‎نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە دابەزین

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ بەردەوامی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت پاشەکشەی زیاتری بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، دابەزینێکی بەرچاوی تری تۆمار کرد.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 101.7 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ 6.1 دۆلار دابەزیوە. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش دابەزیوە بۆ 95.57 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دوێنێ 4.63 دۆلار دابەزین نیشان دەدات.

​ئەم دابەزینە بەردەوامەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە هێشتا بازاڕەکان لەژێر کاریگەری لێدوانە ئەرێنییەکانی تایبەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێراندان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست. ئەو کەشە دیپلۆماسییەی دروست بووە، نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەرانی سەبارەت بە سەلامەتی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز کەمکردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە فشارەکان لەسەر بازاڕی نەوت سووک ببن و نرخەکان ڕوو لە نزمبوونەوەی زیاتر بکەن.

نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی

بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو، نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخەکەی جێگیر بووە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی مریشک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیبوو، ئەمڕۆ نرخەکەی دابەزیوە و لە ئێستادا یەک کیلۆ مریشک لە بازاڕەکاندا بە (2,250) بۆ (2,500) دینار دەفرۆشرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە سەروو 3 هەزار دینارەوە بوو، بەڵام بەهۆی زۆریی خستنەڕوو لە کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە، نرخەکەی ڕووی لە دابەزین کردووە.

لە ئەنبار وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستیپێکرد و سیستەمێکی نوێ پەیڕەو دەکرێت

ئیدارەی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران بۆ وەرزی 2025-2026 دەستیپێکردووە، بۆ ڕێگری لە قەرەباڵغی و ڕێکخستنی هاتنی بارهەڵگرەکان، ئەمساڵ سیستەمێکی “حیجزی ئەلیکترۆنی” بۆ وەرگرتنی گەنم بەکاردەهێنرێت.

مؤید دلێمی، گوتەبێژی حکوومەتی خۆجێی ئەنبار ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژدا نزیکەی 200 بارهەڵگر گەنم گەیەندراونەتە سایلۆی ناوەندی ڕومادی و سایلۆی 5 کیلۆ، ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەت هەموو ئاسانکارییەکی کردووە تاوەکو جوتیاران بەبێ ماندووبوون و بە خێرایی بەرهەمەکانیان ڕادەست بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، عومەر مەشعان دەبووس، پارێزگاری ئەنبار، دوێنێ چوارشەممە، وەرزی دروێنەی گەنمی ڕاگەیاند، بڕیاریدا 10 ملیار دینار بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی پارەی گەنم جوتیاران تەرخان بکرێت، تاوەکو بەبێ دواکەوتن پارەکانیان وەربگرن.

پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی بەرنامەی حکومەتەکەی عەلی زیدی دەکات

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کارنامەی حکومەتی کاندیدی ڕاسپێردراو (عەلی زیدی) دەگاتە دەستیان.

حەلبوسی ڕایگەیاند، پەرلەمان دوای وەرگرتنی بەرنامە حکومییەکە، ڕاستەوخۆ بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا دابەشی دەکات، ئەمەش بە مەبەستی خوێندنەوەی ورد و ئاگاداربوون لە پلان و کارەکانی کابینە نوێیەکە پێش ئەوەی هەنگاوە یاساییەکانی دیکە دەستپێبکەن.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا کۆبووەوە و پرسی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیان تاووتوێ کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا لەگەڵ (ئێدواردۆ ڕامۆن مێرینۆ دێ مێنا)، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی ئەو وەزارەتە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە ڤالەنتینا لۆمبێراس، بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا و دکتۆر عەلی کازمی، نوێنەری باڵیۆزخانەی عێراق ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پرسی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان.

هەر لە دیدارەکەدا، باس لە ڕێگەکانی پەرەپێدانی کاری هاوبەش و ئەنجامدانی پڕۆژەی پێکەوەیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا کرا.

لای خۆیەوە، ئێدواردۆ ڕامۆن، بەڕێوەبەری گشتی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی ئیسپانیا، خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەی هاوبەش، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بوارە جیاجیاکاندا.

وەزیری ئەوقاف لەگەڵ موفتی و موڕشیدانی حەج کۆبووەوە؛ جەخت لە یەکخستنی فەتواکان دەکرێتەوە

د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەو مامۆستا، موفتی و موڕشیدانە کۆبووەوە کە بڕیارە لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا یاوەریی حاجیانی هەرێمی کوردستان بکەن و ڕێنمایی نوێی پێدان.

رۆژیچوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، د. پشتیوان سادق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، گفتوگۆی لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی ئەرک و واجباتەکانی حەجی ئەمساڵ کرد. وەزیری ئەوقاف جەختی لە گرنگیی “کاری پێکەوەیی” کردەوە و داوای کرد مامۆستایان پابەندی “یەک فەتوایی” بن لەسەر بنەمای بەڵگە شەرعییەکان، بەو ئامانجەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی حاجیانی کوردستان بکرێت و دووربن لە سەرلێشێوان.

بەپێی پلانەکەی وەزارەتی ئەوقاف، مامۆستایانی ئایینی لە وڵاتی سعوودیە بە بەردەوامی لەگەڵ حاجیان دەبن. بۆ ئەم مەبەستەش خشتەیەکی تایبەتی “ئێشکگری” بۆ موفتییەکان دانراوە تاوەکو بە شێوەیەکی مەیدانی وەڵامی پرسیارە شەرعییەکان و وردەکارییەکانی پڕۆسەکە بۆ حاجیان ڕوون بکەنەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە کرا کە موڕشیدە ئایینییەکان لە هەموو وێستگە و قۆناغە گرنگەکانی حەجدا یاوەریی حاجیان دەبن؛ لەوانەش: مانەوە لە کێوی عەرەفە، چوون بۆ موزدەلیفە، مانەوە لە مینا، جەمەرات و تاوەکو ئەنجامدانی تەوافی ماڵئاوایی، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی حاجیان ئەرکە ئایینییەکانیان بە دروستی جێبەجێ دەکەن.

ئەمرۆ یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێمی كوردستان بەرێكەوتن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێکەوتن.

کاروان ستوونی راشیگەیاند؛ ئەم هەنگاوە دوای هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف دێت، کە لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراقی و کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراقی گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی گەشتەکان راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمەوە بن.

بڕیارە سبەی هەینی 8 ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بەرەو سعوودیە ئەنجام بدرێت.

بۆ سوودمەنبوونی پێشمەرگە لە ئیمتیاز و یاساکان کۆبوونەوەیەک دەکرێ

بۆ ئەوەی پێشمەرگە هاوشانی هێزە عێراقییەکان بەشێکی سەرەکی بێت لە سوودمەندبوون لەو ئیمتیازات و پڕۆژە یاسا نوێیەکان کۆبونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق کرا.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ،ئەمڕۆ ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە هەر یەک لە شێروان دووبەردانی و دکتۆرە چیمەن بارزانی ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق کرد.

ئاماژە بەوە دراوە، ​لە دیدارێکدا، تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق. ئەوەش هاتووە: “هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی یاسایی کردەوە، بە شێوەیەک کە هێزی پێشمەرگە وەک بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگریی عێراق، لە تەواوی بڕیار و یاسا پەیوەندیدارەکان بە هێزە ئەمنییەکانەوە ڕەنگدانەوەی هەبێت.”

جەخت کراوەتەوە ​تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بوو بەو پڕۆژە یاسایانەی کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هێزە چەکدارەکان دەکەن؛ لەم ڕووەوە جەختکرایەوە کە پێویستە هێزی پێشمەرگە هاوشانی هێزە عێراقییەکانی تر، بەشێکی سەرەکی بێت لە سوودمەندبووان لەو ئیمتیازات و پڕۆژە یاسا نوێیانە.

‎سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5/7، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ یان يامبۆن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشينى بەلجیکا و دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەلجیکا و وڵاتانی ئەوروپای کرد ، بە تایبەتی لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی بەلجیکا ، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

هاتووچۆی هەولێر گۆڕانکاریی لە ڕێکاری زانینی سزای سەرپێچییەکاندا دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، چیتر لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی هاتووچۆوە سزای سەرپێچییەکان نیشان نادرێن و سیستمەکە گۆڕاوە بۆ ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتیان کرد، بۆ زانینی بڕی سزای سەرپێچییەکانیان سەردانی ماڵپەڕی (hawler tp) نەکەن، چونکە ئەو خزمەتگوزارییە لە ماڵپەڕەکەیاندا نەماوە و پەک خراوە.

سەبارەت بە ڕێکاری نوێ بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر سزاکان، هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە: “لەمەودوا زانینی سزاکانی هاتووچۆ تەنیا لە ڕێگەی ئەپی (KRDpass) دەبێت.”

ئەم بڕیارەی هاتووچۆی هەولێر لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دێت، تاوەکو شۆفێران بتوانن لە ڕێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنە نوێیەوە بە شێوەیەکی خێراتر و وردتر دەستیان بە زانیارییەکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکانیان ڕابگات.

👤
Live: 7 Today: 816 📊 Click Here