بانکێکی بەشدار لە (هەژماری من) قەرزێک بە مووچەخۆرانی کوردستان دەدات

بانکی عيراقى ئيسلامى بەشدار لە پڕۆژەی (هەژماری من) بەردەستبوونی خزمەتگوزاری (لەسەر مووچەکەت) بە کڕیارە بەنرخەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

بەپێی راگەیاندراوێکی بانکی عيراقى ئيسلامى ئەم خزمەتگوزاریە وا لە فەرمانبەرانی کەرتی حکومی دەکات کە مووچەکانیان لە بانک دانراوە، مانگانە قەرزێکی بێ سوود وەربگرن کە بڕی 200 هەزار دیناری عێراقییە، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە مووچەی داهاتوویانەوە، بەپێی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی.

ئاماژە بەوەش دراوە: “دەتوانرێت لە هەر شوێنێکەوە بە ئاسانی لە ڕێگەی ئەپی IIB Mobile داوای خزمەتگوزارییەکە بکرێت، و پارەکە لە ماوەی چەند ساتێکدا ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ئەکاونتەکەت.”

هەنگاوەکانی داوای قەرزی فریاگوزاری بەم شێوەی خوارەوە خراوەتە روو:

– چوونە ژوورەوە بۆ ئەپی بانکەکە

– لە مینیوی More “قەرزێکی فریاگوزاری” هەڵبژێرە

– ڕازی بە بە مەرج و ڕێساکان

– کۆدی مامەڵەکە داخڵ بکە

– داواکارییەکە پشتڕاست بکەرەوە، دەستبەجێ پارەکە دەگوازرێتەوە بۆ ئەکاونتەکەت.

– ئەپەکە دابەزێنە: https://qrco.de/bdQLra

هەروەها بانکەکە راشی گەیاندووە کە بۆ هەر پرسیارێک پەیوەندی بە ژمارە 6566 بکەن.

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز جوشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە ئەمەریكا پاڵپشتی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەروەها بە چاوی ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەكات هەر لە 2003 هەتا ئێستا و لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیشدا. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی خوازیاری شەراكەتی ستراتیژییە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستانە و پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و بەرژەوەندییەكانی لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی تر بێت بۆ ئەوەی ئەمەریكا بتوانێ پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ عێراق بدات.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە خوازیاری ئەوە بوونە لە عێراقدا یاسا و دەستوور باڵادەست بن و هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بنەمای سەرەكیی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بێت. بە گرنگیشی زانی لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا ڕەچاوی ئەو سێ بنەمایە بكرێن و دەستوور جێبەجێ بكرێت و كۆتایی بەو مامەڵە نابەجێیە بهێندرێت كە لەگەڵ گەلی كوردستان لەسەر بابەتی بودجە و بابەتەكانی تر دەكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە عێراق خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و پەیوەندییەكی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت.

بارودۆخی سووریا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

ڕوونکردنەوە له بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە

ئەم گرتە ڤیدیۆیەی بڵاو کراوەتەوە گوایە ئەمە ئۆتۆمبێلی هاتووچۆیە . بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلە ئۆتۆمبێلی هاتووچۆ نیە .

ئۆتۆمبێلەکانی هاتووچۆ تابلۆی تایبەت بەخۆیان هەیە و بە لەزگەی شین لەسەریان نوسراوە ترافیک پۆلیس کامێرای چاودێری لە ناوە وە دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکان جێگیر کراوە . بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلە نە تابلۆی ژمارەی هەیە نە لەسەریشی نوسراوە ترافیک پۆلیس . مێژوی گرتە ڤیدیۆکە دەگەڕێتەوە بۆ دووسال بەر لە ئێستا. چەند پەیج و ئەکاونتێک ئەم گرتە ڤیدیۆ یەیان بڵاو کردۆتەوە بەبێ ئەوەی بەداواداچون بۆ ڕاست و دروستی بابەتەکە بکەن.

ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر

لە دیاربەکر هەڵمەتێک بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بازاڕەکاندا دەستی پێکرد

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی گەورەشارەوانیی دیاربەکر بۆ ڕۆژی ٢١ی شوبات (ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک)، لە بازاڕی شارەکەدا دەست بە دابەشکردنی تابلۆی نرخی شتومەکەکان بە زمانی کوردی بەسەر دووکاندار و فرۆشیاراندا کرا. بەرپرسانی گەورەشارەوانیی دیاربەکر لە ڕێگەی سەردانکردنی بازاڕی شارەکەوە، سەردانی دووکاندار و فرۆشیارانیان کرد و هانیان دان بە زمانی کوردی مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییاندا بکەن. هەروەها تابلۆی نرخیان بەسەر سەوزە و میوەفرۆشەکاندا دابەش کرد، کە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی نرخ و جۆری کاڵاکانیان لەسەر نووسراوە. هاوکات تابلۆی سەر دەرگایان بەسەر دووکانداراندا دابەش کرد کە بە زمانی کوردی لەسەری نووسراوە “کراوەتەوە / داخراوە” و “بەخێر بێن”. ئاماژە بەوەش کراوە کە چالاکییەکانیان بۆ برەودان بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2/18، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ، دۆخی گشتیی عێراق و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ و هەرێم تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز لە عێراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان . حکومەتێک بێت کە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی عێراق بکات . هەروەها جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و سەرتاسەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.

کەشناسی: پلەکانی گەرما بەگشتی کەمێک بەرزدەبێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-2- 2026

کەش /ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان هەوری تەواو دەبێت, لەگەل دابارینی کەمێک نمە بارانی جیاجیا لەناوچەشاخاوییە سنووریەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵا ت تاکو کاتەکانی دوایی نیوەڕۆ. وەهەروەها ئەگەری خۆڵێکی سووک هەیە بەتایبەتی لەناوچەکانی باشووری هەرێم.

خێراى با / لەسەرخۆ- مام ناوەند ( 10 – 20). ئەگەری کەمێک چالاک بوونی هەیە تاکوو کاتەکانی نیوەرؤ.

ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا .

مەوداى بینین / لە نێوان ( 6 – 8 ) کم دەبێت.

پلەکانی گەرما / بەرزترین پلەکانی گەرما بەگشتی نزم دەبێتەوە بە ( 2- 4 ) پلە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:

هەولێر 20 پلەی سیلیزی

پیرمام 15 پلەی سیلیزی

سۆران 15 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 11 پلەی سیلیزی

سلێمانی 18 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 19 پلەی سیلیزی

دهۆک 17 پلەی سیلیزی

زاخۆ 18 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 18 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 20 پلەی سیلیزی.

سبەى هەینی 20-2- 2026

کەش/ ئاسمان بەگشتی تەنکە هەوری بەرز دەبێت, پاشان بۆ ساماڵ دەگۆرێت .

خێراى با / لەسەر خۆ ( 5 – 15 ).

ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا.

مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10 ) کم/ک.

پلەکانی گەرما / بەرزترین پلەکانی گەرما بەگشتی کەمێک بەرزدەبێتەوە بە ( 1 – 2 ) پلە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 20 پلەی سیلیزی

پیرمام: 19 پلەی سیلیزی

سۆران: 17 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی

دهۆک: 19 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 22 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 25 پلەی سیلیزی.

19/2/2026

‎گرنگە دوای رۆژو شكاند ئاو بخورێتەوە

پزیشكێكی پسپۆری خۆراك دەلێت لە كاتی بەربانگ پێویستە ١ تا ٣ پەرداخ ئاو بخورێتەوە چونكە بە درێژایی رۆژەكە جەستە وشك بۆتەوە چونكە ئاو بەشێكی گرنگە لە سوری خوێندا ئەمەش وادەكات لە كاتی بەرۆژووبوون دا جەستە وشكببێتەوە لەوانەی هەندێ جار سەرئێشەشی لەگەل بێت بۆیە گرنگ و پێویستە لەكاتی رۆژو شكاند برێكی باش ئاو بخورێتەوە .

دكتۆر شێرزاد پسپۆری بواری خۆراك بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی راگەیاند گرنگە كە ئەوكەسەی رۆژوەكەی دەشكێنێت چەند پەرداخێك ئاو بخواتەوە دوای نزیكەی ٢٥ دەقە ئەوكات نان بخورێت تاوەكوو جەستە و رۆخۆلەكان تەرببنەوە و ئامادەی بكات بۆ نانخواردن چونكە بە درێژایی چەندین كاتژمێر جەستە ووشك دەبێتەوە بۆیە خوارنەوەی ئاو پێش نانخواردن گرنگ و بەسوودە .

دەم پارتی داوا دەکات زمانی کوردی لە تورکیا بکرێت بە زمانی فەرمی

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان داوا دەکات زمانی کوردی لە تورکیا بکرێت بە زمانی فەرمی.

عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، هاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا، داوا دەکەن زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی و نکۆڵی لێ نەکرێت.

دۆغان گوتیشی: “لە تورکیا بە ملیۆنان خەڵک بە کوردی دەدوێن، بۆیە پێویستە هەوڵێک هەبێت بۆ بەفەرمیکردنی و ناکرێت داواکاریی خەڵک پشتگوێ بخرێت”.

وه‌زيرى ناخۆى فيدراڵى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى نوێنه‌رايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ،كۆده‌بێته‌وه‌

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، وەزیری ناوخۆی فیدراڵی بەڕێز “عەبدولئەمیر ئەلشەمەری” لەگەڵ بەڕێز” فارس عیسا” سه‌رۆكى نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کۆبووەوە.

لە میانی دیدارەکەدا، هەردوولا پێداچوونەوەیان بە دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە کرد، هەروەها ڕێگاکانی بتەوکردنی هاوكارى و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هه‌ردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، جگە لە پەرەپێدانی میکانیزمی هاوکاری لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا.

هەروەها باسیان لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کرد، لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی هاوکاری نێوان دەزگا ئەمنییەکانی فیدراڵی و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی، پەیوەستن بە ڕەگەزنامە و بەڵگەنامەی ناسنامە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم.

هەردوولا جەختیان لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، لە ڕێگەی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی زێرەڤانی و هێزەکانی سنووری فیدراڵی بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و، ڕێگریکردن لە دزەکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و قەوارە دوژمنکارەکان کردەوە.

لەکۆتایی ديداره‌کەدا ،سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد کۆبوونەوەیەک لە نێوان وەزیرانی ناوخۆی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان به‌م زووانه‌ ساز بكرێت ،بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی ڕێگری لە کاری هاوبەش و، پتەوکردنی چوارچێوەی هاریکاری نێوان هەردوولا.

ئەڵمانیا بەشێک لە هێزەکانی لە هەولێر دەکشێنێتەوە

سوپای ئەڵمانیا بەشێک لە سەربازەکانی بە شێوەیەکی “کاتی” لە شاری هەولێر کشاندەوە.

وردەکارییەکانی بڕیارەکە:

• کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازان: گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا بە ئاژانسی “فرانس پرێس”ی ڕاگەیاند، دەیان سەربازیان لە بنکەی سەربازیی هەولێر گواستووەتەوە و تەنیا ستافێکی کەم بۆ ڕاپەڕاندنی کارە پێویستەکان لە شوێنەکە ماونەتەوە.

• هەماهەنگی نێودەوڵەتی: گوتەبێژەکە جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە “بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان” دراوە.

هۆکاری گرژییەکان:

هەرچەندە بەرپرسە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بە سەرچاوەی وردی مەترسییەکان نەکرد، بەڵام ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە سەربازییەکانی واشنتۆن لە ناوچەکە و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی دژی ئێران.

👤
Live: 8 Today: 6 📊 Click Here