‎بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە و کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای چارەسەرکردنی گرفتی تەکنیکی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر، ئەمڕۆ بڕی بەرهەمهێنانی غاز ئاسایی دەبێتەوە، بەمەش دۆخی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی ئاسایی دەبێتەوە.

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە باوکی شەهید وەیسی ئاخر سەعید شێروانی دەکات

ڕۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە پرسە و هاوخەمیی خۆی بە باوکی پێشمەرگەی قارەمان، شەهید (وەیسی ئاخر سەعید شێروانی) و خانەوادە و کەسوکاری ڕاگەیاند. شەهید وەیسی ئاخر سەعید شێروانی یەکێک بوو لە بریندارانی هێرشی مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە دەڤەری سۆران، کە دوێنێ لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە کۆتایی بە ژیانی هات و شەهید بوو.

سەرۆكی وەزیران: هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: هێرشەکانی سەر کوردستان بێ پاساو بوون. هیوادارم هەموو هێرشەکان کۆتاییان پێ بێت، وتیشی، هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

ئومێدەوارم ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوام بێت و ڕێخۆشکەر بێت بۆ سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە هاوکارمان بوون لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. هێرشەکانی سەر کوردستان ناڕەوا و بێ پاساو بوون. هیوادارم هەموو هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە و ژێرخان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان کۆتاییان پێ بێت.

هەرێمی کوردستان ئامادەیە پشتگیریی هەموو هەوڵێک بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژی و گەیشتن بە ئاشتیی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

کەشناسی: ئەگەری لێزمە باران و هەورە تریشقە لە ناوچە جیاجیاکان هەیە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 09-04-2026 کەش/ ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت . ئەگەری باران بارین لە ناوچەی جیا جیا دەبێت بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان . لە هەندێ کاتدا باران بە شێوەی بارانی بەهاری و گەواڵە بارانی کورت خایەن دەبێت , هەندێ ناوچە کەشەکەی سەقامگیرە و هەندێ ناوچەی تر کەشەکەی ئەگەری لێزمە بارانی دەبێت لەگەڵ بوونی هەورە تریشقە . خێرایى با / لەسەرخۆ – مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەلات دەبێت. مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوی دوێنێ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ: هەولێر: 19 پلەی سیلیزی پیرمام: 15 پلەی سیلیزی سۆران: 15 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 9 پلەی سیلیزی سلێمانی: 17 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 19 پلەی سیلیزی دهۆک: 19 پلەی سیلیزی زاخۆ: 19 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی گەرمیان: 22 پلەی سیلیزی

سبەى هەینی 10-04-2026 کەش/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو . ئەگەری باران بارین لە ناوچەی جیا جیا هەیە بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران کە هەندێک کات باران بارین بە شێوەی لێزمە باران و هەورە تریشقە دەبێت . خێراى با / لەسەرخۆ- مامناوەند (10– 20) کم/ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرئاوا دەبێت . مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9 ) کم دەبێت. پلەکانی گەرما / بە نزیکی 1 تـــــا 3 پلە بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمرۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر: 21 پلەی سیلیزی پیرمام: 18 پلەی سیلیزی سۆران: 18 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 21 پلەی سیلیزی دهۆک: 21 پلەی سیلیزی زاخۆ: 21 پلەی سیلیزی هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی

09-04-2026

نوێنەرێکی پارتی: تا ئێستا ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار نەکراوە و دانوستاندنەکان وەستاون

دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە تا ئەم ساتە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار نییە و جەختی لە پێویستیی یەکدەنگیی لایەنەکان کردەوە.

دانەر عەبدولغەفار به ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پارتی و یەکێتی نییە و دانوستاندنەکان بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە وەستابوون.” ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییهاتنی شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگرەبەست، دەرفەتێکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران.

دانەر عەبدولغەفار ڕوونیکردەوە کە تەنها پۆستی سەرۆک کۆمار جێگەی ناکۆکی نییە، بەڵکو لایەنەکان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانیش نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ناوبراو داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد کە پەلە بکەن لە یەکلاییکردنەوەی ئەم دوو پۆستە بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنرێت کە بتوانێت ڕووبەڕووی قەیرانەکان ببێتەوە. داواکاری بۆ کاندیدی هاوبەش سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: “ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە ڕوون بووین و داوامان کردووە لایەنە کوردستانییەکان لەسەر یەک کاندید ڕێکبکەون، چونکە ئەو پۆستە نوێنەرایەتی کورد دەکات نەک تەنها حزبێک.”

وەزارەتی دارایی : ‎تەمویلی مووچەی مانگی ئازار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

ڕۆژی پێنج شەممە ( ٩ ی نیسانی ٢٠٢٦) بڕی ( ٩٥٧،١٢٢،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەد و پەنجاو حەوت ملیارو سەدو بیست و دوو ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق داخڵی سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان بووە، وەرگرتنی پارە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە ڕۆژی یەک شەممەو ڕاستەوخۆ هەمان ڕۆژ دوای وەرگرتنی پارەکە دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

٩ ی نیسانی ٢٠٢٦.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

ئەمڕۆ پينجشەممە 4/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە جەنەڕاڵ کێڤن لامبرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد. لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرش و مەترسییەکان بۆ سەر کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کرا. سەرۆکی حکومەت ، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی و هاریکاری هێزەکانی هاوپەیمانان دووپات کردەوە . فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ، جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانیی بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە.

یاسا لەژێر پێڵاوی حیزبدا

ريبوار ياسين فتاح


دۆسیەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی گەورەترین و ڕوونترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان (بە دیاریکراویش لە زۆنی زەرد)، دەزگای دادوەری تەنها ئامرازێکە بەدەست دەزگا ئەمنییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ تەسفیەکردنی ڕەخنەگران. لەبری ئەوەی یاسا پارێزەری مافی هاووڵاتییان بێت، بووەتە چەکێک بۆ سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و تۆڵەسەندنەوەی سیاسی. چیرۆکی شێروانی نیشانی دەدات کاتێک دەسەڵاتێک شکست دەهێنێت لە بێدەنگکردنی قەڵەمێک بە پارە و هەڕەشە، پەنا دەباتە بەر سیناریۆی دروستکراو و دادگایەکی “پێشوەختە بڕیاردراو” بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە زینداندا بیهێڵێتەوە.
سەرەتای ئەم شانۆگەرییە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ دەستی پێکرد، کاتێک شێروانی و چەند چالاکوانێکی تری بادینان (کە کاریان لەسەر ئاشکراکردنی گەندەڵی دەکرد) دەستگیرکران و لە شوباتی ٢٠٢١دا بە تۆمەتی هەڵبەستراوی “تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” سزای ٦ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا. ئەم دادگاییکردنە پڕ بوو لە پێشێلکاری، لەوانە بەکارهێنانی دانپێدانانی ژێر ئەشکەنجە و ڕێگریکردن لە پارێزەران. دوای ئەوەی بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ماوەی سزاکەی کەمکرایەوە و بڕیار بوو لە ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئازاد بکرێت، دەسەڵات سیناریۆیەکی نوێی بۆ دروست کرد؛ لە تەممووزی ٢٠٢٣دا، بە تۆمەتی “ساختەکردنی پەنجەمۆری هاوڕێکەی (گوهدار زێباری)” بۆ داواکارییەکی ئازادکردنی مەرجدار، ٤ ساڵی تری بەسەردا سەپێندرا، سەرەڕای ئەوەی گوهدار خۆی ڕایگەیاندبوو کە ڕەزامەندیی پێشوەختەی دابوو. ئەمە سەلماندی کە دادگا تەنها بیانوو دەهێنێتەوە بۆ مانەوەی لە زیندان.
سیناریۆکان بەمەش کۆتاییان نەهات؛ لە مانگی ئابی ٢٠٢٥، تەنها چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی شێروانی لە سزای دووەمی ئازاد بکرێت (کە بڕیار بوو لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بێت)، دادگای کەتنی بنەسڵاوە بەپێی ماددەی ٢٢٩ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای ٤ ساڵ و ٥ مانگی تری بەسەردا سەپاند، ئەمجارەیان بە تۆمەتی بێبنەمای “هەڕەشەکردن لە ئەفسەرێکی زیندان”. (ڕێکخراوی CPT و لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان CPJ دووپاتیان کردەوە کە ئەم دادگاییکردنە تەنها پشت بەستبوو بە شایەتیی خودی ئەفسەرەکە و پاسەوانەکان، و ژینگەی دادگاکە بە تەواوی سەربازی کرابوو بۆ تۆقاندنی پارێزەران و بنەماڵەکەی ). پارێزەرەکەی ئاشکرای کرد کە پێشتر هێزە ئەمنییەکان داوایان لە شێروانی کردووە کە لە بەرامبەر ئازادکردنیدا واز لە ڕەخنەگرتن بهێنێت، بەڵام کاتێک ڕەتی کردووەتەوە، ئەم سیناریۆ و سزایە “پێشوەختەیە”ی بۆ دەرکراوە.
مانەوەی شێروان شێروانی لە زیندان بەم شێوازە نایاسایی و مافیاییە، تەنها سزادانی کەسێک نییە، بەڵکو پەیامێکی تۆقێنەرە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی کوردی کە “هەرکەسێک بڵێت نەخێر، یاسای بۆ دروست دەکەین تا بیڕزێنین”. ئەی ئەو گەلەی کە دەسەڵات یاسای کردووەتە قامچییەک بەسەر پشتتانەوە؛ بێدەنگبوون لە بەرامبەر زیندانیکردنی شێروانی، بە مانای قبوڵکردنی زیندانیکردنی ئازادیی خۆتان دێت. دادگایەک کە نەتوانێت سەربەخۆ بێت و بڕیارەکانی لە ژووری تاریکیی دەزگا ئەمنییەکانەوە بۆ بنووسرێت، شایەنی ئەوە نییە ڕێزی لێ بگیرێت. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنرێت کە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی، یاسا دەکاتە ژێر پێڵاوەکانییەوە!

دەسەڵاتێک کە هەموو شتێک حوکم دەکات جگە لە واقیع

تەحسین حوسێن موستەفا

دەرکەوتنی دەسەڵات لەسەر شاشەکان و هەیمەنەی چەکدارەکان لەسەر شەقامەکان، هەرگیز مانای ئەوە نییە کە وڵاتێک بەڕێوە دەچێت، بەڵکو تەنها مانای ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک بە دیل گیراوە! لە هەرێمی کوردستاندا، دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە (پارتی و یەکێتی) گەیشتوونەتە لوتکەی قۆرخکاری؛ ئەوان دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە، لە خاڵە سنوورییەکانەوە بگرە تا دەگاتە دادگاکان، زانکۆکان، بازاڕ، و تەنانەت ئاسمانی وڵاتەکەش. بەڵام کارەساتەکە لێرەدایە: ئەم کۆنترۆڵە ڕەهایە بۆ یەک چرکەش نەبووەتە هۆی باشترکردنی ژیانی ئەو هاووڵاتییەی کە لە نۆرەی مووچەدا دەبورێتەوە، یان ئەو گەنجەی کە لە بێئومێدیدا خۆی دەداتە دەست شەپۆلەکانی دەریای ئیجە. ئەوان خاوەنی هەموو شتێکن، بەڵام توانای بەڕێوەبردنی هیچ شتێکیان نییە

(وەک چۆن فەیلەسوفی یۆنانی، ئەرستۆ دەڵێت: “ئەو دەوڵەتەی کە تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران کار دەکات، دەوڵەت نییە، بەڵکو گەورەترین ڕێکخراوی چەتەگەرییە لە مێژوودا.”) ئەمڕۆش لە کوردستان، ئێمە لەبەردەم حکومەتێکدا نین کە خەمی خزمەتگوزاریی هەبێت، بەڵکو لەبەردەم دوو کارتێلی سیاسیداین کە تەواوی دامەزراوەکانیان کردووەتە ئامرازێک بۆ هەڵمژینی سامانی نەتەوەیەک. کاتێک نیوەی کۆمەڵگە لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەی کارەبادا دەسوتێت و ئاوی خواردنەوەی نییە، بەرپرسە فەنتەڵۆسەکان لە کۆشکەکانیانەوە باسی “گەشەی ئابووری” و “کوردستانێکی بەهێز” دەکەن. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە پچڕانی تەواوەتیی دەسەڵاتە لەو واقیعە تاڵەی کە میللەت تێیدا دەناڵێنێت؛ ئەوان لە جیهانێکی خەیاڵی و دروستکراودا دەژین کە بە پارەی دزراوی نەوت ڕازێنراوەتەوە.

بۆ شاردنەوەی ئەم شکستە گەورەیە، دەسەڵاتداران پەنایان بردۆتە بەر تاکە چەکێک کە هەیانە: ترس! (وەک چۆن مارتن لوتەر کینگ جونیۆر دەڵێت: “گەورەترین کارەساتی ئەم سەردەمە، دەنگی بەرزی خراپەکاران نییە، بەڵکو بێدەنگیی ترسناکی مرۆڤە باشەکانە.”) کاتێک مامۆستایەک داوای مافی خۆی دەکات یان ڕۆژنامەنووسێک باسی گەندەڵی دەکات، یەکسەر بە زەبری هێزی ئەمنی و دادگا حیزبییەکان وەک “تێکدەری ئاسایشی نەتەوەیی” مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەم پڵنگە کاغەزییانە وایانزانیوە بە زیندانیکردنی دەنگی ناڕازی دەتوانن واقیعی بێمووچەیی و هەژاری بسڕنەوە، بێئاگا لەوەی کە برسیەتی بە زیندان چارەسەر ناکرێت و زەبری هێزیش ناتوانێت شەرعییەت بۆ سیستەمێکی ڕزیو بگەڕێنێتەوە.

👤
Live: 27 Today: 229 📊 Click Here