ئەستێرەیەکی هەڵبژاردەی بەڕازیل دووچاری پێکان بووە

دوای بڵاوکردنەوەی لیستی کۆتایی یاریزانە بانگهێشت کراوەکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ مۆندیال کێشەیەک بەرۆکی هەڵبژاردەکە دەگرێت،ئەویش دوای ئەوەی یانەی سانتۆس ڕایگەیاند نەیمار جۆنیۆر دووچاری پێکان بووە،ئەمەش دڵڕاوکێی تەواوی خستۆتە دڵی هاندەرانی سیریساو.

بەگوێرەی زانیاریەکان بێت نەیمار لە پاژنەی پێی دووچاری پێکان بووە،بەڵام یانەی سانتۆس ڕایگەیاندوە یاریزانەکە هەفتەی داهاتوو دەتوانێ دەست بکاتەوە بە ڕاهێنان کردن و کێشەی نامێنێ،بەڵام هاندەرانی بەڕازیل ترسی ئەوەیان هەیە پێکانەکەی نوێتر ببێتەوە لەکاتی یاریەکانی مۆندیال یاریزانەکە دووربکەوێتەوە.

شایەنی باسە لەدواین ساتەکاندا نەیمار هیوای بەشداری کردنی لەمۆندیال لەدەست نەدا بۆ چوارەمین مۆندیال بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرا،کە لە 11ی حوزەیرانەوە یاریەکان دەست پێدەکەن و لە 19 تەمموز کۆتایی دێت،نەیماریش ئەم مۆندیالەی دواین هیوایە بۆ بەرز کردنەوەی نازناوەکە.

“سەرکار ڕێبوار”

ئەمشەو نەسڕ و ڕۆناڵدۆ لەبەردەم سەکۆی نازناوی ڕۆشەنی سعودین

ئەمشەو هەموو چاوەکانی جیهان دەچنەوە سەر سعودیا و خولی ڕۆشەنی ئەو وڵاتە،یانەی نەسڕ لەیاری یەکلاییکەرەوەی نازناوی خولەکە ڕووبەڕووی یانەی زەمەک دەبێتەوە،کە لەو یاریەدا تەنها بردنەوە دادی زەرد پۆشەکانی گەورەکانی سعودیا دەدات کاتێک هیلالی یاریەکەی خۆی بباتەوە.

نەسڕ لەچەند ڕۆژی ڕابردوو یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دووی لەدەستدا،ئەمەش هاندەرانی یانەکەی خستە ترسێکی زۆرەوە لە بردنی خولی ناوخۆیی،بەڵام هێشتا دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدا ماوە و یانەکە بەسەرکردیەتی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بە ئیرادەیەکی قاییمەوە خۆی لەبەردەم سەکۆی نازناوەکە دەبینێتەوە.

یاریەکە کاتژمێر 9:00ی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت لەسەر یاریگای ئەوەل پارک،کە لەکاتی بەرامبەربوون یان شکستی نەسڕ لەم یاریە و بردنەوەی هیلال ئەوا شین پۆشەکانی هیلال دەبنە پاڵەوانی ڕۆشەنی سعودیا.

“سەرکار ڕێبوار”

مێسی لە بەردەم گرەوێکی گەورەدایە لە مۆندیالی 2026

​لەگەڵ نزیکبوونەوەی جامی جیهانی، ئامار و ڕکابەریی نێوان ئەستێرە مێژووییەکانی تۆپی پێ دووبارە دەبنەوە جێی سەرنجی میدیاکان.

بەپێی داتا فەرمییەکان، لە کاتێکدا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی و نێیمار دا سیلڤای بەڕازیلی پێشتر لە کاروانی وەرزشی خۆیاندا توانیویانە “هاتریک” (تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە یەک یاری دەرەوە) لە یارییەکانی مۆندیالدا بکەن، لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی مێژوویی ئەرژەنتین، سەرەڕای بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی، هێشتا لە چەندین بەشداریی ڕابردوودا نەیتوانیوە لە هیچ یەکێک لە یارییەکانی مۆندیالدا هاتریک تۆمار بكات.

ڕاپۆرتە وەرزشیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ​ئەم مۆندیالە دەبێتە دوایین دەرفەت بۆ مێسی تا بتوانێت ئەم گرەوە مێژووییە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت و ناوی خۆی لەم ڕیکۆردەشدا لە پاڵ ڕکابەرە دێرینەکانیدا بنووسێتەوە.

نۆیەر دوای 700 ڕۆژ دەگەڕێتەوە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا

لەنێو بڵاوکردنەوەی لیستی یاریزانە بانگهێشت کراوەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ناوی مانوێل نۆیەریش خراوەتەوە نێو لیستەکە،کە گۆڵپارێزەکەی بایرن میونخ پێش 700 ڕۆژ وازهێنانی خۆی لەیاری نێودەوڵەتی ڕاگەیاند بوو،بەڵام لەسەر داوای نایگلیسمانی ڕاهێنەری هەڵبژاردەکە گەڕاوەتەوە و بۆ مۆندیالیش بە ئەگەرێکی زۆرەوە وەکو گۆڵپارێزی سەرەکی بەرگری لەتۆڕی مانشافت دەکات،کە دەبێتە 5 بەشداری کردنی مانوێل لە مۆندیالەکاندا.

سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی بەرەو 40 ساڵی،بەڵام ئەم وەرزە نۆیەر خەیاڵی بوو لەگەڵ بایرن میونخ و یانەکەشی گرێبەستەکەی تاکو ساڵێکی دیکە نوێکردەوە،بۆ مۆندیالیش جارێکی دیکە لەنێو مەکینەکانی مانشافت دەبیندرێتەوە،کە دەبێتە بەتەمەنترین یاریزان لەمۆندیالدا یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کردبێت.

شایەنی باسە لەنێو لیستەکەدا ناوی جەمال موسیالا و جۆشوا کیمیچ و هاڤێرتز دەبیندرێن،بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە تێر شتیگن بانگهێشت نەکراوە،ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێکانە یەک لەدوای یەکانەی گۆڵپارێزەکە و دابەزینی ئاستی لەم وەرزەدا.

“سەرکار ڕێبوار”

بەرشەلۆنە ئامادەیە دەستبەرداری ئەستێرەکەی ببێت

ڕاپۆرتە وەرزشییەکانی ئیسپانیا ئاشکرای دەکەن کە داهاتووی فێران تۆرێس، هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە، لەگەڵ یانەکەی گەیشتووەتە بنبەست و ئەگەری زۆرە لە هاوینی داهاتوودا ڕیزەکانی ئەو یانەیە جێبهێڵێت.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی “فیچاجێس” ، کارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە بەهۆی قەیرانی دارایی و بۆ هاوسەنگکردنی بودجەی یانەکە، ناچارە گوێ لەو ئۆفەرانە بگرێت کە بۆ کڕینی تۆرێس پێشکەش دەکرێن.

یانەکە دەیەوێت لە ڕێگەی فرۆشتنی ئەم یاریزانەوە، هەم داهاتێکی باش بەدەستبهێنێت و هەمیش بارگرانی مووچە لەسەر شانی کەم بکاتەوە.

کێبڕکێی یانە گەورەکان بۆ گواستنەوەی تۆرێس:

توانا بەرزەکانی ئەم هێرشبەرە و شارەزایی لە یاریکردن لە چەندین پێگەی جیاوازدا، وایکردووە ببێتە ئامانجی سەرەکی

چەند یانەیەکی ئەوروپی:

• لە پرێمەرلیگ: هەردوو یانەی نیوکاسڵ یونایتد و ئەستۆن ڤێلا دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی پێشووی تۆرێس لە خولی ئینگلیزی وەربگرن و بیگوازنەوە ڕیزەکانیان.

• لە خولی ئیتاڵی: یانەی ئەی سی میلان چاوی لە گواستنەوەی تۆرێسە بۆ ئەوەی هێڵی هێرشبەری خۆی بۆ وەرزی داهاتوو تۆکمەتر بکات.

سەرەڕای ئەوەی فێران تۆرێس چەندین جار ئارەزووی خۆی بۆ مانەوە لە یاریگای کامپ نو دەربڕیوە، بەڵام پێویستییە داراییەکانی بەرشەلۆنە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ، وایکردووە ڕۆیشتنی ئەم یاریزانە لە هەموو کاتێک نزیکتر بێت.

پێرێز؛من وازناهێنم لە پۆستی سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید

لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی فلۆرێنتـیـنۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید کۆمەڵێک وشە و قسە کرا لە چاوەڕوانی هەندێک کەس نەبوون،لەوانە دووپات کردنەوە پێرێز لەمانەوەی وەکو سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید،کە پێرێز ڕاشکاوانە قسەی کرد و وتی؛وازناهێنم لەپۆستی سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید،بەڵکو داوای هەڵبژاردن دەکەم.

شایەنی باسە پێرێز زیاتر دوا و وتی؛من ئامادەم بۆ هەڵبژادنەکانی سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید خۆم کاندید بکەمەوە و هەر کەسێکیش دەیەوێت خۆی کاندید بکات دەرگا کراوەیە،من دەمەوێت ئەم بارودۆخە بگۆڕین،چونکە ئێمە پێشتر ئێمە ئەم دۆخانەمان تێپەڕاندوە.

ئەم وەرزەی ڕیاڵ مەدرید باش نییە و یانەکە بەبێ نازناو دەچێتە هاوینەوە،کە ئەمەش ڕەخنەیەکی زۆری دووچاری کارگێڕی مێرێنگی کرد و بەشێک داوا دەکەن پێرێز دەست لەکار بکێشێتەوە،بەڵام ئەو قسانەی پێرێز هەموو شتێکی یەکلایی کردەوە.

“سەرکار ڕێبوار”

یەکێتی تۆپی پێی فەڵەستین سوپاسی یەماڵ دەکات

لە ئاهەنگی بوونە پاڵەوانی بارسێلۆنا چەند ڕووداوێکی دیار ڕوویاندا،لەوانە جگەرەکەی چێزنی و گاڵتە سەیر وسەمەرەکانی یاریزانانی بارسێلۆنا،بەڵام یەکێکی دیکە لەوانە هەڵکردنی ئاڵای وڵاتی فەڵەستین بوو لەلایەن لامین یەماڵی ئەستێرەی یانە کەتەلۆنیەکە،کە لە گرتە ڤیدیۆیەک دەردەکەوێت یاریزانەکە ئاڵای فەڵەستین لە هاندەرێک وەردەگرێت و بەرزی دەکاتەوە.

لەسەر ئەم بابەتەش ئەمڕۆ یەکێتی تۆپی پێی فەڵەستین لە پلاتفۆرمی خۆیان بەزمانی ئیسپانی بڵاویان کردەوە و لەسەریان نووسی”لە فەڵەستینەوە سوپاس یەماڵ”،کە ئەمەش وەکو سوپاس و پێزانینێک بوو بۆ ئەو کارەی ئەستێرەکەی بلوگرانا.

لای خۆشیەوە هانزی فلیکی ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنا ڕایگەیاند؛ من ئەم کارانەم لەلا پەسەند نییە،قسەم لەگەڵ لامین کردوە،بەڵام ئەوە ڕای شەخسی خۆیەتی،دەمەوێت وەکو گەورەیەک ڕەفتار بکات.

“سەرکار ڕێبوار”

بایرن میونخ گرێبەستی ئەستێرەیەکی نوێکردەوە

ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ فلۆریان پلێتنبێرگ ئەمڕۆ ئاشکرای کرد یانەی بایرن میونخ لەگەڵ مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی ئەفسانەیی یانەکە گەیشتۆتە ڕێککەوتنی کۆتایی هەردوو لایەن ڕازین لەسەر ئەوەی گرێبەستەکەی نۆیەر بۆ وەرزێکی دیکە نوێبکرێتەوە.

شایەنی بەسە نۆیەر ئەم وەرزە ئاستێکی خەیاڵی پێشکەش کردوە،سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی،کە 40 ساڵی تێپەڕاندوە،بەڵام ئاست بەرزی و نایابی گۆڵپارێزە بایرنی ناچار کردوە بیر لەوە بکاتەوە وەرزێکی دیکەش گۆڵپارێزەکە بخاتەوە خانەی گۆڵی یانەکە،کە ئەم هاوینە گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.

نۆیەر ساڵی 2011 لە شاڵکێ ڕوویکرده بایرن میونخ و لەگەڵ ئەو یانەی توانیویەتی دوو چامپیۆنزلیگ و 13 بۆندسلیگا و جامی جیهانی یانەکان بەدەست بهێنێت.

“سەرکار ڕێبوار”

مانچستەر سیتی گورزێکی کوشندە لە ڕیاڵ مەدرید دەدات

ماتیۆ مۆریتۆی ڕۆژنامەنووسی وەرزشی ناسراو لە نوێترین هەواڵیدا ئاشکرای کردووە کە یانەی مانچستەر سیتی زۆر نزیکبووەتەوە لە هێشتنەوەی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی و بەم هەنگاوەشی پلانەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید تێکدەدات و تووشی شۆکیان دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم ڕۆژنامەنووسە، ڕۆدری ئەستێرەی هێڵی ناوەندی ئیسپانی ڕەزامەندی لەسەر ئۆفەرە نوێیەکەی مانچستەر سیتی دەربڕیوە و لە ئێستادا تەنها هەنگاوێکی کەم ماوە بۆ واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکەی، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کۆبوونەوە چڕەکان لە نێوان یاریزانەکە و بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکە بەردەوام بووە و پڕۆسەی ڕاگەیاندنی فەرمی ڕێککەوتنەکەش خێراتر کراوە.

ئەم بڕیارەی ڕۆدری دەبێتە هۆی بێهیواکردنی بەرپرسانی ڕیاڵ مەدرید، چونکە یانە شاهانەکە گواستنەوەی ئەم یاریزانەی کردبووە ئامانجی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی، بەڵام سستیم و خێرایی مانچستەر سیتی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە ڕێگەی لێگرتن، بەتایبەت کە ڕیاڵ مەدرید تا ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش نەکردبوو.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ڕۆدری لە ساڵی 2019وە پەیوەندی بە ڕیزەکانی مانچستەر سیتییەوە کردووە و لەو ماوەیەدا توانیویەتی لە 296 یاری دا بەشداری بکات، هەروەها سەرکردایەتی یانەکەی کردووە بۆ بەدەستهێنانی 13 نازناوی جۆراوجۆر کە گرنگترینیان نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپایە.

کانسێلۆ و خەونی گەڕانەوە

جواو کانسێلۆی بەرگریکاری پورتوگالی هەستی خۆی بە بێهیواییەکی گەورە لە یانەی هیلالی سعوودی نیشان دەدات و خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئاشکرا دەکات.

ئەم یاریزانە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی یانە سعوودییەکە لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا لەگەڵیدا ڕاستگۆ نەبوون و بەڵێنەکانیان سەبارەت بە تۆمارکردنی ناوی لە لیستی ناوخۆییدا جێبەجێ نەکردووە کانسێلۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕاستگۆیی لە هەموو شتێک بۆ ئەو گرنگترە و ئەم بارودۆخەش وایکردووە بیر لە جێهێشتنی ڕیاز بکاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی تا ساڵی ٢٠٢٧ بەردەوامە لە لایەکی دیکەوە یانەی بەرشەلۆنە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و چاوەڕوانی چەند ڕۆژی داهاتوو دەکات تا بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی ئەم یاریزانە بدرێت و دواتر دەست بە دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی هیلال بکات بۆ گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە پورتوگالییە.

👤
Live: 17 Today: 724 📊 Click Here