خاوێنکردنەوەی ماڵی سیاسی؟

جێگر سەلێمان ساڵح

ئەو کەمپینە بەرفراوانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا دەموچاوە دیار و قورسەکانی ناو کایەی حوکمڕانیی کردە ئامانج، سەرنجی تەواوی ڕای گشتی و میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی لێپرسینەوەدا وێنا کرا. دیمەنی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی بەرپرسە باڵاکان بۆ ماوەیەک شەقامی توڕە و بێهیوای ئارام کردەوە، بەڵام لە پشت پەردەی لێدوانە فەرمییەکانەوە، پرسیارێکی قورس و جدی هەمیشە لە ناو بازنە و گفتوگۆ سیاسییەکاندا دەخولێتەوە: ئایا ئەم لێکۆڵینەوە و ڕێکارە توندانە تەنیا لەسەر بنەمای بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی بوون، یان وەک ئامرازێک بەکارهێنران بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوە و ڕێکخستنەوەی نەخشەی هەژموون و پێگەی هێزەکان لە ناو جەستەی دەوڵەتدا؟

مێژووی سیاسی پێمان دەڵێت کە لە سیستمە پشککاری و ئاڵۆزەکاندا، سنووری نێوان دادپەروەریی ڕاستەقینە و ململانێی سیاسی هێندە باریکە کە زۆرجار بە تەواوی تێکەڵ دەبن. گومانی شەقام لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بۆچی دۆسیەی گەندەڵییەکان هەمیشە بەپێی کات و سات و هاوسەنگیی هێزەکان دەکرێنەوە یان دادەخرێن؛ کاتێک لێکۆڵینەوەکان تەنیا ئاراستەی تەکەتول یان کارەکتەرێکی دیاریکراو دەکرێن کە لەو خولەدا پێگەی کەم بووەتەوە، یان کاتێک پێشڕەوانی کەمپینەکە خۆیان لە تۆڕی بەرژەوەندیی حیزبیدا دەپارێزن، چەمکی دادپەروەری بەها پیرۆزەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە «خاوێنکردنەوەی ماڵی سیاسی».

ئەمەش بەو واتایەی کە دەسەڵاتی نوێ دەیەوێت نەیارە کۆنەکان یان شەریکە سەرکێشەکان لە سەر ڕێگەی خۆی لا ببات تا جێگە بۆ تۆڕ و دەموچاوە نوێیەکانی سەر بە خۆی بکاتەوە. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم دۆخە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەوێت؛ ئەگەر ئەم ڕێکارانە ستراتیژێکی گشتگیر بن کە سەرجەم لایەن و بەرپرسەکان بێ جیاوازی بگرێتەوە و دەست بۆ بنەبڕکردنی سیستمی گەندەڵی ببات، ئەوا دەتوانرێت ناوی بنرێت دادپەروەری. بەڵام ئەگەر تەنیا وەک ئامرازێکی کاتی بۆ تۆقاندنی ڕکابەرەکان و جێگیرکردنی پێگەی دەسەڵاتدارانی ئێستا بەکاربهێنرێت، ئەوا وڵات هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نەچووە، بەڵکو تەنیا شایەتی گەمەیەکی نوێی سیاسی بووە کە تێیدا یاسا کراوەتە چەکێک بۆ پاکتاوکردنی حسابات و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵادەستەکان لە پشت پەردەی دروشمە بریقەدارەکانەوە.

قەڵغانی دیموکراسی یان دیواری پۆڵایینی گەندەڵکاران

سورێن حەمە کەریم

لە تیۆرییە سیاسییەکان و لە دەقی دەستوورەکاندا، پارێزبەندیی پەرلەمانی وەک قەڵغانێکی پیرۆز بۆ پاراستنی نوێنەرانی گەل دیزاین کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس لە هەڕەشەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن قسە بکەن و لێپرسینەوە بکەن. بەڵام لە عێراقدا، ئەم چەمکە دیموکراسییە گۆڕاوە بۆ یەکێک لە گەورەترین و گاڵتەجاڕترین ئامرازەکانی پاراستنی گەندەڵی. کاتێک دەسەڵاتداران ڕایدەگەیەنن کە پارێزبەندییان لە کۆمەڵێک یاسادانەر سەندووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵمەتە ٤٧ کەسییەکەی ناوچەی سەوزدا دەستگیریان بکەن، ئەمە نیشانەی سەرکەوتنی یاسا نییە، بەڵکو دانپیادانانێکی مەترسیدارە بەوەی کە پەرلەمان خۆی بووەتە گەورەترین پەناگەی ئارام بۆ ئەوانەی پارەی وڵات تاڵان دەکەن. لەبری ئەوەی پارێزبەندی بۆ گوزارشتکردن لە بیروڕا بێت ، لێرە بووەتە “بەربەستێکی پێکهاتەیی کە ڕێگە بە حیزبەکان دەدات دزەکانیان لەناو باڵەخانەی یاساداناندا بشارنەوە و مەرج دابنێن بۆ هەر هەوڵێکی دەستگیرکردن. ئاخر کام دیموکراسییە ڕێگە دەدات نوێنەرێک ملیاران دینار بدزێت و دواتر بە پاساوی پارێزبەندییەوە لەسەر کورسییەکەی دابنیشێت و پێبکەنێت، تا ئەو کاتەی حیزبەکەی بڕیار دەدات بیفرۆشێت؟.

ئەمە پێمان دەڵێت کە لە عێراقدا، سیستەمەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە دەزگای یاسادانان خۆی دەبێتە دوژمنی سەروەریی یاسا. کاتێک حکومەت ناچار دەبێت پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزی ڕێککەوتنی سیاسی بگرێتەبەر تەنها بۆ ئەوەی پارێزبەندی لە یاسادانەرێکی گەندەڵ بسەنێتەوە، ئەمە مانای وایە کە یاسا لەسەر هەمووان وەک یەک جێبەجێ نابێت. ئەگەر خەڵکی ئاسایی بۆ دزینی پارچە نانێک ڕاستەوخۆ دەستگیر بکرێت، بۆچی دەبێت نوێنەرەکەی بۆ دزینی ملیۆنان دۆلار پێویستی بە مۆڵەتی حیزبەکەی هەبێت بۆ دادگاییکردنی؟ پارێزبەندی لەم وڵاتەدا ئامرازێک نییە بۆ دیموکراسی، بەڵکو قفڵێکە لەسەر دەرگای دادگاکان، و تەنها ئەو کاتە دەکرێتەوە کە دەسەڵاتداران بیانهەوێت نمایشی “پاکسازی” بەسەر شاشەکاندا پەخش بکەن.

ئایا نیشتمان بەهێزی چەک دەپارێزرێت، یان بەهێزی یاسا؟

عەلی ایسماعیل



کاتێک یاسا دەبێتە خزمەتکاری دەسەڵات، نەک دەسەڵات خزمەتکاری یاسا؛ کاتێک دادگا و دادوەر ناتوانن بە ئازادی بڕیار بدەن؛ کاتێک دەنگی جیاواز بە گفتوگۆ و دیموکراسی وەڵام نادرێتەوە، بەڵکوو بە فشار، توندوتیژی یان زیندان؛ ئەوە نیشانەی دەوڵەتی دامەزراوە نییە، بەڵکوو ئاگادارکردنەوەیە لە مەترسیی لاوازی متمانەی خەڵک بە سیستەم.

نەتەوەیەک بە ترس پێش ناکەوێت، بە ئازادی پێش دەکەوێت. کۆمەڵگایەک بە چاوپۆشی لە هەڵەکان چاک نابێت، بە لێپرسینەوە و دادپەروەری چاک دەبێت.

سامانی گشتی، موڵک و سەروەتی گەلە؛ پاراستنی ئەوان ئەرکی پیرۆزی هەموو بەرپرسیارێکە. هەر کاتێک گومان یان تۆمەت هەبێت بە دەستدرێژی بۆ سامانی گشتی، پێویستە بە شەفافیەت و دادوەرییەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لێبکرێت، چونکە هیچ کەسێک نابێت لەسەروی یاسا بێت.

حوکمڕانی لەسەر بنەمای حیزب، بنەماڵە یان خێڵ، ناتوانێت جێگای حوکمڕانی یاسا بگرێتەوە. داد، یەکسانی و شایستەیی ئەو بنەمایانەن کە داهاتووی هەر کۆمەڵگایەک لەسەریان دروست دەبێت.

داواکاری ئێمە نە توندوتیژییە و نە تۆڵەسەندنەوە؛ داواکاری ئێمە دادە، یاسایە، ئازادییە، شەفافیەتە و لێپرسینەوەی یەکسانە بۆ هەمووان. ئەو نیشتمانەی یاسا لەسەر هەمووان یەکسان بێت، هەرگیز لە ترسی دەنگی جیاواز ناترسێت.

نیشتمان بە یاسا دەمێنێتەوە، نە بە ترس. دادوەری سەربەخۆ بناغەی ئازادییە، و ئازادی بناغەی داهاتووی هەرێمی کوردستانە.

عێراق لە ڕێگەی هەمان ئەو سیستمەوە چاک ناکرێت کە قەیرانەکەی خوڵقاندووە

شوان عبدالرحمن حارس

کاتێک سەرۆک وەزیرانی نوێ عێراق،کە هێشتا وەک نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە باڵادەستەکان مامەڵە دەکات—بەڵێنی دژایەتیکردنی گەندەڵی، چاکسازیی ڕیشەیی و گەڕاندنەوەی داراییە دزراوەکان دەدات، سۆز و هیوایەکی کاتی لای هاوڵاتیان دروست دەکات. تەنانەت دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای دژە گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە دۆسیە گەورەکانی وەک “دزینی سەدە”، وەک هەنگاوێکی جدی نیشان دەدرێن. بەڵام لە پشت ئەم دیمەنە فەرمییەوە، پرسیارێکی سیاسیی قورس و مێژوویی هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا چاکسازیی ڕاستەقینە دەکرێت لە ڕێگەی حکومەتێکەوە بێت کە خۆی لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و بە پاڵپشتیی هەمان ئەو پێکهاتە و حیزبە سیاسییانە دروست بووە کە بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە عێراقیان بەم ڕۆژە گەیاندووە؟ لۆژیکێکی سادە هەیە کە دەڵێت: تۆ ناتوانیت قوفڵێک بەو کلیلە بکەیتەوە کە خۆی شکاندوویەتی. سیستمێک کە مانەوە و هێزی دارایی و چەکداریی خۆی لەسەر گەندەڵی و دابەشکردنی سامانی دەوڵەت ئاوا کردبێت، چۆن ڕێگە بە سەرۆک وەزیرانەکەی دەدات پایەکانی ئەو سیستمە بڕوخێنێت؟

مێژووی نوێی عێراق پڕە لەو حکومەتانەی کە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیانەوە دروشمی نەمانی گەندەڵییان بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها دۆسیەی گەندەڵکارە بچووکەکان یان نەیارە سیاسییەکانیان کردووەتە ئامانج. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم کابینەیەش لەوەدا نییە کە چەند لێدوانی توند دەدات یان چەند فەرمانبەرێکی پلەنزم دەستگیر دەکات؛ بەڵکو پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەسەڵاتە ئامادەیە ڕووبەڕووی ئەو تۆڕە مافیایی و حیزبییە قووڵانە ببێتەوە کە دەستیان بەسەر دەمارە سەرەکییەکانی دەوڵەتدا گرتووە و شادەماری مانەوەی خودی ئەم سیستمەن؟ ئەگەر نا، ئەوا هەموو پڕۆسەکە تەنها دەبێتە نمایشێکی نوێ بۆ ڕازاندنەوەی هەمان سیمای کۆنی چەتەگەرایی سیاسی.

دیموکراسییەک لە ژێر گەمارۆی چەکداراندا

ئاکام خالید

گۆڕەپانێک کە تێیدا یاریزانەکان باسی یاساکانی یاری دەکەن و ناوبژیوانانیش فیکە لێدەدەن، بەڵام لە دەرەوەی یاریگاکە و لەسەر سکۆیەکان، چەندین دەستەی چەکدار وەستاون کە هەر کاتێک ئەنجامەکە بە دڵی ئەوان نەبێت، دەستبەجێ یاریگاکە دەکەنە ئامانجی تفەنگەکانیان و یاریزانەکانیش ناچار دەکەن ئەنجامەکە بە دڵی ئەوان بگۆڕن! ئەمە ڕێک ئەو گاڵتەجاڕییەیە کە ئەمڕۆ بە ناوی دیموکراسییەوە لە عێراقدا بەڕێوە دەچێت؛ دەوڵەتێک کە چەکەکانی حیزب و میلیشیاکان هێندە گەمارۆیان داوە، ئیتر هیچ دامەزراوەیەک، لە پەرلەمانەوە تا دادگاکان، توانای ئەوەی نییە بڕیار لە داهاتووی خۆی بدات و بەتەواوی بووەتە دیلی ئیرادەی هێزە تاریکەکان!

لەم وێرانەیەدا، سندوقەکانی دەنگدان و دەستوور تەنها پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی ئەو حەقیقەتە تاڵەی کە هێزی ڕاستەقینە لە دەستی هەڵبژێردراواندا نییە، بەڵکو لە دەستی ئەو سەرکردە چەکدارانەدایە کە ئابووریی سێبەر و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەڕێوە دەبەن. کاتێک دەوڵەت ناتوانێت کۆنترۆڵی چەک بکات و حکومەتی ئیفلیجکراویش دەبێتە پاشکۆی بڕیارەکانی ژێر مێزی میلیشیاکان، ئیدی باسی سەروەری دەبێتە سووکایەتییەک بە عەقڵی هاوڵاتی. ئەمە دیموکراسی نییە، بەڵکو حوکمی زۆرەملێیە کە تێیدا تاڵانچییەکان مۆڵەتی کوشتن و دزینیان پێدراوە و هەر دەنگێکی ناڕازیش بە دادگای کارتۆنی و پەڕاوی دروستکراو بێدەنگ دەکرێت!

ڤلادیمێر لینین دەڵێت: “درۆیەک کە زۆر دووبارە بکرێتەوە، دەبێتە حەقیقەت”! ئەم خوێندنەوەیە ڕێک پێناسەی ئەو پرۆپاگەندەیەیە کە نوخبەی حوکمڕانی ئێرە بەردەوام دەرخواردی خەڵکی دەدەن؛ هاوشێوەی ئەو دۆخەی کە لە ڕژێمە تۆتالیتارەکاندا هەبوو، کاتێک دەسەڵاتداران بەردەوام باسیان لە ئازادی و سەروەری دەکرد، لەکاتێکدا هەموو کوچە و کۆڵانێک پڕ بوو لە پۆلیسی نهێنی و گرووپی چەکدار کە هەناسەیان لە خەڵک بڕیبوو! ئەمڕۆ لە عێراقیشدا هەمان ئەو درۆ گەورەیە دووبارە دەکرێتەوە؛ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان باسی دەوڵەتی دامەزراوەکان دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا کۆمپانیاکانی حیزب و میلیشیاکان نیشتمانیان قۆرخ کردووە و دیموکراسییان کردووەتە تەنها وشەیەکی بێگیان بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆیان!

لەم فەزایەدا، دەزگاکانی دەوڵەت نەک بۆ خزمەتکردن، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەو هێزانە کار دەکەن کە چەکیان لەسەر سەری نیشتمان داناوە. هەر چالاکوانێک یان ڕۆژنامەنووسێک پەنجە بخاتە سەر سامانی ونبوو یان ڕەخنە لەم قۆرخکارییە بگرێت، دەستبەجێ ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی مەدەنی و تیرۆری دەروونی دەبێتەوە. دەوڵەت لێرەدا بووەتە بووکەڵەیەک کە چەکدارەکان دەماریان گرتووە، و هەموو هەڵبژاردنێکیش تەنها بۆ ئەوەیە کە شەرعییەت بە مانەوەی ئەم ستەمکارییە بدرێتەوە.

ئەی ئەو گەنجانەی کە لە شەقامە داڕماوەکاندا هەست بەم سووکایەتییە دەکەن، ئەی ئەو قەڵەمانەی کە لەژێر سێبەری تفەنگەکاندا خەبات دەکەن، و ئەی تەواوی ئەو هاوڵاتییانەی کە داهاتووتان لێ زەوت کراوە! کاتی ئەوە هاتووە دەمامکی ئەم دیموکراسییە ساختەیە دابدڕین و ئەو درۆیە ڕەت بکەینەوە کە گوایە دەوڵەت هێشتا بوونی هەیە. ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە کە خۆی لە پشتی چەک و میلیشیاکانەوە حەشار داوە، لە بێزاری و ئیرادەی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت تا لە هەر شتێکی تر، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک گەلێک بڕیاری شکانەوەی کۆت و زنجیرەکانی دەدات، هیچ هێزێکی چەکدار ناتوانێت لەبەردەم گەردەلوولی تووڕەییدا خۆی بگرێت!

گەندەڵی وەک شانۆگەری



ژیر نەجم


کاتێک سەرۆکوەزیران عەلی فالح کازمی زەیدی دەمامکی پاڵەوانێکی نەبەردی دژە-گەندەڵی دەپۆشێت و دەست دەکات بە دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێک، ڕێک هەست دەکەیت سەیری درامایەکی هەرزانی تەلەفزیۆنی دەکەیت کە پێشتر کۆتاییەکەی دەزانیت. ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی مەناف عەبدولمونعیم لەسەر دیارنەمانی ١١٥ ملیار دینار و عەدنان جومەیلی بەو هەموو زێڕ و دۆلار و موڵکانەوە، تەنها ئاسانترین بەشی یارییەکەیە بۆ خەڵەتاندنی ڕای گشتی و بێدەنگکردنی شەقام. ئەگەر بە چاوی شیکارییەکی قووڵی هاوشێوەی وتارەکانی بی بی سی و سی ئێن ئێن سەیری ئەم دیمەنە بکەین، ئەمە دادپەروەری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەو دزانەی کە ئیتر هیچ باوکێکی ڕۆحی لە ناوچەی سەوزدا بەرگرییان لێ ناکات.

ئەم بەرپرسانە لە بۆشاییدا ئەو هەموو سامانەیان کۆنەکردووەتەوە، بەڵکو بەرهەمی هەمان ئەو سیستەمە ئیفلیجەن کە خودی سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانەکانی پاسەوانیی لێ دەکەن. بۆیە هێنانە سەر شاشەی ئەم قوربانییە بێپشتەوانانە، تەنها هەوڵێکی بێهودەیە بۆ شاردنەوەی تاڵانکارییە گەورەکانی باڵادەستەکان و پاکتاوکردنی حیساباتە کۆنەکان.

ئەم جۆرە دادپەروەرییە میزاجییە نەک هەر متمانە ناگەڕێنێتەوە، بەڵکو گەورەترین سووکایەتییە بە عەقڵی ئەو هاوڵاتییانەی کە ڕۆژانە لەژێر باری قەیرانەکاندا دەهاڕڕێن. جێگەی پێکەنینە دەسەڵاتداران دەیانەوێت چەپڵە بۆ سیستەمێک لێبدەین کە ڕێگە دەدات بریکارێکی وەزارەت دەیان خانوو و ملیۆنان دۆلار ببات، پاشان کاتێک پێویستی بە دروستکردنی پاڵەوانێکی ساختە دەبێت، دەیخاتە زیندانەوە بۆ ئەوەی شەرعییەت بە خۆی بدات. ئەمە پێمان دەڵێت کە لەم وڵاتەدا تاڵانکردنی سامانی گشتی تاوان نییە ئەگەر لەژێر سێبەری حیزبە گەورەکاندا بکرێت، بەڵکو تاوانەکە تەنها ئەوەیە کە پشکی گەورەکان نەدەیت و بە تەنها نانەکە بخۆیت. چاکسازیی ڕاستەقینە هەرگیز بە ڕاوکردنی چەند ماسییەکی بچووک دەست پێناکات، لە کاتێکدا نەهەنگەکان لە کۆشکەکانیاندا خەریکی واژۆکردنی گرێبەستی گەورەترن بۆ داهاتوو. تا ئەو کاتەی یاسا نەتوانێت بچێتە ناو کۆشکە پارێزراوەکانی لوتکەی دەسەڵاتەوە، ئەم هەڵمەتانە تەنها وەهمێکی میدیایین بۆ شۆردنەوەی تاوانەکان و هێنانەپێشەوەی نەوەیەکی نوێ لە گەندەڵکاران.

هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی زیاتر لەوە ئاشکرا دەکات کە چاوەڕوان دەکرا؟

ڕەوەند ڕەحیم

لەم وڵاتەدا کاتێک لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەیەکی دیاریکراوی گەندەڵی دەست پێدەکات—بۆ نموونە دزینی بڕە پارەیەک لە فەرمانگەیەک یان سەرپێچییەک لە گرێبەستێکدا—هێندە نابێت دیمەنەکە بە تەواوی دەگۆڕێت. کتوپڕ لێکۆڵەرەکان خۆیان لەبەردەم شاخێک لە پارەی کاش، دەیان تاپۆی خانوو و شوقەی لوکس، کۆگای زێڕ و هێزێکی گەورە لە سەیارەی مۆدێل بەرزدا دەبیننەوە کە هیچ تناسبێکی لەگەڵ تۆمەتە سەرەتاییەکەدا نییە. ئەم فراوانبوونە کتوپڕەی دۆسیەکان ڕێکەوت نییە، بەڵکو پەردە لەسەر ڕاستییەکی زۆر ترسناکتری جیهانی ژێرەوەی گەندەڵی لادەدات.

ئەم دیاردەیە پێمان دەڵێت کە گەندەڵی لای ئێمە وەک “سەهۆڵبەندانی ناو دەریا” وایە؛ ئەوەی لە سەرەوە دەبینرێت تەنیا سەرەقەڵەمێکی بچووکە، بەڵام جەستە سەرەکییەکە لە ژێر ئاودا حەشار دراوە. کاتێک تاڵە دەزوویەک ڕادەکێشیت، تۆڕێکی قووڵ و تێکچنراو لە تاوان و بەرژەوەندیی هاوبەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە سیستمی چاودێریی دارایی لە بنەڕەتدا کوێرە؛ چونکە ئەگەر چاودێرییەکی ڕاستەقینە لەسەر جووڵەی پارە و گەشەکردنی سامانی بەرپرسان هەبووایە، نەدەبوو دەزگاکان چاوەڕێی کەوتنی تۆمەتبارێک بکەن تا ئینجا بزانن خاوەنی چ گەنجینەیەکی قاروونە.

ئەم دۆخە پشکنینە پشتبەستووە بە “شۆک” نیشانەی ئەوەیە کە مۆنیتەرکردنی دارایی  تەنیا لەسەر کاغەز هەیە. سیستمەکە کاتێک دەجووڵێت کە تەقینەوەیەک ڕوودەدات، نەک لە ڕێگەی بەدواداچوونی ڕۆژانە و بەردەوام. تا کاتێک کە لێکۆڵینەوەکان لە چوارچێوەی کەسەکاندا بمێننەوە و نەبنە هۆی گۆڕینی ڕیشەیی لە شێوازی چاودێریکردنی بانکەکان، بازاڕی زەوی و زار، و دارایی بەرپرسان، هەر دۆسیەیەکی نوێ کە دەکرێتەوە تەنیا دەبێتە دڵۆپێک لە دەریایەک. هەر کاتێکیش دەست بۆ دۆسیەیەکی بچووک برا، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە دەیان چەتەخانە و هێلانەی تری مافیایی لە پشتەوە ئاشکرا ببن.

هەرێمێک لەسەر دەریای نەوت و دونیایەک لە دڵەڕاوکێ!

ڕاستگۆ محمد سەعید

گەر مرۆڤێک لە هەسارەیەکی ترەوە بێتە ئەم هەرێمە و سەیری ئامارەکان بکات، سەری سوڕدەمێنێت. وڵاتێک کە نەوتی هەیە، گازی هەیە، ڕووباری هەیە، زەویی کشتوکاڵیی هەیە، بەڵام کاتێک سەیری دەموچاوی هاوڵاتییەکانی دەکەیت، وەک ئەوە وایە لە بیابانێکی وشک و بێ ئاودا بژین! ئەمە ئەو موعجیزە پێچەوانەیەیە کە کابینە ماوەبەسەرچووەکەی مەسرور بارزانی بۆی دروست کردووین؛ هەرێمێک کە زۆر دەوڵەمەندە لە سامان، بەڵام هەژارترین وڵاتی سەرزەوییە لە “دڵنیایی”دا.

هاوڵاتیی ئێمە ڕۆژانە کە لە خەو هەڵدەستێت، وەک ئەوەی لەناو کێڵگەیەکی میندا پیاسە بکات، دەبێت کۆمەڵێک پرسیار لە خۆی بکات کە هەرگیز وەڵامەکانیان نازانێت: مووچە کەی دێت؟ ئایا پارە لە بەغداوە گەیشت؟ ئایا ئەمرۆ حکومەت دادەمەزرێت یان نا؟ ئایا کێشەکانی ناوخۆ ناتەقنەوە؟ لەکاتێکدا کابینەکەی بارزانی هەمیشە بانگەشەی “کوردستانێکی بەهێز” دەکات، کەچی خەڵکەکەی تەنانەت ناتوانن بۆ دوو هەفتەی داهاتووی ژیانیان پلانێک دابنێن، چونکە هیچ شتێک لەم هەرێمەدا پێشبینیکراو نییە.

ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە دەبێت ئەم دەسەڵاتە ماوەبەسەرچووە گوێی لێ بێت: گەورەترین کەمی و کورتهێنان لەم وڵاتەدا کێشەی کارەبا، نەوت، یان تەنانەت پارەش نییە. گەورەترین قەیران لێرەدا نەمانی “پێشبینیکردن و سەقامگیرییە” مرۆڤ دەتوانێت لەگەڵ هەژاری ڕابێت ئەگەر بزانێت کەی و چۆن چارەسەر دەبێت، بەڵام ناتوانێت لەگەڵ حکومەتێکدا بژی کە بڕیارەکانی وەک کەشوهەوای بەهار وان؛ لە پڕێکدا هەورە و لە ساتێکدا باران!

ئێمە وەک سەرنشینی کەشتییەک واین کە ژێرزەمینەکەی پڕە لە زێڕ، بەڵام کاپتنەکەی، کە کابینەی ماوەبەسەرچووە، قیبلەنومای لەدەستداوە. لە جیاتی ئەوەی کەشتییەکە بباتە کەنارێکی ئارام، ڕۆژانە تەنها خەریکی ژماردنی زێڕەکانە لە ژوورەکەی خۆیدا، لە کاتێکدا سەرنشینەکان لەسەر پشتی کەشتییەکە لە ترسی خنکان خەریکە دڵیان دەوەستێت. هەموو ئەم دڵەڕاوکێیە و نەبوونی ئاسۆیەک بۆ سبەینێ، تاوانێکە ڕاستەوخۆ دەچێتە ئەستۆی ئەوانەی کە وڵاتیان کردووەتە تاقیکەگەیەک بۆ کڕینەوەی کاتی سیاسی لەسەر حسابی دەروونی خەڵک.

ڕووناکی بۆ شەقامەکان، تاریکی بۆ گیرفانەکان

هەڵۆ ئیسماعیل

حکومەتەکەمان وەکو پزیشکى نەزانە کە بە ئەنقەست گورچیلەی نەخۆشەکەی لەکار دەخات و دەرمانی لێ قۆرخ دەکات، پاشانیش بە پارەیەکی خەیاڵی ئامێری غەسلی گورچیلەی پێ دەفرۆشێتەوە و داوای سوپاسگوزاریشی لێ دەکات لەپای ئەوەی کە “ژیانی ڕزگار کردووە”. ئەمە ڕێک مامەڵەی حکومەتی هەرێمە لەگەڵ دۆسیەی وزە و پڕۆژەی “ڕووناکی”. مشتومڕی ڕاستەقینە لەسەر ئەوە نییە کە ئایا ئەم پڕۆژەیە بوونی هەیە و گلۆپەکان هەڵدەکات یان نا؛ کێشە گەورەکە ئەوەیە کە چۆن دەسەڵاتێک سامانی ژێر زەوی و سەرزەویی ئەم خاکەی قۆرخ کردووە، ئێستاش دەیەوێت بە ناوی چاکسازی و پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە، هەمان ئەو وزەیەی کە موڵکی گشتییە، بە نرخی بازرگانی بە خاوەنە ڕاستەقینەکانی بفرۆشێتەوە. ئەوان قەیرانی تاریکییان بەرهەمهێنا، ئێستاش چارەسەرە ساختەکەیان کردووەتە بازاڕێکی نوێ بۆ تاڵانکردن.

 “بەهێزترین کەس هەرگیز هێندە بەهێز نییە کە هەمیشە گەورە بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بکاتە ماف، و گوێڕایەڵی خەڵکیش بکاتە ئەرک . ئەمە هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لە شیلی لە سەردەمی پینۆشێت جێبەجێ کرا، کاتێک خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کردە مۆنۆپۆلی نوخبەی دەسەڵاتدار و بە ناوی پێشکەوتنەوە خەڵکیان ڕووتاندەوە و وایانکرد هاووڵاتی باجپێدان بە ئەرکی نیشتمانی تێبگات. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، لە جیاتی ئەوەی شەفافیەت لە داهات، تێچووی بەرهەمهێنان، دابەشکردن و نرخی وزەدا بخەنە ڕوو، پڕۆژەیەکی وەک ڕووناکییان کردووەتە ئامرازێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی کۆمپانیا حزبییەکان. دەسەڵاتێک کە ئامادە نییە بچووکترین زانیاری لەسەر داهاتی نەوتی دزراو و چارەنووسی هەناردەکردنی داهاتووی وزە ئاشکرا بکات، چۆن دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەم پڕۆژەیە بۆ خزمەتی گشتییە؟

لە ڕاستیدا، ئەوەی لە ژێر پەردەی “ڕووناکی”دا دەگوزەرێت پێدانی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو سەپاندنی باجی ناڕەوایە. ئەوان دەیانەوێت ئەو پارەیەی کە پێشتر لە قاچاخچێتی سنوور و فرۆشتنی نەوتدا دەستیان دەکەوت و ئێستا لێیان بڕاوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پێوەری زیرەک و پسوڵەی کارەباوە لە گیرفانی هاووڵاتییانی بڕفێنن. ئەوان نایانەوێت هاووڵاتی سوود لە سامانی وزەی وڵاتەکەی ببینێت، بەڵکو دەیانەوێت ببنە بازرگانی تاککەسیی ئەو کارەبایەی کە بە غازی سروشتیی خەڵک خۆی بەرهەم دەهێندرێت.

کێ پاسەوانی خەزێنەکە بوو؟

سەلاح حسن محمد

کاتێک دۆسیەی دزینی پتر لە ١١٥ ملیار دینار لە هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق بە تۆمەتی سەرەکیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، مەناف عەبدولمونعیم، دێتە سەر زمان، یان کاتێک دەبیستین لە دۆسیەکەی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلی، دەست بەسەر دەیان ملیۆن دۆلار، ٣١ ملیار دینار، ٧٠ خانوو و شوقە، ٢١ سەیارە و کێلۆکانی زێڕدا گیراوە، نابێت چاومان تەنیا لەسەر ناوی تۆمەتبارەکان بێت. پرسیارە گەورەکە و جێگەی سەرنجی ڕاستەقینە لێرەدایە: لە کاتی کۆکردنەوە و حەشارانی ئەم هەموو سەرمایە زەبەلاحەدا، دەزگا چاودێرییەکانی دەوڵەت لە کوێ بوون؟ کێ پاسەوانی خەزێنەی گشتی بوو؟

ئەم دۆسیانە پێش ئەوەی تاوانباربوونی چەند کەسێک بسەلمێنن، فەشەلی گەورەی ئەو دامەزراوانە دەسەلمێنن کە ئەرکیان پاراستنی سامانی گشتی و دۆزینەوەی سەرپێچییە داراییەکانە. ناکرێت لە وڵاتێکدا دەیان لێژنەی وردبینی، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی دەسپاکی و لێژنەی پەرلەمانی هەبن، کەچی گەندەڵی بگاتە ئاستی کڕینی گەڕەکێک لە خانوو و کۆگایەک لە زێڕ و کەس پێی نەزانێت. ئەمە پێمان دەڵێت کە سیستمی چاودێری لە ناوەوە ڕزیوە؛ یان هێندە سەرەتایی و سستە کە توانای بینینی ئەم شاڵاوە گەورانەی نییە، یان بە ئەنقەست و لەژێر فشاری سیاسی و بەرتیلدا چاوی خۆی نوقاندووە.

ئەگەر دەزگا فەرمییەکان تەنیا کاتێک دەجووڵێنەوە کە کار لە کار ترازابێت و پارەکە غەیب بووبێت، ئەوا بوونی ئەو دامەزراوانە چیدیکە بەهایەکی نییە. چاکسازی لەوەوە دەست پێناکات کە کێ تێوەگلاوە، بەڵکو لەوەوە دەست پێدەکات کە ئەو سیستمی چاودێری و پشکنینە چاک بکرێتەوە کە ڕێگەی داوە جومگەیەکی وەک وەزارەتی نەوت یان فڕۆکەوانی مەدەنی ببێتە حەوزی مەلەکردنی چەتەکان. تا کاتێک دامەزراوە چاودێرییەکان لەژێر هەژموونی حیزب و کوتلە هێزداره‌کاندا بن و نەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و پێشوەختە ڕێگری لە تاوان بکەن، خەزێنەی دەوڵەت هەمیشە وەک ماڵێکی بێدەرگا دەمێنێتەوە کە هەموان دەتوانن تێیدا ببڕن و بدزن.

👤
Live: 43 Today: 180 📊 Click Here