کەشناسی: پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-03-2026

کەش/ ئاسمان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو .

خێراى با / لەسەرخۆ – مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک

ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت.

مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10) کم دەبێت.

پلەکانی گەرما / کەمێک بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر 18 پلەی سیلیزی

پیرمام 13 پلەی سیلیزی

سۆران 14 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 1 پلەی سیلیزی

سلێمانی 16 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 17 پلەی سیلیزی

دهۆک 17 پلەی سیلیزی

زاخۆ 17 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 18 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 22 پلەی سیلیزی.

سبەى هەینی 13-03-2026

کەش/ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە ناوچەی جیاجیا دەبارێت پێشبینی دەکرێت زۆرترین ڕێژەی باران بارین لە سنوری ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین بێت . لە کاتەکانی شەو کەش ئاسایی دەبێتەوە .

خێراى با / لەسەرخۆ – مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک

ئاراستەی با / باکووری خۆرهەڵات دەبێت.

مەوداى بینین / لەنێوان ( 8 – 10) کم دەبێت.

پلەکانی گەرما / نزیک دەبێتەوەە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر 17 پلەی سیلیزی

پیرمام 13 پلەی سیلیزی

سۆران 12 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 1 پلەی سیلیزی

سلێمانی 15 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 17 پلەی سیلیزی

دهۆک 16 پلەی سیلیزی

زاخۆ 17 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 17 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 20 پلەی سیلیزی.

12-03-2026

‎هاوکاری دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی ٢ی سالی ٢٠٢٦ دابەش دەکرێت

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

دوای ئەوەی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى(٢) خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى) رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان ئەنجامدراون بۆ ئەم مەبەستە رۆژی پێنج شەممە بەرواری (١٢)ی ئاداری ٢٠٢٦، دەست بە دابەش کردنی موچە دەکرێت و رۆژی یەکشەممە ١٥ ی ئازار هاوکاری هاوپەیمانان دابەش دەکرێت.

دڵشاد شەهاب: ساڵح موسلم یەکێک بووە لە خەباتکارە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی خەباتکاری دیاری کورد ساڵح موسلم بۆ رۆژئاوای کوردستان کرد.

لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دڵشاد شەهاب، رایگەیاند، “ئەمڕۆ بە خەمگینییەکی زۆرەوە و بەناوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامادەبووین بۆ ماڵئاواییکردن و دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی خەباتکاری گەلەکەمان رێزدار ساڵح موسلم”کە یەکێک بو لە خەباتکارە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان و چەندین ساڵی تەمەنی خۆی لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کورد تەرخان کردووە. بێگومان بە کۆچی دوایی خەباتگێڕێکی مەزنی وەکو ئەو، بۆشاییەکی گەورە دروست دەبێت”.

هاوکات دڵشاد شەهاب پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی کەسوکار، هاوڕێیان، بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سەرجەم نەتەوەی کورد کرد و هیوای خواست خوای گەورە جێگەی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە هەموولایەک ببەخشێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا دڵشاد شەهاب جەختی لە بەردەوامیی رێبازی خەباتگێڕان کردەوە و روونیشی کردەوە، “ئێمە دڵنیاین خەباتگێڕانی دیکەی گەلەکەمان لەم پێناوەدا بەردەوام دەبن و ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە بەهۆی لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە تێکۆشەرەوە دروست بووە”.

سامی ئۆشانه‌ وه‌ك ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دیاری كرا

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ بازنه‌ی دهۆك له‌ پێكهاته‌ی مەسیحی وه‌ك ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دیاری كراو و ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌و لێژنه‌وه‌ كاری جدی ده‌كه‌ن بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماسییه‌كان.

دوێنێ شه‌و له‌ كاتی دیاریكردنی لێژنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، پێكهاته‌ی مه‌سیحیش توانیان ببنه‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی گرنگ، به‌تایبه‌ت لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كه‌ به‌ لێژنه‌ی سیادی داده‌نرێت، سامی ئۆشانه‌، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ پێكهاته‌ی مه‌سحی و له‌ بازنه‌ی دهۆك بۆ زاگرۆس ئه‌وه‌ی خسته‌روو: كه‌ ئه‌و بوه‌ته‌وه‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌مه‌ش بۆ پێكهاته‌ی مه‌سیحی گرنگه‌، چونكه‌ لێژنه‌كه‌ سیادیه‌ و گرنگه‌ و له‌و رێگایه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت خزمه‌ت بكه‌ن.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو: ده‌مانه‌وێت له‌و روانگه‌وه‌ گرنگی به‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسییه‌كان بدرێت.

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی ساڵح موسلیم

ڕۆژی پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆچی دوایی خواڵێخۆشبوو (ساڵح موسلیم) پەیامێکی هاوخەمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە:

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛

بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو ساڵح موسلیم، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری دەکەم و لە خودای گەورە داواکارم ڕۆحی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

انا للە و انا الیە راجعون

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/3/12 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێز مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

هەردوولا هاوڕا بوون کە هەستیاریی قۆناغەکە و مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا، دەخوازێت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکڕیز و تەبا بن، بۆ ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببنەوە و قەوارەی فیدراڵی و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بپارێزن.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە وەک هەمیشە لە هەوڵەکانی بۆ لێکنزیکخستنەوەی لایەنەکان و پاراستنی یەکڕیزی بەردەوام دەبێت، تاکوو هەرێمی کوردستان بە ئارامى و سەقامگیری ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنێت.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە. بەڕێز مامۆستا سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین دەستخۆشیی لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی بەڕێزیانی لەمبارەیەوە بە گرنگ نرخاند.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/3/12 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز ئەنتۆنیۆ تیانی، جێگرى سه‌رۆكوه‌زيران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، دوایين پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و کاریگەری و لێکەوتەکانی شەڕیان بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهانەوە تاوتوێ کرد.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر بنکەی سەربازیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان جێبەجێ بکات و ڕێگە نەدات چیتر گرووپە لەیاسادەرچووەکان، ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی وڵات بخەنە مەترسییەوە.

لای خۆیەوە، بەڕێز وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە هەموو شێوەیەک لە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان، هەروەها برەو بە هاریکاریی هاوبەشیان دەدەن بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.

لە کۆتاییی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ ئیتاڵیا دەربڕی بۆ ئەو پشتگیری و هاوکارییە بەردەوامانەی پێشکەش بە هەرێمی کوردستانی دەکات و ڕۆڵی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بەرز نرخاند.

یەکێتیی پیشەسازییەکان: خۆراک و دەرمان بۆ زیاتر لە ٦ مانگ بەردەستە

یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە وڵات خاوەنی خەزێنەیەکی ستراتیژیی خۆراک و دەرمانە کە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ بەشی پێداویستییە ناوخۆییەکان دەکات. ئەم دڵنیاییکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، لە گرژییەکی تونددایە.

گرنگترین خاڵەکانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە:

• کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ: عادل عەکاب، سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکان ڕایگەیاند: “سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز و داخستنی سنوورەکان لەلایەن هەندێک وڵاتەوە، بازاڕی ناوخۆیی عێراق بە ڕێژەی ٨٠٪ و زیاتر کاریگەر نابێت.”

• کەرتە دەستەبەرکراوەکان: جەختکرایەوە کە ماددە خۆراکییە بنەڕەتییەکانی وەک (ئارد، زەیت، شەکر) بە تەواوی دابین کراون. هەروەها کەرتەکانی دەرمان، پەلەوەر، ئاشەکان، ئالیک و شیرەمەنییەکان لە دۆخێکی جێگیردایە.

• سووتەمەنی و وزە: کەرتەکانی سووتەمەنی و غاز، لەگەڵ پیشەسازی چیمەنتۆ و ئاسن بە تەواوی پارێزراون، تەنانەت داوا دەکرێت ڕێگە بدرێت بڕی زیادە لەم بەرهەمانە هەناردەی دەرەوە بکرێت.

ئەم هەنگاوەی یەکێتیی پیشەسازییەکان وەک پەیامێکی ئارامی بۆ هاووڵاتیان هەژمار دەکرێت، تاوەکو دوور بکەونەوە لە دڵەڕاوکێی کڕینی زیادە و کۆکردنەوەی کەلوپەل لەبەر تیشکی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە.

بەڕێوەبەری بەندەرەکانی عێراق: جووڵەی دەریاوانی ئاسایی و پارێزراوە

فەرحان فەرتووسی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق جەختی کردەوە کە جووڵەی دەریاوانی لە بەندەرەکاندا بە شێوەیەکی ئاسایی و ئارام بەڕێوە دەچێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکاری نائاسایی گیراوەتە بەر بۆ ئاسانکاری لە هاتنی کاڵاکان، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.

خاڵە سەرەکییەکانی لێدوانەکە:

• پاپەندبوونی نێودەوڵەتی: بەندەرەکان بەپێی کۆدی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایشی کەشتی و بەندەرەکان (ISPS) کار دەکەن. ئەمەش دڵنیایی دەداتە کەشتییەکان لە ناوچەی چاوەڕوانی (Anchorage Area) و ناو بەندەرەکە کە بارودۆخەکە پارێزراوە.

• پەیام بۆ جیهان: فەرتووسی ڕایگەیاند کە بەندەرەکانی عێراق بە کاراییەکی بەرز و بەپێی مەرجەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO) کار دەکەن، ئەمەش پەیامێکی دڵنیاییە بۆ هەموو جیهان.

• ئاسانکاریی خێرا: بە ڕێنمایی و چاودێری ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیران، میکانیزمێکی خێرا دانراوە بۆ ئەوەی کاڵاکان بێ دواکەوتن لە بەندەرەکان بێنە دەرەوە.

• پاراستنی بژێوی هاووڵاتیان: ئەم ڕێکارانە بۆ ئەوەیە کە کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان لە مانگی ڕەمەزاندا بەبێ کێشە بگەنە دەست هاووڵاتیان و ئاسانکاری بۆ بازرگانان بکرێت، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئەمنییە سەختەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت.

وەزارەتی نەوت: غازی شل بۆ چەند مانگی داهاتوو بەشی پێداویستی هاووڵاتییان دەکات

وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیایی دا کە بڕێکی پێویست لە غازی شل (غازى چێشتلێنان) کۆگاکراوە کە بۆ چەند مانگی داهاتوو بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆ دەکات.

گرنگترین خاڵەکانی ڕاگەیەندراوەکە:

• پلانی دابەشکردن: عیزەت سابیر ئیسماعیل، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری غاز، ڕایگەیاند کە پلانێکی توندوتۆڵ دانراوە بۆ دابینکردنی غازی شل لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەبێ پچڕان.

• بەردەوامی کارەکان: کارمەندانی کۆمپانیای گشتیی پڕکردنەوە و خزمەتگوزاریی غاز بە درێژایی هەفتە کار دەکەن بۆ ئەوەی غازی شل بگاتە دەست هاووڵاتییان، وێستگەکانی غازی ئۆتۆمبێل، کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان و ناوچە پیشەسازییەکان.

• هاوکاری بۆ هەرێمی کوردستان: بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد کە بڕی پێویست لە غازیان لەبەردەستە و ئامادەیی وەزارەتیشی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی غازی شل بۆیان.

• چاودێری و وردبینی: داوا لە کۆمپانیاکانی دابەشکردن و پڕکردنەوەی غاز کراوە کە بەردەوام بن لە چاودێریکردنی پڕۆسەی دابەشکردنەکە بۆ ئەوەی هیچ گرفتێک بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.

کورتەی دۆخەکە:

ئەم هەواڵە لەگەڵ هەواڵەکانی “پیشەسازی” و “بەندەرەکان” ئەوە دەسەلمێنن کە حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دابینکردنی خۆراک، دەرمان و سووتەمەنییەوە دڵنیایی بداتە هاووڵاتییان کە بارودۆخی ناوچەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر بژێوییان دروست ناکات.

👤
Live: 28 Today: 877 📊 Click Here