هاتووچۆی هەولێر گۆڕانکاریی لە ڕێکاری زانینی سزای سەرپێچییەکاندا دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەک ئاراستەی شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، چیتر لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی هاتووچۆوە سزای سەرپێچییەکان نیشان نادرێن و سیستمەکە گۆڕاوە بۆ ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە هاوڵاتیان کرد، بۆ زانینی بڕی سزای سەرپێچییەکانیان سەردانی ماڵپەڕی (hawler tp) نەکەن، چونکە ئەو خزمەتگوزارییە لە ماڵپەڕەکەیاندا نەماوە و پەک خراوە.

سەبارەت بە ڕێکاری نوێ بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر سزاکان، هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە: “لەمەودوا زانینی سزاکانی هاتووچۆ تەنیا لە ڕێگەی ئەپی (KRDpass) دەبێت.”

ئەم بڕیارەی هاتووچۆی هەولێر لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان دێت، تاوەکو شۆفێران بتوانن لە ڕێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنە نوێیەوە بە شێوەیەکی خێراتر و وردتر دەستیان بە زانیارییەکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەکانیان ڕابگات.

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی “ستراتیژیی ڕێڕەوی پایسکل‌سواری” لە سەنتەری شار دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2026/5/7، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکانی پڕۆژەی “دروستکردنی ڕێڕەو و ڕێکخستنی پایسکل‌سواری” بەڕێوەچوو.

ئومێد خۆشناو لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدراوە و ئامانج لێی “خزمەتکردنی تەندروستیی گشتی و کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە ژەهراوییەکانی ئۆتۆمبێلە.”

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، هەولێر دەبێتە “یەکەمین شار لەسەر ئاستی عێراق وەک شارێکی دۆستی ژینگە و تەندروست بۆ هاووڵاتییان.”

سەبارەت بە وردەکاریی ئەندازیاریی پڕۆژەکە، ئاشکرای کرد کە لیژنەیەکی تایبەت وردەکارییەکانیان ئامادە کردووە و لەمەودوا لە نەخشەی بنەڕەتیی ئەو زەوییانەی دابەش دەکرێن، شوێنی تایبەت بە پایسکل و پیادەڕۆ دیاری دەکرێت.

خۆشناو گوتیشی: “بۆ ئەم پڕۆژەیە سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی شاری پاریس وەک دەستەخوشکی هەولێر و وڵاتی هۆڵەندا وەک پێشەنگی جیهانی لە بواری پایسکل‌سواریدا وەردەگرین.”

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە پێکهاتە “بازنەییەکەی” شاری هەولێر زەمینەیەکی گونجاوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە و بەستنەوەی گەڕەکەکان بە ناوەندی شارەوە. بڕیار وایە دوای وەرگرتنی کۆتا سەرنجەکان، پڕۆژەکە دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش وەک “وەرچەرخانێکی مۆدێرن” لە سیستەمی گواستنەوەی پایتەختدا دەبینرێت.

لە نیویۆرک؛ شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی کۆچی نێودەوڵەتی دەکات

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری نیویۆرک بەشداری لە زنجیرە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە “پەیماننامەی کۆچی نێودەوڵەتی” دەکات کە لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

دکتۆر سامی جەلال، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی راگەیاند، “رۆژی ٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، وەک شاندی وەزارەتی ناوخۆ بەشداریمان کردووە لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە پەیماننامەی کۆچی نێودەوڵەتی (Global Compact for Migration) لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.”

ئەم کۆبوونەوانە لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێکخستنی پرسی کۆچ و پاراستنی مافی کۆچبەران و دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ هاوکاری نێوان وڵاتان بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی تورکیا دۆخی گشتیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/5/7 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، چەندین تەوەری تایبەت بە پەیوەندییەکان، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دۆخی گشتیی ناوچەکە، خرانە بەر باس.

لە تەوەری پەیوەندییەکاندا، جەخت لە گرنگی و بەردەوامییان کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدان و پێشخستنیان لە کایە جیاجیاکاندا، کە سوود بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگەیەنێت، ئاڵوگۆڕ کرا.

سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باس لە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کارکردن بۆ سەرخستنی کرا. لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئاڵنگارییەکانی، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکان بە ئاراستەی تەواوکردنی ڕێوشوێنە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، لەمبارەیەوە، بەڕێز سەرۆکی دیوان، هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی بۆ یەکخستنی بۆچوونەکان و نزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو گەڵاڵەکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەشی نیشتمانی، ڕوون کردەوە.

ڕەوشی گشتیی هەرێمی، بەتایبەتی دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایییانە، بەشێکی تری گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا وێڕای هەڵسەنگاندنی لێکەوتەی گرژییەکان بەسەر ناوچەکەوە، بایەخی بەردەوامیدان بە دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی جێگیر، دووپات کرایەوە.

ئیمارات لە ئۆپیک دەچێتە دەرەوە

دوێنێ سێشەممە ده‌وڵه‌تی ئیمارات ڕایگەیاند کە لە ڕێکخراوی ئۆپیک (OPEC) دەکشێتەوە، له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌ش گورزێکی گەورە به‌ کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی نەوت ده‌كه‌وێت لە کاتێکدا قەیرانێکی بێوێنەی وزە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی کەنداوی دەرخستووە.

چوونە دەرەوەی ئیمارات – کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گرووپەکە – کۆنترۆڵی ئۆپیک بەسەر دابینکردنی نەوتی جیهان لاواز دەکات و درزی نێوان ئیمارات و هاوسێکەی، عەرەبستانی سعوودی، فراوانتر دەکات کە سەرکردەی کردەیی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە.

ئەم هەنگاوەی ئیمارات دەکرێت دەستی ئیمارات بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان واڵا بکات کاتێک هەناردەکردن لە ڕێگەی کەنداوەوە دەستپێدەکاتەوە.

لە یەکەم لێدوانی گشتیدا دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، سوهەیل محەمەد مەزرووعی، وەزیری وزەی ئیمارات، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە بڕیارەکە دوای لێکۆڵینەوە لە ستراتیژەکانی وزەی وڵاتەکە دراوە.

ناوبراو وتیشی کە ئیمارات ئەم بابەتەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکەدا تاوتوێ نەکردووە.

مەزرووعی وتی: “ئەمە بڕیارێکی سیاسییە، دوای وردبوونەوەی ورد لە سیاسەتەکانی ئێستا و داهاتووی پەیوەست بە ئاستی بەرهەمهێنان دراوە.”

میسر کار بۆ هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق دەکات

بەرپرسێکی میسر ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی کار دەکات بۆ هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق.

بەرپرسێکی میسری لە لێدوانێکدا کە (سۆمەرییە نیوز) بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: “تەندەرێکی نێودەوڵەتی خراوەتە ڕوو بۆ جێبەجێکردنی هێڵێکی گواستنەوەی کارەبا بە مەبەستی بەستنەوەی وزەی با لە کەنداوی سوێس بە تۆڕی نیشتمانیی وزەوە. درێژیی هێڵەکە ٣٩٠ کیلۆمەتر دەبێت و تواناکەی ٥٠٠ کیلۆڤۆڵتە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەبەرهێنانی پێشبینیکراو بۆ پڕۆژەکە دەگاتە ٢٣٠ ملیۆن دۆلار، ماوەی جێبەجێکردنەکەشی یەک ساڵ دەخایەنێت.

ڕوونیشیکردەوە کە ئەم هێڵە گەورەترین هێڵ دەبێت لە وڵاتەکەدا، ئامانج لێی بەستنەوەی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوەیە کە ئێستا لە ناوچەی کەنداوی سوێس لەلایەن کۆمپانیاکانی (سكاتك)ی نەرویجی و (ئۆراسكوم كۆنستراكشن) پەرەیان پێ دەدرێت بە تۆڕی نیشتمانییەوە. بڕیارە تا ناوەڕاستی ٢٠٢٧ تەواو بکرێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی تۆڕی گواستنەوەی کارەبا و لەخۆگرتنی ئەو توانایە زۆرەی لە وزەی پاک بەرهەم دێت.

پێشه‌وا هه‌ورامانی بۆ ئاژانسی زاگرۆس: له‌باره‌ی موچه‌وه‌ ده‌بێت رێكکەوتنێکی هه‌میشه‌یی بكرێت، ناكرێت موچه‌ بكرێته‌ كارتی فشار

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆ پرسی موچه‌ رێكه‌وتنێكی هه‌میشه‌یی پێویسته‌، له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و گازیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: “ئیراده‌یه‌كی به‌هێز له‌و باره‌وه‌ نییه‌”.

پێشه‌وا هه‌ورامانی بۆ زاگرۆس له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چی به‌سه‌ر رێككه‌وتنی موچه‌ دێت له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا گوتی: “له‌جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی پێشووتر رازی نه‌بووین، بۆیه‌ ئێستاش ئه‌گه‌ر بچینه‌ گفتووگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ شایسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بدرێت و ده‌ستووریش وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت”.

گوتیشی: “له‌باره‌ی موچه‌وه‌ ده‌بێت رێكه‌وتنێكی هه‌میشه‌یی بكرێت، ناكرێت موچه‌ بكرێته‌ كارتی فشار وه‌ك كارتی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێنرێت، ئه‌وه‌شی كه‌ حكوومه‌تی نوێ پێكده‌هێنێت ئاماده‌ین پشتیوانی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان جێبه‌جێ بكات”.

له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و گاز ئه‌وه‌شی خسته‌روو: له‌بابه‌تی یاسای نه‌وت و گاز ئیراده‌یه‌كی به‌هێزی ده‌وێت، تائێستا ئه‌و ئیراده‌یه‌ نه‌بینراوه‌ چ په‌رله‌مان چ ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌هێزن له‌ناو په‌رله‌مان جدی نین له‌ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گاز هه‌وڵیان داوه‌ دوای بخه‌ن، پێویسته‌ عێراق بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌ر رێچكه‌یه‌كی دروستی سیاسه‌ت كه‌ تێیدا ته‌وافوق و ته‌وازن و شه‌راكه‌ت جێبه‌جێ بكرێت.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 4/29، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد.

لە دیدارەکەدا، دۆخی گشتی و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار کرا، کە دەربڕی خواستی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی خەڵکی کوردستان بگرێت.

بڕی بارانبارینی ١٢ کاتژمێری ڕابردوو ڕاگەیەندرا

پێشبینی کەش تاکو کاتەکانی نیوەشەوئەگەری نمە باران لە پارێزگاکانی (هەولێر و سلێمانی و هەلەبجەو دهۆک) وە ئیدارەی سەربەخۆکانی (زاخۆ و راپەرین و سۆران ).هەیە زیاتر لەناوچە شاخاوییەکانی ئەم ناوچانە کەهەندی کات بۆ بروسکەو تاوە باران دەگۆڕێت ئەمەی خوارەوە :

بارانی 12کاتژمێری (9ی بەیانی تاکو 9ی ئێوارەی )ئەمرۆ چوارشەممە 29-4-2026هەندێ لەناوچەکانی هەرێم / بە ملم

ئاکرێ 3.8

بامةرني 10.8

مانگێش 0.2

بارزان 0.2

حاج ئۆمەران 18.2

سۆران 8.4

هەڵشۆ 3.4

هەلەبجە 0.2

دهۆک 11.9

زاخۆ 4.2

بەشی پێشبینی

فەلاح حەسەن بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی گەیشتە کڕواتیا

فەلاح حەسەن، بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی زاگریب گەیشتە وڵاتی کڕواتیا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.

فەلاح حەسەن لەبارەی سەردانەکەی و گەیشتنی بۆ کڕواتیا بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی ڕایگەیاند: “بە نوێنەرایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەیشتینە وڵاتی کڕواتیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی زاگریب.”

سەبارەت بە شێوازی پێشوازیکردنەکەشیان، ئاماژەی بەوە کرد کە لەلایەن دکتۆر گۆردن ڕادمان، وەزیری دەرەوەی کڕواتیاوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە و گوتی: “لە لایەن هاوڕێمان دکتۆر گۆردن ڕادمان، وەزیری دەرەوەی کڕواتیا پێشوازیمان لێکرا.”

کۆڕبەندی زاگریب یەکێکە لە کۆڕبەندە سیاسی و دیپلۆماسییە گرنگەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، کە تێیدا بەرپرسانی باڵا و بڕیار بەدەستان کۆدەبنەوە بۆ تاوتێکردنی پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان. بەشداریکردنی نوێنەری سەرۆک بارزانی لەم کۆڕبەندەدا لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان و جیهاندایە.

👤
Live: 27 Today: 45 📊 Click Here