مونا قه‌هوه‌چی: له‌ ٨ مارسدا ئافرەتان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باشتر و دادپەروەرتر هەیە

به‌بۆنه‌ی رۆژی 8ی مارس رۆژی جیهانی ئافره‌تان جێگری سه‌رۆكی پارتی چاكسازی توركمان په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و له‌و رۆژه‌دا بیری كۆمه‌ڵگا ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ رۆڵی ئافره‌ت چه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌.

مونا قه‌هوه‌چی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بۆ ئاژانسی زاگرۆسی ناردووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، بە ڕێز و سپاسی زۆر یاد لە هەموو ئافرەتانی جیهان دەکەین کە بە هێز، ئازایەتی و ماندوونەبوونیان ڕۆڵێکی گەورەیان لە دروستکردن و پەرەپێدانی کۆمەڵگا هەیە. ئافرەت بنەمای خێزان و کۆمەڵگایە، و هەمیشە بە فداکاری و خۆشەویستییەکانیان هۆکاری پێشکەوتن و سەقامگیری کۆمەڵگا بوون.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌روو: ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، وەک پەروەردە، تەندروستی، کلتور، ئابووری و سیاسی، بە بەشداری و توانای خۆیان کاریگەرییەکی بەرچاو دروست دەکەن. ئەوان بە هەوڵ و تێکۆشانەکانیان ڕێگای پێشکەوتن بۆ نەوەکان دەکەنەوە و بەردەوام وەک نمونەیەکی باش بۆ ئیلهامدان بە کۆمەڵگا دەبن.

باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، ئافرەتان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی باشتر و دادپەروەرتر هەیە. ئەو ڕۆڵە بەهێزە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئافرەتان بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا دەنگ و مافەکانیان بەهێزتر بکەن و بەشێکی گرنگ بن لە دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەمووان.لەو ڕۆژە تایبەتییەدا، جارێکی تر پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو ئافرەتان دەکەین و هیوادارین کە هەمیشە بە هێز، ڕێز و ئازادی بژین و بەردەوام ڕۆڵی گرنگی خۆیان لە پێشخستنی کۆمەڵگا بگێڕن.

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید وڵات تاهیر دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان ناڕەوا و تیرۆریستیانەن.

دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛

پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوکارانی شەهید وڵات تاهیر کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکەم و هاوبەشی خەمیانم، کە بە داخەوە ، لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری ناڕەوا و ستەمکارانە و تیرۆریستیانەی سەر هەرێمی کوردستان شەهید بوو.

خودای مەزن گیانی شەهید وڵات بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە هەموومان ببەخشێت.

هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.

خودای مەزن کوردستان بپارێزێت .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

‎پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە. ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

جێگەی داخێكی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەكی زۆر لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییه‌.

لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.

لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن که‌ دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه‌ بەردەوام بێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.

وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت.

مسعود بارزانی

8ی ئاداری 2026

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری

وەزارەتی دارایی رایگەیاند ، گوژمەیەکی تر لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەک شەممە ( ٨ ی ئازاری ٢٠٢٦ ) گوژمەیەکی تر بەبڕی (٣٦٥ ) ملیارو ( ٧٠٢ ) ملیۆن دینار وەک بەشێکی تر لەتەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

چاوەڕێ دەکەین سبەی دووشەممە لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕاستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بکەین.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری ٨ ی ئازاری ٢٠٢٦

حەشارگەی بکوژان و دادگاکانی حیزب!

“دادپەروەری و سەروەریی یاسا” لە هەرێمی کوردستان ئەو درۆ گەورەیەیە کە پارتی و یەکێتی ڕۆژانە بەسەر شاشەکانەوە دەیفرۆشنەوە بە خەڵک، بەڵام لە واقیعدا دادگاکان تەنها لقی ناوچە و مەڵبەندەکانی حیزبن بۆ سزادانی نەیارەکانیان و پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی خۆیان. نموونەی هەرە زەق و شەرمەزارکەری ئەم قۆرخکارییە، دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جافە، کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە ناوەڕاستی هەولێر بە بۆمبی چێنراو لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا. کاتێک دادگای هەولێر، کە بەتەواوی لەژێر هەژموونی پارتیدایە، سزای لەسێدارەدانی غیابی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژەتیرۆری یەکێتی و پێنج ئەفسەری تری باڵای ئەو دەزگایە دەرکرد، لە جیاتی جێبەجێکردنی یاسا، خەڵکی کوردستان بینییان چۆن ئەم دەسەڵاتە بووەتە دوو ئیدارەییەکی مافیایی کە هیچ یاسایەک تێیدا سەروەر نییە.

ئەوەی دۆخەکە دەکاتە گاڵتەجاڕییەکی مێژوویی و تفکردنە ناو چاوی یاسا، کاردانەوەی سەرۆکی یەکێتی بوو! لەبری ئەوەی تۆمەتباران ڕادەستی دادگا بکرێن بۆ سەلماندنی بێتاوانییان یان وەرگرتنی سزاکەیان، بافڵ تاڵەبانی ڕێک ڕۆژێک دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدانەکە، لە سلێمانی پێشوازی لە وەهاب هەڵەبجەیی کرد و خەڵاتی “ئازایەتی و دڵسۆزی” پێ بەخشی! ئەمە پەیامێکی ڕوون و بێشەرمانە بوو بۆ پەرلەمان، دادگا و تەواوی هاوڵاتییان کە یاسا تەنها بۆ سزادانی هاوڵاتیی هەژار و بێدەسەڵاتە، بەڵام بۆ بەرپرسانی حیزب، تاوانەکان دەبنە جێگەی شانازی و وەرگرتنی مەدالیا. یەکێتی پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە کە دادگاکانی هەولێر سیاسین و پارتی دۆسیەکە بۆ لێدانی یەکێتی بەکاردەهێنێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا داڵدەدانی داواکراوان لەلایەن حیزبەوە و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، خۆی لەخۆیدا سەلماندنی شکستی دەوڵەتداری نییە؟

ئەمە ئەو وێرانەیەیە کە پێی دەڵێن “حکومەتی هەرێمی کوردستان”؛ شوێنێک کە بەرپرسە ئەمنییەکان خۆیان تۆمەتبارن بە خەڵتانی خوێنکردنی یەکتر، و دادگاکانیش تەنها مۆری حیزبیان بەدەستەوەیە بۆ شەرعیەتدان بەم جەنگە قێزەونە. ئەگەر یاسا و دەزگا ئەمنییەکان نەتوانن بکوژی ئەفسەرێکی باڵا سزابدەن و بیانکەنە قوربانیی ململانێی نەوت و دەسەڵات، هاوڵاتییەکی ئاسایی چۆن دەتوانێت لەم دارستانەدا هەست بە ئاسایش بکات؟

بۆ یاریەکەی ئەمشەو دوو ئەستێرەی دەگەڕێنەوە ڕیاڵ مەدرید

ئەمشەو لەگەڕی 26 لالیگادا یانەی ڕیاڵ مەدرید لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری یانەی خێتافی دەکات و یاریەکەش کاتژمێر 11:00ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.

ئەوەی جێگای سەرنجە لەم یاریەدا ڕیاڵ مەدرید کۆمەڵێک ئەستێرەی لەیاریگا دادەبڕێن و لەبەرامبەردا دوو ئەستێرەی دەگەڕێنەوە یاریگا و لەم یاریە بانگهێشت کراون.

بۆ ئەم یاریە دین هاوسن و ڕۆدریگۆ بەفەرمی ناویان لە لیستی یاریزانە بانگهێشت کراوەکانە،کە هاوسن ماوەیەکی زۆرە بەهۆی پێکانەوە لەیاریگا دوورە کیلیان مباپێش لەم یاریەدا دوورخراوەتەوە بەهۆی پێکانی ئەژنۆی.

“سەرکار ڕێبوار”

فلیک؛ئێمە دەزانین ئاڵەنگاریەکی گەورە دەکەین

هانزی فلیکی ئەڵمانی،ڕاهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان لەسەر یاریەکەیان لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید چەند قسەیەکی کرد و جەختی لە گرنگی یاریەکە کردەوە تاکو ئەوان بتوانن بەسەر ئەتلەتیکۆۆ مەدرید سەرکەون،کە لە یاری چووندا بارسا بە چوار گۆڵی خاوێن شکستی هێناوە.

فلیک دەربارەی پلانەکانی وتی؛ ئێمە دەزانین ئاڵەنگاریەکی گەورە دەکەین و دەمانەوێت مەحاڵ بگۆڕین بۆ ڕاستی بەڵگەشم بۆ ئەم قسانەم یاریەکەی دۆرتمۆندە،کە ئێمە تیپێکی بەهێزین و دەتوانین بە باشترین شێوە بگەڕێینەوە بە پاڵپشتی هاندەرانمان.

لەلایەکی دیکەوە پێدرێ گۆنزالێزی ئەستێرەی بارسا وتی؛ئێمە دەتوانین ئەو موعجیزەیە بکەین و ڕاستیەکان لەبەر چاوی هەمووان دروست بکەین.

شەوی سێ شەممە کاتژمێر 11:00ی شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان یانەی بارسێلۆنا لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا میوانداری یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید دەکات و بارسێلۆنا لەم یاریەدا پێویستی بە ڕیمۆنتادایەکی مێژوویی هەیە.

“سەرکار ڕێبوار”

مباپێ متمانەی بە پزیشکەکانی یانەکەی نیە

کیلیان مباپی لە ئێستادا لە دۆخێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکی زۆردایە بەرامبەر بە پزیشکانی یانەکەی، ئەمەش بەهۆی شکستهێنانیان لە داڕشتنی بەرنامەیەکی چاکبوونەوەی گونجاو بۆ ئەو پێکانەی لە مانگی دیسەمبەری ڕابردووەوە لە ئەژنۆی چەپیدا هەیەتی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان و تێیدا رۆژنامەی مارکا، مباپێ هەفتەی رابردوو بە نهێنی سەردانی فەڕەنسای کردووە بۆ ئەوەی ڕاوێژ بە چەندین پزیشکی پسپۆڕ بکات، چونکە پێی وایە دەستەی پزیشکیی شاهانە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا نەیانتوانیوە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکەی بدۆزنەوە.

ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئاستی هونەریی هەبووە و وای لێکردووە بەردەوام لە پێکهاتەی تیپەکە دوور بکەوێتەوە بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە.

ئەم دۆخە نەک تەنها یاریزانەکە، بەڵکو کەسە نزیکەکانیشی نیگەران کردووە، هەربۆیە بڕیاریان داوە لە دەرەوەی یانە مەدریدییەکە بەدوای چارەسەری خێرادا بگەڕێن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی جێگیر بگەڕێتەوە ناو یاریگاکان و کۆتایی بەو ئازارە بهێنێت کە لە کاتی یاریکردندا هەستی پێ دەکات.

یۆڤانتۆس گرێبەستی ئەستێرەیەکی نوێکردەوە

لە هەواڵێکی نوێدا فابریزۆ ڕۆمانۆی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرای کرد یانەی یۆڤانتۆس لەگەڵ وێستن مەککینی ڕێککەوتووە یاریزانەکە بۆندەکەی لەگەڵ خانمە پیرەکە نوێ دەکاتەوە.

بەپێی زانیاریەکان بێت گرێبەستەکەی مەکینی تاکو ساڵی 2030 درێژ دەکرێتەوە،کە لە هاوینی ئەم ساڵ کۆتایی دەهاتوو یاریزانەکەش مووچەی ساڵانەی بەرز دەکرێتەوە بۆ 4 ملیۆن یۆرۆ.

مەککینی لە ساڵی 2021 لە شاڵکێی ئەڵمانیەوە ڕووی کردە یۆڤانتۆس و لەگەڵ یۆڤی وەکو یاریزانێکی کاریگەر لەیاریگادا دەردەکەوێت لە هاوینی ساڵی ڕابردوو تاکو ئێستا یۆڤانتۆس لەترسی لەدەستدانی یاریزانەکە چڕترین گفتوگۆی لەگەڵ کردوە،کە ئەمڕۆ گەیشتنە ڕێکەوتنی کۆتایی.

“سەرکار ڕێبوار”

مباپێ پەیامێکی نوێ لەسەر پێکانەکەی بڵاو دەکاتەوە

لە نوێتری قسەیدا کیلیان مباپێ،ئەستێرەی فەڕەنسی و یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەسەر پێکانەکەی دڵنیاییەکی دایە هاندەرانی یانەکە و بەستۆرەیەک لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام موژدەی گەڕانەوەیدا.

مباپێ لە ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی لە هۆڵی وەرزشی داناوە و لەسەری نووسیووە”هەموو شتێک بە کاری قورس دەکرێت” ئەم قسەیەی مباپێ پەردەی لەسەر نهێنیەکانی پێکانەکەی لادا،کە زۆرێک پێیان وابووە پێکانەکەی قورسە بەڵام نایدرکێنێت.

مباپێ لە دوو یاری ڕابردووی ڕیاڵ مەدرید دوورکەوتۆتەوە و لەبەرامبەر بێنفیکا و خێتافی یاری نەکرد،کە لە هەردوو یاریدا ڕیاڵ مەدرید بێ ئەوی پێوە دیار بوو.

“سەرکار ڕێبوار”

👤
Live: 25 Today: 565 📊 Click Here