‎گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزکردەوە

لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر، و هەروەها داخستنی گەرووی هورمز،بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 13 سەنت بەرزبووەوەو بە 103 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 8 سەنت بەرزبووەوە و بە 91 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی نەوت چاویان لە ئەگەری وەستانی شەڕ و ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ.

رۆژی رابردوو هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 2٪ دابەزینیان بەخۆوە بینی بوو.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو رایگەیاند، سەرەرای ئەوەی پێشنیازەکانی ئەمریکایان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ نیازێکیان نییە بۆ دانوستاندن بۆ هێورکردنەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە و قووڵبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا.

ئاگاداریەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرەوە

ئاگاداری سەرجەم شوفێرانی سنوری پارێزگای هەولێر دەکەینەوە. لەئەنجامی پێشبینیەکانی کەشناسی بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما لە ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٣/٢٦ و ٢٠٢٦/٣/٢٧) شەپۆلێکی باراناوی هەرێمی كوردستان بە گشتی و سنوری پارێزگای هەولێر سەنتەری شار و دەوربەری دەگرێتەوە.

ئەگەری بەرزبونەوەی باراناو لە هەندێک شەقام و گەڕەکەکانی ناوشار هەیە . وە هەروەها لە ڕێگاکانی دەرەوەی شار بەهۆی نالەباری کەش و هەوا لێخوڕین سەخت دەبێت.

بۆیە داوا لە شوفێران دەکەین ئەگەر بۆکاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت شەقام و ڕێگاکان بەکار نەهێنن تا شەپۆلە بارانەکە کۆتایی پێدێت و کەش و هەوا ئاسایی دەبێتەوە. بۆئەوەی توشی ڕووداوی نەخوازراو نەبن•

بەهیوای سەلامەتی بۆهەمووان.

ئیمارات هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا، سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییانەی ئێرانی کرد کە بارەگا سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە.

ئیمارات ئەم هێرشانەی بە “پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکان” وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە بە تەواوی هاوسۆز و پشتیوانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیان.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییان و گەلی عێراق کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.

ئاگادارییەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

ئاگادارییەک بۆ سەرجەم هاووڵاتییان

ئاسایشی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ هاووڵاتییان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە:

ئێستا دەتوانن بەبێ بەکارهێنای کۆد و بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:

هێڵی گەرم: 106 یان 126

ناردنی فایلی ڤیدیۆ و زانیاری :07502522728

نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەت دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 3/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باڵیۆز تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا باڵیۆز بەڕاک ، پرسە و سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەت کرد بۆ شەهیدانی پێشمەرگە لە هێرشی مووشەکی بالیستی ئێرانی بۆ سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری سۆران.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆز تۆم بەڕاک-ی کرد بۆ پەیوەندی و هاوخەمی.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی باردۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرد.

شا عەبدوڵڵای دووەم سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 3/25، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی لە شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن پێگه‌يشت بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێرانی، ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

جەنابی مەسرور بارزانی خوا بیپارێزێت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق:

سڵاوی خواتان لێ بێت.. بە خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە (خوا لێیان خۆش بێت) و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەم بە هۆی دوو هێرشی مووشەکی ئێرانی بیست. بە ناوی خۆم و گەل و حکومەتی شانشینی ئوردن، لە دڵەوە، پرسە و سەرەخۆشیتان بۆ ئەم کارەساتە لێ دەکەم و لە خوای مەزن داواکارم، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکار و گەلی هەرێمی کوردستانی عێراقی برا ببەخشێت و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

إنا لله وإنا إليه راجعون

براتان: عەبدوڵڵای دووەم کوڕی حوسەین شای شانشینی ئوردن عەممان

ڕاگەیاندراوێك لە وەزارەتی كارەباوە

هاوڵاتییان ئاگادار دەكەینەوە کە ئەمشەو بەهۆی كێشەیەكی تەکنیکییەوە لە هێڵەكانی گواستنەوەی كارەبا گرفتی كوژانەوەی گشتی كارەبا روویدا.

لە ئێستادا تیمەكانی وەزارەتی كارەبا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە هۆكاری كێشەکە بۆ ئەوەی بەزووترین كات چارەسەری بكەن و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا كارەبا بۆ هاوڵاتیان بگەڕێتەوە.

لەکاتی هەبوونی هەر پێشهاتێکی تر و گەڕانەوەی کارەبا، وەزارەتی کارەبا ڕاستەوخۆ هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.

وەزارەتی كارەبا 26/3/2026

لەیلا زانا سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

سیاسەتڤان و کەسایەتیی نیشتمانپەروەری کورد و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا لەیلا زانا ، پەیامێکی هاوخەمی و سەرەخۆشی ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێرانی.

لە پەیامەکەدا هاتووە “بە خەم و کۆڤانێکی مەزن هەواڵی گیانبەختکردنی شەش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی 30 پێشمەرگەی دیکەمان بیست. ئەمە خەمێکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ ماڵبەتەکانیان، بەڵکوو بۆ تەواوی گەلی ئێمە. سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان بە کەسوکاریان و ئێوەی بەڕێز و گشت پێشمەرگە ڕادەگەیەنین و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین. یاد و یادەوەرییان لە دڵی گەلی ئێمەدا دەژی و ڕێگەیان بەردەوام دەبێت”.

سەرۆکی حکومەت لە وەڵامی پەیامەکەدا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هاوخەمییەکە، جەختی کردەوە کە شەهیدەکانمان هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندا زیندوون و ڕێ و ڕێبازەکەشیان بەردەوام و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان دەبێت.

پرسەنامەیەک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، سەبری حەفزوڵڵا نێروەیی، کرد.

دەقی پرسەنامەکە:

ژ بۆ وەغەرا دویماهیێ یا پێشمەرگەیێ هەردوو شۆرەشێن ئەیلوول و گولانێ و هەلگرێ مێدالا بارزانیێ نەمر (سەبری حەفزوڵڵا نێروەیی)، بەهی و سەرەخۆشیێ ل ماڵباتا وان یا بەڕێز دکەم و هەڤپشکێ خەما وا مە. خودێ یێ مەزن گیانێ وی ب بەهەشتێ شاد بکەت و سەبر و هەدارێ ب ماڵبات و کەسوکار و دۆست و هەڤاڵێت وی ببەخشیت.

مەسرور بارزانی سەرۆکێ حکومەتا هەرێما کوردستانێ

سەرۆکی حکومەت پێشمەرگە بریندارەکان بەسەر دەکاتەوە

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر، پێشمەرگە بریندارەکانی هێرشی مووشەکی بالیستیی ئێرانی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەڤەری سۆران بەسەر کردەوە.

سەرۆکی حکومەت سڵاو و ڕێزی سەرۆک مەسعود بارزانی پێگەیاندن و لە تەندروستی پرسینەوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواستن. سەرۆکی حکومەت وەزارەتی تەندروستیشی ڕاسپارد کە هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجام بدەن.

👤
Live: 25 Today: 850 📊 Click Here