خوێندراوەتەوە:
(1.6K)
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی (کەرکووک – فیشخابوور – تورکیا) نزیکبووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە توانای گشتیی ئەم هێڵە دەگاتە ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیل. ساحیب بزوون، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: “پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تەنکەرەوە بۆ سووریا تا دەگاتە بەندەری بانیاس بەردەوامە.” هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە “لە ئایندەیەکی نزیکدا هێڵی کەرکووک – فیشخابوور – تورکیا دەخرێتە خزمەتەوە و لە سەرەتادا ڕێگە بە ڕژانی بڕێکی دیاریکراو دەدرێت.” ئەوەشی خستە ڕوو کە “ئەم هێڵە توانای گواستنەوەی ملیۆنێک و 600 هەزار بەرمیلی هەیە، و دوای تەواوکردنی پشکنینی هایدرۆستاتیکی (Hydrostatic test) دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.”
