‎هاتوچۆی هەولێر: لە ڕۆژانی جەژن هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسكیڵ قەدەغەیە

هاتوچۆی هەولێر پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسیكیڵ ڕادەگەیەنێ و دەڵێ: ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتییە، بۆ ئەوەی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ گەشتیاران دروست نەبێ.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەكی شۆفێرانی بارهەڵگر و ماتۆڕسیکیڵ بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە 20ـی 3ـی 2026 تاوەكوو 5ـی 3ـی 2026، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسیکیڵ قەدەغەیە.”

ئەو قەدەغەیەش، له کاتژمێر 7ـی بەیانی تا 12ـی شەو لەو ڕێگایانەی کە دەکەونە سەر شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان دەبێت.

هاتوچۆی هەولێر دەڵێ: “ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و دروستنەبوونی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆ و سەلامەتی گەشتیارانە لەم ڕێگایانە.”

‎کاروان ستونی وادەی کۆتاییهاتنی وەرزی عومرە و دەستپێکی حەجی ٢٠٢٦ ڕادەگەیەنێت

سبەی ڤیزای عومڕە ڕادەگیرێت.

کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان، ڕایگەیاند کە وادەی دەرچوونی ڤیزای عومرە بۆ ئەم وەرزە دیاریکراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی ١ی شەوال (٢٠/٣/٢٠٢٦)، دواین ڕۆژی دەرچوونی ڤیزا دەبێت .

هەروەها کاروان ستونی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ڤیزایان وەرگرتووە و گەشتیان نەکردووە دواین وادە بۆ چوونە ناو خاکی عەرەبستانی سعوودیە لەلایەن عومرەکارانەوە، ڕۆژی ١٥ی شەوال (٣/٤/٢٠٢٦) دەبێت .

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، کاروان ستونی ئاشکرای کرد، کە ڕۆژی ١ی ذو القعدە (١٨/٤/٢٠٢٦)، بە کۆتا ڕۆژی وەرزی عومرە لە سعوودیە دادەنرێت و جەختی کردەوە کە نابێت لەو ڕێکەوتە بەدواوە هیچ عومرەکارێک لە سعوودیە مابێتەوە و پێویستە هەمووان گەڕابێتنەوە.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حەج، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەمساڵی ٢٠٢٦ تەواو کراون، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ یان گۆڕانکاری بۆ وەرزی حەجی ٢٠٢٦ نەدراوە و کارەکان وەک خۆیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن.

لە کۆتاییشدا، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر لە ڕێکەوتی ١٨/٤/٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی چالاککردنی ڤیزای حەجی ئەمساڵ دەبێت و بەمەش قۆناغی کردەیی گەشتی حاجی ئەمساڵ ٢٠٢٦ دەستپێدەکات.

کوردانی تاراوگە هۆشداری دەدەن: میلیشیاکان عێراق پەلکێشی جەنگی ئەمریکا و ئێران دەکەن

لە چالاکییەکی نوێدا، ڕێکخراوی داکۆک لە هەردوو شاری لەندەن و مانچستەر گردبوونەوەی جەماوەرییان ئەنجامدا دژی هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق. پەیامی سەرەکی خۆپیشاندانەکە ئیدانەکردنی ئەو مەترسییانە بوو کە ئەم میلیشیایانە دروستی دەکەن لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی. ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ململانێکانی حەشدی شەعبی، مەترسییەکی گەورەیە و خاکی عێراق دەکاتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران. ڕێکخراوی داکۆک داوای هەڵوێستی جدی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا کرد بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەم گروپە چەکدارانە کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وێنەکان

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری راگه‌یاند، ڕۆژی پێنجشەممە (١٢ ی ئازاری ٢٠٢٦) مووچەی مانگی شوباتی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.

وتیشی، هاوکات لەهەمان ڕۆژدا مووچەی مانگی شوباتی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای (٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ کەمتر لە 92 دولار دابەزی

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی ،دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە جەنگەکە هێندە درێژە ناکێشێت و بەزوویی کۆتایی دێت.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە بۆ کەمتر لە 92دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بەرزببووەوە لە نزیکەی 120 دۆلار .

هەرچەندە شەوی رابردوو لە کاردانەوەی خێرای بازاڕ بۆ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ئاستی 84 دۆلار دابەزی، دواتر کەم کەم نرخەکەی بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش زیاتر لە 6 دۆلار دابەزی و بەرمیلێکی بە نزیکەی 88 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نرخی نەوت بۆ کەمتر لە 90 دۆلار دابەزی

لێدوانێكی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، نرخی نەوت بۆ كەمتر لە 90 دۆلاری ئەمەریكی دادەبەزێنێت.

شەوی ڕابردوو 9/3/2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: “جەنگی ئیسرائیل – ئێران بەم زوانە کۆتایی دێت،” ئەو دڵنیاییەی ترەمپ نرخی نەوتی گەیاندە کەمتر لە 90 دۆلار کە لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو گەیشتبووە 120 دۆلاری ئەمەریکی.

هەر لەمبارەیەوە، ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاوی كردووەتەوە: “گوتەکانی ترەمپ ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی جیهان هەیە، ئەم جەنگەی ئیسرائیل – ئێران، نرخی نەوتی گەیاندە ئاستێکی بەرز کە لە ساڵی 2022ەوە نرخی نەوت نەگەیشتبووە ئەو ئاستە بەرزە.”

لەبارەی پێدانی پێنج مووچە، بانكێكی بەشدار لە (هەژماری من) روونكردنەوە دەدات

بانکی جیهان كە بانكێكی بەشداری پرۆژە (هەژماری من)ـە سەبارەت بە پێدانی بڕی قەرزی پێنج مووچە و خزمەتگوزاری (تەمویلکردن بەشێوازی مورابەحە) پێدانی پارە روونكردنەوە دەدات.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە: “لە چەند ڕۆژی رابردوودا هەواڵێك بڵاو کراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە گوایە بانکی جیهان قەرز دەداتە هاووڵاتیانی بەشداربوو لە (پرۆژەی هەژماری من)، بە بڕی پێنج مووچە بۆ کڕینی کاڵا و شتومەك.”

بانكەكە دەڵێت: “بە پێویستیی دەزانین هەواڵەکە ڕاست بکرێتەوە، بانکی جیهان هیچ مامەڵەیەك ناکات پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت و هیج جۆرە قەرزێك نادات بە هاووڵاتییان، گشت خزمەتگوزارییەکان بەپێی ڕێنوێنی دەستەی چاودێریی شەرعیی بانك ئەنجام دەدرێن.”

جەخت دەكاتەوە: “ئەوەی کە هەیە و پەسەندکراوە (قەرز نیە)، بەڵکوو بە شێوازی (تەمویلی مورابحەی ئیسلامی و تەوکیلە)، ئەمەش ڕێگەپێدراوە لە ڕووی شەرعییەوە.”

ڕاپۆرتە ئابوورییەکان: 100 ملیار دۆلار خەرج کراوە و کورتھێنانیش بەردەوامە

ئەحمەد عەسکەر، پسپۆڕی کاروباری وزە، ڕایگەیاند، بەردەوامیی قەیرانی کارەبا لە عێراق سەرەڕای خەرجکردنی دەیان ملیار دۆلار لە ساڵانی ڕابردوودا، گوزارشت لە شکستێکی ڕوون دەکات لە بەڕێوەبردنی یەکێک لە گرنگترین دۆسییە خزمەتگوزارییەکانی وڵاتدا.

عەسکەر لە لێدوانێکیدا بۆ (بەغداد ئەلیوم) گوتیشی: “دۆسیەی کارەبا یەکێکە لەو دۆسییانەی زۆرترین سامانی گشتیی تێدا بەفیڕۆ دراوە لەدوای ساڵی 2003وە.

خەمڵاندن و ڕاپۆرتە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق بڕی زیاتر لە 70 بۆ 100 ملیار دۆلاری لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزەدا خەرج کردووە، بێ ئەوەی ئەم پارە زەبەلاحە ڕەنگدانەوەی لەسەر باشبوونی باری خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان هەبێت.”

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم خەرجییە گەورەیە، پلاندانانێکی ستراتیژیی ڕاستەقینەی بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لەگەڵدا نەبووە، زۆر لە پڕۆژەکان بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردن، گەندەڵی و گرێبەستە بێبەرنامەکانەوە یان پەک خراون، یان تەواو نەکراون. جگە لەوەش، لاوازیی ژێرخانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن، هۆکاری کۆکەرەوە بوون بۆ بەردەوامیی ئەو کورتھێنانە گەورەیەی لە نێوان قەبارەی بەرهەمهێنان و خواستە زۆرەکەی سەر کارەبا هەیە.

ئەحمەد عەسکەر، پسپۆڕی کاروباری وزە، ڕوونی کردەوە کە ئێستا عێراق نزیکەی 28 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا پێویستی ڕاستەقینە لە کاتی لوتکەی خواستدا دەگاتە نزیکەی 50 هەزار مێگاوات، ئەمەش واتە بۆشاییەکی گەورە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و کەرتە ئابوورییەکاندا هەیە.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان: به‌ كارتی ئه‌لیكترۆنی ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی غاز ده‌كرێت

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ڕاگه‌یاندراوێكی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ به‌ كارتی ئه‌لیكترۆنی ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی غازی مالان ده‌كرێت و 30 رۆژ جارێك دوو بتڵ ده‌درێت.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌یه‌:

بە مەبەستی کۆنترۆکردنی هەڵکشانی نرخی غازی شلی ماڵان، وەکوو هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ 11ی ئاداری 2026 لە ڕێگای بریکارەکانی گەڕۆکەوە و بە کارتی ئەلکترۆنی دەست بە دابەشکردنی غاز بۆ ماڵان دەکات. پرۆسەکە 30 ڕۆژ جارێك هەر هاوڵاتییەک دەتوانێت لە ڕێگای ئەم سیستەمە و بە کارتی ئه‌لیكترۆنی 2 بوتڵی غاز بە نرخی فەرمی 8,500 دینار لە ڕێگای بریکارەکانی غازفرۆشەکانی گەڕۆک وەربگرێت.

هەر ئەمڕۆش لە چەند گەڕەکێکی پارێزگای هەولێر بوتڵی غازی ماڵان بەنرخی فەرمی 8٫500 هەشت هەزارو پێنج سەد دینار دەفرۆشرێتە هاووڵاتیان.

لە ڕۆژانی داهاتووشدا لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکانی دیکە سیستەم و ڕێگای گونجاو دەگیرێتەبەر.

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ زیاتر لە 96 دۆلار بەرزبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 4% بەرزبووەوە و دووبارە گەیشتەوە بە 96 دۆلار.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای ئەوە دێت، بازرگانان پێیانوایە ئەو 400 ملیۆن بەرمیلەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی 7 بڕیاریدان داوە بیخەنە بازاڕەکانەوە، بەس نییە بۆ ئەوەی هێمنی بگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕی نەوت.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ بەڕێژەی 8.8٪ بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 100 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرا بەلام دوای دابەزی بۆ 96 دولار.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبووەوە بۆ 95 دۆلار بەلام لە ئێستادا نرخەکەی دابەزیوە بو 90.73$ سەنت.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، 32 ئەندامی ئاژانسەکە بەبڕی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەکی ستراتیژی خۆیان دەخەنە بازاڕەکانەوە کە دەبێتە گەورەترین خستنەڕووی نەوتی یەدەکی ستراتیژی لە مێژووی دامەزراندنی ئاژانسەکە لە دوای ساڵی 1973 بە دواوە.

👤
Live: 63 Today: 908 📊 Click Here