هه‌زاران فه‌رمانبه‌ری دیكه‌ زه‌ویان به‌سه‌ردا دابه‌شكرا

سێ هەزار و 500 فەرمانبەری دیكەی ناو سەنتەری شاری هەولێر ناویان لە تیروپشكی زەوی دەرچوو.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ی ئایاری 2026 به‌ ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانیی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانیی هه‌ولێر تیروپشكی دابه‌شكردنی زه‌وی بۆ قۆناغی حه‌وته‌م كرا.

له‌م قۆناغه‌دا زیاتر له‌ 6 هه‌زار 500 پارچه‌ زه‌وییه، له‌م ژماره‌یه‌دا 3 هه‌زار و 500 پارچه‌ زه‌وییان له‌ جه‌ژنیكان به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش ده‌كرێن و 3 هه‌زاره‌كه‌ی دیكه‌شیان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خاوه‌ن مافه‌كان ئاماده‌ كراون‌.

كلیك لێره‌ بكه‌ بۆ بینینی ناوه‌كان.

ئاکام عرفان بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس: لە هەولێر “ماراسۆنی یەکگرتن” بۆ هەمووان بەڕێوەدەچێت

یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ماراسۆنێکی ٣ کیلۆمەتری لە شاری هەولێر ڕێکدەخات. سکرتێری یەکێتییەکەش ڕایدەگەیەنێت، ماراسۆنەکە بۆ هەموو تەمەن و چین و توێژەکانە و ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی گیانی وەرزشی و یەکگرتووییە.

ئاکام عرفان، کارگێری مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژنسی هەوالی زاگرۆسی ڕاگەیاند: “وەک بەشی چالاکی وەرزشی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەمان، بڕیارمانداوە ڕۆژی هەینی، ١٥ی ئایاری ٢٠٢٦، ماراسۆنێکی گەورە لەژێر ناوی (ماراسۆنی یەکگرتن) لە شاری هەولێر ساز بکەین.”

سەبارەت بە وردەکاری و کاتی دەستپێکردنی ماراسۆنەکە، ئاکام فەهمی گوتی: “ماراسۆنەکە کاژێر ٩:٣٠ی بەیانی دەستپێدەکات. خاڵی دەستپێکمان پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەبێت لە لای دەرگای هۆتێل دیڤان، و خاڵی کۆتایی و هێڵی گەیشتنیش هەر لە ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەبێت لە بەرامبەر دەرگای پەرلەمان.”

کارگێری مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ سنوورێک بۆ بەشداریکردن نییە و گوتی: “ئەم چالاکییە تەنیا بۆ توێژێکی تایبەت نییە، بەڵکو هاتن بۆ هەموو تەمەنەکان و هەموو چین و توێژە جیاوازەکانە، چونکە دەمانەوێت هەمووان پێکەوە لە کەشێکی وەرزشیدا کۆبینەوە.”

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، شڤان مەحمود ئاماژەی بەوە کرد کە ئارەزوومەندان دەتوانن لە ئێستاوە بۆ ناونووسین و دەستکەوتنی زانیاری زیاتر، پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (٠٧٥٠٥١٠٧١١٤) بکەن.

بۆچوونی ڕێکخەرانی ماراسۆنەکە:

ناوی چالاکی: ماراسۆنی یەکگرتن

ماوە: ٣ کیلۆمەتر

کات: هەینی، ١٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، کاژێر ٩:٣٠ی بەیانی

شوێن: پارکی سامی عەبدولڕەحمان (لە دەرگای دیڤان بۆ دەرگای پەرلەمان)

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و گەیشتە ئاستێکی نوێ

​ئەمڕۆ، بازاڕەکانی زێڕ گۆڕانکاریی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هەڵکشانی نرخی کانزا گرانبەهاکانی دیکە، کە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ئابوورییە جیهانییەکاندا نرخەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ گەیشتە 151,155.45 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 4,701.46 دۆلار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی یەک گرام زێڕ بە 151.16 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​ئەم بەرزبوونەوەیە ، پەیوەستە بە دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و زیادبوونی خواست لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی سەلامەت، هاوکات ناسەقامگیرییە جیۆسیاسییەکان و کاریگەرییەکانی هەڵاوسان وایکردووە وەبەرهێنەران زیاتر ڕوو لە کڕینی زێڕ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

​لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخی عەیارەکان بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیار 22 بە 1,046,758 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، عەیار 21 بە 999,179 دینارە و عەیار 18 بە 856,439 دینار لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

​ئەمڕۆ، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت ئاراستەیەکی تری بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و نرخەکان ئاستێکی نوێیان لە چوارچێوەی مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەدەستهێنا.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 106.3 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو نزیکەی یەک دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 100.8 دۆلار، کە بەراورد بە کاتی پێشوو زیاتر لە یەک دۆلار بەهای زیاد کردووە.

​ئەم هەڵکشانەی نرخەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە نیگەرانییەکان لەبارەی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا دادەنرێت. دروستبوونی هەر ئاستەنگێک لەو ناوچەیەدا مەترسی جیدی لەسەر گەیشتنی نەوت بە بازاڕەکان دروست دەکات.

هاوکات دانوستاندنە سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەرەنجامەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئاراستەی بازاڕ هەیە و وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری هەر پێشهاتێکی نوێ دەکەن کە پەیوەست بێت بە سەقامگیریی دارایی جیهانی و دابینکردنی وزە.

نرخی زیو لە بۆرسەی جیهانی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بۆرسە جیهانییەکاندا، بازاڕی کانزا گرانبەهاکان و بە تایبەت زیو، جووڵەیەکی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆگرامێک زیو گەیشتووەتە 2,778.37 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک بە 86.42 دۆلار دیاری کراوە و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.78 دۆلار جێگیر بووە.

​بەراوردکردنی ئەم نرخە لەگەڵ نرخەکانی دوێنێ سێشەممەدا دەریدەخات کە ئاستی نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک نرخی هەر کیلۆگرامێک بە بڕی 78.64 دۆلار جیاوازی تێدا دروستبووە، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک بە بڕی 2.45 دۆلار و هەر گرامێکیش بە بڕی 0.08 سەنت گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزی و نزمی نرخەکان لە بازاڕدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانەوە هەیە. هاوکات جووڵەی نرخی نەوت و گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار هۆکاری سەرەکین کە وەبەرهێنەرانی هانداوە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان بەکاربهێنن.

​نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمبووەوە

​ئەمڕۆ، بازاڕەکانی زێڕ گۆڕانکاری نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە نزمبوونەوە کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازرگانان و وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. ​لە بازاڕە جیهانییەکاندا نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ گەیشتە 150,941.81 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4,694.81 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا نرخی یەک گرام زێڕ بە 150.94 دۆلار جێگیر بووە. ​ئەم دابەزینە کەمەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ چاودێریکردنی وردی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، کە تێیدا هەوڵێک دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و وەستاندنی جەنگ، هەروەها گەیشتنی ئەمریکا و ئێران بە ڕێککەوتنێک بە ئامانجی سەقامگیرکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز. بازرگانان چاوەڕوانن ئەم هەوڵانە ببنە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، کە ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت. ​لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخی عەیارەکان بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیار 22 بە 1,048,926 دینار، عەیار 21 بە 1,001,247 دینارە و عەیار 18 بە 858,212 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ

​ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026 لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بۆرسە جیهانییەکاندا بازاڕی کانزا گرانبەهاکان و بە تایبەت زیو ئاستێکی پێوانەیی نوێیان تۆمار کرد و نرخەکان گۆڕانکاریی بەرچاویان بەسەردا هات.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 87.48 دۆلار هەروەها نرخی هەر کیلۆگرامێک بە 2812.71 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.81 دۆلار جێگیر بووە.

​بەراوردکردنی ئەم ئامارانە لەگەڵ نرخەکانی دوێنێ چوارشەممەدا دەریدەخات کە ئاستی نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و نرخی هەر ئۆنسەیەک بە بڕی 1.06 دۆلار و هەر کیلۆگرامێک بە بڕی 34.34 دۆلار جیاوازییان تێدا دروستبووە هاوکات هەر گرامێکیش بە بڕی 0.03 سەنت گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزی و نزمی نرخەکان لە بازاڕدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانەوە هەیە. هاوکات جووڵەی نرخی نەوت و گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار وەک هۆکاری سەرەکی دەبینرێن کە وەبەرهێنەرانی هانداوە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان بەکاربهێنن.

د.زانا مه‌لا خالید بۆ ئاژانسی زاگرۆس: ده‌بێت په‌له‌ بكرێت له‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكوومه‌ت

به‌رپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌رپرسیاربن به‌رانبه‌ر به‌متمانه‌ی ده‌نگی هاوڵاتیانی كوردستان و شان بده‌ن به‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكوومه‌ت.

د.زانا مه‌لا خالید بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس گوتی: “خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تیان بكه‌ن له‌په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزار ناكرێت ئه‌م متمانه‌یه‌ وه‌ك چه‌كێكی سیاسی و رقی سیاسی به‌كاربهێنرێت و رێگری بكرێت له‌ به‌رده‌م پێكهێنانی حكوومه‌ت. گوتیشی: “داواكارین له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و به‌خێرا كابینه‌ی ده‌یه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بكرێت”.

مونا قه‌هوه‌چی بۆ ئاژانسی زاگرۆس: کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حكوومه‌ت هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسی و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان

جێگری سه‌رۆكی پارتی چاسازی توركمان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئەمرۆ هەرێم پێویستی بە هاوکاری، یەکگرتوویی و بڕیارێکی بەرپرسانە هەیە، چونکە دواکەوتنی دامەزراندنی دامەزراوە دەستوورییەکان کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و دۆخی سیاسی و ئابووری جێدەهێڵێت.

مونا قه‌هوه‌چی، بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس گوتی: “پەرلەمان دەبێت ببێتە شوێنی گفتوگۆ و چارەسەری کێشەکان، و کابینەی نوێش بە بنەمای هاوبەشی و ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵک پێکبهێندرێت، تاکو متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکان زیاتر بێت.پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێم تەنها بە وشە نییە، بەڵکو بە هەنگاوی پراکتیکی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان دەپارێزرێت. هەرکاتێک دامەزراوەکان بەهێز بن، هەرێمی کوردستانیش بەهێزتر و یەکگرتووتر دەبێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە خۆشی و ناخۆشیدا ئێمە لە خزمەتكردنی خەڵکی کوردستان ناوەستین

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرزەپرد و شەقامی دووسایدی 40 مەتریی سۆرانی لە شاری سۆران کردەوە.

دوای کردنەوەی پڕۆژەکە، سەرۆکی حکومەت وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەمە قۆناخێكە و قۆناخەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە، بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین.

ئەمەش دەقی وتەکەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان

دڵخۆشم دیسان لەگەڵتانم و سەردانی سۆران دەكەین بۆ كردنەوەی پرۆژەیەكی تر، كە ئەمە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و ئێستا لە شاری سۆران دروست كراوە، ماوەیەكە پلانی بۆ داڕێژراوە و كاری تێدا دەكرێت و سوپاس بۆ خوا ئێستا بە ئەنجام گەیشت و ئەمڕۆ بە فەرمی ئەم پرۆژەیە دەكەینەوە و دەیخەینە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان، بە تایبەتی دانیشتووانی شاری سۆران و دەوروبەری.

لەو ماوەیەی ڕابردوودا بینیمان دۆخێكی زۆر نالەبار لە كوردستان و عێراق هەبوو، خەڵك زۆر لە دڵەڕاوکێدا بوون لەوەی كە چی ڕوودەدات، بەڵام ئەمانە هیچیان نەیانهێشت كە ئێمە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكانمان بوەستین، ژیان بەردەوام دەبێت لە هەموو ئان و ساتێكدا. بیرمە كاتی خۆیشی كە شەڕی داعش بوو، دیسان پڕۆژەكان هەر بەردەوام بوون. لە خۆشی و ناخۆشیدا ئێمە لە خزمەتكردن ناوەستین و هیوادارین بەردەوام بین لەوەی كە بتوانین باشترین خزمەتگوزاری پێشكەشی هەموو خەڵكی كوردستان بكەین لە هەموو بوارەكاندا.

من پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و شاری سۆران و دەوروبەری دەكەم بۆ ئەم پرۆژە گرنگە، كە ئەمە قۆناغێكە و قۆناغەكانی تریشی بەدوادا دێت بۆ تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە كە دووساید و بەیەكەوەبەستنی ڕێگەكانە. پرۆژەی گەورەتریشمان لەبەردەستە، بۆ ئەوەی پێشكەشی خەڵكی ئەم دەڤەرەی بكەین. دەستخۆشیی لە (كاڤین گرووپ) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كە بەشێوەیەكی زۆر جوان و ڕێكوپێك دروستیان كردووە.

وەكوو هەر جار دیسان دووپاتی دەكەمەوە كە ئەوەی منی زیاتر دڵخۆش كردووە ئەمەیە كە توانای ناوخۆیی وایكردووە ئێمە بتوانین پرۆژەی وا جوان و ڕێكوپێك جێبەجێ بكەین لەسەر ئاستی كوردستان لە هەموو ناوچەكاندا.

جارێكی دیکە دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژەیە دەكەم، دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ناوچەكە دەكەم و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پاڵپشتییان، بۆ پشتیوانییان، بۆ متمانەبەخشینیان بە ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی ئەواندا بین.

بابەتێكی تر هەبوو حەزم دەكرد عەرزی ئێوەی بەڕێز بكەم، بەداخەوە لەم ماوەیەی ڕابردوو بینیمان كە هەندێك ڕووداوی نەخوازراو و ناخۆش ڕوویان دا، بە تایبەتی لەم دواییە ئۆتۆمبێلێك بە سێ سەرنشین گەنج و منداڵەوە كەوتنە ناو ڕووبار و خنكان. ئەمە چەند حاڵەتێكە كە لەم دەڤەرە ڕوودەدات و ئەمە جێی نیگەرانییە. بەڕاستی دڵمان دێشێ كە دەبینین كەسانێك، ئازیزانی خۆیان لە دەست دەدەن. جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە هێزەكانی بەرگریی شارستانی بكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ شەونخوونییان، بۆ بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەكان كە بەڕاستی زۆر زۆر خۆیان ماندوو كرد، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم، سەره‌خۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەم. داواش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن، هەم ڕێنمایيی هاتوچۆ و هەم ئەو ڕێنماییانەی كە پێشكەشی خەڵكی كوردستان دەكرێن لەوەی كە خۆیان بە دوور بگرن لەو ناوچانەی كە گونجاو نین بۆ سەیران یان دەچنە سەر لێواری ڕووبار كە جێی مەترسین. ئەمانە هەمووی بۆ سەلامەتی و تەندروستیی خۆتانە، داواكارم پابەندی ڕێنماییەكانی حكومەت بن و دڵنیا بن كە حكومەت هەموو ئاسانكارییەك دەكات بۆ ئەوەی ئێوە لە خۆشیدا بن و بەختەوەر بن.

ئەمڕۆ یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی حكومەتی فیدرالی لە بەغداش دەست پێدەكات، ئێمە تەمەننای سەركەوتن بۆ بەڕێز عەلی زەیدی دەخوازین، هیوادارین سەركەوتوو بێت لە پێكهێنانی حكومەتی خۆی و ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حكومەتێكی فیدرال دروست بكرێ و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێن. بەشداریی ئێمە لە حكومەت و لە پەرلەمان بۆ ئەوەیە كە داكۆكی لە هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان و مافەكانی خەڵكی عێراق و جێبەجێكردنی دەستوور بكەین وەكوو خۆی.

بەشداریی ئێمە بەشدارییەكی كارا دەبێت و هەوڵ دەدەین كە پەیوەندییەكانمان لەوپەڕی باشی و لە ئاستێكی بەرزدا بن. هیوادارم ئەمە ڕێخۆشكەر بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە هەرێمی كوردستانیش پەرلەمان كارا بكەینەوە و دواتر هەنگاوەكانی تریش دەست پێ بكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت و بكەوینەوە خزمەتی خەڵكی كوردستان جارێكی تر.

دەستخۆشیی لە هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.

پاشان سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبارەی پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم گوتی: ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین كە هەموو دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان كارا بن و ڕێز لە ڕا و بیروبۆچوونەكانی خەڵكی كوردستان بگیرێت. هەڵبژاردن كراوە بە مەبەستێك خەڵك متمانەی بە لایەنەكان داوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنانەش بتوانن بە ئەمانەتەوە ڕووبەڕووی ئەو بەرپرسیارێتییە ببنەوە و لە خزمەتی خەڵكەكەدا بن، بۆیە پێمان باشە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئێمە لە ڕۆژی یەكەمەوە لەگەڵیدا بووین، پێكهێنانی حكومەت هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە ئێمە هەوڵی ئەوەمان داوە كە حكومەت زوو پێك بێت. هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بگەنە ئەو قەناعەتە كە پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و لە ئەنجامدا لە خزمەتی خۆشیاندایە.

سەرۆکی حکومەت لەبارەی ئەوەی چاوەڕوانیی چییان لە حكومەتی داهاتووی عێراق هەیە گوتی: داوا دەكەین دەستوور وەكوو خۆی جێبەجێ بكات، مافەكانی كوردستان چیتر پێشێل نەكرێت، خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا بە چاوێكی یەكسان ئەنجام بدرێ و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن بەرنامەیەكی تۆكمەیان بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێن.

👤
Live: 36 Today: 105 📊 Click Here