نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی تورکیا دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/6/4، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێكدا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی هاوکاریی دوو لایەنە، بەتایبەت لە بوارى ئابووری و بازرگانیدا، تاوتوێ کرا. له‌مباره‌يه‌وه‌ جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی لە پێناو پاراستنی ئارامى و سەقامگیری کردەوە.

هه‌ردوولا دەربارەی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان، بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها دیالۆگ و لێکگەیشتنى هەولێر ـ بەغدايان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، به‌ پێويست زانى.

پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ تورکیا، دوایين پێشهاتە هەرێمییەکان و دۆخی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو. تيايدا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە و ناکۆکییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیرى.

له‌ ديداره‌كه‌دا بەڕێز ئەرمان تۆپچو، كونسوڵى گشتيى توركیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ بوو.

بازدانی نرخی زێڕ و زیو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهاندا

​ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، کانزا گرانبەهاکان بازدانێکی بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ و زیو بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی، بەڕێژەی زیاتر لە ١٪ ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕی نەوت بە پێچەوانەوە دابەزینی تۆمار کردووە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزبووەوە بۆ 4,563.64 دۆلار، یەک کیلۆگرام گەیشتە 146,724.43 دۆلار و یەک گرامیش بە 146.72 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان بەهایەکی بەرزتریان تۆمار کرد؛ بە جۆرێک عەیارەی ٢٢ بە 1,029,019 دینار، عەیارەی ٢١ بە 982,245 دینار و عەیارەی ١٨ بە 841,925 دینار جێگیر بوو.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 77.72 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,498.79 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.5 دۆلار جێگیر بووە.

​سەبارەت بە هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانە، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەبەرهێنەران و بازرگانان بە گەشبینییەوە دەڕواننە ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا. ئەم دۆخەش بووە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخەکانی نەوت بۆ کەمترین ئاستی دوو هەفتەی ڕابردووی خۆیان، ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان لەسەر سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان و ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ سەر کانزا گرانبەهاکان.

نرخی نەوت دووبارە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە

​ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت ئاراستەکەی گۆڕی و دووبارە ڕووی لە هەڵکشان کردەوە، دوای ئەو دابەزینە بەردەوامانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا تۆماری کردبوون.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 99.15 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی کاتی کردنەوەی دوێنێ (98.49 دۆلار) بە بڕی 66 سەنت بەرزبووەتەوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 92.65 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (91.41 دۆلار) بەرزبوونەوەی 1.24 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم گۆڕانکارییە نوێیەی بازاڕ و هەڵکشانی نرخەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە وەک هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەیە دەستنیشان دەکرێت، هەرچەندە پێشتر گەشبینییەک بۆ ڕێککەوتن هەبوو، بەڵام نوێبوونەوەی ئاڵۆزییەکان دووبارە ترسی لای وەبەرهێنەران دروستکردووەتەوە سەبارەت بە سەقامگیریی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان.

نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕەکانی جیهان و ناوخۆدا

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان گۆڕانکاری نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان ڕوویان لە دابەزین کردەوە؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر چەندین ئامانج لە باشووری ئێران بووە هۆی دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، کە ئەمەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ و زیو دانا.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزی بۆ 4,532.88 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 145,735.32 دۆلار و یەک گرامیش بە 145.74 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوكات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخەکان کەمێک هاتنە خوارەوە و بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیارەی ٢٢ بە 1,022,353 دینار، عەیارەی ٢١ بە 975,882 دینار و عەیارەی ١٨ بە 836,471 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە دابەزین کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 76.33 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,453.97 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.45 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕ بە نیگەرانییەوە لە دۆخی ئێستای ناوچەکە دەڕوانێت؛ بەرزبوونەوەی گرژییەکان و نرخی نەوت مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی زیاتر کردووە، ئەمەش ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە لایەن بانکە ناوەندییەکانەوە هێناوەتە پێشەوە کە ڕاستەوخۆ زیان لە بەهای کانزا گرانبەهاکان دەگەیەنێت.

سام ئاڵتمان: ژیریی دەستکرد نەبووەتە هۆی بێکاری لە جیهاندا

سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (OpenAI)، ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، ڕایگەیاند، کە گەشەسەندنی خێرای ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی، نابێتە هۆی دروستبوونی “بێکاری” لەسەر ئاستی جیهان، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم تەکنۆلۆژیایە وەک ئەوەی لە سەرەتادا مەترسی لێ دەکرا، جێگەی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرانی کارگێڕی نەگرتووەتەوە.

ئاڵتمان لە میانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە کۆنفرانسی “بانکی کۆمۆنوێڵسی ئوسترالی” لە شاری سیدنی، دانی بەوەدا نا کە لە سەرەتادا خۆیشی نیگەران بووە لە کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر ڕێژەی دامەزراندن لە جیهاندا.

ئاڵتمان ڕوونیکردەوە، ئەو و بەرپرسانی کۆمپانیاکەی، کاتێک لە ساڵی 2022دا (ChatGPT)یان ڕاگەیاند، پێشبینییە تەکنۆلۆژییەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر ڕاست بوو، بەڵام سەبارەت بە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بە تەواوی هەڵە بوون.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مات کۆمین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی کۆمۆنوێڵسی ئوسترالی، ئاڵتمان گوتی: “من دڵخۆشم کە لەم بابەتەدا هەڵە بووم. پێم وابوو کاریگەرییەکە لەسەر سڕینەوەی کارەکانی فەرمانبەرانی کارگێڕی ئاستی سەرەتایی تا ئێستا زۆر زیاتر دەبێت لەوەی کە لە واقیعدا ڕوویداوە.”

هەرچەندە ئاڵتمان لەم لێدوانەیدا هیچ ئامارێکی تایبەت بە بەکارخستن و بێکاری نەخستەڕوو، بەڵام پێشتر چەندین جار باسی لە ئەگەری کەمکردنەوەی هەلی کار لەسەر ئاستی کەرتە جیاوازەکان کردبوو بەهۆی پێشکەوتنی ژیریی دەستکردەوە.

ئەم لێدوانانەی ئاڵتمان لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زیادبوو لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان، وەک (HSBC، Amazon، Standard Chartered، و CBA) ڕایانگەیاندووە کە ژیریی دەستکرد لە هەندێک لە بەشەکانیاندا جێگەی پێویستی بە هێزی مرۆیی گرتووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز هەفتەی ڕابردوو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە کۆمپانیای (OpenAI) خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکی نهێنی بەمەبەستی خستنەڕووی پشکەکانی بۆ یەکەمجار لە بۆرسەی ئەمریکادا (IPO) لە هەفتەکانی داهاتوودا. هەروەها ڕۆیتەرز لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئاماژەی بەوە دابوو کە کۆمپانیاکە چاوی لەوەیە بەهای بازاڕییەکەی بگاتە 1 تریلیۆن دۆلار و بڕی 60 ملیار دۆلار وەک وەبەرهێنان کۆبکاتەوە.

نرخی نەوت لە پاشەکشەکردن بەردەوامە

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت نیشتنەوەی زیاتری بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ کەمێک چوونە دواوەی تۆمار کرد.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 96.96 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (97.41 دۆلار) بە بڕی 45 سەنت دابەزیوە. هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە دابەزین کرد و گەیشتە 91.07 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (91.34 دۆلار) کەمبوونەوەی 27 سەنتی نیشان دەدات.

​ئەم شەپۆلە نوێیەی دابەزینی نرخەکان نیشانەی ئەوەیە کە بازاڕەکان هێشتا لە نێوان ترس و ئومێدی پێشهاتە سیاسییەکانی نێوان واشنتن و تاراندا دێن و دەچن. سەرەڕای ئەو گرژییە کاتییانەی کە جارجارە سەرهەڵدەدەنەوە، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا چاوەڕوانی ئاسۆیەکی ڕوونتر دەکەن بۆ دۆخی گەرووی هورمز و سەقامگیربوونی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهاندا.

پارێزگاری هەولێر ئامادەکارییەکانی بازگەی شێراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی جەژن بەسەردەکاتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026.5.26، لە چوارچێوەی پلانی پارێزگای هەولێر بۆ پێشوازیکردن لە جەژنی قوربانی پیرۆز و دابینکردنی باشترین ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەری هەریەک لە بژار مەلاخدر، قائیمقامی قەزایی قوشتەپە و دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و عەمید خەسرۆ غازی، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ڕێکارەکان و پێشوازیکردن لەو میوان و گەشتیارانەی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە کە ڕوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەبۆنەی جەژنی قوربان، سەردانی بازگەی شێراوەی کرد.

لەسەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر لەلایەن عەمید کەیفی عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی بازگەکانی هەولێر، فەرماندە، ئەفسەران و کارمەندانی بازگەکەوە پێشوازی لێکرا و دوای بەدواداچوون و بەسەرکردنەوەی سەرجەم بەشەکانی بازگەکە و، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و ئەو ئامادەکارییە کارگێڕییانەی کە بۆ پێشوازیکردنی شایستە لە گەشتیاران تەرخانکراون، جەژنەپیرۆزەی لە ئەفسەر و کارمەندانی بازگەکە و تیمی گەشتوگوزار کرد و دەستخۆشی لێکردن و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونی بەردەوامیان دەربڕی لە پێناو پاراستنی ئارامی و پێشکەشکردنی سیمایەکی شارستانی و گەشاوەی پایتەخت بە ڕووی میواناندا.

لە کۆتایشدا، پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لەسەر پێویستی پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک و نواندنی ڕەفتارێکی بەرز و میواندۆستانە لەگەڵ گەشتیاراندا کردەوە، بە شێوازێک کە ڕەنگدانەوەی کلتووری ڕەسەنی میوانداری گەلی کوردستان بێت و ڕێنمایی پێویستیشی دا بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی، تاوەکو گەشتیاران بە کەمترین کات و بە شێوازێکی شایستە داخڵی ناو هەولێری پایتەخت بن و پشووی جەژن بە ئارامی بەڕێ بکەن.

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان,پەیامێکی پیرۆزبایی ڕاگەیاند.

ئەمەش دەقی پیرۆزبایینامەکەیە:

جەژنی پیرۆزی قوربان لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز بێت، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی بێت بۆ کۆمەڵگاکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.

لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لەسەر هەماهەنگیی گشت حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

هیوادارین ئەو جەژنە، هاندەری زیاتری بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان بێ لە کوردستان، جەژنێکی هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەک بە شادی و بەختەوەرییەوه جەژن بەسەربەرن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ‌ ٢٦ـی ئایاری ٢٠٢٦

بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و پارێزگاری هەولێر؛ مەراسیمی نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان و بەرپرسانی حکومی، مەراسیمی نوێژی جەژن لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و تەیب زرار، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر لە هاونیشتمانییانی شاری هەولێر ئامادەبوون.

دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژن و خوێندنەوەی وتار، ئامادەبووان پیرۆزبایی جەژنیان لە یەکدی کرد. مزگەوتی جەلیل خەیات وەک یەکێک لە نیشانە دیارە ئاینییەکانی پایتەخت، ساڵانە لە بۆنە ئایینییەکاندا میوانداریی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەکات.

‎کەشناسی: سبەی گەرمترین ڕۆژی مانگی ئایار دەبێت و لەگەڵ هاتنی تۆز وخۆڵ پلەکانی گەرما دادەبەزن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ چوارشەممە 27-05-2026، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە (1 بۆ 2) پلە بەرز دەبنەوە، خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت (5-15) کم/ک و هەندێک جار چالاک دەبێت بۆ 20 کم/ک بە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاوا.

​پەیوەست بەمەشەوە کەشی سبەی پێنجشەممە 28-05-2026، ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت، پێشبینیش دەکرێت ئەم پێنجشەممەیە گەرمترین ڕۆژی مانگی ئایاری ئەمساڵ بێت و پلەکانی گەرما (2 بۆ 3) پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزتر ببنەوە. بەڵام لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا ئەگەری بوونی تۆزێکی سوک هەیە، کە بۆ بەیانی زووی ڕۆژی هەینی تۆزەکە زیاتر دەبێت بەتایبەت لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان، لەگەڵ ئەوەشدا پلەکانی گەرما بە (2 بۆ 3) پلەی سیلیزی ڕوو لە دابەزین دەکەن.

​بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی:

​هەولێر ئەمڕۆ 33 سبەی 36

سلێمانی ئەمڕۆ 31 سبەی 34

دهۆک ئەمڕۆ 32 سبەی 35

هەڵەبجە ئەمڕۆ 33 سبەی 35

گەرمیان ئەمڕۆ 37 سبەی 40

زاخۆ ئەمڕۆ 32 سبەی 35

چەمچەماڵ ئەمڕۆ 32 سبەی 35

پیرمام ئەمڕۆ 28 سبەی 31

حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ 21 سبەی 23

👤
Live: 37 Today: 196 📊 Click Here