساڵی 2013 گەڕایەوە بۆ مەدرید و بووە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەموو نازناوە ناوخۆیی و ئەوروپییەکانی یانەکە لە دە ساڵی رابردوودا.

ئەو پێکانە قورسانەی لە ئۆکتۆبەری 2024 و نۆڤەمبەری رابردوو تووشی بوو لەگەڵ پێکانە نوێیەکەی لە پەنجەی پێیدا کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئاستی جەستەیی دانا و دڵنیایییان دا کە ئیتر کاتی ماڵئاوایی هاتووە و چاوەڕوانیش دەکرێت یاریی بەرامبەر ئەتڵەتیک بلباو لە گەڕی کۆتایی لالیگا ببێتە دوایین دەرکەوتنی ئەم ئەفسانەیە لەبەردەم هاندەران بۆ ئەوەی دوای 24 ساڵ خزمەت لە دەرگایەکی گەورەوە ماڵئاوایی لە ماڵەکەی خۆی بکات.

ئارسناڵ بە هیواوە گەڕانەوەی کای هاڤێرتزە بۆ قۆناغی کۆتایی وەرز

یانەی ئارسناڵ پێشبینی دەکات کای هاڤێرتزی هێرشبەر بەشداری لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی ئینگلیزیدا بکات، سەرەڕای ئەوەی لە یارییەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردووی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد تووشی پێکانێکی ماسولکەیی بووە. ئەو یاریزانە تەمەن ٢٦ ساڵە بەهۆی کێشەیەک لە بەشی سەرەوەی قاچیدا ناچار بوو لە گێمی یەکەمدا یاریگا بەجێبهێڵێت.

سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان، یانەکە هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ چاکبوونەوەی دانەناوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەو چوار یارییەی کۆتایی خولی نایابی ئینگلیزیدا بەشداری بکات، لە کاتێکدا ئارسناڵ هەوڵی بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی خولەکە دەدات لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە.

جگە لە کێبڕکێی خولەکە، یانەکەی میکێل ئارتێتا خۆی بۆ یارییەکی چارەنووسساز لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنز لیگ ئامادە دەکات، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە یاری چووندا ڕووبەڕووی ئەتلەتیکۆ مەدرید ببێتەوە.

ئامارەکانی ئەم وەرزەی هاڤێرتز:

هاڤێرتز ئەم وەرزە تووشی کێشەی زۆری پێکان بووە، بە جۆرێک شەش مانگ بەهۆی پێکانی ئەژنۆوە لە یاریگاکان دابڕا بوو. هەرچەندە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا گەڕایەوە یاریگاکان، بەڵام لەو ماوەیەدا توانیویەتی لە کۆی ١٩ بەشداریکردن، ٥ گۆڵ تۆمار بکات.

برایتن؛ یەکەم یاریگای تایبەت بە تۆپی پێی ئافرەتان لە ئەوروپا دروستدەکرێت

یانەی برایگتن و هۆڤ ئەلبیۆن پلانی دروستکردنی یاریگایەکی پێشکەوتووی بە بڕی ٧٥ بۆ ٨٠ ملیۆن پاوەند ئاشکرا کردووە، کە دەبێتە یەکەم یاریگای جیهان لە ئەوروپا بەشێوەیەکی تایبەت بۆ تیمی تۆپی پێی ئافرەتان دیزاین کرابێت.

ئەم یاریگایە کە لە ناوچەی بێنێتس فیڵد و لە تەنیشت یاریگای سەرەکی یانەکە دادەمەزرێت بە پردێکی پیادەڕەو بە یاریگای ئەمێکسەوە دەبەسترێتەوە و توانای لەخۆگرتنی لانیکەم ١٠ هەزار هاندەری دەبێت یانەکە پلانی هەیە کارەکانی دۆکیۆمێنتی پلاندانان تەواو بکات و پێشبینی دەکەن لە دەستپێکی وەرزی ٢٠٣٠-٢٠٣١ دەرگاکانی بەڕووی هاندەراندا بکەنەوە.

زۆی جۆنسن، بەڕێوەبەری تیمی ئافرەتانی یانەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە پڕۆژەیەکی پێشەنگە لەسەر ئاستی جیهان و یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کێبڕکێکردن لە خولی سوپەری ئافرەتان و پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.

بەم هەنگاوە، برایگتن دەیەوێت کۆتایی بە یاری کردن لە یاریگای کرۆلی تاون بهێنێت و ناسنامەیەکی سەربەخۆ بۆ تیمی ئافرەتانیان دروست بکەن کە خزمەت بە گەشەپێدانی ئەکادیمیا و بەهرەمەندە لاوەکان و فراوانکردنی بنکەی هاندەرانیان بکات.

لینگارد سورە لەسەر بریارەکەی

جێسی لینگارد بووە یەکەمین یاریزانی ئینگلیزی کە لە خولی پلە یەکی بەڕازیل یاری دەکات ئێستا بە تەواوی سەرقاڵی چێژوەرگرتنە لە ڕۆژانی سەرەتای لە یانەی کۆرینسیانز، هەفتەی ڕابردووش توانی یەکەمین گۆڵی خۆی لە پاڵەوانێتی جامی بەڕازیل تۆمار بکات.

سەرەڕای ئەوەی ڕاگەیاندنی ئەم گرێبەستە لە سەرەتادا بۆ زۆر کەس جێگەی سەرسوڕمان بوو، تەنانەت “ماورۆ سیزار پریرا”ی شرۆڤەکاری وەرزشیی ناوخۆیی بە “گرێبەستێکی نامۆ” ناوی برد، بەڵام هێرشبەرەکەی پێشووی مانچستەر یونایتد کە دوای بەجێهێشتنی یانەی ئێف سی سیئۆل پەیوەندی بە کۆرینسیانزەوە کرد، ئێستا بە خێرایی لەگەڵ ژینگەی نوێیدا خۆی گونجاندووە.

لینگارد لەبارەی ئەم ئەزموونە نوێیەی دەڵێت کە هێشتا ئەمە تۆپی پێی ئاست بەرزە و ئەو پێی وایە هێشتا دەتوانێت لەو ئاستەدا یاری بکات. بۆ ئەو، بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە ڕکابەرییەکانەوە هەبووە، بەتایبەت کاتێک سەیری گەورەیی یانەکە و گەورەیی خولەکە دەکات لە بەڕازیل.

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە چەندین ئۆفەری تری لەبەردەستدا بووە، بەڵام هێشتا دەیەوێت تاقیکردنەوەی خۆی بکات. هۆکار و ئامانجەکەی بۆ ئەم هەنگاوەش بە ڕوونی دیارە، کاتێک دەڵێت: “من هاتووم بۆ ئێرە تا نازناوێک بەرز بکەمەوە.”

ئێنرێکی؛منیش وەک یاریزانەکان ماندووم

دوێنێ شەو لە قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بایرن میونخ و پاریس سانجێرمان یاریەکی دراماتیکیان خستە بەرچاوی بینەران و دوای یاریەکەش لویس ئێنرێکی ڕاهێنەری یانە فەڕەنسیەکە لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بە ماندوێتی خۆی کرد و سوپاسی یاریزانەکانی کرد بۆ ئەوەی پێشکەشیان کرد.

ئێنرێکی دەربارەی یاریەکە وتی؛ بەڕاستی یاریەکی ماندووکەر بوو،سوپاسی هاندەران و یاریزانان دەکەم بۆ ئەو یاریە جوانە،دەتوانم بڵێم وەک یاریزانەکان ماندووم،ساتێکی ئەفسوناوی و مێژوویی بوو،بەدرێژایی 15 ساڵی ڕاهێنەرایەتی یەکەمین جارە ئەزموونی یاریەکی ئاوا بکەم.

سەبارەت بە یاری گەڕانەوە و بایرن میونخ ئێنرێکی وتی؛ بایرن تیپێکی بەهێزە ئێمە دەزانین بەرامبەر کێ یاری دەکەین،دەبێت پشووێک وەربگرین ئینجا خۆمان ئامادە بکەین بۆ یاری داهاتوو،دەمانەوەی لەو پردە بپەڕینەوە.

“سەرکار ڕێبوار”

مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە ڕیاڵ مەدرید

فابریزۆ ڕۆمانۆ پپسپۆڕی گواستنەوە و مێرکاتۆ لە پۆستێکیدا ڕایگەیاند فلۆرێنتینۆ پێرێز و جۆزێ مۆرینیۆ گفتوگۆیان کردوە سەبارەت بە وەرگرتنی ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەلایەن جۆزێوە،کە بە ئەگەری سەدا سەد مۆرێنیۆ ڕاهێنەری داهاتووی مێرێنگیە.

مۆرینیۆ ئێستا ڕاهێنەرایەتی یانەی بێنفیکا دەکات،بەڵام چوونە ناوەوەی پێرێز بۆ ژووری گفتوگۆ هەموو شتێکی گۆڕیوە و مۆرینیۆ ئاماژەی بەڵێی بە بەرپرسانی ڕیاڵ مەدرید داوە،کە ڕۆمانۆ دەڵێت لەماوەی 15 ڕۆژی داهاتوودا هەموو شتەکان یەکلایی دەبنەوە و مۆرینیۆ دەبێتە ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید.

جۆزێ لە ساڵی 2010 ئینتەری جێهێشت و بووە ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید،کە ئەو کاتە بارسێلۆنا خاوەنی بەهێزترین تیپی جیهان بوو،بەڵام کار کردنی مۆرینیۆ ڕیاڵ مەدریدی کردە باشترین تیپی جیهان،وە ئێستاش هەمان بارودۆخە بۆ قەڵای سپی و نزیکن لەوەی بۆ دووەم وەرزی یەک بەدوای یەک بەبێ نازناو کۆتایی بێنن.

“سەرکار ڕێبوار”

فیفا چەند سزایەکی توندی بۆ مۆندیال زیاد کرد

لە هەواڵێکی لەناکاو و بڕیارێکی نوێی یەکێتی تۆپی پێی جیهان(فیفا) چەند یاسایەکی نوێی زیاد کرد بۆ مۆندیالی 2026،ئەمەش لەپێناو خاوێنی بڕیارەکانی ناو یاری و نەهێشتنی ڕەفتاری نابەجێ لەکاتی یاری.

سزای گرتنی دەم؛ بەپێی یاساکەی فیفا بێت هەر یاریزانێک لەکاتی دەمەقاڵێ یان پێکدادان لەگەڵ یاریزانی تیپی بەرامبەر دەستی بەدەمیەوە بگرێت یان لەڕێی درێسەکەیەوە دەمی داپۆشتێت ناوبژیوان ئازاد دەبێت کارتی سووری بەڕوودا بەرز بکاتەوە،کە ئەمەش دوای کێشە گەورەکەی یاری نێوان بێنـفیکا و ڕیاڵ مەدرید دێت لە چامپیۆنزلیگ.

چوونەدەرەوە لەیاریگا؛ ئەم سزایەش بۆ ئەو یاریزان و تیپانەیە لەکاتی یاریدا لەبڕیارێکی ناوبژیوان ناڕازی دەبن و یاریگا جێدەهێڵن،کە لەو کاتەدا ناوبژیوان بە دەرکراوە هەژماری دەکات ئەمەش دوای ئاژاوەکەی یاری کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا دێت لەنێوان مەغریب و سەنیگال.

“سەرکار ڕێبوار”

گەڕانەوەی گریلیش نزیکە

جاک گریلیشی ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەی ئێڤەرتۆن، دوای تێپەڕبوونی دە هەفتە بەسەر نەشتەرگەرییەکەی بۆ شکانی ئێسکی پێی، هەواڵی دڵخۆشکەری لەبارەی تەندروستییەوە راگەیاند.

گریلیش کە تەمەنی ٣٠ ساڵە، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ پزیشکەکەی دڵنیایی پێدراوە کە قۆناغی چاکبوونەوەی بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت و پزیشکەکەش لە ئاستی پێشکەوتنەکان ڕازییە.

ئەو یاریزانە کە بە خواستن لە مانچستەر سیتییەوە پەیوەندی بە ئێڤەرتۆنەوە کردووە، باسیشی لەوە کردووە کە دوری لە یاریگاکان کاریگەری دەروونی لەسەر داناوە، بەڵام هاوکاری و پشتیوانی کارمەندان و یاریزانانی ئێڤەرتۆن لەو ماوەیەدا بۆ ئەو جێگەی سوپاسگوزاری بووە.

لە ئێستادا گریلیش تەنها ساڵێکی لە گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچستەر سیتی ماوە و دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە یانەی ئێڤەرتۆن دەیەوێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات، ئەگەر بێت و بتوانن لەسەر نرخێکی گونجاو لەگەڵ مانچستەر سیتی ڕێکبکەون.

👤
Live: 7 Today: 816 📊 Click Here