پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی “ستراتیژیی ڕێڕەوی پایسکل‌سواری” لە سەنتەری شار دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە
خوێندراوەتەوە: (1.4K)

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2026/5/7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆژەی “دروستکردنی ڕێڕەو و ڕێکخستنی پایسکل‌سواری” بەڕێوەچوو.

ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدراوە و ئامانج لێی “خزمەتکردنی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانی ئۆتۆمبێلە.”

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە “یەکەمین شار لەسەر ئاستی عێراق وەک شارێکی دۆستی ژینگە و تەندروست بۆ هاووڵاتییان.”

سەبارەت بە وردەکاریی ئەندازیاریی پڕۆژەکە، ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی تایبەت وردەکارییەکانیان ئامادە کردووە و لەمەودوا لە نەخشەی بنەڕەتیی ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن، شوێنی تایبەت بە پایسکل و پیادەڕۆ دیاری دەکرێت.

خۆشناو گوتیشی: “بۆ ئەم پڕۆژەیە سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی شاری پاریس وەک دەستەخوشکی هەولێر و وڵاتی هۆڵەندا وەک پێشەنگی جیهانی لە بواری پایسکل‌سواریدا وەردەگرین.”

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە پێکهاتە “بازنەییەکەی” شاری هەولێر زەمینەیەکی گونجاوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە و بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە. بڕیار وایە دوای وەرگرتنی کۆتا سەرنجەکان، پڕۆژەکە دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش وەک “وەرچەرخانێکی مۆدێرن” لە سیستەمی گواستنەوەی پایتەختدا دەبینرێت.