نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە توندکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران کرد و هیچ کاتێکی بۆ کۆتاییهاتنی گرژییەکان دەستنیشان نەکرد.

​ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە بڕی 6.87 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 108.5 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە بڕی 5.97 دۆلار بەرزبووەوە و بە 106.9 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

​هۆکاری وەرچەرخانی ئاراستەی نرخەکان ​پێش گوتارەکەی ترەمپ، نرخەکان بەرەو دابەزین دەچوون، چونکە چاوەڕوانییەکان وابوون کە بەهۆی گوشارە ناوخۆییەکانەوە کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ رابگەیەنرێت. بەڵام جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامی و توندکردنەوەی هێرشەکان، هاوکێشەکەی بە تەواوی گۆڕی.

گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بۆ سەروو ١١٣ دۆلار بەرز دەکەنەوە

لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر، بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە، و بەهۆی پەرەسەندنی جەنگ و داخستنی گەرووی هورمز، کە گرنگترین ڕێڕەوی دەریایی وزەیە لە جیهاندا، نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ.​

لە ئێستادا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 113 دۆلار و 6 سەنت. بەراورد بە دوێنێ دۆلارێک و 4 سەنت لە نرخەکەی بەرزبووەوە

هاوکات، نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە هەمان شێوە ڕووی لە هەڵکشان کردووە و بە 100 دۆلار و 4 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەروارد بە دوێنی دۆلارێک و 81 سەنت لە نرخەکەی بەرزبووەوە.

​داخستنی ئەم گەرووە ستراتیژییە مەترسییەکی جددی بۆ سەر دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست کردووە، چونکە بەشێکی زۆری نەوتی جیهان لەم ڕێڕەوەوە دەگوازرێتەوە.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە و قووڵبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا.

ئەم جەنگە ئاسایشی خۆراکی سەدان ملیۆن مرۆڤی خستووەتە مەترسییەوە

کاتێک باس لە گەرووی هورمز دەکرێت، زۆربەی جار ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ لای وزە دەچێت، چونکە نزیکەی %20ی نەوت و غازی جیهانی بەو ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت. بەڵام بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ئەم گەرووە تەنیا سەرچاوەی داهات نییە، بەڵکوو شادەماری ژیانی زیاتر لە 100 ملیۆن کەسە.

ئێستا، لەگەڵ گەرمبوونی ململانێکانی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، داخستنی ئەم دەروازەیە چیتر تەنیا ئەگەر نییە، بەڵکوو بووەتە ڕاستییەکی تاڵ کە هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراکی وڵاتانی کەنداو دەکات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی سی ئێن ئێن (CNN)ی عەرەبی، وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو بەتەواوی پشت بەم گەرووە دەبەستن بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەیان. ئامارەکان دەریدەخەن کە بێ ئەم ڕێڕەوە، ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورە دەبنەوە، چونکە هەموویان پشت بەم گەرووە دەبەستن، بۆ نموونە:

-عەرەبستانی سعوودی: زیاتر لە %80ی خۆراکی وڵاتەکەی لەم گەرووەوە هاوردە دەکات.

– ئیمارات: نزیکەی %90ی پێداویستییەکانی خۆراکی لەم ڕێگەیەوە دەگات.

– قەتەڕ: بە ڕێژەی %98 پشت بەم ڕێڕەوە ئاوییە دەبەستێت.

– عێراق: سەرەڕای هەبوونی دوو ڕووبار، بەڵام بۆ هاوردەکردنی تەواوی خۆراک و پێداویستیی وڵاتەکە، بەندەرەکانی باشوور و گەرووی هورمز تاکە دەرچەن.

هەڵاوسانی نرخ و شکستی ڕێگە جێگرەوەکان

شیاوی باسە، داخستنی ئەم ڕێڕەوە بازرگانیە تەنێ کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی کاڵا نییە، بەڵکوو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خەیاڵیی نرخەکانیش.

بەرنامەی خۆراکیی جیهانی (WFP) هۆشداری دەدات کە زنجیرەی دابینکردن لەبەردەم توندترین پەککەوتندایە لەدوای پەتای کۆڤید-19 و جەنگی ئۆکرایناوە.

لەمبارەیەوە، کارل سکۆ، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەکە، ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی بارکردن بە شێوەیەکی خێرا بەرز بووەتەوە، ئەمەش باری سەرشانی کڕیاران قورستر دەکات.

هاوکات کۆمپانیای “کیپسۆنز ئینتەرناشناڵ” (Kibsons International) کە بنکەکەی لە ئیماراتە، جەخت دەکاتەوە کە گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکان بۆ ڕێگەی دیکەی دوورەدەست، تێچوویەکی زۆر و کاتێکی زۆرتری دەوێت ئەمەش بۆ خۆراکی فرێش (سەوزە و میوە) زیانمەندە.

دانیال کابرال، بەڕێوەبەری کڕین لەو کۆمپانیایە، دەڵێت: هەزاران “تۆن خۆراکی فرێش لەناو کانتێنەرەکاندایە و لەدەرەوەی گەرووەکە وەستاون، بێ ئەوەی بزانین کەی و بۆ کام بەندەر بەڕێ دەکەوین.”

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار 100 دۆلار دابەزی

لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر، و داخستنی گەرووی هورمز،بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لە دانوستاندندان، نرخی نەوت بە رێژەی 5% دابەزی، و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزی بۆ نزیکەی 99 دۆلار هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە دابەزی و بەرمیلێکی بە 87 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێرانی راوەستاندووە و ئێران بەنیازە لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت.

درەنگانی رۆژی سێشەممە نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئەمریکا 15 داواکاریی بۆ ئێران ناردووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بهێنێت.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە و قووڵبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا.

‎گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزکردەوە

لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەکی تر، و هەروەها داخستنی گەرووی هورمز،بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژانێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 13 سەنت بەرزبووەوەو بە 103 دۆلار و 35 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 8 سەنت بەرزبووەوە و بە 91 دۆلار و 40 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بازرگانانی نەوت چاویان لە ئەگەری وەستانی شەڕ و ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ.

رۆژی رابردوو هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی ئەمریکا بەڕێژەی 2٪ دابەزینیان بەخۆوە بینی بوو.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی رابردوو رایگەیاند، سەرەرای ئەوەی پێشنیازەکانی ئەمریکایان پێگەیشتووە، بەڵام هیچ نیازێکیان نییە بۆ دانوستاندن بۆ هێورکردنەوەی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

چاودێرانی سیاسی و ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەردەوامی داخستنی گەرووەکە و قووڵبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی بازدانی زیاتری نرخەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا.

سندووقی گێڕانەوەی داراییەکانی عێراق: نزیکەی ٣٨٠ ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت گێڕدراوەتەوە و ٢.٣ ملیار دۆلار بلۆک کراوه

سندووقی گێڕانەوەی دارایی عێراق نوێترین ئاماری کار چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: • بڕی پارەی گێڕدراوە: تا ئێستا نزیکەی ٣٧٩ ملیۆن دۆلار لە دراوە جیاوازەکان گێڕدراوەتەوە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی. • پارە بلۆککراوەکان لە دەرەوە: زیاتر لە ٢.٣ ملیار دۆلاری عێراق لە سێ وڵات بلۆک کراوە (١.٤ ملیار لە سوریا، ٧٠٠ ملیۆن لە ئوردن و ١٩٣ ملیۆن لە تورکیا). • ڕێکارە یاساییەکان: ٣٩ داواکاریی هاوکاریی دادوەری بۆ ملاحقەکردنی ئەو کەسانە بەرزکراوەتەوە کە پارەی عێراقیان لایە و هاوکار نین. • شێوازی کارکردن: سندوقەکە لە ڕێگەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و هەماهەنگی دیپلۆماسی، کار بۆ دۆزینەوە و گێڕانەوەی ئەو سامنانە دەکات کە بۆ دەرەوە قاچاخ کراون.

‎ڕوانگەی ئیکۆ عێراق: ڕۆژانە داهاتی هەناردەی نەوت لە بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان 24 ملیۆن دۆلارە

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەپێی نرخی ئێستای بازاڕەکانی نەوت، ڕۆژانە 24 ملیۆن دۆلار داهات بۆ بودجەی عێراق دەستەبەر دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 18/3/2026، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە: “داهاتی ڕۆژانەی عێراق لە هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، دوای لێدەرکردنی کرێی گواستنەوە کە 3.15 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک، دەگاتە 24 ملیۆن و 210 هەزار دۆلاری ڕۆژانە.”

سۆمۆ: پلانێک هەیە بۆ هەناردەکردنی ٩٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بە هاوکاری کۆمپانیا جیهانییەکان

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە داهاتی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕە جیهانییەکاندا دوو هێندە دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پلانێکیان داناوە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ سێ وڵات و گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنی ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیاکە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: “بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان کە بوونەتە هۆی داخستنی گەرووی هورمز یان پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی تێیدا، کە شاڕەگی هەناردەی عێراقە، وەزارەتی نەوت بڕیاریدا بە دەستپێکردنی ناردنی نەوتی خاوی کەرکوک ڕاستەوخۆ بۆ بەندەری جیهانی تورکی.” له ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: • دەستپێکردنی هەناردەی کەرکوک: پڕۆسەی ناردنی نەوت کاتژمێر ٦:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ دەستی پێکردووە، بڕیارە بڕەکەی وردە وردە زیاد بکات تا بگاتە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. • نرخی نەوت: ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی ئەوروپا گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٣ بۆ ١٠٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەمەش وای کردووە داهاتی ئەم هەناردەیە دوو هێندەی پێشوو بێت. • ڕێڕەوە جێگرەوەکان: بەهۆی کێشەکانی باشوور و گەرووی هورمز، عێراق پەنای بردووەتە بەر گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە تانکەر (حەوزیات) بۆ مەرزە سنوورییەکانی سوریا و ئوردن. • هەناردەی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی سوریاوە: بۆ یەکەمجار بارودۆخەکە قۆستراوەتەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی نوێ، لەوانە هەناردەکردنی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی خاکی سوریاوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست. • گرێبەستە جیهانییەکان: عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنی بڕی ٨٥٠ بۆ ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە کرا کە هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن (وەک جیهان بۆ نەوتی کەرکوک و بانیاس بۆ نەوتی بەسرە) وای کردووە عێراق ئاسانتر بگاتە بازاڕە جیهانییەکان و فشاری سەر بەندەرەکانی باشووریش کەم بکاتەوە.

خشتەی دابەشکردنی مووچە راگەیندرا

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی شوبات راگەیاند .

بەپێی خشتەکە ڕۆژی سێ شەممە ( ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٦ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەکرێت و ڕۆژی پێنج شەممە ( ١٢ ی ئازاری ٢٠٢٦ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ٩ ی ئازاری ٢٠٢٦

نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی، دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ، پێشنیازی کردووە یەدەگی ستراتیژیی نەوت بکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 23 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 87 دۆلار و 57 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 37 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ پێشنیازی کردووە بۆ ئەندامانی بۆ ئەوەی زیاتر لە 182 ملیۆن بەرمیل لە یەدەگی نەوتی خۆیان بەڕووی بازاڕدا بکەنەوە

👤
Live: 37 Today: 571 📊 Click Here