‎نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەوامە لە دابەزین

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ بەردەوامی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت پاشەکشەی زیاتری بەخۆوە بینی و بەراورد بە نرخەکانی دوێنێ، دابەزینێکی بەرچاوی تری تۆمار کرد.

​بەپێی دواین نوێکردنەوەکانی بازاڕ، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 101.7 دۆلار، کە بەراورد بە نرخی دوێنێ 6.1 دۆلار دابەزیوە. هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش دابەزیوە بۆ 95.57 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە دوێنێ 4.63 دۆلار دابەزین نیشان دەدات.

​ئەم دابەزینە بەردەوامەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە هێشتا بازاڕەکان لەژێر کاریگەری لێدوانە ئەرێنییەکانی تایبەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێراندان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست. ئەو کەشە دیپلۆماسییەی دروست بووە، نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەرانی سەبارەت بە سەلامەتی گواستنەوەی وزە لە گەرووی هورمز کەمکردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە فشارەکان لەسەر بازاڕی نەوت سووک ببن و نرخەکان ڕوو لە نزمبوونەوەی زیاتر بکەن.

نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی

بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو، نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نرخەکەی جێگیر بووە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی مریشک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیبوو، ئەمڕۆ نرخەکەی دابەزیوە و لە ئێستادا یەک کیلۆ مریشک لە بازاڕەکاندا بە (2,250) بۆ (2,500) دینار دەفرۆشرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی یەک کیلۆ مریشک لە سەروو 3 هەزار دینارەوە بوو، بەڵام بەهۆی زۆریی خستنەڕوو لە کێڵگە پەلەوەرییەکانەوە، نرخەکەی ڕووی لە دابەزین کردووە.

دوای کشانەوەی مالیکی و ڕاسپاردنی عەلی زەیدی؛ بەهای دینار بەرزبووەوە

دوای کشانەوەی نووری مالیکی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دابەزینی زیاتریش دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاستەوخۆ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گۆڕانکاریی لە کاندیدی سەرۆکوەزیران، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی دراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە 154 هەزار و 500 دینارەوە بۆ 153 هەزار و 500 دینار دابەزی.

ئەم پێشهاتە سیاسییە نوێیە کە وەک ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی گرژییەکان دەبینرێت، کاریگەری ئەرێنی خستووەتە سەر بازاڕ. چاودێرانی ئابووری و سیاسی پێشبینی دەکەن ئەگەر بێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر ڕاسپاردنی عەلی زەیدی نەبێت و دۆخەکە بەرەو سەقامگیری بڕوات، بەهای دینار زیاتر بەرزببێتەوە.

بەپێی پێشبینییەکان، ئەگەر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بە ئارامی بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەهای 100 دۆلار بۆ نزیکەی 150 هەزار دینار دابەزێت.

تاوەکو ئێستا کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت هەڵوێستی واشنتن لەسەر ئەم ڕاسپاردنە، بە تەواوی ڕوون نییە، کە ئەمەش فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ ئاراستەی داهاتووی بازاڕی دراو لە عێراقدا.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنییەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی چەند یاسایەک دەکەن

ڕۆژنامەی “فاینانشاڵ تایمز” لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئەوروپا بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی وەک کارتێکی فشار بەکاردەهێنن دژی یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا، بە مەبەستی لابردنی کۆمەڵێک ڕێسای ڕێکخراوەیی کە بە “کۆسپ” لەبەردەم گەشەی کارەکانیان وەسفی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی کە کۆمپانیاکان دژایەتی دەکەن، پلانی ڕێگەدان بە گەشتیارانە بۆ هەڵگرتنی دوو جانتای دەستی بەبێ بەرامبەر لە هەر گەشتێکدا، هەرچەندە هەندێک کۆمپانیا ئەمە جێبەجێ دەکەن، بەڵام کۆمپانیا “هەرزاننشینەکان پێیان وایە ئەم بڕیارە ناچاریان دەکات نرخی بلیت گران بکەن، چونکە پرۆسەی سەرکەوتن و دابەزینی گەشتیاران خاو دەکاتەوە و کار دەکاتە سەر مۆدێلی کارکردنیان.

جگە لەوەش، کۆمپانیاکان داوا دەکەن یاساکانی دابینکردنی سووتەمەنی هەموار بکرێنەوە؛ بەتایبەت ئەو یاسایانەی کە ڕێگرییان لێ دەکات لە فڕۆکەخانە هەرزانەکاندا بڕێکی زۆرتر سووتەمەنی پڕ بکەن بۆ ئەوەی لە گەشتەکانیاندا پێویستیان بە کڕینی سووتەمەنی گرانبەها نەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو کۆمپانیانە هۆشداری دەدەن کە بەرزبوونەوەی دوو هێندەی نرخی سووتەمەنی لە هەفتەکانی ڕابردوودا، کۆمپانیاکانی ئەوروپا و بەریتانیای خستووەتە دۆخێکی ڕکابەریی لاوازەوە لە بەرامبەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا.

ئەم تەنگژە داراییە لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە؛ کۆمپانیای “ئیزى جێت” هۆشداری داوە لە زیانی گەورە لە وەرزی بەهاردا، و کۆمپانیای “لوفتهانزا”ش بەهۆی تێچووی زۆری سووتەمەنی نزیکەی 20 هەزار گەشتی هەڵوەشاندووەتەوە. هەروەها کۆمپانیای “ڤێرجن ئەتلانتیک” ئاماژەی بەوە کردووە کە بەدەستهێنانی قازانج لەمساڵدا کارێکی زۆر سەخت دەبێت.

ئیمارات لە ئۆپێک کشایەوە

دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ڕۆژی سێشەممە بڕیاری خۆی بۆ چوونە دەرەوە لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت “ئۆپێک” و “ئۆپێک پڵەس” ڕاگەیاند، کە بڕیارەکە لە یەکی ئایاری ٢٠٢٦ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات “وام”.

ئەم بڕیارە لەگەڵ دیدگای ستراتیژی و ئابووری درێژخایەنی دەوڵەتی ئیمارات و گەشەسەندنی کەرتی وزەدا دەگونجێت، لەوانەش خێراکردنی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی وزەدا؛ هەروەها پابەندیی ئەو وڵاتە وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرپرسیار و جێی متمانە دوپات دەکاتەوە کە لە داهاتووی بازاڕەکانی وزەی جیهان دەڕوانێت.

ئەم بڕیارە دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئیمارات و توانای ئێستا و داهاتووی هات، هەروەها لەبەر ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی و پابەندبوونی دەوڵەت بە بەشداریکردنی کاریگەر لە دابینکردنی پێداویستییە هەنووکەییەکانی بازاڕ؛ لە کاتێکدا ناسەقامگیرییە جیۆپۆلیتیکییەکان لەسەر ئاستی کورتخایەن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی کەنداوی عەرەبی و گەرووی هورمزەوە بەردەوامن کە کار دەکەنە سەر داینامیکی خستنەڕوو، چونکە ئاڕاستە بنەڕەتییەکان ئاماژە بە بەردەوامیی گەشەی خواست لەسەر وزە لەسەر ئاستی ناوەند و درێژخایەن دەکەن.

سەقامگیری سیستەمی وزەی جیهانی بەندە بە بوونی دابینکردنێکی نەرم، جێی متمانە و بە نرخێکی گونجاو؛ ئیماراتیش وەبەرهێنانی کردووە بۆ وەڵامدانەوەی گۆڕانکارییەکانی خواست بە شێوەیەکی کارا و بەرپرسیارانە، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەت بە سەقامگیری دابینکردن، تێچوو، و بەردەوامیی (Sustainability).

ئەم بڕیارە دوای چەندین دەیەی هاوکاری بونیاتنەرانە دێت، کە تێیدا ئیمارات لە ساڵی ١٩٦٧ لە ڕێگەی میرنشینی ئەبوزەبییەوە پەیوەندی بە “ئۆپێک” کرد و دوای دامەزرانی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوو لە ساڵی ١٩٧١دا لە ئەندامێتی بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا، دەوڵەت ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری بازاڕی نەوتی جیهانی و برەودان بە گفتوگۆی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەر.

ئەم بڕیارە جەخت لە پەرەسەندنی سیاسەتەکانی کەرتەکە دەکاتەوە بە شێوەیەک کە نەرمی لە وەڵامدانەوەی داینامیکی بازاڕدا بەهێز بکات، لەگەڵ بەردەوامبوون لە بەشداریکردن لە سەقامگیرییەکەیدا بە شێوازێکی لێکۆڵدراوە و بەرپرسیارانە.

نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد

بەهۆی بەردەوامی گرژییەکانی گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریاییەکان، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا جارێکی تر ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ریکۆردی نوێی تۆمار کرد.

​ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 111.05 دۆلار، کە بەراورد بە نرخەکەی دوێنێ کە 110.05 دۆلار بوو، بە بڕی یەک دۆلار بەرزبووەتەوە و ئاستێکی نوێی تۆمار کردووە.

​هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە گۆڕانکاری بەسەردا هات و نرخەکەی گەیشتە 99.64 دۆلار. ئەم نرخە بەراورد بە دوێنێ کە 98.23 دۆلار بوو، بە بڕی یەک دۆلار و 41 سەنت زیادی کردووە، ئەمەش نیشانەی بەردەوامی ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیەیە کە لە بازاڕەکاندا هەستی پێدەکرێت.

​هەروەها کاریگەرییە سیاسی و ئابوورییەکان، بەردەوامی داخرانی تەنگەی هورمز وەک کارتێکی گوشار لە نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکان هەیە.

​پەککەوتنی گواستنەوەی ئەو 20 ملیۆن بەرمیلەی کە پێشتر ڕۆژانە بەو گەرووەدا تێدەپەڕین، وایکردووە نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا بمێننەوە، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی ڕێککەوتنێکی نوێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان.

نرخی زیو لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کردەوە

بەهۆی بەردەوامی گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و بەرزونزمیی بەهای دۆلار، نرخی زیو لە بازاڕە جیهانییەکاندا جووڵەیەکی نوێی بەخۆیەوە بینی و نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

​ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی یەک کیلۆگرام زیو گەیشتە 2,375.3 دۆلار، کە بەراورد بە نرخەکەی دوێنێ کە 2,348.23 دۆلار بوو، بە بڕی 27 دۆلار و 7 سەنت ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی جێگیرنەبوونی نرخەکانە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بازاڕەکەی گرتبووەوە.

​هاوکات نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتە 73.88 دۆلار، کە بەراورد بە دوێنێ (73.04 دۆلار) بە بڕی 84 سەنت زیادی کردووە. هەروەها نرخی یەک گرام زیویش لە 2.35 دۆلارەوە بۆ 2.38 دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەم جووڵە نوێیەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری گۆڕانکارییە ئابوورییەکان و بەهای دۆلار دەکەن.

​شارەزایان پێیان وایە کە گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار و کاریگەرییەکانی گەمارۆی دەریایی لە ناوچەکە، لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکانی گەرووی هورمز، هێشتا فشار لەسەر کانزا گرانبەهاکان دروست دەکەن. بازاڕ هێشتا لەژێر کاریگەری ئاڵۆزییە سیاسییەکان و جووڵەی بازاڕی وزەدایە.

نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە دابەزین کرد

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان بە دۆخێکی جیاواز لە دوێنێ دەستیان بە کارکردن کردەوە و نرخی زیو بەراورد بە ڕۆژی ڕابردوو ڕووی لە دابەزین کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە بەهای دۆلار و جووڵەی بازاڕەکاندا هەستی پێدەکرێت.

​بەپێی دواین داتاکانی بازاڕ، نرخی یەک کیلۆگرام زیو گەیشتە 2,344.69 دۆلار . ئەم نرخە بەراورد بە ڕۆژی چوارشەممە کە 2,375.30 دۆلار بوو، بە بڕی 30.61 دۆلار دابەزیوە.

​لە بەرامبەردا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتە 72.93 دۆلار ، کە بەراورد بە دوێنێ (73.88 دۆلار) بە بڕی 95 سەنت دابەزینی بەخۆوە بینیوە. هەروەها نرخی یەک گرام زیویش بە هەمان ئاراستەدا ڕۆیشت و لە 2.38 دۆلارەوە بۆ 2.34 دۆلار کەمبووەتەوە.

‎نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا، نرخەکانی نەوت جۆرێک لە سەقامگیری و دابەزینی کەمیان بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای ئەو شەپۆلە بەرزبوونەوەیە کە لە دەسپێکی هەفتەدا تۆمارکرا.

​ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 54 سەنت دابەزی و گەیشتە 95 دۆلار و 7 سەنت، هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش دابەزینێکی زیاتری بەخۆوە بینی و بە دابەزینی زیاتر لە یەک دۆلار، بە 86 دۆلار و 80 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

​ئەم پاشەکشە کاتییەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە بازاڕەکانی وزە شۆکێکی گەورەیان بەخۆوە بینی، بە جۆرێک هەردوو جۆرەکەی نەوت زیاتر لە 5٪ی نرخەکەیان چوونە سەر. ئەو بەرزبوونەوەیەش دوای تێکچوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە هات، بەتایبەتی دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز کە یەکێکە لە گرینگترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا.

​چاوەڕوان دەکرێت بازاڕەکان لەژێر کاریگەریی توندی ئەم پەرەسەندنە جیۆپۆلیتیکییانەدا بمێننەوە و هەر جۆرە ئاڵۆزییەکی نوێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵکشان و داکشانی نرخەکان هەبێت.

نرخی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەورووپا گران بووە

گرووپێکی نێودەوڵەتیی چاودێریی گواستنەوە دەڵێت بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، پەککەوتنی دابینکردنی نەوتی جیهانی زیاتر لە ١٠٠ دۆلاری خستووەتە سەر نرخی گەشتە ئاسمانییە درێژخایەنەکانی ئەورووپا. گرووپی “تی ئاند ئی” ڕای گەیاند بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە، تێکڕای تێچووی بۆ هەر سەرنشینێک لە گەشتە درێژخایەنەکانی ئەورووپاوە ٨٨ یۆرۆ (١٠٤ دۆلار) و بۆ گەشتەکانی ناوخۆی ئەورووپا ٢٩ یۆرۆ زیادی کردووە. ئەم گرووپە لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕۆژی سێشەممە ١ی گوڵان بڵاوی کردەوە، نرخی بلیتەکانی لە هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ نرخەکانی پێش دەستپێکردنی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران بەراورد کردووە. پەککەوتنی دابینکردنی نەوت، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کەمیی سووتەمەنی لە ئەورووپا لە لێواری وەرزی پشووەکانی هاویندا زیاد کردووە. بڕیارە یەکێتیی ئەورووپا ڕۆژی چوارشەممە لە چوارچێوەی پاکێجێکی پێشنیارکراودا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم نیگەرانییانە، چەند هەنگاوێک ڕابگەیەنێت. کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی داوای هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە سیاسەتە ژینگەییەکانی یەکێتیی ئەورووپایان کردووە، لەوانە ناچارکردنی بەکارهێنانی سووتی سەوز تا ساڵی ٢٠٣٠.

👤
Live: 37 Today: 571 📊 Click Here