خوێندراوەتەوە: (966)

ئاکام عومەر محمد

کاتێک زرێپۆشەکانی دەوڵەت تەنها بۆ پاراستنی کۆشکەکانی دەسەڵات دروست دەکرێن و سنگی هاوڵاتیش دەکرێتە قەڵغان بۆ ڕاگرتنی مووشەکی بێگانە، ئیتر وشەی “ئاسایش” تەنها گەورەترین نوکتەی سیاسییە! لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتداران بەردەوام شانازی بەوەوە دەکەن کە گوایە ئارامییان دابین کردووە، بەڵام ئەمە ئارامیی نییە، بەڵکو بێدەنگیی ناو گۆڕستانە. منداڵە لوسکەکان و فەنتەڵۆسەکانی دەسەڵات لەناو ڤێلا قایمەکانیاندا بە سەتان پاسەوان و سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو دەورەدراون، کەچی لە هەمان کاتدا درۆنەکان بەسەر سەری خەڵکی سڤیلدا دەسوڕێنەوە و دایکی کورد دەبێت بە دڵەڕاوکێوە منداڵەکەی بنێرێتە قوتابخانە. ئەم دەسەڵاتە تەنها یەک جۆر ئاسایشی هەیە: ئاسایشی مانەوەی خۆی لەسەر کورسییەکان و بەردەوامبوونی تاڵانکارییەکانی!
دەوڵەتێک کە خۆی لە هاوڵاتییەکەی دەترسێت، هەرگیز ناتوانێت بیپارێزێت! ئەو بودجە خەیاڵییەی کە دەبێت بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی بەرگریی نیشتمانی خەرج بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی دەرەوە، ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی میلیشیاکان و کۆمپانیا ئەمنییەکانی خاڵۆژن و پورەکانی دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناوخۆ. کاتێک کاسبکارێک یان ڕۆژنامەنووسێک لەسەر پۆستێکی فەیسبووک دەستگیر دەکرێت بە پاساوی “تێکدانی ئاسایشی گشتی”، بەڵام هەمان ئەو دەزگا ئەمنییە ناوێرێت تەنانەت ناوی ئەو گرووپە چەکدارانەش بهێنێت کە خاکی وڵاتەکەیان کردووەتە وێرانە، ئیتر دەبێت تێبگەین کە ئاسایش لێرەدا تەنها ئامرازێکە بۆ کۆیلەکردنی خەڵک، نەک پاراستنیان. هاوڵاتی لێرەدا هیچی دەست ناکەوێت جگە لەوەی باجی پاراستنی بکوژەکانی خۆی دەدات!
بەستنەوەی چارەنووسی گەلێک بە دەسەڵاتێکی ترسنۆکەوە، ڕێک وەک خۆحەشاردان وایە لەژێر سێبەری دارێکی وشکبوودا لە کاتی زریانێکی وێرانکەردا: ئەو کەسانەی ئامادەن دەستبەرداری ئازادییە بنەڕەتییەکانیان ببن تەنها بۆ ئەوەی کەمێک ئاسایشی کاتی بکڕن، ئەوا شایەنی هیچ کامیان نین؛ نە ئازادی و نە ئاسایش.
ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ئێمە دەیانەوێت بە هەڕەشەی “تێکچوونی ئاسایش” میللەت بێدەنگ بکەن و ئازادییەکانیان زەوت بکەن، کەچی خۆشیان ناتوانن یەک دڵۆپ ئاسایش دابین بکەن. ئەوان ئاسایشیان کردووەتە کاڵایەک و دەیانەوێت پێمان بفرۆشنەوە، لە کاتێکدا سەروەریی خاکیان بە بەتاڵی هەڕاج کردووەتە سەر مێزی وڵاتانی هەرێمی.
ئیدی کاتی ئەوەیە ئەم گرێبەستە ساختەیە هەڵوەشێنینەوە کە ناویان ناوە پاراستنی ئاسایش! ئەی ئەو گەلەی کە کەرامەتتان بووەتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی کۆشکەکانی ئەم مافیایانە، هاوار بکەن بە ڕووی ئەو سیستەمەدا کە باج و ئارەقەی ئێوە دەخوات تەنها بۆ ئەوەی چەکەکانی بکاتە ڕووی خۆتان. ئەو مێزە بڕووخێنن کە لەسەری بڕیار لەسەر فرۆشتنی ئاسمانی نیشتمان و کڕینی چەک بۆ سەرکوتکردنی ئێوە دەدرێت. دەوڵەتێک کە نەتوانێت هاوڵاتییەکەی لە هێرشی دەرەکی بپارێزێت، بەڵام شێر بێت بۆ زیندانیکردنی گەنجێکی ناڕازی، تەنها وێرانەیەکە کە دەبێت بە خێرایی بەسەر سەری ئەم فەنتەڵۆسانەدا بڕووخێنرێت تا کەرامەتی ئینسان سەوز ببێتەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 47 Today: 195 📊 Click Here