کوردستان لەژێر سێبەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و حیزبیدا…

ساڵح ڕەسوڵ ڕەشید



لە ماوەی چەندین ساڵدا، هەرێمی کوردستان لەژێر حوکمڕانی دوو بنەماڵەی سەرەکیدا بووە( پارتی  و یەکێتی)  ئەم دوو بنەماڵەییە بە شێوەیەکی سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی، ئابووری و ئەمنییان لە دەستدایە و بەڕێوەبردنی هەرێم لە چوارچێوەی سیستەمێکی بنەماڵەیی و حیزبیدا ئەنجام دەدرێت. ئەم شێوازەی حوکمڕانییە بووەتە هۆی چەندین کێشە و ئاستەنگ کە کاریگەرییەکی نەرێنیان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و گەشەپێدانی هەرێم هەبووە.هەرێمی کوردستان لە نێوان هەولێر و دهۆک (لەژێر کۆنترۆڵی پارتی) و سلێمانی و ھەڵەبجە (لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتی) دابەش بووە. ئەم دابەشبوونە بووەتە هۆی دروستبوونی دوو سیستەمی جیاواز، دوو ئیدارە و دوو هێزی ئەمنی. ئەم ناکۆکی و دووڕەگییە کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر یەکڕیزیی خەڵک و سەقامگیریی ئابووری و سیاسی هەیە  وەک بەربەستێک وایە لەبەردەم پێشکەوتن.لە ژێر سایەی ئەم  سیستەمەدا، ئازادی ڕادەربڕین، میدیا و خۆپیشاندان زۆرجار سنووردار کراون. میدیاکان زۆربەیان لە لایەن هەردوو حیزبەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و ڕەخنەگرتن لەم سیستەمە یان بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان تووشی هەڕەشە و سزاکردن دەبێتەوە.وە  لاوازبوونی یاسا: سیستەمی دادوەری سەربەخۆ نییە و زۆرجار کاریگەریی سیاسی لەسەرە، کەسانی بەهێز لە یاسا بەرپرس نابن.وە 
ئەم سیستەمە بووەتە هۆی تێکەڵبوونی دەوڵەت و حیزب. بۆ چارەسەرکردنیشی  پێویستە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بکرێت بۆ سیستەمێکی دادپەروەر و شەفاف.

خاک فرۆشی لەژێر پەردەی سەرۆکایەتیدا

جواد عبدولرەحمان محمود

کاتێک باس لە سەرۆکایەتی لە کوردستان دەکەین، بەرەوڕووی وێنەیەکی تاڵ دەبینەوە؛ وێنەیەک کە تێیدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ڕێبەرایەتیکردن و بازرگانیکردن بە خاکەوە. ئەوەی جێگەی داخی قووڵە، بەکارهێنانی پیرۆزییەکانی وەک شەهیدە بۆ مەرامی سیاسی و حزبی. چ شکۆ و حورمەتێک لەوەدا دەمێنێتەوە کە خوێنی گەشی پێشمەرگە بکرێتە کاڵایەک و بەوپەڕی بێباکییەوە باس لەوە بکرێت کە وڵاتێکی وەک ئێران قەرەبووی ئەو شەهیدانە دەکاتەوە؟ خوێنی مرۆڤی کورد بە هیچ قەرەبوویەکی دەرەکی ناشۆرێتەوە، جگە لە سەروەری و پاراستنی کەرامەتی نیشتمانی.

لە سەدەی بیست و یەکەمداین و هێشتا کوردستان وەک خاکێکی بێخاوەن دەردەکەوێت. ئەمە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەواشەکارانەیەیە کە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک بەکاردێن. لە کاتێکدا دەسەڵاتداران باس لە قەرەبووی دەرەکی دەکەن، خۆیان وەک گورگ کەوتوونەتە گیان و مافی ئەم خەڵکە و خەریکی تاڵانکردنی قووتی ڕۆژانەیانن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: تا کەی دزینی مووچەی پێشمەرگە، مامۆستا و فەرمانبەر بەردەوام دەبێت؟ تا کەی سامانی نەوت و غازی ئەم نیشتمانە لەبری ئەوەی ببێتە هەوێنی ئاوەدانی، دەبێتە سووتەمەنی بۆ گیرفانی چەند کەسێکی خاکفرۆش؟

جێگەی شەرمەزارییە لە وڵاتێکدا بژین کە ژێرخانەکەی هەمووی سەروەت و سووتەمەنی بێت، کەچی تاکی کورد بەدەست هەژاری، بێکاری و بێدادییەوە بناڵێنێت. لە کاتێکدا وڵاتانی دراوسێ بەهۆی بێهەڵوێستی و پاشکۆیەتی سەرۆکەکانمانەوە دەستیان وەرداوەتە ناو وردەکاریی ژیانی ئێمە، گەنجی ئەم وڵاتە تەنها خەمی دۆزینەوەی بژێوی و قووتی ڕۆژانەیەتی. ئەم واقیعە پێمان دەڵێت کە کێشەی سەرەکی ئێمە نەبوونی دەرامەت نییە، بەڵکو هەبوونی دەسەڵاتێکی بێوەفایە کە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی خستووەتە پێش شکۆی نیشتمان و ژیانی هاووڵاتییان.

👤
Live: 58 Today: 547 📊 Click Here