بازدانی نوێی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەردەوام بوون لەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیەی کە چەند ڕۆژێکە دەستی پێکردووە. ئەم هەڵکشانە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان و مەترسییەکانی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.

​بەپێی دواین گۆڕانکارییەکانی دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنتی دەریای باکوور لە نزیکەی 100 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 103 دۆلار. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش هەمان ئاراستەی گرتەبەر و لە 92 دۆلارەوە گەیشتە سەروو 94 دۆلار.

​چاودێرانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن کە هەر هەوڵێک بۆ ڕێگریگرتن لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، ترسی لای وەبەرهێنەران دروست کردووە لەبارەی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکاندا، ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکی بووە بۆ ئەوەی نرخەکان بەم شێوەیە روو لە هەڵکشان بکەن.

نرخی زیو نزمترین ئاستی لە بازاڕە جیهانییەکاندا تۆمار کرد

​نرخی زیو لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەردەوامە لە پاشەکشە و لە دوایین مامەڵەکاندا نرخەکەی دابەزینێکی تری بەرچاوی بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا فشارە ئابوورییەکان زیاتر بوون.

​بەپێی دوایین ئامارەکانی بازاڕ، نرخی یەک کیلۆگرام زیو لە ٢,٥١٨.٥٦ دۆلارەوە دابەزی بۆ ٢,٤٤٤.٠٧ دۆلار، ئەمەش بەو مانایەیە کە زیاتر لە ٧٤ دۆلار دابەزینی تری تۆمار کردووە. هاوکات نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو لە ٧٨.٣٩ دۆلارەوە بۆ ٧٦.٠٢ دۆلار نزم بووەوە و نرخی یەک گرام زیویش گەیشتە ٢.٤٤ دۆلار، ​ئەم شەپۆلە نوێیەی دابەزین دوای ئەوە دێت کە وەبەرهێنەران بە وریاییەکی زیاترەوە مامەڵە دەکەن.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن کە بەهێزیی بەهای دۆلار و ترسی بەردەوام لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان، فشارێکی گەورەیان خستووەتە سەر کانزا گرانبەهاکان. هەروەها دۆخی جیۆپۆلیتیکی و جووڵەی بازاڕی وزە کاریگەریی پێچەوانەیان لەسەر نرخەکان دروست کردووە.

​ئەمە نزمترین ئاستی نرخەکانە کە لەم ماوەیەی دواییدا تۆمار کرابێت و چاوەڕوان دەکرێت بازاڕ لەژێر فشاری زیاتری فرۆشتندا بمێنێتەوە ئەگەر بارودۆخە ئابوورییەکان بەم ئاراستەیە بەردەوام بن.

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی

لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی و پشتگیریی خۆی بۆ ڕۆژنامەنووسان دووپات دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ پاراستنی ئازادیی کاری ڕاگەیاندن لە کارە لەپێشینەکانمانە.

بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان)، لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەردخان، کە هاوکات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ ڕاگەیاندنکاران، لە هەمانکاتدا ئومێدەوارین ڕاگەیاندنکارانی بەڕێزیش، لە ئاست پیشە و ئەرکی گرنگی ڕاگەیاندندا بن و بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، كاری خۆیان ئەنجام بدەن و یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن و ڕۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگێڕن.

ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە هەموو ڕاگەیاندنکارانی کوردستان پیرۆز بێت.

نێچیرڤان بارزانی : بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ فەراهەمكردنی ژینگەێكی گونجاو بۆ كاری میدیایی

یادی 128 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) و میر میقداد میدحەت بەدرخان و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەکەینەوە وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی پێشکەوتوو.

بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات.

ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره‌، بۆیە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم بەوپه‌ڕی ڕاستگۆیی و پیشەگه‌رانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یه‌کترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و بره‌و به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی وڵات بده‌ن.

سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان کرد.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

شڤان مەحمود: بە پیادەكردنی ئیتیكی رۆژنامەوانی و هەواڵی بەردەوامی ڕۆژانە و پارێزگاری كردن لە پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەكان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە دامەزراوەیەكی كوردستانین

شڤان مەحمود، سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوانه دیموکراتی کوردستان: بەبۆنەی یادی دامەزراندی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس پەیامێکی ئاراستەی ستاف و کارمەندانه ئاژانسەکەی کرد ئەمە خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەڕێزان / بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس.

بەبۆنەی (٢٢)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و هێژا و خوێنەرانی ماڵپەڕەكەتان دەكەم، ئومێدی بەردەوامی و سەركەووتن و گەشەسەندتان بۆ دەخوازم.

بە پیادەكردنی ئیتیكی رۆژنامەوانی و هەواڵی بەردەوامی ڕۆژانە و پارێزگاری كردن لە پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەكان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە دامەزراوەیەكی كوردستانین.

هەمیشە سەركەووتن و سەرفرازی بێتە رێتان

شڤان محمود سكرتێری یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦

‎پەیامی سەرۆک بارزانی لە سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەڕێزان سەرنووسەر و كارمەندانی ستافی گۆڤاری گوڵان،

بەبۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانتان دەكەم.

گۆڤاری گوڵان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ڕێچكەیەكی جیاوازی لەناو ڕۆژنامەگەریی كوردیدا پیادەكردووە و، بەردەوام مینبەرێكی گرنگ بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازی دەستەبژێرانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و دەرەوە، هەمووكات هەوڵیداوە لەسەر بنەمای پاپەندبوون بە پڕانسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و ڕێزگرتن لەكۆی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان قووڵتر بكاتەوە.

سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هیوادارم هەردەم پابەندی پڕەنسیپەكانی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی بن و، لە ئاست داخوازیی خەڵك و گۆڕانكارییەكانی سەردەم بن و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.

مسعود بارزانی

22ی نیسانی 2026

د.زیره‌ك زێباری باس له‌ دیارنه‌مانی 36 فرۆكه‌ی عێراق ده‌كات

ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ چه‌ند فرۆكه‌یه‌كی عێراق دیار نه‌ماون ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌وه‌ جێگای پرسیار و نیگه‌رانی زۆری لای كارمه‌ندانی ده‌سته‌ی فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق دروستكردووه‌.

ده‌نگی نارازی له‌ناو فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا دروست بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دیارنه‌مانی 36 فرۆكه‌ ئەو فڕۆکانە لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا دژی ئێران لە ئەرکدا بوون، بەڵام دوای جەنگ نەگەڕاونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و چارەنووسیان نادیارە لە کاردانەوەی ئەم دۆخەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە سەر هێڵ و لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ هەڵماڵینی گەندەڵییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی.

د.زیره‌ك زێباری ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ زاگرۆس گوتی: “ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراقمان كردووه‌ نازانین چۆن ئه‌و پرسه‌ و به‌چ شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت چونكه‌ ده‌بێت لێژنه‌ی دروست بكرێت به‌ڵام پێشووتر لێژنه‌یه‌ك دروستكراوه‌ لیژنەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ئەندامییەتی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی چاودێری کەیسە تایبەتەکان دەبێت، ئەرکی سەرەکییان لێکۆڵینەوە دەبێت لە سەرجەم ئەو گومان و گەندەڵییانەی لە نێو کۆمپانیاکەدا بوونیان هەیە.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ئه‌م رووداوه‌ به‌خراپ له‌سه‌ر عێراق ده‌شكێته‌وه‌ چونكه‌ له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ متمانه‌ی فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی

سەرۆك بارزانی لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی رایگەیاند، لەویادەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان دەخوازم و پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و سەد و بیست و هەشتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی (كوردستان) لە لایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان كە هاوكات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزباییەكی گەرم لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان و ئەندامانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم.

لەویادەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان دەخوازم و پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم بۆ بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و قووڵتركردنی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و هەروەها پاراستنی بەها بەرزەكانی كۆمەڵگای كوردستان.

مسعود بارزانی 22ی نیسانی 2026

مامۆستایان و فەرمانبەران لەبارەی كارتی بانكیی مووچە ئاگادار دەكرێنەوە

سەدان مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاگادار دەکرێنەوە بچنە بانک و كارتی (هەژماری من) وەربگرنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بڵاوی كردەوە، بەسەدان مامۆستا و فەرمانبەر كارتی (هەژماری من)یان تەواو بووە و سبەی پێنجشەممە، 20ی نیسان دەتوانن لە بانكی چەمچەماڵ كارتەكانیان وەربگرنەوە.

خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاشکراشی کردووە، پێداویستییەکانی بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بانكی بریتیین لە کارتی نیشتمانی و ژمارەی مۆبایل، ئەو ژمارەیەی کە هەژمارە بانکییەکەی لەسەر تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، دەیان مامۆستایان و فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست، کارتەکانیان ئامادەیە.

ترەمپ : بژاردەی گەمارۆدانی ئابوری كاریگەری زیاترە لە سەربازی

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی نیسانی 2026) بڵاوکرایەوە، ترەمپ تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان واشنتن و تاران. ناوبراو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دیاریکردنی کاتێکی کورت (3 تا 5 ڕۆژ) دەکەن بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەست و ڕایگەیاند: “ئاگربەستەکە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکراوەتەوە؛ ئێمە هیچ چوارچێوەیەکی کاتیمان نییە و پێویست بە پەلەپەل ناکات.”

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ژێر هیچ فشارێکی کاتیدا نییە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و جەختی کردەوە کە ستراتیژی گەمارۆدانی ئابووری کاریگەرییەکی زۆرزیاتری هەیە وەک لە بژاردەی سەربازی و بۆردومانکردن.

سەبارەت بە گرێدانی ئەم پرسە بە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسەوە، ترەمپ گوتی: “ئەو قسانەی دەگوترێن دوورن لە ڕاستی؛ تاکە ئامانجی من گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی شکۆمەندانە و باش بۆ گەلی ئەمریکا.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و دەستبەسەرداگرتنی چەند کەشتییەک لەلایەن ئێرانەوە کرد و گوتی: “ئەوانە کەشتیی ئەمریکی نەبوون، بەڵام ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.” ترەمپ پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تاران کرد و ڕایگەیاند: “ئێران ساڵانێکی زۆرە ڕووبەڕووی بۆردومان بووەتەوە و لێی ناترسێت، بەڵام ئەوەی بەڕاستی لێی دەترسن و ڕقیان لێیەتی، گەمارۆ و ئابلۆقەی ئابوورییە، چونکە کاریگەرییەکی کوشندەی هەیە.”

لەلایەکی دیکەوە، کارۆڵاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، مەرجە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕاگەیاند. لیڤیت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە وەک مەرجێکی بنەڕەتی، ئێران ڕازی بێت بە ڕادەستکردنی تەواوی “یۆرانیۆمی پیتێنراو” بە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

گوتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئێرانەوە گوتی: “ئەمە وەک پێشێلکردنی ئاگربەست ئەژمار ناکرێت، چونکە کەشتییەکان ئەمریکی یان ئیسرائیلی نەبوون.” ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتە دەریاییەکانی تاران گرت و گوتی: “ئەوەی ئێرانییەکان لە گەرووی هورمز دەیکەن کۆنترۆڵکردن نییە، بەڵکو تەنیا چەتەیی دەریاییە.”

👤
Live: 75 Today: 328 📊 Click Here