مەترسییەکانی هێرشە درۆنیەکانى سەر کوردستان

لە هەنگاوێکی بوێرانەدا بۆ ئاشکراکردنی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوی داکۆک کەمپەین و چالاکییەکی بەرفراوانی لە حەوت شاری جیاواز ئەنجامدا. چالاکییەکە بە ڕوونی بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە توند و یەک لە دوای یەکانە بوو کە لەلایەن گروپە توندڕەوەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی سەر بە بەرەی ئێرانییەوە ئەنجام دەدرێن. ئەم گروپانە بە شێوەیەکی سیستماتیک و لە ڕێگەی درۆنی خۆکوژ و موشەکەوە ئامانجە مەدەنییەکان و ژێرخانی هەرێمی کوردستان دەکەنە نیشانە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی تێکچوونی تەواوەتیی باری ئاسایش، دەروونی و ئابووری لە سایەی شەڕی ناوچەییدا. ڕێکخراوی داکۆک لە میانی ئەم چالاکییانەدا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەو هەژموونە ڕەهایەی کە ئەم هێزە توندڕەوانە لەسەر عێراق هەیانە، بە جۆرێک کە حکومەتی ناوەندیی بەغدا بەتەواوی ئیفلیج بووە لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی خۆی و هاوڵاتیانی. لە هەمان کاتدا، چالاکوانانی داکۆک تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی نەرێنی و خەمساردیی بەرپرسانی هەردوو ناوچەی سەوز و زەرد لە کوردستان. ئەو دەسەڵاتدارانە لە جیاتی یەکخستنی ڕیزەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشە دەرەکییانە و چاککردنی گوزەرانی خەڵک، لە ناو ململانێی بچووکی حزبی و بێباکیدا نوقم بوون. داکۆک داوا دەکات کە ئەم دۆخە نەخوازراوە بەخێرایی چارەسەر بکرێت، پێش ئەوەی درۆنەکان کوردستان بکەنە وێرانەیەک کە قەرەبوو نەکرێتەوە.

وێنەى بەشداربوان لەشارى کاردیف و گڵاسگۆ و لیدز و مانچستەر

کاتێک بەغدا دەبێتە پاشکۆی شەڕە سەگەکەی پارتی و یەکێتی!

عبدالباری احمد بابکر

“کاتێک پایتەخت دەبێتە بارمتەی چەتەکانی باکوور، ئیتر ناوی دەنێین چ دەوڵەتێک؟” ئەمە ئەو پرسیارە گاڵتەجاڕییەیە کە ئێستا عێراقییەکان لێی دەپرسن. دوای هەڵبژاردنە گشتییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، عێراق بەتەواوی لە بۆشاییەکی سیاسی و ئیداریی کوشندەدا دەژی و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی وەستاوە. هۆکارەکەشی تەنها ناکۆکیی نێوان شیعەکان نییە لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی یان محەمەد شیاع سودانی، بەڵکو کارەساتە گەورەکە ئەوەیە کە بەغدا دەبێت چاوەڕێی مۆڵەتی دوو بنەماڵەی مافیایی بکات لە هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی) کە تەنانەت ناتوانن لەسەر دابەشکردنی داهاتی قاچاخچێتی و پۆستەکانی خۆشیان ڕێکبکەون!

پارتی و یەکێتی کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ەوە نەیانتوانیوە حکومەتی هەرێم پێکبهێنن و پەرلەمانی کوردستانیان ئیفلیج کردووە، ئێستا هەمان ڤایرۆسی ئیفلیجیان گواستووەتەوە بۆ بەغدا. لەکاتێکدا سووننەکان توانییان سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن، دەسەڵاتدارانی کورد چارەنووسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان خستووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی شەخسییەوە. یەکێتی بە ئاشکرا پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕەتدەکاتەوە و دەیبەستێتەوە بەوەی کە دەبێت پارتی جارێکی تر پشتگیری بکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا، پۆستێک کە بۆ کورد هیچ نییە جگە لە ڕەمزێکی بێمانا، بەڵام بۆ سەرکردەکانی حیزب ئامرازێکە بۆ کۆکردنەوەی سامان و پەیوەندی بەستن لەگەڵ میلیشیاکان. ئەم گرێدانەی قەیرانی هەولێر بە بەغداوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە پەرلەمانی عێراق ناچار بێت دانیشتنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوابخات، تەنها لەبەر ئەوەی دوو ئاغاکەی کورد نەیانتوانیوە پشکی یەکتر لە تاڵانییەکاندا یەکلایی بکەنەوە.

ئەمە ترۆپکی بێشەرمییە کاتێک دوو حیزب کە خۆیان بە “نوێنەری کورد” دەزانن، نەک تەنها میللەتی خۆیان لەسەر خاکی خۆیان برسی و بێماف کردووە، بەڵکو ئێستا بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری بۆ تەواوی عێراقیش. لەکاتێکدا عێراق و ناوچەکە بەدەست هەڕەشەی شەڕی هەرێمایەتی و کێشەی ئابوورییەوە دەناڵێنن، ئەم بازرگانە سیاسییانە تەنها خەمی ئەوەیانە کە کام وەزارەتی ناوخۆ، دژەتیرۆر، یان دەروازەی سنووری دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵیان بۆ ئەوەی داهاتەکەی بدزن. بۆ ئەوان، نە عێراق و نە کوردستان هیچ بەهایەکی نیشتمانییان نییە؛ تەنها شتێک کە گرنگە، مسۆگەرکردنی بەردەوامیی ئەو سیستەمە پاتڕۆناژ و تاڵانکارییەیە کە خۆیان و میلیشیا شیعەکانیش پێی قەڵەو دەبن.

ئایا دەوڵەتێک کە بەهۆی دوو بنەماڵەی چەتەی شاخەکانەوە نەتوانێت سەرۆکی خۆی هەڵبژێرێت، دەکرێت ناوی بنرێت دەوڵەت؟ یان تەنها کۆمپانیایەکی هاوبەشە بۆ دابەشکردنی داهاتی نەوت بەسەر ئۆلیگارشییەکاندا؟

په‌یامێکی پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەکەیە:

بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ مۆندیالی 2026، که‌ له‌ مه‌کسیک به‌رامبه‌ر به‌ تیمی بۆلیڤیا به‌ دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر به‌ گۆڵێک بردییه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی عێراق به‌گشتی، وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم.

ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە دوای (40)ساڵ چاوەڕوانی هاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان. دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە ڕاستی.

هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی کۆمەڵەی مۆندیالدا دەخوازم و ئومێدەوارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە هەوێنی تەبایی و خۆشی بۆ هەمووان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/4/1

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئامادەیی بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم و بەدیهێنانی خۆبژێوی ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم ڕاگەیاند و پێشبینی دەکات ئەمساڵ عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی.

حەیدەر نووری ئەلگەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانی دانەوێڵە ڕایگەیاند: “کۆمپانیاکەمان هەموو ڕێکارە پێویستەکانی بۆ وەرزی ئێستای بەبازاڕکردنی گەنم گرتووەتە بەر و هەموو کۆگا و سایلۆکان لە پارێزگاکان ئامادە کراون بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ئەم وەرزە.”

گەرعاوی گوتی: پێشبینی دەکرێت عێراق بگاتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی گەنم بۆ ئەمساڵ، بەپێی ئەو بڕەی کە وەزارەتی کشتوکاڵ دیاری کردووە و لە نێوان ٤ بۆ ٤.٥ ملیۆن تۆندایە.

گەرعاوی ڕوونی کردەوە کە پڕۆسەی کۆگاکردن لە هەموو پارێزگاکان بەڕێوە دەچێت و توانای پێویست لە کۆگاکاندا هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران دەیهێنن بۆ بەبازاڕکردن.

سەبارەت بە پارەی جووتیاران، ئاماژەی بەوە کرد کە دیاریکردنی شێواز و کاتی خەرجکردنی پارەکە لە ئەستۆی وەزارەتی دارایییە، کە بەرپرسە لە دابینکردنی تەرخانکراوە داراییەکان و دەستپێکردنی پێدانی شایستەکان.

لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت

لیستی مووچەی مانگی ئازار و ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچوونەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت .

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ( ٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٦) لیستی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغداد دەکرێت و سبەی دووشەممە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٦

قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە هەڵگیرا

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بڵاوی کردەوە: “دوای بەدواداچوونمان بۆ بەرهەمی تەماتە لەگشت سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆمان دەرکەوت کە ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکان زۆر کەمبووەتەوە و نرخی بەرزبووەتەوە.”

ئاماژە بەوە دراوە: “پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی، بڕیارماندا بەهەڵگرتنی قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە لەدەرەوەی ووڵات.”

جەخت کراوەتەوە، بڕیارەکە لە ڕوژی 29/3/2026ەوە جێبەجێ دەکرێت و کاری پێدەکرێت.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهۆی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپەوە دابەزینی بەخۆیەوە بینی

​ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئامادەیە کۆتایی بە ململانێکانی لەگەڵ ئێران بهێنێت، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بە داخراوی بمێنێتەوە.

​بەپێی ئامارەکانی بازاڕی وزە، نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 7 دۆلار دابەزی و لە 114 دۆلارەوە بۆ 107 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 3 دۆلاری لەدەست دا و نرخەکەی لە 105 دۆلارەوە گەیشتە 102 دۆلار.

​جێگەی ئاماژەیە، ئەم دابەزینە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر ئێران تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. پێدەچێت گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا هۆکارێکی سەرەکی بووبێت بۆ ئارامبوونەوەی بازاڕەکان و کەمبوونەوەی ترس لە پچڕانی دابینکردنی نەوت.

ڕاوێژکاری سوودانی: پلانێکی تایبەت بۆ دابینکردنی مووچە دارێژراوە

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ جەختی کردەوە کە سیاسەتی ئێستای حکومەت بەردەوامیی پێدانی مووچە و دەرماڵەی چاودێری کۆمەڵایەتی مسۆگەر دەکات. ناوبراو سێ سەرچاوەی سەرەکی بۆ بەردەوامیی خەرجییەکان دیاری کرد و ڕایگەیاند کە عێراق دەتوانێت بە کاراییەوە ڕووبەڕووی شۆکە دارایی و ئابوورییە جیهانییەکان و ئالنگارییەکان ببێتەوە. ساڵح ڕایگەیاند: “دابینکردنی خەرجییە مانگانەکانی مووچە، کرێ، خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی لە سایەی ئالنگارییە ئابوورییەکانی ئێستا و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکاندا، ئەولەویەتێکی لە پێشینەیە.” ئەو سێ سەرچاوەیەی مووچە دەستەبەر دەکەن: ١. زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان: کاراکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواو بە نەوت. ٢. فراوانکردنی هەناردەی نەوت: بەکارهێنانی هەموو ڕێگاکانی گواستنەوە (وشکانی و دەریایی) لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێوە. ئاماژەی بەوە کرد کە نرخی نەوت بە ڕێژەی ٧٠٪ بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێش دەستپێکردنی گرژییەکان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ داپۆشینی خەرجییەکان. ٣. هەماهەنگیی دارایی و نەختینەیی: چڕکردنەوەی هەماهەنگی نێوان سیاسەتی نەختینەیی (بانکی ناوەندی) و سیاسەتی دارایی، کە پشتگیری دەکرێت لەلایەن یەدەگی دراوی بیانیی بەهێزی عێراقەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی مووچە بەبێ وەستان بەردەوام بێت.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشە لە ئابووری جیهان دەکات

سندوقی دراوی نێودەوڵەت، ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، رایگەیاند، شەڕی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی قورسی کردووەتە سەر کەرتەکانی وزە، بازرگانی، دابینکردن و بازاڕە داراییەکان، ئەمەش بووەتە بارێکی گەورە بەسەر ئابووری جیهانەوە

کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا: هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی زۆر گرنگە

کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و هەماهەنگی کارەبای فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێم هەیە زۆر گرنگە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان، پێشوازی لە (یان برێم)، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا و ڕۆڵی کۆمپانیاکانی فەڕەنسا و گرنگیی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستان کرد.

وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لە شەهیدبوون و قوربانییەکانی هێرشە درۆنی و مووشەکەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد، کە هاوکات کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەوەش خراوەتە ڕوو: “کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی پیشەسازیی نەوت و ژێرخانی هەرێمی هەرێمی کوردستانیشی کرد.”

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا گوتوویەتی: “هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و ئەم پەیوەندییانەی نێوان دامەزراوەی نەوت و کارەبای فیدراڵ و سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێم هەیە زۆر گرنگە.”

👤
Live: 39 Today: 1,097 📊 Click Here