هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی بۆ یه‌ك مانگ گه‌یشته‌ یەک ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیل نه‌وت

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی هەناردەی نەوت بۆ مانگی ئادار، نزیکەی دوو ملیار دۆلار بووە، کە بەراورد بە مانگی شوبات نزیکەی پێنج ملیار دۆلار کەمی کردووە و رێژه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگای كوردستانیشه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات.

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق ‘سۆمۆ’ لە راگەیەندراوێکدا کۆی گشتی هەناردە و داهاتی نەوتی عێراقی بۆ مانگی ئادار ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ مانگی ئادار 18 ملیۆن و 604 هەزار و 951 بەرمیل بووە، داهاتەکەشی زیاتر لە یەک ملیار و 957 ملیۆن و 121 هەزار دۆلار بووە.

بەگوێرەی ئاماری سۆمۆ کۆی قەبارەی نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە لە مانگی رابردوودا هەناردە کراوە، گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 561 هەزار و 534 بەرمیل بووە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی یەک ملیۆن و 271 هەزار و 200 بەرمیل بووە، هەروەها هەناردەی نەوتی کەرکووکیش لەرێگەی بەندەری جەیهان دوو ملیۆن و 772 هەزار و 217 هەزار بەرمیل بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە تەنیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا پێنج ملیۆن و 551 هەزار و 610 بەرمیل بووە.

نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار 98 دۆلار دابەزی

​ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا ڕووی لە دابەزین کرد، ئەوەش بەهۆی کاریگەریی هەواڵەکانی پەیوەست بە ئەگەری بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و درێژکردنەوەی ئاگربەست.

لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بۆ گرێبەستەکانی مانگی حوزەیران بە ڕێژەی 1.88٪ دابەزی و گەیشتە 97 دۆلار و 49 سەنت.

هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بۆ ڕادەستکردنی لە مانگی داهاتوودا، دابەزینێکی زیاتری تۆمار کرد و بە ڕێژەی 2٪ نرخەکەی شکا، بە شێوەیەک کە هەر بەرمیلێک بە 96 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

​ئەم گۆڕانکارییانە لە نرخدا لە کاتێکدایە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای تەواوبوونی دانوستاندنەکانی پاکستان و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، ڕایگەیاند کە هەنگاوەکانی داهاتوو لە پرۆسەی گفتوگۆکاندا بە تەواوی بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی کۆتایی ئێرانەوە.

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە بازاڕی وزە بە هەستیارییەوە چاودێری ئاراستەی دیپلۆماسی نێوان واشنتن و تاران دەکات، چونکە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گرژییەکان و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگی خواست و خستنەڕوو لە جیهاندا دەبێت.

نرخی ئۆنسەیەک زیو بەرزبووەوە و گەیشتەوە 77 دۆلار

ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2026 نرخی زیو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.49 دۆلار زیادی کرد و گەیشتە 77 دۆلار، بەمەش لە ئێستادا نرخی 1 کیلۆگرام زیو بە 2,475 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

ئەم گۆڕانکارییە لە نرخەکاندا لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لە ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ ئاگربەست.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوەیە هێشتا نرخی زیو بە ڕێژەی 20% بیست لە سەد کەمترە بەراورد بەو نرخەی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێراندا تۆماری کردبوو.

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند ، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت.

ڕۆژی پێنج شەممە ( ١٦ ی نیسانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئازاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.

هاوکات لەهەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری ١٤ ی نیسانی ٢٠٢٦

لێکتێگەیشتنی نوێی عێراق-سووریا بۆ چالاککردنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نەوت و غاز

یوسر برنیە، وەزیری دارایی سووریا، کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی ئابووری نوێی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو “دەستپێكێکی جۆری” لە دۆسیەی وزە و ئاسانکاری بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەخۆیەوە دەبینێت.

برنیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی بەهاری بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند: “پەیوەندییەکی بەردەوام و بونیادنەر لەگەڵ لایەنی عێراقی هەیە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دامزراوە.”

وەزیرە سوورییەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ عێراق، و هەماهەنگییەکی بەرچاو لە کەرتی نەوت و غازدا دەبێت، هەروەها لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێکردنێکی نوێ لەم دۆسیە زیندووەدا دەبینین.”

برنیە ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەوڵەتی نوێی سووریا لە کارە لەپێشینەکانیدا لادانی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان داناوە،” جەختیشی کردەوە لەسەر “پەرۆشی فەرمی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتی کار لە هەردوو وڵات، تاوەکو پەیوەندییە ئابوورییەکە بگەڕێتەوە بۆ ئاستە ستراتیژییە چاوەڕوانکراوەکە.”

سەبارەت بە جووڵە نێودەوڵەتییەکان لە واشنتن، ئاماژەی بە دەستکەوتێکی گرنگ کرد لە ناو ڕێڕەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کە تێیدا ڕێککەوتن کراوە لەسەر “پاشکۆیەکی تایبەت” بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی دارایی سووریا و چاکسازی لە دامەزراوە داراییەکاندا، بە ئامانجی بونیادنانی تواناکانی مرۆیی، بەهێزکردنی بەردەوامی، و بەدیهێنانی گۆڕانکاری تەکنەلۆژی دیجیتاڵی لە سیستەمی دارایی سووریادا.

هەروەها برنیە جەختی کردەوە لە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی “سەنتەری زانیاری” جیهانی، بۆ یارمەتیدانی وەبەرهێنەرانی سووریا تاوەکو بتوانن هاوبەشیی کاریگەر لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەتدا دروست بکەن.

پێش چەند ڕۆژێکیش، عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندی سووریا بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندبوو کە جووڵەی چاوەڕوانکراو هەیە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی دارایی لەگەڵ بەغدا، و جەختی کردبووەوە کە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەیە بۆ ڕێکخستنی چالاکییە ئابوورییە هاوبەشەکان بە ئامانجی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بانکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان – چوارشەممە 15/4/2026:

100 دۆلار = 154,750 دینار

100 یۆرۆ = 182,200 دینار

100 دۆلار = 4500 لیرەی توركی

100 دۆلار = 13,500,000 تومەن

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 18 = 892,000 دینار

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 21 = 1,040,000 هەزار دینار

یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 = 1,189,000 دینار

نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین

​ئەمڕۆ چوارشەممە، بازاڕەکانی وزە نزمبوونەوەیەکی بەرچاویان تێدا تۆمارکرا. ئەم دابەزینە بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی هیواکان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا.

​​لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 52 سەنت دابەزی و گەیشتە 94 دۆلار و 27 سەنت. جێی ئاماژەیە کە دوێنێش ئەم جۆرە نەوتە دابەزینێکی گەورەی بەڕێژەی 4.6% تۆمار کردبوو.

هاوکات ​نەوتی سووکی تەکساس (WTI) پشکی شێری بەرکەوتووە لە دابەزین و نرخەکەی 1 دۆلار و 4 سەنت دابەزی، بەمەش بە 90 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ بەڕێژەی 7.9% نرخەکەی لەدەستدابوو.

چاودێران پێیان وایە هەر رێککەوتنێک لەم بوارەدا، رێخۆشکەر دەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز و گەڕانەوەی بڕێکی زۆری نەوتی کەنداو بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی چەندین بەرهەم قەدەخە کراوە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر رایگه‌یاند: لەگەڵ پێگەیشتنی هەر بەرهەمێکی ناوخۆیی، دەستبەجێ رێکارەکانی داخستنی سنوورەکان بەرووی بەرهەمی هاوردەدا دەستپێدەکەین. ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی جووتیاران، زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، رەخساندنی هەلی کار و بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر له‌بڵاو كراوه‌یه‌كدا كه‌ بۆ زاگرۆس هاتووه‌ رایگه‌یاند: بەهۆی زۆریی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، پلەکانی گەرما دابەزینێکی کەمیان بەخۆوە بینیوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەمێک درەنگتر پێبگەن. سەرەڕای ئەوەش، ئێستا بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای هەولێر بە بەرهەمی جۆراوجۆری ناوخۆیی دەوڵەمەند کراون.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا چەندین جۆر بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەکاندان، لەوانە: (پەتاتە، باقڵە، خەیار، چەوەندەر، خاس، کەلەرم، شەلە، سێوی بنەرد) و چەندین جۆر گیای بەهاری خواستی زۆری کلتوورییان لەسەرە. هەروەها پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە ناوەڕاستی مانگی پێنجدا بەرهەمی تەماتە و چەندین بەرهەمی تری سنووری پارێزگای هەولێر پێبگەن.

ده‌شڵێت: لە ئێستادا بەرهەمی مریشک زۆر لە پێویستی ناوخۆ زیاترە. هەروەها بەرهەمی هێلکەی ناوخۆ سێ هێندەی پێداویستییە، هەر بۆیە بڕیاری قەدەخەی تەواوەتی بۆ هاوردەکردنی مریشک و هێلکە دەرکراوە و تەنیا پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەسترێت.

بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ ئیداره‌ی سۆران ڕووی دا

بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕووی دا و به‌شێك له‌ هاووڵاتیان هه‌ستیان پێ كردووه‌.

له‌ باره‌ی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ شێروان پێنجوێنی، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی ڕێختەر لە نێوان سنوورەکانی ئیدارەی سۆران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا.

گوتیشی: “بوومه‌له‌رزه‌كه‌ لە قوڵایی 5 کیلۆ مەتر و لە دووری 12 کیلۆ مەتر لە سەنتەری قەزای چۆمان بووه‌ و هه‌روه‌ها لە دووری 103 کیلۆ مەتر لە سەنتەری هەولێر دوور بووە.”

ڕاشیگه‌یاند، چەقی بوومەلەرزەکە گوندی گوڵ گەش بووە لە باکووری رۆژهه‌ڵاتی قەزای چۆمان.

کاروان ستونی : تكایه‌ خۆتان له‌ حه‌جی نافه‌رمی بپارێزن

كاروان ستونی گوته‌بێژی فه‌رمی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستان راگه‌یاند ساڵانه‌ ئێمه‌ له‌رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ ئاگاداری هاووڵاتیان ده‌كه‌ین كه‌ خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ ئه‌نجامدانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌ رێگه‌ی نایاسایی چونكه‌ تووشی ده‌ستگیركردن وسزای قورس ده‌بنه‌وه‌.

گوته‌بێژی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستان ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌مسالێش له‌ رێگه‌ی رێزدار مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پاڵپشتی زۆری پرۆسه‌ی حه‌ج كراوه‌ وه‌كوو ساڵانی رابردوو بۆ ئه‌وه‌ی باشترین خزمه‌ت پێشكه‌ش به‌ حاجیان بكرێت و ئه‌مه‌یش جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌و حه‌جه‌ی كه‌ به‌ رێگه‌ی نافه‌رمی و نایاسایی به‌ بێ هه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له‌ رێگه‌ی كه‌سانی گوماناوییه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌گه‌ر بكرێت.

كاروان ستونی هه‌روه‌ها راگه‌یاند له‌ نوێترین رێككاره‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ چه‌ندین رێنمایی و رێككاری توندی راگه‌یاندووه‌ بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ به‌ بێ مۆڵه‌تی فه‌رمی حه‌ج بكات له‌وانه‌ هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵ بدات به‌ بێ رێگه‌پێدانی فه‌رمی حه‌ج بكات به‌ بڕی 20 هه‌زار ریاڵی سعوودی سزا ده‌درێت كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی هه‌شت ملیۆن دیناری عیراقی.

گوته‌بێژی فه‌رمی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستان هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو هه‌ر له‌ رێككاره‌كانی وه‌زاره‌تی سعوودیه‌دا هاتووه‌ كه‌ سزاكه‌ له‌ حاڵه‌تێكه‌وه‌ بۆ حاڵه‌تێكی دیكه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ردا دێت كه‌ زۆرتریان ده‌گاته‌ 100 هه‌زار ریال كه‌ نزیكه‌ی 40 ملیۆن دیناری عیراقی هه‌روه‌ها كه‌سێكی سه‌رپێچیكار جگه‌ی له‌وه‌ی ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌كرێته‌وه‌ بۆی نابێت تاوه‌كوو 10 ساڵی دیكه‌ سه‌ردانی سعوودیه‌ بكاته‌وه‌.

كاروان ستونی هه‌روه‌ها له‌ درێژی لێدوانه‌كه‌یدا هاووڵاتیانی ئاگادار كردووته‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌ دوور بگرن له‌و ریكلام و بانگه‌شانه‌ی كه‌ له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌كرێت به‌ هه‌بوونی حه‌جی بازرگانی یاخود حه‌جێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی حه‌ج كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت چونكه‌ دواجار هاووڵاتی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت و ره‌نگه‌ پاره‌كه‌یش له‌ ده‌ست بدات.

👤
Live: 89 Today: 232 📊 Click Here