کەشناسی: هەفتەی داهاتوو هاوین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی

بەپێی حیساباتی فەلەکی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە وەرزی هاوین بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

شارەزایانی کەشناسی رایدەگەیەنن کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکە ڕۆژی شەممە دەبێت کە لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وا باشترە هاووڵاتییان لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ تاوەکو عەسر کەمتر بەر تیشکی خۆر بکەون.

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت

ڕۆژی یەک شەممە ( ٢١ ی حوزەیران تا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.

هاوکات لەهەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

١٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

مەسرور بارزانی سوپاسی خەلکی پارێزگایی هەلەبجە دەکات

سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە ، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو.

پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوخەمیانم . خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.

بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو ، هەروەها داوا و تکا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم کە ئەو ڕێنماییانە لەبەر چاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن .

نزاکارین لە خودای مەزن کە هەموو لایەک بپارێزێت .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2026/6/18

ئه‌شواق جاف بۆ زاگرۆس: سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جۆرێك له‌ دڵنیایی به‌ كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌كوردستان داوه‌

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌رله‌مانتاری عێراقیش، باس له‌ گفتووگۆی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و نوێنه‌رایه‌تی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ كوردستان ده‌كات و زانیاری ده‌خاته‌روو.

د.ئه‌شواق جاف، بۆ زاگرۆس گوتی: “كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی كوردستان داوای دڵنیاییان كردووه‌ كه‌ چیتر به‌ ئامانج نه‌گیرێن له‌لایه‌ن گروپه‌كانه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی پێداون، به‌ڵأم ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێبدرێت ئه‌گه‌ر به‌ئامانج بگیرێن قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش ده‌ڵیت: ( ئه‌گه‌ر له‌ناو خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ ئامانج بگیرێت به‌پرسیار ده‌بێت به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه‌ به‌رپرسیار نییه‌). و تائیستاش ئه‌م گفتووگۆیانه‌ ماوه‌.

گوتیشی: “ئه‌و شانده‌ی هاتوه‌ته‌ كوردستان شاندێكی باڵای ئه‌منییه‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیاریان كردووه‌ و هه‌ولێر ده‌یه‌وێت هاوكاری عێراق بكات به‌تایبه‌ت له‌رووی ده‌رچه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌ و ده‌بێت كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بپارێزرێن.

مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات و دەڵێت “هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران کرد.

مەسرور بارزانی دەڵێت: “پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەم. هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

ڕێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: كارا نه‌كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی و لاوازبوونی میكانیزمی چاودێری

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی کرد کە درێژبوونەوەی کارا نەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی چوارچێوەی یاسایی هەرێم هەیە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە کە زۆربەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون، جەخت لەسەر پێویستی دەرچوونی یاسا و هەموارکردنەوەی یاساکان دەکەنەوە. بەپێی وتەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پەرلەمان وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دەرچوونی یاسا و چاودێریکردن لە جێبەجێکردنیان، بۆیە نەبوونی پەرلەمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پابەندبوونی هەرێم بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

د. زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەیەک لە ڕاسپاردەکان هێشتا چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانن، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە دەرچوونی یاسا نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا هەنووکەییەکانەوە هەیە.

لە هەمان کاتدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر گرنگی پەسەندکردنی ژمارەیەک لە یاسا و پرۆژە یاسا سەرەکییەکان کردەوە کە پەیوەندیان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، پاراستنی مافەکانی منداڵ، بیمەی تەندروستی و چاکسازییە یاساییەکانەوە هەیە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی کرد کە کەمبوونی چالاکی یاسادانان دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی، کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان و لاوازبوونی میکانیزمەکانی چاودێری و دادپەروەری. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە چالاککردنەوەی پەرلەمان و دانانی پلانێکی یاسادانان بەپێی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی یاسا، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان.

مۆندیالی ماڵئاوایی؛ دوا سەمای ئەفسانەکانی تۆپی پێ

جیهانی تۆپی پێ خۆی بۆ مۆندیالێکی پڕ لە سۆز ئامادە دەکات کە چاودێرانی وەرزشی پێیان وایە دەبێتە وێستگەی کۆتایی و ماڵئاوایی بۆ نەوەیەکی زێڕین لە ئەستێرە گەورەکان کە ساڵانێکی درێژ بە جادوو و دەستکەوتەکانیان جیهانیان سەرسام کرد.

​دیارترینی ئەو ئەستێرانەی بۆ دوایین جار لەم شانۆ گەورەیەدا دەدرەوشێنەوە پێکهاتوون لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی ژمارە پێوانەییەکان و لیۆنێل مێسی پادشای خاوەن هەشت تۆپی زێڕین لەگەڵ لۆکا مۆدریچی مایسترۆی بێدەنگی کرواتیا و نەیمار جونیۆری سیمبولی سامبای بەڕازیلی و ڤێرجیل ڤان دایکی دیواری پۆڵایینی هێڵی بەرگری هۆڵەندا کە پێکەوە کۆتایی بە سەردەمێکی مێژوویی دەهێنن کە دووبارەبوونەوەی لە تۆپی پێدا ئەستەمە.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە توندی دابەزی

​ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین کرد و زۆربەی ئەو بەرزبوونەوە توندەی ڕۆژی پێشووی خۆی لەدەستدا، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی شەپۆلە سەرەتاییەکەی دڵەڕاوکێ بە بازاڕەکاندا.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت نیشتنەوەی بەخۆوە بینی و گەیشتە 93.43 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (97.66 دۆلار) بە بڕی 4.23 دۆلار دابەزیوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش پاشەکشەی کرد و گەیشتە 90.08 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (94.67 دۆلار) دابەزینێکی 4.59 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم پاشەکشەیەی نرخەکانی نەوت دوای ئەوە هات کە ئێران و ئیسرائیل ڕاگەیاندنیان کە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر ڕاگرتووە؛ ئەم بڕیارەش دوای داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، هات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

سەرەڕای ئەم دابەزینە، بازاڕەکان هێشتا بە تەواوی سەقامگیر نین، چونکە هەردوو لایەنی ململانێکە ئاگادارییان داوە کە ئەگەر پێویست بکات، دەکرێت دووبارە پێکدادانەکان دەست پێ بکەنەوە، ئەمەش وایکردووە بازرگانان بەوریاییەوە چاودێری جووڵەکانی ناوچەکە بکەن.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ عێراق دەکات

بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی بۆیان سەردانی شاری بەغداد بکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ،ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بەئامادەبوونی عەبدوڵای حاجی مەحموود وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی كرد كە تایبەت بوو بە ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ .

لەکۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دواین هەوڵەکان بەمەبەستی هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە، ئەوەش دوای کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق هاتووەتە ئاراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەمەبەستی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییانی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی بۆیان سەردانی شاری بەغداد بکات.

شوان بەرزنجی

نرخی نەوت زیاتر پاشەکشەی کرد و تەکساس دابەزی بۆ خوار 89 دۆلار

​ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت درێژەی بە ئاراستەی دابەزینەکەی دا و زیاتر لە نرخەکانی دوێنێ نیشتنەوەی بەخۆوە بینی، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەشە ئارامەکەی ناو بازاڕ دوای ڕاگرتنی هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت پاشەکشەی زیاتری کرد و گەیشتە 92.00 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (93.43 دۆلار) بە بڕی 1.43 دۆلار دابەزیوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە توندی دابەزی و گەیشتە 88.72 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (90.08 دۆلار) دابەزینێکی 1.36 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم پاشەکشە بەردەوامەی نرخەکانی نەوت بەهۆی ئەوەوەیە کە بازاڕەکان متمانەی زیاتیان بەدەستهێناوەتەوە سەبارەت بە سەقامگیریی هێڵەکانی دابینکردنی وزە، دوای ئەوەی نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا ڕێگر بوو لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ. وێڕای ئەم دابەزینەش، وەبەرهێنەران و بازرگانان هێشتا بە وریاییەوە چاو لە لێدوانەکانی هەردوولا دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئەم ئارامییە کاتییە لە ناوچەکەدا.

👤
Live: 28 Today: 225 📊 Click Here