وەزیری بازرگانیی عێراق گەیشتە هەولێر؛ وەرزی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری بازرگانیی حکومەتی فیدراڵ بە مەبەستی بەشداریکردن لە دەستپێکی پرۆسەی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، پێشوازییان لە دکتۆر مستەفا نزار ئەلعانی، وەزیری بازرگانیی عێراق و دکتۆر حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە کرد.

ئامانجی سەردانی وەزیری بازرگانیی عێراق و شاندی یاوەری، بەشداریکردنە لە دەستپێکردنی پڕۆسەی وەرزی بەبازاڕکردن و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای نەینەوا بۆ ساڵی ٢٠٢٦.

بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ سەرخستنی وەرزی دروێنە و وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ تاوتوێ بکرێن، کە تێیدا پشکی جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا دیاریکراوە.

“فارس عیسا” و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان تاوتوێی چۆنیەتی پەرەپێدانی پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە 10 ی حوزەیرانی 2026 بەڕێز “فارس عیسا” سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەردانی بارەگای کڵێسای کلدانی کرد و لەلایەن پاتریارک “ئیمیل نونا” سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان پێشوازیی لێکرا.

له سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له بەغدا، پیرۆزبایی له پاتریارک “ئیمانوێل نونا” کرد به بۆنەی هەڵبژاردنی وەک پاتریارکی کاسۆلیکی کلدانی له عێراق و جیهان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست له ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا.

هەروەها هەردوولا ڕۆڵی پیاوانی ئاینی لە برەودان بە کەلتووری پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق و گرنگی ئاراستەکردنی هێزە سیاسییەکان بۆ پاراستنی یەکبوونی نیشتمانی و پێویستی پاراستنی بێلایەنی تاوتوێکران،کە یارمەتیدەرە بۆ بتەوکردنی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.

له تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، پاتریارک “ئیمیل نونا” سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی، و ستایشی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ برەودان بە بەهاکانی پێکەوەژیان، و ئاشتی و بتەوکردنی پەیوەندییەکانی برایەتی لەنێوان پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی.

کەشناسی: پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبنەوە

​بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-06-2026، ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە (1 بۆ 2) پلەی سیلیزی بەرزتر دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10-25) کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا، هەروەها مەودای بینین لە نێوان (8-10) کم دەبێت. ​پەیوەست بەمەشەوە کەشی سبەی هەینی 12-06-2026، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت؛ پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بە نزیکەی (2 بۆ 3) پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ نزم ببنەوە. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10-20) کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا و مەودای بینین لە نێوان (8-10) کم دەبێت. ​بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی: ​هەولێر ئەمڕۆ 42 سبەی 39 سلێمانی ئەمڕۆ 39 سبەی 38 دهۆک ئەمڕۆ 40 سبەی 39 زاخۆ ئەمڕۆ 42 سبەی 40 چەمچەماڵ ئەمڕۆ 42 سبەی 40 پیرمام ئەمڕۆ 37 سبەی 34 حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ 30 سبەی 27

خانوو و شوقە دەدرێتە کەم درامەتان

بڕیارە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست بکرێت، کە بە شێوەی قستی درێژخایەنی 15 ساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.

پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لە کۆی گشتی ئەو 20 هەزار یەکەیەی دروست دەکرێت، شەش هەزار یەکەیان لە شاری هەولێر دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد هەرچەندە لە ئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە.

پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت، حکوومەت بەرپرسیار دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک شەقام، قوتابخانە و مزگەوت، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت ئەرکی دروستکردنی یەکەکان دەگرێتە ئەستۆ.

سەبارەت بە جۆری یەکەکان، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر روونی کردەوە، ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە زیاتر خواستیان لەسەر شوقەیە، بەڵام خێزانە قەرەباڵغەکان خانوویان پێ باشترە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، 80%ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی شوقە دروست دەکرێن، چونکە لە رووی رووبەرەوە سوودبەخشترن؛ بۆ نموونە لەسەر رووبەری یەک دۆنم زەوی دەکرێت نزیکەی 200 شوقە دروست بکرێت، لە کاتێکدا هەمان رووبەر تەنها جێگەی 20 خانووی تێدا دەبێتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی سەرژمێری، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 28 هەزار و 937 یەکەی نیشتەجێبوون هەن، کە بەشێکی زۆریان بەتاڵن و رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانیش هێشتا کرێنشینن، لە ئێستاشدا زیاتر لە 100 هەزار یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

گەنمی سەرجەم جووتیاران وەردەگیرێت و بازاڕکردنی بۆ دەکرێت ​

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەنمی سەرجەم جووتیاران وەردەگیرێت و کاری پێویست بۆ ساغکردنەوەی دەکرێت.

​بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گەنمە لە بازاڕی ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا ساغ دەکرێتەوە، یاخود هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت.

​وتەبێژی دەستەکە ڕوونیشیکردەوە کە جووتیاران دەتوانن لە ئێستاوە داواکاری فەرمی خۆیان پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنان بکەن. هاوکات ئەو کۆمپانیایانەی ئارەزووی کڕین و هەناردەکردنی گەنمی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەکەن، دەتوانن بە هەمان شێوە داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن.

عەمار فەرهاد دەستلەکارکێشانەوەی لە سەرۆکایەتی یانەی زاخۆ ڕاگەیاند

​سەرۆکی یانەی وەرزشی زاخۆ، کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی یانەکە.

عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ، بەدەستهێنانی خەڵاتی “زە بێست” (The Best)-ی لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بە شانازییەکی مێژوویی بۆ شاری زاخۆ و ناوچەکە ناوبرد، کە هەمیشە وەک دەستکەوتێکی گەورە لە مێژووی یانەکەدا دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای جێهێشتنی پۆستەکەی، بەڵام وەک هاندەر و پشتیوانێک لە نزیکەوە چاودێری سەرکەوتنەکانی یانەکە دەکات.

بەشداریی مێژوویی؛ 10 یاریزانی کورد لە مۆندیالی 2026دا دەردەکەون

​بە چوونەپاڵ هەڵبژاردە جیهانی و ناوچەییەکان، 10 یاریزانی کورد ئامادەییان لە مۆندیالی 2026 مسۆگەر کردووە و لە ڕیزەکانی چوار هەڵبژاردەی جیاوازدا بەشداریی لەم پاڵەوانێتییە جیهانییەدا دەکەن، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ وەرزشی کوردستان ئەژمار دەکرێت.

​لە ڕیزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا، هەر یەک لە یاریزانان (ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، ڕێبین سولاقا، مارکۆ فەرەج، ئەیمار شێر و یوسف ئەمین) بانگهێشتی پێکهاتەی کۆتایی کراون. هاوکات لە هەڵبژاردە بەهێزەکانی دیکەدا، هەریەک لە دەنیز ئۆناڤ بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، عەلی ڕەزا بۆ هەڵبژاردەی ئێران، هەروەها ئۆزان کاباک و محەمەد زەکی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا یاری دەکەن.

​بەشداریی ئەم یاریزانانە لە مۆندیالدا، نەک تەنها شانازییەکی وەرزشییە، بەڵکو نیشانەی گەشەسەندنی توانای تاکەکەسیی یاریزانانی کوردە کە توانیویانە خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بسەلمێنن و لەگەڵ گەورەترین هەڵبژاردەکانی جیهاندا ڕکابەری بکەن.

نوێترین نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا

​ئەمڕۆ سێشەممە، ٢ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاری نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردەوە؛ بە جۆرێک زێڕ و زیو لەسەر ئاستی جیهانی و ناوخۆیی بەهایەکی بەرزتریان تۆمارکرد.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4,538.74 دۆلار، یەک کیلۆگرام گەیشتە 145,924.04 دۆلار و یەک گرامیش بە 145.92 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان بازدانیان بەخۆوە بینی و بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیارەی ٢٢ بە 1,022,610 دینار، عەیارەی ٢١ بە 976,128 دینار و عەیارەی ١٨ بە 836,681 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 76.77 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,468.08 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.47 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ناوچەکە و دروستبوونی مەترسی لەسەر ڕێڕەوی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا، دڵەڕاوکێی خستووەتەوە ناو بازاڕەکان. بە بڕوای ئەوان، هەرەشەکان لەسەر گەرووی هورمز ترسی گەورەی لە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی هەڵاوسان و گۆڕانکاری خێرا لە نرخی وزەدا دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە وەبەرهێنەران بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان ڕوو لە کڕینی کانزا گرانبەهاکان بکەنەوە.

بیتکۆین ئاستە بەرزەکانی پێشووی لەدەستدا

​لە گۆڕانکارییەکی نوێی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکاندا، نرخی بیتکۆین پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و لە دواین مامەڵە ڕاستەوخۆکاندا گەیشتە 70,138.16$. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پێش دوو هەفتە و لە 19ی ئایاردا نرخەکەی لە دەوروبەری 77,190$ بۆ 78,000$ دابوو.

​شرۆڤەکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، بیتکۆین شکستیهێنا لەوەی لە سەرووی ئاستە بەرزەکانی پێشووی خۆی جێگیر بکات، ئەوەش وایکرد ئاراستەیەکی دابەزین بگرێتەبەر و لە ماوەی 14 ڕۆژدا نێزیکی 7,000$ بۆ 8,000$ (نێزیکی 10%) لە بەهای خۆی لەدەست بدات. مانەوەی پێشووی نرخەکە لە خوار ئاستی 80,000 دۆلار نیشانەی ئەوە بوو کە ئەم نرخە ببووە ئاستێکی بەرگریی هەستیار.

​بەپێی گوتەی شرۆڤەکاران، بەهۆی بەردەوامیی گرژییە جیۆسیاسییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر بۆرسەی ئەمریکاش هەبووە، ترسی گەورە لای وەبەرهێنەران دروستبووە. ئەگەر نرخی بیتکۆین لەم ئاستەی ئێستادا نەپارێزرێت، ئەگەری دابەزینی زیاتری هەیە و ڕەنگە ڕووبەڕووی فشارێکی توندتری فرۆشتن ببێتەوە.

تۆوی برنج بۆ وەرزی هاوین دابەشدەکرێت

عەبدولرەحیم جاسم شەمەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق، ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی تۆوی برنج بۆ وەرزی هاوینە دەستپێدەکات، گوتیشی، بۆ هەر دۆنمێک 35 کیلۆگرام دابەش دەکرێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی “ئەنجوومەنی نیشتمانیی تۆو”ی دەنگ لەسەر دەستپێکردنی دابەشکردنی جۆرە جیاوازەکانی تۆوی برنج دراوە کە لە کۆمپانیای عێراقی بۆ بەرهەمهێنانی تۆو بەردەستن. دابەشکردنەکەش بە نۆرە و پێشینەی ناوی جووتیاران دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەنگدراوە لەسەر وەرگرتن، کۆگا کردن و پاککردنەوەی ئەو تۆوانەی کە لە کێڵگەکانی مەزارگەی حوسێنیی کارگەی جەنەتی ئەرزولفورات، دروێنە کراون بە بڕی 2500 تۆن. هەروەها وەرگرتن و کۆگا کردنی 2500 تۆنی تر لە لایەن کۆمپانیای “فەیحا” لە پارێزگای بابل پەسەندکرا، کە بڕیارە ئەم پرۆسەی وەرگرتنە بە شێوەیەکی فەرمی و بەبێ بەرامبەر ئەنجام بدرێت.

👤
Live: 28 Today: 745 📊 Click Here