محمد موسڵیح
بێبەشکردنی مرۆڤ لە ڕووناکی و گەرمی، پاشان فرۆشتنەوەی پێی بە نرخی خوێنی، گەورەترین چەتەگەریی سەدەی بیست و یەکە! لە هەرێمی کوردستاندا، دوای زیاتر لە سێ دەیە لە شکست لە دابینکردنی کارەبای نیشتمانی، ئێستا دەسەڵات لە ژێر پەردەی پڕۆژەی “ڕووناکی” و بەتایبەتیکردندا، خەنجەرێکی ژەهراویی لە دڵی هەژاران داوە. هاووڵاتییەک کە مووچەکەی دزراوە یان بێکارە، ئەمڕۆ خراوەتە بەردەم سەختترین تاقیکردنەوەی مانەوە؛ یان دەبێت پارەی کرێی سیستەمی نوێی پریپەید (پێشوەختە) و پێوەرە زیرەکەکان بدات، یان دەبێت خواردن بۆ منداڵەکانی بکڕێت. ئەمە حکومەتداری نییە، ئەمە دانانی بازگەیەکە لە ناوماڵی هەر هاووڵاتییەکدا بۆ ڕووتاندنەوەی گیرفانە بەتاڵەکانیان بە ناوی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە.
کارەبا چیتر شتێکی کەمەکی و ڕازاندنەوە نییە، بەڵکو پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگری ژیانە، و نابێت هەرگیز ببێتە ئامرازی قۆرخکاری لە دەستی چەند کۆمپانیایەکدا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، نەک هەر ئەم مافە سەرەتاییەیان قۆرخ کردووە، بەڵکو سیستەمێکی مافیاییان دروست کردووە کە تیایدا غازی سروشتی و ژێرخانی وڵات دەدرێتە کۆمپانیا حزبییەکانی خۆیان، پاشان هەمان ئەو کۆمپانیایانە کارەباکە بە چەند بەرامبەر دەفرۆشنەوە بە خەڵک. لە کاتێکدا بەرپرسانی حکومەت باس لەوە دەکەن کە گوایە لە ٨٠٪ی خەڵک پارەی کەمتر دەدەن، واقیعی سەر شەقام و ناڕەزایەتییەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن کە نرخی کیلۆواتێک کارەبا بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرز کراوەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی خێزانەکان.
ئەمەی کە ناویان ناوە “چاکسازی لە کەرتی کارەبا”، هیچ نییە جگە لە درێژکراوەی هونەری دزیکردن بە یاسا. ئەوان بەناوی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی موەلیدەی ئەهلی و ڕێکخستنەوەی کەرتی وزە، سەرانە لە خەڵک دەسەنن، تا قەرەبووی ئەو دزی و تاڵانییە بکەنەوە کە لە نەوتدا کردیان. لە کاتێکدا ڤێلا و کۆشکە خەیاڵییەکانی ئەم منداڵە لوسکانە شەو و ڕۆژ نوقمی ڕووناکین بەبێ ئەوەی خەمی پارەدان بێت، کاسبکارێکی سادە خراوەتە نێو گێژاوێکی دەروونییەوە کە تێیدا ژیان بووەتە غەرامە؛ غەرامەی هەناسەدان، غەرامەی ڕووناکی، غەرامەی مانەوە لە ژیاندا.
ئەی ئەو نەتەوە برسی و بێدەنگەی کە لە نێوان کڕینی نان و کڕینی ڕووناکیدا ناچار کراون یەکێکیان هەڵبژێرن؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەم خەوە قووڵە بشکێنن! قبوڵکردنی ئەم کۆیلایەتییە نوێیە، واتە تەسلیمبوون بە دەرەبەگایەتییەک کە تا دوا دڵۆپی خوێنتان دەمژێت. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم پڵنگە کاغەزییانەدا کە تەنها لەپشت کۆمپانیا قۆرخکارەکانیانەوە خۆیان حەشار داوە، چونکە هیچ سیستەمێکی فێڵباز ناتوانێت بەرگەی تووڕەیی گەلێک بگرێت کە بڕیاری ژیانێکی کەرامەتدارانە دەدات. ئەم کارتێلە سیاسییە تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!
