یارییەکی مێژوویی؛ ئیسپانیا و عێراق لە یارییەکی دۆستانەدا ڕووبەڕووی یەکدەبنەوە

​شاری مەدرید وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بە فەرمی ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانەی بەهێزی لە نێوان هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی و هەڵبژاردەی عێراق ڕاگرت. ئەم یارییە لە چوارچێوەی پلانی هەردوو هەڵبژاردەدایە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خۆبەرهەڤکردن و ڕاهێنانی یاریزانان پێش دەستپێکردنی ڕکابەرییەکانی جامی جیهانی.

​بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکە، بڕیارە ئەم ڕووبەڕووبوونەوە سەرنجڕاکێشە لە ڕۆژی ٤ی مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. ستافی تەکنیکیی هەردوو لا ئەم دەرفەتە بە هەلێکی زێڕین دەزانن بۆ تاقیکردنەوەی پلانە تاکتیکییەکان و ڕاگرتنی هاوسەنگیی پێکهاتەکانیان، بەتایبەت کە هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت بە باشترین شێوە و بە ورەیەکی بەرزەوە پێ دەنێتە نێو یارییەکانی مۆندیالەوە.

​ئەم یارییە دۆستانەیە گرنگییەکی تایبەتی بۆ هاندەرانی تۆپی پێی عێراقی و عەرەبی هەیە، چونکە ڕووبەڕووبوونەوەی قوتابخانەیەکی گەورەی وەک ئیسپانیا، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ تواناکانی شێرەکانی ڕافیدەین.

چاوەڕوان دەکرێت یارییەکە ئاستێکی تەکنیکیی بەرز بەخۆوە ببینێت و ببێتە وێستگەیەکی گرنگ لە کاروانی خۆئامادەکردنی هەردوو هەڵبژاردە بۆ گەورەترین ڕووداوی وەرزشیی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا.

بەفەرمی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید دیاریکرا

ئەمڕۆ لەهەنگاوێکی مێژووییدا لێژنەی هەڵبژاردنەکان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدریدی دیاریکرد،ئەمەش دوای دوو دەیە لەدەسەڵاتی ڕەهای فلۆرێنتینۆ پێرێز بەبێ ڕکابەر و یانەکە دەچێتە قۆناغێکی نوێ و هەستیارەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە،کە بە یەکێک لە گرنگترین ساتەکانی مێژووی یانەکە هەژمار دەکرێت،کە لەدوای ساڵی 2006 ئەمە دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی سەر سندوق لە مێرێنگی.

لێژنەکە ڕێککەوتی 7ی حوزەیرانی ئەمساڵی وەکو کاتی هەڵبژاردنەکان دیاریکرد و لەکاتژمێر 8 بەیانی تاکو 9ی شەو ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەتوانن دەنگ بدەن لەهۆڵی باسکەی شاری وەرزشی ڕیاڵ مەدرید،کە بۆ ئەمجارە ئینریکی ڕیکێڵمی وەکو ڕکابەری سەرسەختی پێرێز خۆی بەشایەن دەبینێت بۆ سەرۆکایەتی یانەکە و توانیشی گەرنتی دارایی دابین بکات،کە گەورەترین بەربەست بوو.

ئێستا هەموو جیهان چاوی لەو هەڵبژاردنەیە بەوپێیەی یانەی ڕیاڵ مەدرید هەمیشە بارودۆخەکانی کاری کردۆتە سەر تۆپی پێ و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش چاوەڕێ دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە پۆستەکانی یانەکە بکرێت.

“سەرکار ڕێبوار”

هەوڵەکانی گەڵەتەسەرای بۆ گواستنەوەی رافاێل لیاو

رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی بڵاویکردووەتەوە کە بەرپرسانی یانەی گەڵەتەسەرای تورکی بەنیازین لە مێرکاتۆی هاوینەی ئەمساڵدا هەوڵی بەدەستهێنانی تواناکانی رافاێل لیاوی ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەی ئەی سی میلان بدەن.

بەپێی زانیارییەکانی هەمان رۆژنامە، یانە تورکیەکە ئۆفەرێکی فەرمی ئامادە کردووە و پێشکەشی ئەی سی میلانی کردووە، کە تێیدا بڕی ٤٠ ملیۆن یۆرۆ وەک نرخی گواستنەوەی یاریزانەکە دیاری کراوە، هاوکات مووچەی ساڵانەی ١٠ ملیۆن یۆرۆشیان بۆ خودی لیاو داناوە و لە ئێستاشدا چاوەڕێی وەڵامی هەردوولا دەکەن.

سەرباری ئەم ئۆفەرە گەورەیە، سەرچاوەکە جەختیکردووەتەوە کە رافاێل لیاو بە هیچ شێوەیەک بیری لە جێهێشتنی ریزەکانی ئەی سی میلان نەکردووەتەوە.

لیاو سورە لەسەر ئەوەی لە وەرزەکانی داهاتوودا بمێنێتەوە و کار بۆ گەڕانەوەی نازناوەکان بۆ ئەو یانەیە بکات.

ئەستێرە پۆرتوگالیەکە پێیوایە قەرزاری هاندەرانی یانەکەیە و ئامانجی سەرەکی لە داهاتوودا ئەوەیە قەرەبووی ئەنجامە نائومێدکەرەکانی وەرزی ئەمساڵ و وەرزی رابردوو بکاتەوە و وەک دیارییەک بۆ هاندەرانی میلان، لە وەرزی داهاتوودا ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت.

مباپێ بەردەوامە لە درەوشانەوەی تاکەکەسی

یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لە پێگەی فەرمی خۆیان ڕایانگەیاندووە کە کیلیان مباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی یانەکەیان دیاریکراوە و خەڵاتی ماهۆ سینسۆ ستێرێلای بەدەستهێناوە کە ساڵانە دەدرێتە باشترین یاریزانی وەرز لە یانەکەدا دوای ئەوەی لە کێبڕکێ لەگەڵ یاریزانەکانی دیکە سەرکەوتوو بووە.

مباپێ لەم وەرزەدا بەشداری لە 44 یاریی ڕیاڵ مەدرید کردووە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا و 42 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە و بە 25 گۆڵیش لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولی ئیسپانیدا بووە و لە پلەی یەکەمی گۆڵکارانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپاشدا بووە.

ئەمە دووەم جاری بەدوای یەکە کە کیلیان مباپێ ئەو خەڵاتە دەباتەوە دوای ئەوەی لە وەرزی ڕابردووشدا بە باشترین یاریزانی ڕیاڵ مەدرید دیاریکرا و هەمان خەڵاتی وەرگرت بەڵام لەم وەرزەدا نەیتوانی هیچ نازناوێک لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید بەدەستبهێنێت و بۆ دووەم وەرزی بەدوای یەک یانەکە بە بێ نازناو وەرزەکەیان کۆتایی پێهێنا.

لاپۆرتا گرێبەستێکی بە 24 کاتژمێر کۆتایی پێهـێـنا

ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە هەواڵێکی نوێیدا ڕایگەیاند یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی یەکجارەکی کۆتایی بە گرێبەستی ئەنتۆنی گۆردنی هێرشبەری یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی هێناوە و لەماوەی 24 کاتژمێردا توانیان هەموو شتێک لەسوودی بلوگرانا یەکلایی بکەنەوە و یاریزانەکە دەبێتە یەکێکی دیکە لەناوەکانی هێڵی پێشەوە بارسا بۆ وەرزی داهاتوو.

مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد بایرن میونخ و لیڤەرپوڵ لەسەر هێڵ بوون بۆ گواستنەوەی گۆردن،بەڵام بارسێلۆنا دوای هاتنە پێشەوەی توانی لەماوەی 24 کاتژمێر لەگەڵ نیوکایڵ ڕێککەوێت،کە قەرارە پێش ئەوەی ئەنتۆنی گۆردن پەیوەندی بە کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانی ئینگلتەرا بکات بۆ مۆندیال سەفەری شاری بارسێلۆنا بکات بۆ پشکنینی پزیشکی تائەوەی گرێبەستەکەی ئیمزا بکات.

دەربارەی گرێبەستەکەش مۆندۆ ئاشکرای کردوە بۆماوەی پێنج وەرز دەبێت و بڕی گواستنەوەی گۆردنی تەمەن 25 ساڵ 70 ملیۆن یۆرۆ دەبێت،کە لەکاتی بەدەست هێنانی نازناویش بڕێک پارە دەدرێتە نیوکاسڵ وەکو بەشێکی مەرجەکانی گرێبەستەکە.

“سەرکار ڕێبوار”

هاوسن پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکات

دوای بڵاوکردنەوەی لیستی یاریزانە بانگهێشت کراوەکانی هەڵبژادەی ئیسپانیا بۆ مۆندیال،کە چەند یاریزانێک بانگهێشت نەکرا بوون گرنگترینیان دین هاوسنی ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدرید دوای ماوەیەکیش لەبێدەنگی یاریزانەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و باسی هەڵبژاردەی ئیسپانیای کرد.

هاوسن تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X کرد،پەیامێکی بڵاوکردەوە وتی ؛ پیرۆزبایی لە هاوکارانم دەکەم بەبۆنەی نوێنەرایەتی کردنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا،منیش لەماڵەوە وەکو ئیسپانیەک پاڵپشتیان دەکەم و هانی هەڵبژاردەکەم دەدەم بۆ بەدەست هێنانی جامی جیهانی.

هاوسن ئەم وەرزە لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ئاستێکی باشی پێشکەش کرد،بەڵام لەکۆتاییدا بووە قوربانی کارەساتەکانی نێو ماڵی مێرێنگی دوای ئەوەی وەرزەکەیان بەبێ نازناو بەڕێکرد نەیتوانی متمانەی لوێز دێلا فۆنتی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەدەست بێنێت و بانگهێشتی مۆندیال نەکرا.

“سەرکار ڕێبوار”

ئێندریک بە فەرمی کۆتایی بە گەشتەکەی لەگەڵ لیۆن هێنا

ئێندریکی هێرشبەری لاوی بەڕازیلی دوای کۆتایی هاتنی ماوەی خواستنەکەی لە یانەی لیۆنی فەڕەنسی بە فەرمی ماڵئاوایی لە هاندەرانی ئەو یانەیە کرد و بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ڕیزەکانی ڕیاڵ مەدرید دا.

ئەم ئەستێرە تەمەن ١٩ ساڵانە کە لە زستانی ڕابردوو بەهۆی کەمی خولەکەکانی یاریکردنی لە مەدرید ڕووی لە خولی فەڕەنسی کردبوو توانی لەو ماوە کورتەدا بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ و حەوت ئەسیست ئاستێکی بەرز نیشان بدات و متمانە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو کە یانە ئیسپانییەکە نایەوێت بیگەڕێنێتەوە بەڵام درەوشانەوەی ئێندریک و تێپەڕاندنی کێشە دەروونییەکانی وایکرد هاوکێشەکان پێچەوانە ببنەوە و شوێنی خۆی لە پێکهاتەی وەرزی داهاتووی سپیپۆشەکاندا بکاتەوە.

ئێندریک لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە سوپاسی یانەی لیۆنی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا بە ئەزموونێکی زۆرتر و بەسەرکەوتوویی دەگەڕێتەوە بۆ قەڵای سپی تاوەکو لەژێر سەرپەرشتی ئەنچیلۆتی درێژە بە کاروانە وەرزشییەکەی بدات.

گواردیۆلا پیرۆزبایی لە ئارسناڵ دەکات

پیپ گواردیۆلا دوای لەدەستدانی نازناوەکە رایگەیاند کە تەنها یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە و ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای دڵخۆشی زۆری لە مانچستەر سیتی بەڵام بڕیاری کۆتایی لەبارەی مانەوە یان رۆیشتنی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی یانەکە لە کۆتایی وەرزدا دەدرێت.

لە کاتێکدا میدیاکان باس لەوە دەکەن یانەکە لەگەڵ ئینزۆ ماریسکا گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ شوێنگرتنەوەی پیپ

راهێنەری مانچستەر سیتی لەبارەی یەکسانبوونیان بەرامبەر بۆرنمۆس روونی کردەوە کە یارییەکی زۆر سەخت بوو و یاریزانەکانی توانیان گۆڵ تۆمار بکەن بەڵام کاتەکە درەنگ بوو.

هەروەها گلەیی ئەوەی کرد کە گۆڵێکی ته‌واوی ئیرلینگ هالاند بە بیانووی ئۆفساید رەتکراوەتەوە و تەکنەلۆژیای ڤار پێداچوونەوەی بۆ نەکردووە.

سەرەڕای لەدەستدانی نازناوەکە گواردیۆلا ستایشی ماندووبوونی یاریزانەکانی کرد کە تا کۆتا سات جەنگاون و بە فەرمی پیرۆزبایی نازناوی پریمەر لیگی لە یانەی ئارسناڵ و میکێل ئارتێتا کرد و دووپاتی کردەوە کە تۆپچییەکان بە تەواوی شایستەی ئەم دەستکەوتە مێژووییە بوون دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکەشیان کرد.

شۆکێکی گەورە بۆ ئیسپانیا

فێرمین لۆپێزی یاریزانی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهۆی تووشبوون بە پێکانێکی سەخت لە پێیدا، بەشداریی لە جامی جیهانی ٢٠٢٦ ناکات.

ئەم یاریزانە ٢٣ ساڵەیە لە یاریی نێوان بەرشلۆنە و ڕیاڵ بێتیسدا کە بە بردنەوەی ٣-١ بۆ بەرشلۆنە کۆتایی هات تووشی شکانی ئێسکی پێنجەمی پێی ڕاستی بوو. سەرەڕای ئەوەی نەشتەرگەرییەکەی بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە، بەڵام یانەی بەرشلۆنە هێشتا وادەیەک بۆ گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان دیاری نەکردووە.

لۆپێز لە پەیامێکدا لە ئینستاگرام ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرباری ئەوەی ئەم دۆخە بۆی زۆر قورسە، بەڵام وەک ئاڵنگارییەکی نوێ لە ژیانی وەرزشیدا سەیری دەکات و بەڵێنی گەڕانەوەیەکی بەهێزتر دەدات. ئەو ئێستا بەنیازە لە ماڵەوە وەک هاندەرێک پشتگیری هاوڕێکان و هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بکات.

ئەم یاریزانە خاوەنی حەوت یاریی نێودەوڵەتییە و پێشبینی دەکرا ناوی لە لیستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ جامی جیهانی هەبێت، کە بڕیارە لیستی کۆتایی یاریزانەکان ڕۆژی دووشەممە ڕابگەیەنرێت. ئیسپانیا لە جامی جیهانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیکدا لە کۆمەڵەی هەشتەمدایە و لە ١٥ی حوزەیران یەکەم یاری خۆی بەرامبەر کەیپ ڤێردی ئەنجام دەدات و پاشان ڕووبەڕووی سعودیە و ئۆرۆگوای دەبێتەوە.

لۆپێز لەم وەرزەدا بەشداری ٤٨ یاری کردووە و سەرەڕای پێکانی ماسولکەی ڕان، توانیویەتی ١٣ گۆڵ تۆمار بکات و ١٧ گۆڵیش دروست بکات، هەروەها بەشێک بووە لەو پێکهاتەیەی کە ئیسپانیا لە یۆرۆی ٢٠٢٤ سەرکەوتنی پێ بەدەستهێنا.

مۆرینیۆ دەگەڕێتەوە ڕیال مەدرید و دەسەڵاتی ڕەهای پێدەدرێت

​میدیاکانی ئیسپانیا و ئەوروپا ئاشکرایان کردووە کە یانەی ڕیال مەدرید گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ خۆزێ مۆرینیۆ، ڕاهێنەری پورتوگالی، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا (2026-2027) سەرکردایەتی یانەکە بگرێتە دەست.

ئەم بڕیارەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی، سەرۆکی یانەکە، دوای ئەوە دێت کە یانەی شاهانە وەرزێکی بێ نازناوی لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئاربێلوا بەڕێکرد و دوچاری چەندین کێشەی ناوخۆیی لە ژووری جلگۆڕیندا بووەوە؛ بۆیە پێرێز، مۆرینیۆ بە گونجاوترین کەس دەزانێت بۆ گەڕاندنەوەی دیسپلین و سەقامگیری بۆ تیپەکە.

​بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان و سەرچاوە ئیسپانییەکان، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی مۆرینیۆ بۆ واژۆکردنی گرێبەست، پێدانی دەسەڵاتی تەواو و ڕەها بووە لەناو یانەکەدا. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو پیاوە پورتوگالییە دەبێتە بەرپرسی یەکەم و کۆتایی لە پرۆسەی کڕینی یاریزانانی نوێ و بەڕێکردنی ئەو یاریزانانەی کە لە پلانەکانیدا نین، بەبێ ئەوەی کارگێڕی یانەکە دەستوەردان لە بڕیارەکانیدا بکات.

مۆرینیۆ کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 ڕاهێنەری ڕیال مەدرید بووە، لە ئێستاوە دەستی بە داڕشتنی پلانی وەرزی نوێ کردووە و داوای بەهێزکردنی هێڵی بەرگری و ناوەڕاستی یانەکەی کردووە.

جێی باسە، چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆتایی هاتنی خولی ئیسپانی، ڕیال مەدرید بە فەرمی گەڕانەوەی “Special One” بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ ڕابگەیەنێت.

👤
Live: 43 Today: 682 📊 Click Here