خشتەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ( ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی شەممە ( ١٦ ی ئایاری ٢٠٢٦ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.

تێبینی؛ لەگەڵ ئەوەی بەپێی خشتەکە مووچەی خانەنشینانی سەربازی بە شێوەی کاش ڕۆژی پێنج شەممە دابەش دەکرێت، بەڵام ئەو خانەنشینانەی لەڕێی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن دەتوانن سبەی چوار شەممە مووچەکانیان لە ڕێی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ( ATM ) وەربگرن.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ١٢ ی ئایاری ٢٠٢٦

نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و گەیشتە ئاستێکی نوێ

​ئەمڕۆ، بازاڕەکانی زێڕ گۆڕانکاریی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هەڵکشانی نرخی کانزا گرانبەهاکانی دیکە، کە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە ئابوورییە جیهانییەکاندا نرخەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ گەیشتە 151,155.45 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 4,701.46 دۆلار بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی یەک گرام زێڕ بە 151.16 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​ئەم بەرزبوونەوەیە ، پەیوەستە بە دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی و زیادبوونی خواست لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی سەلامەت، هاوکات ناسەقامگیرییە جیۆسیاسییەکان و کاریگەرییەکانی هەڵاوسان وایکردووە وەبەرهێنەران زیاتر ڕوو لە کڕینی زێڕ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

​لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخی عەیارەکان بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیار 22 بە 1,046,758 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، عەیار 21 بە 999,179 دینارە و عەیار 18 بە 856,439 دینار لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

​ئەمڕۆ، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت ئاراستەیەکی تری بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و نرخەکان ئاستێکی نوێیان لە چوارچێوەی مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بەدەستهێنا.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 106.3 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو نزیکەی یەک دۆلار بەرزبووەتەوە. هاوکات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و گەیشتە 100.8 دۆلار، کە بەراورد بە کاتی پێشوو زیاتر لە یەک دۆلار بەهای زیاد کردووە.

​ئەم هەڵکشانەی نرخەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە نیگەرانییەکان لەبارەی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا دادەنرێت. دروستبوونی هەر ئاستەنگێک لەو ناوچەیەدا مەترسی جیدی لەسەر گەیشتنی نەوت بە بازاڕەکان دروست دەکات.

هاوکات دانوستاندنە سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و دەرەنجامەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئاراستەی بازاڕ هەیە و وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری هەر پێشهاتێکی نوێ دەکەن کە پەیوەست بێت بە سەقامگیریی دارایی جیهانی و دابینکردنی وزە.

نرخی زیو لە بۆرسەی جیهانی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بۆرسە جیهانییەکاندا، بازاڕی کانزا گرانبەهاکان و بە تایبەت زیو، جووڵەیەکی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆگرامێک زیو گەیشتووەتە 2,778.37 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک بە 86.42 دۆلار دیاری کراوە و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.78 دۆلار جێگیر بووە.

​بەراوردکردنی ئەم نرخە لەگەڵ نرخەکانی دوێنێ سێشەممەدا دەریدەخات کە ئاستی نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بە جۆرێک نرخی هەر کیلۆگرامێک بە بڕی 78.64 دۆلار جیاوازی تێدا دروستبووە، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک بە بڕی 2.45 دۆلار و هەر گرامێکیش بە بڕی 0.08 سەنت گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزی و نزمی نرخەکان لە بازاڕدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانەوە هەیە. هاوکات جووڵەی نرخی نەوت و گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار هۆکاری سەرەکین کە وەبەرهێنەرانی هانداوە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان بەکاربهێنن.

واشنتن کارتی ئابووری دژ بە بەغدا بەکار دەهێنێت

ئەو دۆخەی چەند ڕۆژێکە لە بەغدا دەگوزەرێت، گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەی سیاسی لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بە حکوومەتەکەی عەلی زەیدی کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پەرلەمان کۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدات.

سەرچاوە سیاسییەکان باس لەوە دەکەن کە واشنتۆن بەئاشکرا کارتی ئابووری بەکار دێنێت و هەڕەشەی سزادانی بانکەکانی عێراق دەکات، تەنیا بۆ ئەوەی مەرجە ئەمنییەکانی خۆی بەسەر حکوومەتە نوێیەکەدا بسەپێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی حەوت ئەندامی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، نامەکانی ئەمه‌ریکا کۆمەڵێک (نەخێر)ی توندیان تێدایە وەک مەرج بۆ هاوکارییەکانی داهاتوو. ئەمجارە واشنتن مەرجەکانی نەک تەنیا بۆ پشتگیریکردن، بەڵکوو بۆ سزادانی عێراق داناوە کە ئەمە دۆخێکی دەگمەنە لەدوای ٢٠٠٣وە.

بەپێی زانیارییەكانی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) داواکارییە سەرەکییەکان بریتین لە: پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی لە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمه‌ریکا تێوەگلاون.

سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ لایەنێکی شیعە ئامادە نییە بە زەبری هێز چەکی گرووپە چەکدارەکان دابماڵێت، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێكی خوێناوی. لەبەرامبەردا، لایەنە عێراقییەکان پێشنیاری سیستەمێک دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی کۆگاکانی دەوڵەتدا، بەڵام ئەمە هێشتا وەڵامی داواکارییە توندەکانی واشنتۆن ناداتەوە کە داوای داماڵینی سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە هەژموونی میلیشیاکان دەکات.

عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە، لیژنەیەکی باڵای لە سەرکردەکانی هێزە عەرەبە شیعەكانی وەک (هادی عامڕی، قەیس خەزعەلی، ئەحمەد ئەسەدی و محەمەد شیاع سوودانی) پێکهێناوە. ئامانجی ئەم لیژنەیە گفتوگۆکردنە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بۆ تێگەیاندنیان لە مەترسییەکانی سزای ئەمریکا و قەناعەت پێکردنیان بە کشانەوە لەناو شارەکان و سەر سنوورەکان، وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنتۆن.

لەنێو گرووپە چەکدارەکاندا دابەشبوونێکی ڕوون هەیە، هەندێکیان جۆرێک لە نەرمی دەنوێنن، بەڵام گرووپە سەرەکییەکانی وەک (کەتیبەکانی حزبوڵا و نوجەبا) بەتوندی هەر مەرجێک بۆ دانانی چەکەکانیان ڕەت دەکەنەوە. ئەم چەقبەستووییە وای کردووە لایەنە سیاسییەکان بیر لە پەنابردن بۆ مەرجەعیەتی باڵا لە نەجەف بکەنەوە، تاوەکوو ڕێگریی بکرێت لەوەی سزاکانی ئەمریکا سێکتەرە هەستیارەکانی وەک بانکی (ناوەندی و کۆمپانیای سۆمۆ) بگرێتەوە.

ترەمپ وێنەی خۆی دەخاتە سەر دراوی ١٠٠ دۆلاری

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە (تروس سۆشیاڵ) وێنەی ١٠٠ دۆلارییەکی بڵاوکردەوە کە وێنەی خۆی لەسەرە. ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەو وێنەیەی ترەمپ بڵاوی کردووەتەوە، وێنەکە دراوێکی ١٠٠ دۆلارییە و لە بەشی پێشەوەی وێنەی خۆی تێدایە لە جیاتی وێنەی (بنجامین فرانکلین) باوکی دامەزرێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ترەمپ هەروەها هیچ نووسینێکی لەگەڵ پۆستەکەدا بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا بە نیشاندانی دوو وێنەی دراوەکە کۆتایی پێهێناوە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە پێشووتر لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکادا گفتوگۆ هەبووە دەربارەی گۆڕانکاری لە دیزاینی دراوەکان؛ بە جۆرێک لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، براندۆن جێڵ، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری، پڕۆژەیاسایەکی پێشنیاز کرد بۆ دەرکردنی دراوێکی ١٠٠ دۆلاری کە وێنەی ترەمپی لەسەر بێت.

هەروەها لە مانگەکانی ڕابردوودا، لە ناوەندە فەرمییەکانی ئەمریکا پێشنیاز هەبووە بۆ دەرکردنی دراوێکی کانزایی تایبەت بە بۆنەی ٢٥٠ەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکا، کە وێنەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای تێدا بێت.

جێگەی باسە، ئەم وێنەیەی ترەمپ لەسەر دراوی ئەمەریکی پێچەوانەی یاسای ئەمەریکایە، چونکە یاسای ئەمەریکی ڕێگری و سنووردارکردنی توندی هەیە بۆ بەکارهێنانی وێنەی کەسانی زیندوو لە دیزاینی دراوەکاندا، ئەمەش وا دەکات جێبەجێکردنی هەر دیزاینێکی لەو شێوەیە ببێتە جێگەی مشتومڕێکی یاسایی قووڵ.

​نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمبووەوە

​ئەمڕۆ، بازاڕەکانی زێڕ گۆڕانکاری نوێیان بەخۆوە بینی و نرخەکان بەراورد بە دوێنێ ڕوویان لە نزمبوونەوە کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازرگانان و وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. ​لە بازاڕە جیهانییەکاندا نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ گەیشتە 150,941.81 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 4,694.81 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا نرخی یەک گرام زێڕ بە 150.94 دۆلار جێگیر بووە. ​ئەم دابەزینە کەمەی نرخەکان هاوکاتە لەگەڵ چاودێریکردنی وردی کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، کە تێیدا هەوڵێک دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و وەستاندنی جەنگ، هەروەها گەیشتنی ئەمریکا و ئێران بە ڕێککەوتنێک بە ئامانجی سەقامگیرکردنەوەی بارودۆخەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز. بازرگانان چاوەڕوانن ئەم هەوڵانە ببنە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، کە ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دەبێت. ​لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، نرخی عەیارەکان بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیار 22 بە 1,048,926 دینار، عەیار 21 بە 1,001,247 دینارە و عەیار 18 بە 858,212 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

‎نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمێك ڕووی لە پاشەکشە کرد

ئەمڕۆ، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت کەمێک دابەزی و ئەو ئاستە بەرزانەی جێهێشت کە لە کاتژمێرەکانی پێشوودا تۆماری کردبوون، ئەمەش لە کاتێکدایە بازاڕەکان چاوەڕێی پێشهاتە سیاسییە نوێیەکان دەکەن.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 105.6 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو 70 سەنت دابەزیوە. لە بەرامبەردا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکی بە جێگیری ماوەتەوە و لەسەر ئاستی 100.8 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​ئەم پاشەکشە و چاوەڕوانییەی بازاڕەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چینەوە هەیە. وەبەرهێنەرانی جیهان چاوەڕێی ئەنجامی ئەم دیدارە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا هیچ هەوڵێکی نوێ و جدی دەدرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و هێورکردنەوەی گرژییەکانی گەرووی هورمز، کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر سەقامگیریی بازاڕ و دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان هەیە.

نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ

​ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026 لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بۆرسە جیهانییەکاندا بازاڕی کانزا گرانبەهاکان و بە تایبەت زیو ئاستێکی پێوانەیی نوێیان تۆمار کرد و نرخەکان گۆڕانکاریی بەرچاویان بەسەردا هات.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 87.48 دۆلار هەروەها نرخی هەر کیلۆگرامێک بە 2812.71 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.81 دۆلار جێگیر بووە.

​بەراوردکردنی ئەم ئامارانە لەگەڵ نرخەکانی دوێنێ چوارشەممەدا دەریدەخات کە ئاستی نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و نرخی هەر ئۆنسەیەک بە بڕی 1.06 دۆلار و هەر کیلۆگرامێک بە بڕی 34.34 دۆلار جیاوازییان تێدا دروستبووە هاوکات هەر گرامێکیش بە بڕی 0.03 سەنت گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

​شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزی و نزمی نرخەکان لە بازاڕدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و کەمبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانەوە هەیە. هاوکات جووڵەی نرخی نەوت و گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار وەک هۆکاری سەرەکی دەبینرێن کە وەبەرهێنەرانی هانداوە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان بەکاربهێنن.

👤
Live: 72 Today: 787 📊 Click Here