سەرۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌وڵه‌تى ئه‌ڵمانيا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه کۆبوونه‌وه‌

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/2/25 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز د. جێزا ئەندریاس ڤۆن گایەر، وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئەڵمانیا بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و دۆخی ناوچه‌که‌، تاوتوێ کران.

شاندی میوان دووپاتیان کردەوە کە ئەڵمانیا بە بایەخەوە سەیری سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و خواستی وڵاته‌که‌یان بۆ به‌رده‌وامیی هاریکاریی هاوبەشیان لە بوارە جیاوازەکاندا، ده‌ربڕی.

لای خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوکاری و پشتگیرییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان له‌ هه‌موو بواره‌کاندا کرد، هەروەها جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتییانه‌ی کێشەکان و پاراستنی ئارامیی ناوچەکە کردەوە.

هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌کانی داعش، دۆخی سووریا و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە بەڕێزان باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتییان لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوون.

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێريی گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت

* ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆنووسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست لەبارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام بدەن .

* ڕێژەی 20% لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچیی ئۆتۆمبيل، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دوا هەڵوێستی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم و بەدواداچوونی دەرەنجامی دوا کۆبوونەوەی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم سەبارەت بە پابەندیی دارایی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم بەرامبەر یەکتر، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ نەک تەنیا مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ بە پێی ڕێژەی 14.1ی سەرژمێری گشتیی دانیشتووانی عێراق بنێرێت، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان پابەندیی نەوتیی و دارایی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە و لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمەوە بێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، سەبارەت بە پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوباتیش، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر ئەولەویەتدان بە ناردنی ئەم پارەیە پێش هەر خەرجییەکی دیکە تاوەکوو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکەش.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر ئەم بڕگەیە، دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی لە بەغدا لە ڕۆژی 2026/2/23 خرایەڕوو سەبارەت با پابەندییە داراییەکانی هەردوو حکومەت و هەموو ئەو بەڵگە و بنەما دەستووریی و قانونی و داراییانەش ڕوونکرانەوە کە پاڵپشتیی شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن.

لە بڕگەی دووەمدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری کاروباری پێشمەرگە ، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو دەربارەی هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە و پوختەی کۆنووسی واژۆکراوی هاوبەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە دەستنیشانکردنی تایبەتمەندیی و ئەرک و دەسەڵاتەکانی دەڤەرەکان.

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنە هاوبەشەکان، ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد لە ڕووی ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان و پەیکەربەندیی نوێی هێزەکانی پێشمەرگە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هاوبەشە نێوەدەوڵەتییەکانی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی پرۆسەکەیان کرد. ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپارد بە گوێرەی کۆنووسی هاوبەشی پەسەندکراو، کاری پێویست ئەنجام بدەن.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوکۆی لە بارەی پێشنیارێکی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە واتا تاکوو 2026/6/30 . ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی پەسەند کرد و ڕێژەی لێخۆشبوونی سزاکانی سەرپێچییەکانی هاتووچۆ، بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، پێشوازی لە ڕاپۆرتی لیژنەی یەکێتیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا دەکەم. بە هەنگاوێکی گرنگ و ئاراستەیەکی دروستی دەزانم بۆ ئاشتی و چارەسەری. پێشخستنی زمانی سیاسەت و دیالۆگ و پابەندبوون بە چارەسەری ئاشتییانە، بنەمای سەرەکین بۆ بنیاتنانی سەقامگیریی هەمیشەیی کە بە سوودی هەموو ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە جەخت لە پشتگیری و هاوکاریمان بۆ هەر هەوڵ و هەنگاوێک دەکەینەوە کە ئامانجی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان بێت و ئاسۆیەکی نوێ بۆ برایەتی و پێکەوەژیان بکاتەوە. هیوادارین هەنگاوی تری له‌ په‌رله‌مان به‌دوادا بێت بۆ بەهێزکردنی زیاتری متمانە و بەدیهێنانی ئەو ئاشتییەی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن.

ئاگاداریەک لە هاتوچوی هەولێرەوە

ئاگاداری شوفێران دەکەینەوە لە رێگای کەسنەزان تا گۆمەسپان لەم شوێنانە کامێرای تۆمارکردنی خێرای گەڕۆک دادەنرێن. ١-گوندی مام چۆغان ٢- گوندی کانی شاوێردی ٣-هەورازە نەفتە ٤- بەردەباز ٥-کانی کەوان ٦-گۆمەسپان داوا لە شوفێران دەکەین پابەندی خێرایی دیاری کراوبن لەم رێگایە.

ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر

‎لە ناحیەیی رزگاری مەلای مزگەوتێك كوژرا

ئێوارەی ئەمرۆ لە ناحیەی رزگاری سەربە قەزایی خەبات كێشەێك روودەدات لە نێوان دووكەس مەلایی مزگەوت هەولدەدەت ناوبژی بكات بەلام بە هەلە دەكوژرێت .

سەرچاوەێك لە نزیك روداوەكە بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی راگەیاند گرژیەكە سەرەتا لە نێوان لە نێوان دووكەس بوو كاتێك مەلایی مزگەوت هەولدەدات ناوبژیوانی بكات لە نێوەندەدا دەكوژرێت .

هەر بە گووتەی ئەو سەرچاوەییە كاتێك بكوژ دەچێتە مالەوە كێشەكە بۆ براكەی دەگێرێتەوە دەستبەجێ برای بكوژ بكوژەكە دەكوژێتەوە .

بەهۆی سیاسیەتی گومرگی هەناردەی ئێران بۆ عێراق سەدا 50 دابەزیوە

شەهلا عەموری، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەهواز، ڕایگەیاند کە بەهای هەناردەی نانەوتی لە پارێزگای خوزستانی ئێرانەوە بۆ عێراق، کە یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییە ستراتیژییەکانی ئێران، بە ڕێژەی نزیکەی 50% دابەزیوە، و هۆکاری ئەم پاشەکشە “گەورەیە”ی بۆ سیاسەتەکانی نرخاندنی گومرگی گەڕاندەوە.

عەموری گوتی، داتا بەراوردکارییەکانی گومرگ دابەزینێکی بەرچاویان لە ناردنی کاڵا بۆ عێراق نیشانداوە، لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردووی ئێراندا، بەهای هەناردە لە خوزستانەوە بۆ عێراق گەیشتبووە 2.167 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەڵام لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بۆ 1.219 ملیار دۆلاری ئەمریکی دابەزیوە، کە بەمەش دابەزینێکی نزیکەی 50%ی لە بەهای هەناردە بۆ ئەم هاوبەشە بازرگانییە ستراتیژییە تۆمار کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی سەرەکی لە شێوازی هەژمارکردنی بەهای کاڵا هەناردەکراوەکانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی گومرگەوە، جەختی کردەوە، کە بەرپرسان هێشتا پشت بە نرخە ستانداردەکانی دەوڵەت دەبەستن، کە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ واقیعی بازاڕ و نرخە کێبڕکێکارەکان لە بازاڕەکانی هەناردەدا هەیە.

عەموری ڕوونیکردەوە کاتێک هەناردەکارێک کاڵایەک لە بازاڕی کێبڕکێی عێراقدا بە 100 دۆلار دەفرۆشێت، ڕەنگە بەرپرسانی گومرگ نرخەکەی بە 150 دۆلار تۆمار بکەن بە پشتبەستن بە هاوکێشە و ڕێنماییە ناوخۆییەکان. لە ئەنجامدا، هەناردەکار ناچار دەکرێت دراوی بیانی بە بەهای ئەو نرخە بەرزکراوەی کە ڕاگەیەندراوە بگەڕێنێتەوە.

بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەهواز، ئەم ڕێکارە شتێکی دروستکردووە کە بە “پابەندبوونی درۆزنانەی دراوی بیانی” وەسفی کرد، چونکە حکوومەت و بانکی ناوەندی چاوەڕێی ئەوەن بازرگانان 150 دۆلار بگەڕێننەوە بۆ ئابووریی ناوخۆیی، لە کاتێکدا ئەوان تەنها 100 دۆلاریان لە کڕیار وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم جیاوازییە هەناردەکاران ناچار دەکات بەدوای ئەو بڕە پارە کەمەدا بگەڕێن لە بازاڕی ئازاددا بۆ ئەوەی پابەندبوونەکانیان لە بەرامبەر دراوی بیانی جێبەجێ بکەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیانی زیاتر و لە زۆر حاڵەتدا، کشانەوەی کۆمپانیاکان لە بازاڕە ئامانجدارەکان.

لە درێژەی بە قسەکانیدا گوتی، فشارە داراییە زیادبووەکان بوونەتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هەناردەکارانی خوزستان لە بازاڕی عێراق بکشێنەوە، و هۆشداریدا کە ئەگەر بەرپرسانی گومرگ پێداچوونەوە بە شێوازەکانی نرخاندندا نەکەن، ئەوا بەرزکردنەوەی سنووری گواستنەوەی دراوە بیانییەکان تەنیا دەبێتە هۆی سزادانی زیاتری هەناردەکاران و خێراکردنی لەناوچوونی ئەوەی لە بازرگانیی پارێزگاکە ماوەتەوە.

حکوومەتی عێراق باجی گومرگی بە ڕێژەی نێوان 5% بۆ 30% بەرزکردووەتەوە، کە دابەشکراوە بەسەر پۆلینی جیاوازدا لە 5%، 10%، 15%، تا دەگاتە بەرزترین ئاست کە 30%ە.

ئەم ڕێژانە تەواوی تۆماری پێناسەی گومرگی دەگرێتەوە کە لە 99 بەش پێکدێت و نزیکەی 16.4 هەزار بڕگەی گومرگی لەخۆدەگرێت، کە بریتین لەو بڕگانەی لە ئاستی جیهاندا بۆ جووڵەی بازرگانی پەسەندکراون.

قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق 50% کەمیکردووە

ژووری بازرگانیی ئەهواز ئامارێکی شۆکهێنەری لەبارەی پاشەکشەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەناردەی نانەوتی لە پارێزگای خوزستانەوە بۆ عێراق لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بە رێژەی نزیکەی 50% دابەزیوە، هۆکارەکەشی بۆ سیاسەتەکانی نرخی گومرگەکانی ئێران گەڕاندەوە.

شەهلا عەموری، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەهواز، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، بەهای هەناردە لە 2.167 ملیار دۆلارەوە لە نۆ مانگی ساڵی رابردوودا، بۆ تەنیا 1.219 ملیار دۆلار لە 10 مانگی ئەمساڵدا کەمیکردووە، عەموری جەختی کردەوە، ئەم دابەزینە گەورەیە کێشەیەکی راستەقینەیە بۆ یەکێک لە گرنگترین دەروازە بازرگانییەکانی ئێران.

بەگوتەی عەموری کێشەی سەرەکی، لەوەدایە کە گومرگی ئێران نرخی کاڵا هەناردەکراوەکان بەپێی ستانداردی ناوخۆیی و بە نرخێکی زۆر بەرزتر لە نرخی راستەقینەی بازاڕی عێراق تۆمار دەکات، بۆ نموونە، “ئەگەر بازرگانێک کاڵایەک بە 100 دۆلار لە عێراق بفرۆشێت، گومرگ نرخەکەی بە 150 دۆلار تۆمار دەکات و بازرگانەکە ناچار دەکات 150 دۆلاری بیانی بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێکارە ناڕوون و نادادپەروەرە بازرگانانی ناچار کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو جیاوازییە 50 دۆلار لە بازاڕی ئازاددا بکڕن، کە ئەمەش زیانێکی گەورەی پێگەیاندوون و زۆرێکیانی ناچار کردووە بە یەکجاری لە بازاڕی عێراق بکشێنەوە.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەهواز هۆشداریدا، ئەگەر حکوومەتی ئێران پێداچوونەوە بەم سیاسەتەدا نەکات، ئەوا ئەو بازرگانییە کەمەی کە ماوەتەوە، بە تەواوی لەناودەچێت و هەناردەکارانی زیاتر رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.

هاوکات، حکومەتی عێراقیش لەلایەن خۆیەوە باجی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان بە رێژەی جیاواز لە نێوان 5% بۆ 30% بەرزکردووەتەوە، کە ئەمەش ئاڵنگارییەکی دیکەیە لە بەردەم جووڵەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتدا.

ڕەوشی ئەمنی و مرۆیی لە کۆبانێ؛ گرووپە چەکدارەکان دەستدرێژی دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتییان

سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە شاری کۆبانێ ڕاگگەیاند، تا ئێستا گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی شام لەناو گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ بوونیان هەیە و زۆر جار هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد و ماڵەکانیان تاڵان دەکەن.

ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا، گەمارۆی سەر شارەکە بەردەوامە و هاووڵاتییان ناتوانن لە شارەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە بچن؛ هەر کەسێک هەوڵی دەرچوون بدات، دەستگیر دەکرێت و دەڕفێنرێت. زیاتر لە مانگێکە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر گەمارۆی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتیی سووریا دایە.

شاری کۆبانێ کە خاڵێکی ستراتیژییە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندان جار بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD) و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و حکوومەتی سووریا. ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێکی مرۆیی و ئابووریی سەخت بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، کە بەهۆی داخستنی ڕێگەکانەوە دەستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان ڕاناگات.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی حزبی ئەمارجی لیبراڵی عێراقی دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 2/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە قوسەی مەحبوبە، سەرۆکی حزبی ئەمارجی لیبراڵی عێراقی و سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کرد.

لە دیدارەکەدا دۆخیی گشتیی عێراق و ناوچەکە و هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا.

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا دەكات

ڕۆژی دووشەممە 23ی شوباتی 2026 لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تۆم باراك نوێنەری سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا كرد.

لە دیدارەكەدا كە بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەی بوو، بەڕێز تۆم باراك وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی شەڕ و توندوتیژی و هەروەها هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سووریا و سەرگرتنی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات. ئاماژەشی بەوە دا كە بۆ كێشە و گرفتەكانی عێراقیش سوود لە حیكمەت و ڕێنوێنیی سەرۆك بارزانی وەربگیرێت. هەروها بەڕێز تۆم باراك جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە عێراق خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و لەو چوارچێوەیەشدا گرنگە ئەمەریكا پەیوەندی و شەراكەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر مێژوو و خەباتی گەلی كوردستان و ئەو تاوان و جینوسایدەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراوە و هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە و ویستویەتی كێشەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكرێن. لەبارەی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پابەندبوون بە دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی وا دەكات كە عێراق گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بچێت و بەرژەوەندیی گەلانی عێراقیش هەر لەوە دایە دەستوور جێبەجێ بكرێت و عێراق خاوەنی بڕیار و سەروەریی خۆی بێت و لەگەڵ سەرجەم دراوسێكاندا بەرژەوەندیی هاوبەشی هەبێت و شەراكەتی نێوان ئەمەریكا و عێراقیش ڕەچاو بكرێت. سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی داهاتووی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور و بنەماكانی فیدڕاڵیزم بێت و هەروەها لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان یاسا بۆ ئەوە بابەتانە دەربچێت كە هێشتا چارەسەر نەكراون و بۆ داهاتووی گەلانی عێراق گرنگ و پڕبایەخن وەك یاسای نەوت و گاز و ماددەی 140 و ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە جێبەجێبوونی بنەماكانی فیدڕاڵیزم لە دەوڵەتی عێراق.

لەبارەی بابەتی سەرۆككۆماریش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو مادام ئەو پۆستە پشكی گەلی كوردستانە پێویستە میكانیزمێكی شاییستە بۆ دیاریكردنی بەربژێری سەرۆككۆمار هەبێت كە دەرخەری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێویستیی پابەندبوون بە بەرژەوەندییەكانی عێراق ڕاشیگەیاند كە چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە كێ بەربژێری پۆستی سەرۆكوەزیران بێت و بەلای ئێمەشەوە گرنگە كە سەرۆكوەزیران پابەندی دەستوور و بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت.

پڕۆسەی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون و سەرۆك بارزانی هیوای خواست كە كێشەكانی ناوچەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و ناوچەكە دوور بێت لە شەڕ و توندوتیژی.

پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ کۆچی دوایی ویداد ئەرسەلان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی (ویداد خورشید ئەرسەلان) کەسایەتیی ناسراوی تورکمان و وەزیری پێشووتری حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان پێ گەییشت.

پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو ویداد ئەرسەلان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.

لە خودای گەورە داواكارین ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد ببێت و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی 23ی شوباتی 2026

👤
Live: 24 Today: 80 📊 Click Here