محمد زیاد عەزیز
وەک قومارچییەک کە تەواوی سەروەتەکەی لەسەر یەک کاغەز دادەنێت بەو هیوایەی ببێتە خاوەنی هەموو شتێک، بەڵام لە کۆتاییدا نەک تەنها یارییەکە دەدۆڕێنێت، بەڵکو ئەو جلەشی لەبەریدایە لێی دەسەنرێتەوە؛ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕێک بەمجۆرە یارییان بە چارەنووسی نەتەوەیەک کرد. کاتێک خەڵکی کوردستان بە ڕێژەی لەسەدا ٩٢.٧ دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی ، ئەوان باوەڕیان وابوو کە ئەمە کۆتایی سەدەیەک لە چەوسانەوەیە و سەرەتای لەدایکبوونی دەوڵەتە، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی ڕوویدا، تەنها بەکارهێنانی سۆزی نەتەوەیی خەڵک بوو لەلایەن سەرکردایەتییەکی سیاسییەوە کە دەیویست لە ڕێگەی ئەم دروشمە گەورەیەوە، قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی و داڕمانی ئابووری پەردەپۆش بکات. ئەنجامی ئەم سەرکێشییە، لەبری سەربەخۆیی، گەورەترین پاشەکشێی مێژوویی بوو. لە چەند ڕۆژێکدا، هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتیی وڵاتانی دراوسێ، هێرشیان هێنا و هەرێمی کوردستان لەسەدا ٤٠ی ئەو خاکەی لەدەستدا کە پێشتر بە خوێنی پێشمەرگە ئازادی کردبوو، لە نێویاندا کەرکوک و سەرچاوە نەوتییە زەبەلاحەکانی.
ئەمە تەنها لەدەستدانی خاک نەبوو، بەڵکو هەرەسهێنانی ئەو وەهمە بوو کە گوایە حیزبە کوردییەکان دەتوانن نیشتمان بپارێزن؛ چونکە لە کاتی هێرشەکەدا، بینیمان کە چۆن پارتی و یەکێتی لەبری بەرگریکردن، یەکتریان بە “نیشتمانفرۆش” تۆمەتبار دەکرد و خەڵکیان لەبەردەم مەترسیدا بەجێهێشت. (وەک چۆن نیكۆلۆ ماکیاڤێلی دەڵێت: “ئەو کەسەی کە بەڵێنی گەورە دەدات بەبێ ئەوەی هێزی جێبەجێکردنی هەبێت، تەنها مەرگی خۆی و گەلەکەی خێراتر دەکات”) — ئەمەش ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە کەتەلۆنیای ئیسپانیادا ڕوویدا لە هەمان ساڵدا، کاتێک سەرکردەکان ڕیفراندۆمیان کرد بۆ سەربەخۆیی بەبێ هیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی، و لە ئەنجامدا نەک دەوڵەتیان دروست نەکرد، بەڵکو ئۆتۆنۆمییەکەشیان لێ سەندرایەوە و سەرکردەکانیان هەڵاتن. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە سەرکردەکانی کەتەلۆنیاش بێباکترن؛ ئەوان سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، و دراوسێکان ، هەر سووربوون لەسەر ڕیفراندۆم، نەک لەبەر ئەوەی پلانیان هەبوو بۆ پاراستنی، بەڵکو بۆ ئەوەی سەرۆکی پێشوو (مەسعود بارزانی) پێش تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتییەکەی، وێنەیەکی پاڵەوانانە بۆ خۆی دروست بکات.
لەم زەلکاوە سیاسییەدا کە پاش ڕیفراندۆم دروست بوو، هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر گەمارۆیەکی سەختی ئابووری و داخستنی فڕۆکەخانەکان. ئەم منداڵە لوسکانەی سیاسەت کە لەسەر شاشەکان بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتیان دەکرد، وەک پڵنگە کاغەزییەکان دەرکەوتن؛ کاتێک باج و گومرگی وڵاتانی دراوسێیان لێ بڕدرا، یەکسەر دەستیان بەرزکردەوە و ئامادە بوون هەموو شتێک ڕادەستی بەغدا بکەنەوە تەنها بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. ئەوان خەونی سەربەخۆییان کردە تەماشاگەرییەکی مەدەنی کە تێیدا خەڵکی ئاسایی باجەکەی دا و نوخبەی دەسەڵاتداریش بەردەوام بوون لە کۆکردنەوەی سامانەکانیان.
