شڤان مەحمود: بە پیادەكردنی ئیتیكی رۆژنامەوانی و هەواڵی بەردەوامی ڕۆژانە و پارێزگاری كردن لە پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەكان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە دامەزراوەیەكی كوردستانین

شڤان مەحمود، سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوانه دیموکراتی کوردستان: بەبۆنەی یادی دامەزراندی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس پەیامێکی ئاراستەی ستاف و کارمەندانه ئاژانسەکەی کرد ئەمە خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

بەڕێزان / بەڕێوەبەر و سەرجەم كارمەندانی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس.

بەبۆنەی (٢٢)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و هێژا و خوێنەرانی ماڵپەڕەكەتان دەكەم، ئومێدی بەردەوامی و سەركەووتن و گەشەسەندتان بۆ دەخوازم.

بە پیادەكردنی ئیتیكی رۆژنامەوانی و هەواڵی بەردەوامی ڕۆژانە و پارێزگاری كردن لە پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەكان دەرخەری ئەو ڕاستیەیە كە دامەزراوەیەكی كوردستانین.

هەمیشە سەركەووتن و سەرفرازی بێتە رێتان

شڤان محمود سكرتێری یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦

‎پەیامی سەرۆک بارزانی لە سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەڕێزان سەرنووسەر و كارمەندانی ستافی گۆڤاری گوڵان،

بەبۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانتان دەكەم.

گۆڤاری گوڵان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ڕێچكەیەكی جیاوازی لەناو ڕۆژنامەگەریی كوردیدا پیادەكردووە و، بەردەوام مینبەرێكی گرنگ بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازی دەستەبژێرانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و دەرەوە، هەمووكات هەوڵیداوە لەسەر بنەمای پاپەندبوون بە پڕانسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و ڕێزگرتن لەكۆی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان قووڵتر بكاتەوە.

سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هیوادارم هەردەم پابەندی پڕەنسیپەكانی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی بن و، لە ئاست داخوازیی خەڵك و گۆڕانكارییەكانی سەردەم بن و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.

مسعود بارزانی

22ی نیسانی 2026

د.زیره‌ك زێباری باس له‌ دیارنه‌مانی 36 فرۆكه‌ی عێراق ده‌كات

ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ چه‌ند فرۆكه‌یه‌كی عێراق دیار نه‌ماون ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌وه‌ جێگای پرسیار و نیگه‌رانی زۆری لای كارمه‌ندانی ده‌سته‌ی فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق دروستكردووه‌.

ده‌نگی نارازی له‌ناو فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا دروست بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دیارنه‌مانی 36 فرۆكه‌ ئەو فڕۆکانە لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمەریکا دژی ئێران لە ئەرکدا بوون، بەڵام دوای جەنگ نەگەڕاونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق و چارەنووسیان نادیارە لە کاردانەوەی ئەم دۆخەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە سەر هێڵ و لە بەیاننامەیەکدا بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ هەڵماڵینی گەندەڵییەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی.

د.زیره‌ك زێباری ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ زاگرۆس گوتی: “ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراقمان كردووه‌ نازانین چۆن ئه‌و پرسه‌ و به‌چ شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌كرێت چونكه‌ ده‌بێت لێژنه‌ی دروست بكرێت به‌ڵام پێشووتر لێژنه‌یه‌ك دروستكراوه‌ لیژنەکە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و ئەندامییەتی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆکی چاودێری کەیسە تایبەتەکان دەبێت، ئەرکی سەرەکییان لێکۆڵینەوە دەبێت لە سەرجەم ئەو گومان و گەندەڵییانەی لە نێو کۆمپانیاکەدا بوونیان هەیە.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ئه‌م رووداوه‌ به‌خراپ له‌سه‌ر عێراق ده‌شكێته‌وه‌ چونكه‌ له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ متمانه‌ی فرۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی

سەرۆك بارزانی لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی رایگەیاند، لەویادەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان دەخوازم و پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و سەد و بیست و هەشتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی (كوردستان) لە لایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان كە هاوكات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزباییەكی گەرم لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان و ئەندامانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم.

لەویادەدا هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان دەخوازم و پشتیوانی لە ئەرك و ڕۆڵی گرنگی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم بۆ بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و قووڵتركردنی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و هەروەها پاراستنی بەها بەرزەكانی كۆمەڵگای كوردستان.

مسعود بارزانی 22ی نیسانی 2026

مامۆستایان و فەرمانبەران لەبارەی كارتی بانكیی مووچە ئاگادار دەكرێنەوە

سەدان مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاگادار دەکرێنەوە بچنە بانک و كارتی (هەژماری من) وەربگرنەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بڵاوی كردەوە، بەسەدان مامۆستا و فەرمانبەر كارتی (هەژماری من)یان تەواو بووە و سبەی پێنجشەممە، 20ی نیسان دەتوانن لە بانكی چەمچەماڵ كارتەكانیان وەربگرنەوە.

خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاشکراشی کردووە، پێداویستییەکانی بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بانكی بریتیین لە کارتی نیشتمانی و ژمارەی مۆبایل، ئەو ژمارەیەی کە هەژمارە بانکییەکەی لەسەر تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، دەیان مامۆستایان و فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست، کارتەکانیان ئامادەیە.

ترەمپ : بژاردەی گەمارۆدانی ئابوری كاریگەری زیاترە لە سەربازی

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز” کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی نیسانی 2026) بڵاوکرایەوە، ترەمپ تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان واشنتن و تاران. ناوبراو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە دیاریکردنی کاتێکی کورت (3 تا 5 ڕۆژ) دەکەن بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەست و ڕایگەیاند: “ئاگربەستەکە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژکراوەتەوە؛ ئێمە هیچ چوارچێوەیەکی کاتیمان نییە و پێویست بە پەلەپەل ناکات.”

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە ژێر هیچ فشارێکی کاتیدا نییە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و جەختی کردەوە کە ستراتیژی گەمارۆدانی ئابووری کاریگەرییەکی زۆرزیاتری هەیە وەک لە بژاردەی سەربازی و بۆردومانکردن.

سەبارەت بە گرێدانی ئەم پرسە بە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسەوە، ترەمپ گوتی: “ئەو قسانەی دەگوترێن دوورن لە ڕاستی؛ تاکە ئامانجی من گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی شکۆمەندانە و باش بۆ گەلی ئەمریکا.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز و دەستبەسەرداگرتنی چەند کەشتییەک لەلایەن ئێرانەوە کرد و گوتی: “ئەوانە کەشتیی ئەمریکی نەبوون، بەڵام ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.” ترەمپ پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تاران کرد و ڕایگەیاند: “ئێران ساڵانێکی زۆرە ڕووبەڕووی بۆردومان بووەتەوە و لێی ناترسێت، بەڵام ئەوەی بەڕاستی لێی دەترسن و ڕقیان لێیەتی، گەمارۆ و ئابلۆقەی ئابوورییە، چونکە کاریگەرییەکی کوشندەی هەیە.”

لەلایەکی دیکەوە، کارۆڵاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، مەرجە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕاگەیاند. لیڤیت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە وەک مەرجێکی بنەڕەتی، ئێران ڕازی بێت بە ڕادەستکردنی تەواوی “یۆرانیۆمی پیتێنراو” بە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

گوتەبێژی کۆشکی سپی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئێرانەوە گوتی: “ئەمە وەک پێشێلکردنی ئاگربەست ئەژمار ناکرێت، چونکە کەشتییەکان ئەمریکی یان ئیسرائیلی نەبوون.” ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕەخنەی توندی لە هەڵسوکەوتە دەریاییەکانی تاران گرت و گوتی: “ئەوەی ئێرانییەکان لە گەرووی هورمز دەیکەن کۆنترۆڵکردن نییە، بەڵکو تەنیا چەتەیی دەریاییە.”

‎پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە

کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ کاتژمێری داهاتووی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت، بە شێوەیەک ئەمڕۆ پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن و بۆ سبەی هەینیش ئەگەری بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا هەیە.

​بۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣-٠٤-٢٠٢٦، پێشبینی دەکرێت ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور بێت و لە هەندێک شوێن بۆ نیمچە هەور بگۆڕێت. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بە نزیکەی ١ تا ٢ پلە بەرزتر دەبنەوە. خێرایی با لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ کم/ک دەبێت و مەودای بینینیش لە نێوان ٨ بۆ ١٠ کم دەبێت.

​هاوکات بۆ سبەی هەینی ٢٤-٠٤-٢٠٢٦، ئاسمان لە پەڵە هەور و نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. لە کاتەکانی نیوەڕۆدا شەپۆلێکی بارانبارین ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری هەرێم دەگرێتەوە کە بە شێوەی گەواڵە بارانی بەهاری و هەورە تریشقە دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان ڕێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت و تا کاتەکانی ئێوارە لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوامی دەبێت.

​بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بەم شێوەیە دەبێت: هەولێر ٢٤ پلە، سلێمانی ٢٣ بۆ ٢٤ پلە، دهۆک ٢٣ بۆ ٢٥ پلە، هەڵەبجە ٢٤ پلە، گەرمیان ٢٦ پلە، زاخۆ ٢٤ بۆ ٢٥ پلە، پیرمام ١٩ بۆ ٢٠ پلە، سۆران ٢١ پلە، چەمچەماڵ ٢٣ بۆ ٢٤ پلە، و حاجی ئۆمەران ١٤ بۆ ١٥ پلەی سیلیزی دەبێت.

ڕەنگی نوێی یەکپۆشی قوتابیان راگەیەندرا

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا گۆڕانکاری لە شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابییان بکات و وەزیری پەروەردەش رایگەیاند، ئیتر لە ساڵی نوێی خوێندن، یەکپۆشی لە ناوەندەکانی خوێندن پەیڕەو دەکرێت، بڕیارەکە بۆ رێگریکردنە لە قۆرخکاری و سووککردنی بارگرانییە لەسەر شانی دایک و باوکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026 ــ 2027 شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابییان لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکوو قۆناغی 12ـی ئامادەیی دەگۆرێت.

رەنگەکان بەگوێرەی قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیە دیاریکراون:

– باخچەی ساوایان: تیشێرتی نارنجی و پانتۆڵی نیلی.

– قۆناخی 1 تاوەکوو 6ـی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی و پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.

– قۆناخی 7 تاوەکوو 9ـی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەساسی.

– قۆناخی 10 تاوەکو 12ـی ئامادەیی: تیشێرتی رەساسی و پانتۆڵ یان تەنوورەی رەش.

هەروەها کوالیتی جلوبەرگەکانیش دیاریکراوە، بە جۆرێک دەبێت رێژەی لۆکە لە تیشێرتەکاندا لە 70% کەمتر نەبێت، ئەمەش بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی کوالیتییەکی بەرز بۆ قوتابیان.

سەبارەت بە پارچەکانی جلوبەرگەکانیش، تەنیا 3 پارچە (پانتۆڵ، تیشێرتی قۆڵکورت و تیشێرتی قۆڵدرێژ) وەک یەکپۆشی دیاریکراون. وەزارەتی پەروەردە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، قەمسەڵە و جلوبەرگی وەرزشی لە ناو پڕۆسەی یەکپۆشی دەرهێناوە.

ئەمشەو قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتی عێراق بۆ یاریە ئەلیکترۆنیەکان بەڕێوەدەچێت و 13 تیمی کوردی بەشدارن

ئەمشەو لە کاتژمێر 7:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان پاڵەوانیەتی نیشتیمانی یاریە ئەلیکترۆنیەکانی عێراق بۆ یاری پەبجی مۆبایل بەڕێوەدەچێت،کە لەکۆی 16 تیم 13 تیمیان کوردین،ئەمەش بۆ یەکەمین جارە لەمێژوودا ئەم ژمارە زۆرە لەتیمی کوردی سەربکەون بۆ قۆناغی کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە.

پاڵەوانیەتیەکە لەلایەن کۆمپانیای پەبجی ڕاستەوخۆ کراوەتەوە،تیمە کوردیەکانیش ئەمساڵ پشکی شێریان هەیە لە کورسیەکانی پێشەوەی ڕیزبەندی،کە ئەمساڵ 4 تیم دەتوانن بلیتی پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوەی عێراق بەدەست بێنن لەڕێی ئەم کۆتاییەوە،کە لەماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا تیمە کوردیەکان پلەی یەکەمینیان لەم پاڵەوانیەتیە بەدەستهێناوە و بوونەتە پاڵەوان لەسەر ئاستی عێراق.

براوەی یەکەمی پاڵەوانیەتیەکە دەبێتە خاوەنی 5 ملیۆن دیناری عێراقی و سەردەکەوێت بۆ پاڵەوانیەتی جیهانی پەبجی،کە ئەویش لە جاکارتای مالیزیا بەڕێوەدەچێت.

“سەرکار ڕێبوار”

نرخی نەوت ئاستی 100 دۆلاریان تێپەڕاند

ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی خێرای بەخۆیەوە بینی و جارێکی دیکە سنووری 100 دۆلاری تێپەڕاند. ئەم هەڵکشانە دوای زنجیرەیەک گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری دێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕ هەبووە. ​ نەوتی برێنتی دەریای باکوور تەنیا لە مامەڵەکانی ئەمڕۆدا نزیکەی 6 دۆلار و 71 سەنت چۆتە سەر نرخەکەی، بەمەش نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 101 دۆلار و 91 سەنت. ​ هاوکات نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بازدانێکی گەورەتری تۆمارکرد و 7 دۆلار و 60 سەنت گرانتر بوو، لە ئێستادا بە 104 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. ​ هۆکاری سەرەکی ئەم ناسەقامگیرییەی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ شکستهێنانی دانوستاندنەکانی پاکستان. لە کاردانەوەی ئەمەشدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییەکانی ئێراندا دادەخەن، ئەمەش ترسی کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروستکردووە.

👤
Live: 42 Today: 166 📊 Click Here