دیموکراسی و دۆخی ئازادیخوازان لەکوردستان بەرەو کوێ ؟


دیار ڕزگار قادر

نزیکەی سەدەیەک خەڵکی کوردستان لەدژی ڕژێمە فاشیستە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق خەبات و تێکۆشانیان بۆ ئازادی و سەربەرستی و ژیانێکی شکۆمەند و هێنانەکایەی کیان و حکومەتێکی سەربەخۆ کرد، دواجار لەکاتی لەناوبردنی ڕژێمی صەدام حسێن لەساڵی 2003 کورد بووە خاوەن پێگەو دەسەڵات و سەروەری و هەموو شتێک، بەڵام بەداخەوە کاتێک تام و بۆنی دەسەڵات و سەروەت و سامان دەرکەوت سەرانی حزبەکانی دەسەڵاتدار لە پارتی و یەکێتی خەڵک و خاکی کوردستانیان لەبیرنەما و کەوتنە خۆدەوڵەمەند کردن و قایمکردنی پێگەی خۆیان بەهێزی ئەمنی و سەربازی و سەرکوتکردنی هەرکەسێک کەلەگەڵ خۆیان نەبێت.


کانتی فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت: مرۆڤ نابێت لەسزایەک بترسێت کە تاوان لەناخیدا بونی نیە، بەڵکو دەبيت لە نادادی زیاتر بترسێت! کەچی ڕۆژگاری ئەمڕۆی کوردستان وایلێهاتوە ئەوەی لە نادادپەروەری ئەترسێت هەر ئەو ئەکرێت بە تاوانبار، بەدرێژایی 35 ساڵی ڕابردووی حوکمڕانی کوردی، هەرکاتێک هەناسەیەک بۆ ئازادی و تروسکاییەکی ئومێد بۆ دیموکراسی لەدایک بووە، هێزەکانی دەسەڵات بەهەموو شێوەیەک لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و کەسایەتیە سیاسییە سەربەخۆکان و ئازادیخوازەکانیان چەوساندۆتەوە، لەبری ئەوەی گوێ لەڕەخنە و سەرنجی ئازادیخوازان بگرن دێن بە پەلاماردان و گرتن و دادگایی کردن ڕوبەڕویان دەبنەوە، گوایە ئەم هیزانە دادپەروەری دەچەسپێنن و یاسا جێبەجێ دەکەن کەچی بەو نادادیە دەیان کەسی دیکە لەژیر ناوی یاسادا سزا دەدەن.

کاتێک دەبینین حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای یاساکانی خێڵ و کۆکردنەوەی تەواوی دەسەڵات لای هێزێک یان دوو هێز پێکدێت و لەبری لۆژیکی یاسا لۆژیکی هێز حوکم دەکات، کاتێک لەو شوێنەی یاسا دەبێت بە تابلۆیەک و تەنها هەڵدەواسرێت وەک وێنەیەکی بێ گیان و ڕاستگۆیی دەبێتە تاوان و ویژدان کۆت و بەند دەکرێت، کاتێک نێوان خەڵک و دەسەڵات پانتاییەکی گەورە داگیر دەکات و متمانە بوونی نەماوە، ئالەم کاتەدا دەسەڵات لەبری هێزی یاسا و حوکمەکانی دیموکراسی هێزی ئەمنی و سەربازی بۆ یەکلایی کردنەوەی خواست و ئامانجەکانی بەکاردەهێنێت و ڕێگە نادات ئەوانی تر هیچ جۆرە ئازادییەکیان هەبێت تەنانەت قسەکردن و ڕەخنەگرتنیش.


ئەگەرچی دیموکراسی بەمانا فراوانەکەی واتا حوکمی گەل، بەڵام لەهەرێمی کوردستان تەواو پێچەوانەی ئەم دروشمە سیاسەت دەکرێت، گەل خاوەنی دەسەڵات نیە و توانای دەربڕینی بیروڕاکانی نیە، گەل دەرفەتی بۆ نەڕەخسێنراوە بەئازادی و دوور لەچاوی هەڕەشە و توندوتیژی بەشداربێت لە حوکمڕانی وڵاتدا، هەڵبژاردن تەنها وەک هێمایەکی دیموکراسی چوار ساڵێک ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەڵبژاردن نەیتوانیوە ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی دەسەڵات و لابردنی ئەو حزبانەی کە دەیان ساڵە وەک ڕژێمە فاشیزمەکان دەسەڵات بەڕێوەدەبەن و ئازادیخوازان سەرکوت دەکەن، هەڵبژاردن وەک کاڵایەکی دیموکراسی لە شانۆگەریەکی گاڵتەجاڕیدا نمایش دەکرێت و چاوی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای پێ دەگیرێت، کاتێکیش ئازادیخوازان ڕەخنە لەم دیموکراسیە دەگرن ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و گرتن و لێدان و دادگایی کردن دەبنەوە، سەرانی دەسەڵات نوقمی تاوانکاری و بێ یاسایی بوونە، ئەمەش بۆ چاککردنی ئەم بارودۆخە خراپە نیە کەلەکوردستان هەیە بەڵکو بۆ زیاتر سەرکەوتکردنی دەنگی ئازاو دلیری لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتە.

لەکوردستانی عێراقدا دیموکراسی و مافی هەڵبژاردن و ئازادی بیروڕا تائەو شوێنە هەیە کە تۆ دژی لایەنەکانی دەسەڵات نەبیت، ئەگەر ئازادیخوازان بیانەوێت خواروخێچی دەسەڵات نیشان بدەن و ڕەخنە لە کێماسی و گرفتەکان بگرن، ئەوا بە خائین و دەستی دەرەکی و ئاژاوەگێڕ ناودەبرێن، دەسەڵات لەکوردستان فێر نەبووە ڕەخنە قبوڵ بکات هەمیشە بە زمانی هەڕەشە و توندوتیژی ڕووبەڕووی هاوڵاتیەکانی خۆی دەبێتەوە، لێرەوە تێدەگەین کە کێشە بنەڕەتیەکە لە کەسەکاندا نیە بەڵکو کیشە جەوهەریەکە لەنەبوونی سیستەم دایە، دادگا لەبری ئەوەی سزای تاوانبار بدات سزای بی تاوان دەدات، یاسا لەبری ئەوەی سزا بەسەر دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و ستەمکاردا بسەپێنێ یەخەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئازادیخوازان دەگرێت و سزایان دەدات.


گرووپە چەکدارەکان برینەکانی نیشتمانیان کردە بازاڕی تاڵان

محمد ڕەمەزان عەلى

گۆڕەپانێکی تاریک کە تێیدا لاشەی قوربانییەکان هێشتا خوێنیان لێ دەچۆڕێت، بەڵام قەلەڕەشەکان لەبری ناشتنیان، خەریکی هەڕاجکردنی ئێسکەکانیانن بۆ ئەوەی بزانن کێ دەتوانێت زۆرترین قازانج لەم مەرگە بەدەست بهێنێت! لێرەدا خاکی داگیرکراو واتای ڕزگارکردنی نییە، بەڵکو واتای کرانەوەی دەرگایەکی نوێیە بۆ باجگرتن و سەپاندنی ترس! ئەمە ڕێک واقیعی ئەو ناوچانەیە کە پێیان دەڵێن “جێناکۆک” لە عێراقدا؛ خاکێک کە لەبری ئەوەی ببێتە پردی ئاشتی، کراوەتە مەیدانێکی کراوە بۆ هێزە چەکدارەکان و میلیشیاکان تا هەژموونی خۆیان بسەپێنن و ژیانی هاوڵاتییان بکەنە بارمتەی ئابووریی سێبەر و ململانێی قێزەونی سیاسی !

لە سایەی ئەم فەزایەدا، سەروەریی دەوڵەت تەنها گاڵتەجاڕییەکە لەسەر کاغەز. کاتێک دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر لەسەر شاشەکان شەڕی نیشتمانپەروەری دەکەن، لەسەر ئەرزی واقیع ئەوە چەکدارانی سێبەر و مافیاکانن کە دەروازە سنوورییەکان بەڕێوە دەبەن و سەرانە لە کاسبکار و خەڵکی سادە وەردەگرن. ئەوان ئەم بۆشاییە ئەمنییەیان کردووەتە بەهەشتێک بۆ قاچاخی سنوور و بازرگانیکردن بە خوێنی ئەو پێکهاتانەی کە ساڵانێکە قوربانیی یەکەمی دەستی سیاسەتە فاشیستەکانن. لێرەدا، دادگاکانی کارتۆنی و حکومەتی ئیفلیجکراو بوونیان نییە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، بەڵکو تەنها بۆ شەرعییەتدانن بەو تاڵانییەی کە بە ناوی ئاسایشەوە دەکرێت و دەچێتە گیرفانی حیزبەوە.

بۆچوونى من وایە کە : “شارستانییەتێک کە توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی نەبێت کە خۆی دروستی کردوون، شارستانییەتێکی داڕزاوە و مردووە” ! ئەم حەقیقەتە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە لە وڵاتی سۆماڵ لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا ڕوویدا، کاتێک دەوڵەت هەرەسی هێنا و گرووپە چەکدارەکان وڵاتیان دابەش کرد بەسەر کانتۆنەکانی قاچاخ و باجگرتندا، و نەتەوەیەکیان خستە نێو دۆزەخی بێکۆتاییەوە ! ئەمڕۆ لە عێراق و ناوچە جێناکۆکەکانیشدا هەمان ئەو داڕزانە دووبارە دەبێتەوە؛ نوخبەی تاڵانچیی هەولێر و بەغدا کە خۆیان خولقێنەری ئەم کێشانەن، ناتوانن چارەسەری بکەن چونکە بوونی میلیشیاکان و هێزە تاریکەکان لەم ناوچانەدا، گەورەترین سەرچاوەی داهاتە بۆ خەزێنەی بەتاڵکراویان و درێژەدانە بە حوکمی خێزانی و تایفی !

لەم وێرانەیەدا، ئەوەی دەپلیشێتەوە خاکی نیشتمان نییە بە تەنها، بەڵکو کەرامەتی ئەو مرۆڤانەیە کە بوونەتە قەڵغانی شەڕی دزەکان. هەر دەنگێکی خنکێنراو کە لەم ناوچانەدا داوای خزمەتگوزاری یان دەرکردنی چەکدارەکان بکات، دەستبەجێ بە پەڕاوی دروستکراو، فڕاندنی سیاسی، و تیرۆری دەروونی وەڵام دەدرێتەوە. ئەمە ئیتر ململانێ نییە لەسەر ناسنامەی خاک، بەڵکو زۆرانبازییە لەسەر ئەوەی کێ مافی ئەوەی هەیە تاڵانییەکە بۆ خۆی قۆرخ بکات.

👤
Live: 49 Today: 241 📊 Click Here