گرووپە چەکدارەکان برینەکانی نیشتمانیان کردە بازاڕی تاڵان
خوێندراوەتەوە: (8.8K)

محمد ڕەمەزان عەلى

گۆڕەپانێکی تاریک کە تێیدا لاشەی قوربانییەکان هێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێت، بەڵام قەلەڕەشەکان لەبری ناشتنیان، خەریکی هەڕاجکردنی ئێسکەکانیانن بۆ ئەوەی بزانن کێ دەتوانێت زۆرترین قازانج لەم مەرگە بەدەست بهێنێت! لێرەدا خاکی داگیرکراو واتای ڕزگارکردنی نییە، بەڵکو واتای کرانەوەی دەرگایەکی نوێیە بۆ باجگرتن و سەپاندنی ترس! ئەمە ڕێک واقیعی ئەو ناوچانەیە کە پێیان دەڵێن “جێناکۆک” لە عێراقدا؛ خاکێک کە لەبری ئەوەی ببێتە پردی ئاشتی، کراوەتە مەیدانێکی کراوە بۆ هێزە چەکدارەکان و میلیشیاکان تا هەژموونی خۆیان بسەپێنن و ژیانی هاوڵاتییان بکەنە بارمتەی ئابووریی سێبەر و ململانێی قێزەونی سیاسی !

لە سایەی ئەم فەزایەدا، سەروەریی دەوڵەت تەنها گاڵتەجاڕییەکە لەسەر کاغەز. کاتێک دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر لەسەر شاشەکان شەڕی نیشتمانپەروەری دەکەن، لەسەر ئەرزی واقیع ئەوە چەکدارانی سێبەر و مافیاکانن کە دەروازە سنوورییەکان بەڕێوە دەبەن و سەرانە لە کاسبکار و خەڵکی سادە وەردەگرن. ئەوان ئەم بۆشاییە ئەمنییەیان کردووەتە بەهەشتێک بۆ قاچاخی سنوور و بازرگانیکردن بە خوێنی ئەو پێکهاتانەی کە ساڵانێکە قوربانیی یەکەمی دەستی سیاسەتە فاشیستەکانن. لێرەدا، دادگاکانی کارتۆنی و حکومەتی ئیفلیجکراو بوونیان نییە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، بەڵکو تەنها بۆ شەرعییەتدانن بەو تاڵانییەی کە بە ناوی ئاسایشەوە دەکرێت و دەچێتە گیرفانی حیزبەوە.

بۆچوونى من وایە کە : “شارستانییەتێک کە توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی نەبێت کە خۆی دروستی کردوون، شارستانییەتێکی داڕزاوە و مردووە” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە لە وڵاتی سۆماڵ لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا ڕوویدا، کاتێک دەوڵەت هەرەسی هێنا و گرووپە چەکدارەکان وڵاتیان دابەش کرد بەسەر کانتۆنەکانی قاچاخ و باجگرتندا، و نەتەوەیەکیان خستە نێو دۆزەخی بێکۆتاییەوە ! ئەمڕۆ لە عێراق و ناوچە جێناکۆکەکانیشدا هەمان ئەو داڕزانە دووبارە دەبێتەوە؛ نوخبەی تاڵانچیی هەولێر و بەغدا کە خۆیان خولقێنەری ئەم کێشانەن، ناتوانن چارەسەری بکەن چونکە بوونی میلیشیاکان و هێزە تاریکەکان لەم ناوچانەدا، گەورەترین سەرچاوەی داهاتە بۆ خەزێنەی بەتاڵکراویان و درێژەدانە بە حوکمی خێزانی و تایفی !

لەم وێرانەیەدا، ئەوەی دەپلیشێتەوە خاکی نیشتمان نییە بە تەنها، بەڵکو کەرامەتی ئەو مرۆڤانەیە کە بوونەتە قەڵغانی شەڕی دزەکان. هەر دەنگێکی خنکێنراو کە لەم ناوچانەدا داوای خزمەتگوزاری یان دەرکردنی چەکدارەکان بکات، دەستبەجێ بە پەڕاوی دروستکراو، فڕاندنی سیاسی، و تیرۆری دەروونی وەڵام دەدرێتەوە. ئەمە ئیتر ململانێ نییە لەسەر ناسنامەی خاک، بەڵکو زۆرانبازییە لەسەر ئەوەی کێ مافی ئەوەی هەیە تاڵانییەکە بۆ خۆی قۆرخ بکات.