جواد عبدولرەحمان محمود
کاتێک باس لە سەرۆکایەتی لە کوردستان دەکەین، بەرەوڕووی وێنەیەکی تاڵ دەبینەوە؛ وێنەیەک کە تێیدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ڕێبەرایەتیکردن و بازرگانیکردن بە خاکەوە. ئەوەی جێگەی داخی قووڵە، بەکارهێنانی پیرۆزییەکانی وەک شەهیدە بۆ مەرامی سیاسی و حزبی. چ شکۆ و حورمەتێک لەوەدا دەمێنێتەوە کە خوێنی گەشی پێشمەرگە بکرێتە کاڵایەک و بەوپەڕی بێباکییەوە باس لەوە بکرێت کە وڵاتێکی وەک ئێران قەرەبووی ئەو شەهیدانە دەکاتەوە؟ خوێنی مرۆڤی کورد بە هیچ قەرەبوویەکی دەرەکی ناشۆرێتەوە، جگە لە سەروەری و پاراستنی کەرامەتی نیشتمانی.
لە سەدەی بیست و یەکەمداین و هێشتا کوردستان وەک خاکێکی بێخاوەن دەردەکەوێت. ئەمە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەواشەکارانەیەیە کە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک بەکاردێن. لە کاتێکدا دەسەڵاتداران باس لە قەرەبووی دەرەکی دەکەن، خۆیان وەک گورگ کەوتوونەتە گیان و مافی ئەم خەڵکە و خەریکی تاڵانکردنی قووتی ڕۆژانەیانن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: تا کەی دزینی مووچەی پێشمەرگە، مامۆستا و فەرمانبەر بەردەوام دەبێت؟ تا کەی سامانی نەوت و غازی ئەم نیشتمانە لەبری ئەوەی ببێتە هەوێنی ئاوەدانی، دەبێتە سووتەمەنی بۆ گیرفانی چەند کەسێکی خاکفرۆش؟
جێگەی شەرمەزارییە لە وڵاتێکدا بژین کە ژێرخانەکەی هەمووی سەروەت و سووتەمەنی بێت، کەچی تاکی کورد بەدەست هەژاری، بێکاری و بێدادییەوە بناڵێنێت. لە کاتێکدا وڵاتانی دراوسێ بەهۆی بێهەڵوێستی و پاشکۆیەتی سەرۆکەکانمانەوە دەستیان وەرداوەتە ناو وردەکاریی ژیانی ئێمە، گەنجی ئەم وڵاتە تەنها خەمی دۆزینەوەی بژێوی و قووتی ڕۆژانەیەتی. ئەم واقیعە پێمان دەڵێت کە کێشەی سەرەکی ئێمە نەبوونی دەرامەت نییە، بەڵکو هەبوونی دەسەڵاتێکی بێوەفایە کە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی خستووەتە پێش شکۆی نیشتمان و ژیانی هاووڵاتییان.
