خوێندراوەتەوە: (7.9K)

ئەنداز خالید احمد

لە هەرێمی کوردستاندا، “ئۆپۆزیسیۆن بوون” زیاتر لە پیشەیەکی وەرزی دەچێت کە تەنها لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بازاڕی گەرم دەبێت، و دواتر ڕاستەوخۆ دەتوێتەوە ناو هەمان ئەو سیستەمەی کە کاتی خۆی جنێوی پێدەدا! لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (٢٠٢٤) و پەرلەمانی عێراق (٢٠٢٥)، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و کەسایەتییە ناڕازییەکان بە دروشمی گەورەی وەک “گێڕانەوەی کەرامەت بۆ هاووڵاتیان”، “کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی خێزانی”، و “ڕوخاندنی دووقۆڵی پارتی و یەکێتی” بانگەشەیان دەکرد. بەڵام دوای دەرچوونی ئەنجامەکان، نەک هەر نەیانتوانی ئەو گۆڕانکارییە دروست بکەن، بەڵکو بەشێکی زۆریان چوونە ناو مامەڵە ژێربەژێرەکانەوە یان بێدەنگییان هەڵبژارد.


ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە بەڵێنیان بە خەڵک دەدا دەسەڵات بۆ خەڵک بگەڕێننەوە، ئەمڕۆ لەناو ململانێیەکی ناوخۆیی و بێبەرنامەییدا نوقم بوون. کاتێک پرسیار لەبارەی بەڵێنەکانیانەوە دەکرێت، هەمیشە هەمان پاساو دەهێننەوە؛ یان دەڵێن “ساختەکاری کراوە”، یان باس لەوە دەکەن کە “دەسەڵاتی دوو حزبەکە زۆر لە ئێمە بەهێزترە چونکە پارە و چەکیان بەدەستەوەیە”. ئەوەی کە زۆر ئازارمان دەدات، دەنگی دوژمنەکانمان نییە، بەڵکو بێدەنگیی دۆستەکانمانە.”) خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ زۆرتر لە بێدەنگی و پاساوی ئۆپۆزیسیۆن تووڕەن تا لە تاوانەکانی دەسەڵات، چونکە ئەم هێزانە بەناوی پاراستنی مافی هەژارانەوە دەنگیان کۆکردەوە، بەڵام لە کاتی قەیرانە گەورەکانی وەک فرۆشتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک یان بڕینی مووچەدا، ناتوانن بچووکترین فشاری ڕاستەقینە دروست بکەن و تەنها لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا دەردەکەون.


ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ بە ڕوونی دەریخست کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن (چ نەوەی نوێ بێت کە پێشتر دەنگەکانی بەرز بووبووەوە، چ حزبە ئیسلامییەکان کە قەت نەیانتوانیوە ڕێژەی دەنگەکانیان لە سەدا ١٥ تێپەڕێنن) شکستیان هێنا لە دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ شکاندنی هەژموونی پارتی و یەکێتی. لە ئەنجامدا، ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە نەک هەر لاواز نەبوون، بەڵکو بەهۆی لاوازی و پەرتەوازەیی ئۆپۆزیسیۆنەوە، توانییان پێگەی خۆیان لە بەغداش بەهێزتر بکەن و ببنەوە بە تاکە بڕیاردەری چارەنووسی هەرێم. ئەمە وای کردووە کە بەشێکی زۆر لە دەنگدەران بێئومێد ببن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، و لەبری دەنگدان بە ئۆپۆزیسیۆنێک کە توانای گۆڕانکاریی نییە، پەنا بۆ سووتاندن یان بەتاڵکردنەوەی دەنگەکانیان ببەن وەک ناڕەزایەتییەک دژی تەواوی سیستەمەکە.

ئەی ئەو نەتەوەیەی کە ساڵانێکە دەنگەکانتان بۆ کۆکردنەوەی کورسی بەکاردەهێنرێت و دواتر فڕێ دەدرێنە سەر شەقامەکان؛ ئیتر کاتی ئەوەیە تێبگەن کە کەرامەت و ماف بە دەنگدان بە دروشمی باق و بریق ناگەڕێتەوە. قبوڵکردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ترسنۆک و بێبەرنامە، ڕێک بەقەد قبوڵکردنی دەسەڵاتێکی تاڵانچی مەترسیدارە. هاوار بکەن بە ڕووی ئەم بازرگانە سیاسییانەدا کە تەنها لە کاتی هەڵبژاردندا دێنە دەرگاتان و دواتر لە ژوورە تاریکەکاندا مامەڵە بە دەنگەکانتانەوە دەکەن. ئەم سیستەمە، بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە درۆینەکەیەوە، تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی یەکجارەکی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 21 Today: 643 📊 Click Here