سیبایۆس نزیکە لەیانەیەکی گەورەی ئەوروپا

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ڕاپۆرتێکیدا لەسەر مێرکاتۆی هاوینە بڵاویکردەوە یانەی ئەیاکس ئەمستەردامی هۆڵەندی دەستی کردوە بە گفتوگۆ کردن لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید بەمەبەستی گواستنەوەی دانی سیبایۆسی ئیسپانی ئەستێرەی ناوەندی مێرێنگی تاکو بتوانێت لەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ ئیمزا بکەن.

بەگوێرەی زانیاریەکانی مارکا بێت تاکو ئێستا ئەیاکس بڕی گرێبەستەکەی ئاشکرا نییە،بەڵام یانە هۆڵەندیەکە خواستێکی زۆری هەیە سیبایۆس بگوازێتەوە و ئامادەیە بڕە پارەیەکی زیاتر بدات لەوەی یانەی ڕیاڵ بێتیس داویەتیە ڕیاڵ مەدرید،کە بێتیس ئامادەی هەموو شتێکە لەپێناو سیبایۆس.

هاوینی ڕابردوو دەنگۆ هەبوو سیبایۆس دەچێتە مارسێلیای فەڕەنسی،بەڵام دواجار لە ڕیاڵ مەدرید مایەوە،ئەم وەرزەش یاریزانەکە نەیتوانی خۆی لە پێکهاتەی یانەکەی بکاتەوە و بۆ وەرزی داهاتووش بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەدەرەوەی پلانەکان دەبێت بۆیە دەیەوێت زووبەزوو یانەیەکی نوێ بۆخۆی بدۆزێتەوە تاکو دەرفەتی یاری کردنی زیاتری هەبێت.

“سەرکار ڕێبوار”

لیڤاندۆڤسکی یانەی داهاتووی ئاشکرا دەبێت

دوای جێهێشتنی یانەی بارسێلۆنا لەکۆتایی ئەم وەرزە چاوەکان کەوتوونەتە سەر ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی تاکو وێستگەی داهاتووی ئەستێرەکە بزانن،وە هاوسەری یاریزانەکەش بە وەڵامی کۆمێنتێک شتێکی درکاند لەسەر یانەی داهاتووی لیڤا و ئاماژەی بە یانەیەکی ئەوروپا کردوە.

لە پۆستێکی ئانای هاوسەری لیڤاندۆڤسکی هاندەرێک کۆمێنتێکی کرد بوو دەربارەی یانەی داهاتووی لیڤا،ئاناش لەوەڵامدا نووسی بووی یانەیەکی تورکی هەیە،کە ئەمەش بەگوێرەی زانیاریەکان ئاماژەیەکە بۆ چوونی یاریزانەکە بۆ یانەی فێنێربەخچەی تورکی،وە لەماوەی ڕابردووشدا هاکان سافی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانە تورکیەکە بەڵێنی هێنانی لیڤاندۆڤسکی دابوو بە هاندەرانی یانەکەی.

لەسەر ئەم بابەتەش بەگوێرەی زانیاریەکان بێت فێنێربەخچە ئامادەیە مووچەی ساڵانەی 10 ملیۆن یۆرۆ بداتە لیڤاندۆڤسکی و هاندەرانی یانەکەش دوای ئەم هەواڵانە کۆمێنتی پۆستەکانی لیڤا و ئانای هاوسەریان پڕ کردوە لە ڕەنگی شین و زەرد وەکو ئاماژەیەک بۆ هاتنی یاریزانەکە بۆ یانەکەیان و داوای لێدەکەن پەیوەندی بە یانەکەیان بکات.

“سەرکار ڕێبوار”

بایەر لیڤەرکوزن داواکارییەکەی ئالڤارۆ ئاربێلوای ڕەتکردەوە

ئالڤارۆ ئاربێلوای ڕاهێنەری کاتیی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە ڕێگەی بەڕێوەبەری کارەکانییەوە هەوڵی داوە پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەی بایەر لیڤەرکوزنی ئەڵمانی بەدەستبهێنێت، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە بە فەرمی داواکارییەکەی ڕەتکردووەتەوە.

ئاربێلوا کە لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە و دوای دوورخستنەوەی چابی ئالۆنسۆ ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانە شاهانەکەی گرتووەتە ئەستۆ، بڕیارە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بە فەرمی پۆستەکەی جێبهێڵێت.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، کارگێڕی یانەی بایەر لیڤەرکوزن بە وردی چاودێری ئەزموونی ئاربێلوایان کردووە لەو ماوەیەی کە سەرپەرشتی تیمی لاوانی ڕیاڵ مەدریدی دەکرد، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناوبراو هێشتا لە ڕووی تاکتیکی و ئەزموونی ڕاهێنەرایەتییەوە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت یانەکەیان بگەڕێنێتەوە بۆ پێشبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوەکان و کێبڕکێکردنی توندی بایرن میونشن، بۆیە بڕیاریانداوە متمانەی پێ نەکەن.

دیشامپ سەرنجم لەسەر داهاتووە و بیر لە ڕابردوو ناکەمەوە

دیشامپی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی فیفا و لە پێش دەستپێکی چوارەمین بەشداریکردنی وەک ڕاهێنەر لە جامی جیهانیدا، جەختی لەوە کردەوە کە هەمیشە چاوی لە داهاتووە و هیچ خولیایەکی بۆ ژیان لە ڕابردوودا نییە.

سەرباری ئەوەی دیشامپ دان بەوەدا دەنێت کە دەستکەوتەکانی ساڵانی 1998 و 2018 بەشێکی دانەبڕاون لە مێژووی ژیانی، بەڵام پێیوایە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بێسوودە چونکە کەس توانای گۆڕینی نییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، گرنگترین شت ئەوەیە کە مرۆڤ سەرنجی لەسەر ئێستا و هەنگاوی داهاتوو بێت، بەتایبەت کە هیچ دەستکەوتێک لە ئاستی بوون بە پاڵەوانی جیهاندا نییە.

دەربارەی پێگەی فەرەنسا لەم پاڵەوانێتییەدا، ڕاهێنەرەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی مێژووی ئەم دواییەیان لە 2018 و 2022، فەرەنسا بەردەوام وەک یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکان دەبینرێت و هاندەران چاوەڕوانی ئەوەن تیپەکەیان تا کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە کێبڕکێدا بمێنێتەوە.

هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت کە رکابەرییەکی زۆر لە نێوان 10 بۆ 12 تیپی دیکەدا هەیە بۆ بەدەستهێنانی جامەکە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها یەک تیپ دەتوانێت نازناوەکە بەدەستبهێنێت.

سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان کە تیپەکەی لەگەڵ نەرویج، عێراق و سەنیگال یاری دەکات، دیشامپ قسەی لەسەر یاری یەکەم بەرامبەر سەنیگال کرد.

سەرەڕای ئەوەی ئەو یارییە مۆندیالی 2002 و شکستی مێژوویی فەرەنسا دەهێنێتەوە یاد، بەڵام دیشامپ بیرۆکەی تۆڵەسەندنەوەی بە تەواوی ڕەتکردەوە. ئەو پێیوایە زۆربەی یاریزانانی ئێستای تیپەکە لەو کاتەدا تەنانەت لەدایک نەببوون و ئەوان ئێستا لە قۆناغێکی نوێدان و خەریکی نووسینەوەی وەرزێکی جیاواز و تازەن لە مێژووی خۆیاندا.

مێسی بووە براوەی خەڵاتێکی گەورە لە ئیسپانیا

لەنێو کەمپی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بۆ ئامادەکاریەکانی مۆندیال لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەکە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و سوپاسی هاندەران و هاوڕێکانی کرد بۆ ئەو پاڵپشتیە و بەڵێنیدا بەرگری لە نازناوەکە بکەن.

لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا دوای وەرگرتنی خەڵاتی شازادەی ئەستوریاس مێسی وتی؛ ئەمڕۆ لەکاتی خەودا لەنێو کەمپی هەڵبژاردەی خۆمان بە نامەی پیرۆزبایی ئێوە خەبەرم بۆتە،شەرەفمەندم توانیومە ئەم خەڵاتە وەربگرم،زۆر دڵخۆشم هەوڵەکانی من لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا بەرز دەنرخێنن،دواتر دەتانبینمەوە.

خەڵاتی شازادەی ئەستوریاس بۆ وەرزش خەڵاتێکی بەناوبانگی ئیسپانییە کە ساڵانە دەدرێت بە تاک یان دامەزراوەکان وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشدارییە ناوازەکان لە بواری وەرزشدا،کە وەک ڕێزلێنان دەدرێت بەوانەی لەوەرزشدا بەردەوام بەرەوپێش دەچن و هەردەم کاری جوان پێشکەش دەکەن.

“سەرکار ڕێبوار”

مان سیتی هەڕەشە لە ڕیکێڵمی دەکات لەسەر هالاند

دوای ئەوەی دوێنێ شە لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئێنریکی ڕیکێڵمی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدرید و ڕکابەری سەرسەختی پێرێز درێسێکی ڕیاڵ مەدریدی بە ژمارە نۆ بەرز کردەوە،کە ناوی ئێرلینگ هالاندی لەسەر نووسرا بوو وەک ئاماژەیەک بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە لەکاتی دەرچوونی لەهەڵبژاردنەکان.

لەو بارەیەوە یانەی مانچێستەر سیتی لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند؛ئەو هەواڵانەی لە ئیسپانیا هەیە دەربارەی ڕۆیشتنی هالاند لەیانەکەیان دوورە لەڕاستیەوە و لە پەڕاوەکانی یاریزانەکە هیچ پارەیەک ناتوانێت گرێبەستەکەی بشکێنێت،وە ئەگەر ئەو بابەتانە بەردەوام بن ڕێگای یاسایی دەگرنەبەر.

ئەم بابەتە لەبەرژەوەندی فلۆرێنتینۆ پێرێزە،کە دوای گواستنەوە کۆناتێ و دۆمفرێس چاوی لەگرێبەستی دیکەیە و بەم شێوەیە دەتوانێت هەلی زیاتر هەبێت بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدرید.

“سەرکار ڕێبوار”

دوو یانەی ئەڵمانی بە ئاگرێک دەسوتێن

دوای ڕووداوەکانی یاری کۆتایی جامی ئەڵمانیا،کە لەنێوان بایرن میونخ و شتوتگارتەوە بەڕێوەچوو،لەیاریەکەدا هاندەرانی هەردوو یانە بەتوند و تیژی زۆرەوە هاتنە نێو یاریگا و هوتافی ناشرینیان دژی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەگوتەوە.

بەپێی زانیاریەکان هاندەران لەم کارەدا مەبەستیان ڕەخنە گرتن بووە لە گرانی بلیتەکان و پێیانوایە ئیتر تۆپی لەو وڵاتە بۆتە موڵکی کەسی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان وە لەسەر ئەم ئاژاوەی یاریەکەش ماوەی چەند خولەکێک ناوبژیوان یاریەکەی وەستاند.

لای خۆیانەوە یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەستی کردوە بەلێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە بۆ ڕووداوەکانی ئەو یاریە و هەڕەشەی سزای توند هەیە لەسەر هەردوو یانە،کە ڕەنگە بۆ چەند یاریەکی داهاتوو هاندەران نەتوانن ئامادەی بینینی یاریەکانی یانەکانیان بن.

“سەرکار ڕێبوار”

ئیسپانیا بەبێ شاهانە؛ نەریتە کۆنەکەی ئێنریکی زیندوو دەبێتەوە

​پێکهاتەی نوێی هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەمیشە دەنگدانەوەی گەورە لە میدیاکاندا دروست دەکات، بەتایبەت کاتێک ناوی یاریزانانی یانەی شاهانەی تێدا نەبێت. بەڵام ئەم بڕیارەی دێ لا فۆنتێ یەکەمین حاڵەت نییە لە مێژووی “لا ڕۆخا”دا، چونکە پێشتریش لویز ئێنریکی، ڕاهێنەری پێشووی ئیسپانیا، لە جامی یۆرۆی 2020دا هەمان هەنگاوی نا و هاندەرانی ڕیاڵ مەدریدی توڕە کرد.

​لەم چوارچێوەیەدا، لە کاتی ئامادەکارییەکان بۆ یۆرۆی 2020، لە کاتێکدا یاساکانی پاڵەوانێتییەکە ڕێگەیان بە ئێنریکی دەدا 26 یاریزان بۆ لیستەکەی دەستنیشان بکات، ئەو تەنیا 24 یاریزانی بانگهێشت کرد. غافڵگیرکردنی گەورەش ئەوە بوو کە لە نێو ئەو لیستە کورتکراوەیەدا، ناوی هیچ یاریزانێکی ڕیاڵ مەدرید بەدی نەدەکرا، کە ئەمەش هاوشێوەی بڕیارەکانی ئێستای دێ لا فۆنتێیە.

​سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارە مشتومڕاوییە، ئێنریکی لەو کاتەدا بەرگری لە ستراتیژییەتەکەی خۆی کرد و ڕایگەیاند: “نامەوێت فشار لەسەر تیپەکەم دروست بکەم، دەمەوێت هەلی یاریکردن بە سەرجەم یاریزانەکانم بدەم، بۆیە تەنیا 24 یاریزانم بانگهێشت کردووە.” بەمەش سەلماندی کە متمانەی تەواوی بەو گروپە هەیە کە هەڵیبژاردوون بەبێ پشتبەستن بە ئەستێرەکانی پایتەخت.

ئارسیناڵ لە مێژووی پرێمەرلیگدا: نازناوێک و ژمارەیەکی پێوانەیی دارایی

دەرەنجامی دارایی پرێمەرلیگ بۆ وەرزی ئەمساڵ ئاماژە بە سەرکەوتنێکی مێژوویی ئارسیناڵ دەکات نەک تەنها لە ڕووی وەرزشی بەڵکو لە ئاستی داهاتی داراییشدا.

یانەی ئارسیناڵ دوای چاوەڕوانییەکی درێژخایەن بۆ جاری چواردەیەم نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا و بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێسی بەریتانی، کۆی گشتی داهاتی یانەکە گەیشتووەتە نێوان ١٧٦ بۆ ١٧٨ ملیۆن پاوەند، ئەمەش ژمارە پێوانەییەکەی وەرزی رابردووی لیڤەرپوولی تێپەڕاندووە کە ١٧٥ ملیۆن پاوەند بوو.

ئەم داهاتە زەبەلاحە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاواز پێکهاتووە، بە جۆرێک ٩٧ ملیۆن پاوەندی بۆ مافی بەشداریکردن لە پەخشی ناوخۆیی و جیهانی و داهاتی بازرگانی تەرخان کراوە، لەگەڵ ٥٤ ملیۆن پاوەند وەک پاداشتی شایستەیی پلەی یەکەم و بڕێک پارەی زیادە کە بەهۆی زۆری پەخشکردنی یارییەکانی لە تەلەفزیۆنەوە بەدەستی هێناوە.

لە ئاستی پاداشتی شایستەیی بەپێی ریزبەندی، ئارسیناڵ بە ٥٤ ملیۆن پاوەند لە پێشەنگدایە، دوای ئەو مانچستەر سیتی بە ٥١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پاوەند لە پلەی دووەم و مانچستەر یونایتد بە نزیکەی ٤٨ ملیۆن پاوەند لە پلەی سێیەمدایە. لە بەرامبەردا یانە زیانمەندەکان وەک چێڵسی تەنها ٢٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار پاوەند و تۆتنهامیش تەنها نزیکەی ١١ ملیۆن پاوەندیان بەرکەوتووە.

کۆتاییهاتنی وەرزەکە بۆ هەندێک یانە بە دابەزین بۆ خولی پلە یەک کۆتایی هات کە بریتین لە وێست هام و بێرنلی و وڵڤەرهامپتۆن، لە کاتێکدا چێڵسی لە پلەی دەیەمدا جێگیر بوو و تۆتنهامیش بە ئەستەم لە دوا هەفتەدا خۆی لە دابەزین رزگار کرد.

کێبڕکێی تۆتنهام و یوڤانتۆس لەسەر ئاندی ڕۆبێرتسۆن توند دەبێتەوە

یانەی تۆتنهام لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئاندی ڕۆبێرتسۆن کە بەرگریکاری چەپی یانەی لیڤەرپوولە تووشی کێشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووەتەوە.

سەرەڕای ئەوەی تۆتنهام گەیشتبووە ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ یاریزانەکە بەڵام ئێستا یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی بە فەرمی هاتووەتە نێو کێبڕکێکەوە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ ڕیزەکانی خۆی ببات.

گرێبەستی ڕۆبێرتسۆن لەگەڵ لیڤەرپوول لە کۆتایی مانگی داهاتوو تەواو دەبێت و ئەو ئێستا یاریزانێکی ئازادە و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە هەر یانەیەکەوە بکات.

بەپێی تۆڕی سکای ئیتاڵیا یۆڤانتۆس پەیوەندی بە یاریزانەکەوە کردووە و ئۆفەرێکی دارایی پێشکەش کردووە و ئەمەش وایکردووە پلانی تۆتنهام بکەوێتە مەترسییەوە.

تۆتنهام کە بە زەحمەت لە دابەزین بۆ خولی پلە یەک ڕزگاری بوو دەیەوێت بە هێنانی یاریزانێکی ئەزمووندار وەک ڕۆبێرتسۆن هێڵی بەرگری یانەکەی بەهێز بکات.

ئەم بەرگریکارە سکۆتلەندییە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ لیڤەرپوول سەرکەوتنی گەورەی وەک بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ بە دوو جار و خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێناوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی یۆڤانتۆس هێشتا تۆتنهام چانسی زۆری هەیە بۆ ئەوەی ڕۆبێرتسۆن ڕازی بکات کە لە خولی ئینگلتەرا بمێنێتەوە بەڵام پێشنیارە داراییەکەی یانە ئیتاڵییەکە ڕەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی بڕیاری یاریزانەکە.

👤
Live: 40 Today: 666 📊 Click Here