نەوزاد شێخ کامیل: زەیت لە بەشەخۆراک نەماوە

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، کو ئەو زەیتەی ئێستا لای بریکارەکان دەدرێت هی بەشەخۆراکی مانگی حەوت و هەشتی ساڵی ڕابردووە و هێشتاش لەبەشەخۆراکی یەکەمی ئەمساڵ زەیت دابەش نەکراوە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی ڕایگەیاند: هاتنی زەیت نەوەستاوە و بەردەوام دێت و دابەش دەکرێت، بەڵام لە عێراق بەرهەمهێنانی کەمە و بەکەمی دەنێردرێت.

هەروەها نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە ئاماژەی بەوەش دا، ڕۆژانە باری زەیت بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکانیان دێت و دابەشی سەر بریکارەکان دەکرێت و پڕۆسەکە بەردەوامە، زەیتی بەشەخۆراک لە کارگەیەکی پارێزگای بابل بەرهەم دەهێندرێت و هاوردە ناکرێت، بۆیە هەمیشە گرفتی کەمیی بەرهەمی هەیە

رێباز یونس

حکومەتی هەرێمی کوردستان 10 رۆژ پشووی فەرمی راگەیاند

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، سبەی پێنجشەممە (19ی ئاداری 2026) تاکوو یەکشەممە (29ی ئاداری 2026) پشووی فەرمی دەبێ

بەبۆنەی هاتنی جەژنەکانی ڕەمەزان و نەورۆز و بەپێی ڕۆژژمێری فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سبەی پێنجشەممە (19ی ئاداری 2026) تاکوو ڕۆژی یەکشەممە (29ی ئاداری 2026)، لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێ. هاوکات لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، دەوام بەشێوەی ئێشکگری بەردەوام دەبێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

سامی ئۆشانا: بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌باره‌ی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق كاریگه‌ریی زۆری كردوه‌ته‌ سه‌ر بازاڕی جیهان و جووڵه‌ی بازرگانی

ئه‌ندامێكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، باس له‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی عێراق به‌بۆریی كوردستان- جەیهاندا بڕوات، ده‌ڵێت: “له‌ ئاستی ئه‌مه‌ریكا و ته‌واوی وڵاتانی جیهان كه‌ په‌یوەستن به‌ پرسی نه‌وت و وزه‌وه‌، سوپاس و ده‌ستخۆشی ده‌كه‌ن له‌و هه‌نگاوه‌ و ئه‌مه‌ ده‌خه‌ری نیه‌تباشیی كوردستانه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كاندا”.

سامی ئۆشانا، بۆ زاگرۆس گوتی: “دوای ئەوەی هەردوو حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان رێک کەوتن، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابه‌زینی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و جووڵه‌كانی بازرگانی له‌ بازاڕەكانی جیهان زیاتر بووه‌، له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانی تایبه‌ت به‌ كرینی وزه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كاریگه‌ریی هه‌رێمی كوردستان چه‌نده‌ به‌هێزه‌ له‌سه‌ر بڕیار و جووڵه‌ی بازرگانی له‌ ناوچه‌كه‌ و هیوادارین دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌، بخێرا حكوومه‌تی عێراق هه‌نگاو بنێت بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانیی هه‌رێمی كوردستان له‌و خاڵانه‌ی كه‌ وه‌ك پێشنیار پێشكه‌شی كردبوون، چونكه‌ به‌شێكی زۆریان ئابووریی كوردستان و عێراقیان له‌سه‌ر به‌نده‌» .

گوتیشێ: “به‌م رێکكه‌وتنه‌ ده‌ركه‌وت كوردستان پره‌نسیبی نیوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێ كرووه‌ و هەرگیز بیری له‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی سیاسی نه‌كردووه‌، نیگەرانییەکانی رەواندەوە و گەشبینی بۆ دابینکردنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بازاڕی وزە گەڕاندووەتەوە کە بەهۆیەوە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت چه‌ند دۆلارێك دابه‌زیوه‌، بەهۆی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز، هاوکات بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان سفر بووەتەوە، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ هیوا و ده‌رچه‌یه‌ بۆ گه‌لی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌بێت به‌كه‌م سه‌یری نه‌كرێت.»

سەرۆکی حکومەت و شای ئوردن دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/18، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردن ،دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئوردن و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەیان تاوتوێ کرد.

هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان و هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ئوردن و وڵاتانی ناوچە کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە قەیرانی ئابووری و دەرهاویشتەکانی لەسەر عێراق و ناوچەکە کرا و ئاماژە درا کە حکومەتی هەرێم بۆ یارمەتیدان و سووککردنی باری قورسی ئابووری وەک هەنگاوێکی یارمەتیدەر، ڕێگەی بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی دا.

پرسەنامەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

بۆ هەڤاڵی بەڕێز (ئارام جەباری)

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوای برای بەڕێزتان خوالێخۆشبوو(مەهدی ئەحمەد مامە جەباری) مان پێگەیشت، بە خەمناکییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی هێژا و کەسوکار و بنەماڵە بەڕێزەکەتان دەکەین، خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین. ئومێدەوارین دڵنەوایی و هاوخەمی هەڤاڵ و دۆست و ئازیز و خزمانی خوالێخۆشبوو ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە و لە کۆستی دیکە بە دوور بن.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ١٨ئاداری ۲۰۲٦

داهاتی کوردستان لە نێوان مەزادی تیکساس و مێزی قومار

عەبدوباست عومەر حەمە

کاتێک باس لە داهاتی کوردستان دەکرێت، یەکسەر وێنەی مێزە ساردەکانی بانک و چاوەڕوانییە درێژخایەنەکانی فەرمانبەران بۆ مووچە و شۆستە نیوەچڵەکانی شارەکان دێتە بەرچاو، کەچی لەولاوە و لەوپەڕی دنیاوە، هەواڵی بەشداریی سەرکردەیەکی وەک بافڵ تاڵەبانی لە مەزادە گرانبەهاکانی ویلایەتی تیکساس بۆ کڕینی چەکی دەگمەن بە نرخێکی وەک دە هەزار دۆلار، دەبێتە مەتەڵێکی ئاڵۆز لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگەدا. ئەم دیمەنە ناوازەیە گوزارشت لە پارادۆکسێکی قووڵ دەکات، کە تێیدا داهاتی نیشتمان لە ململانێیەکی سەختدایە بۆ دابینکردنی بژێوی، بەڵام لە هەمان کاتدا خولیا تایبەتییەکانی دەسەڵات سنوورەکان دەبڕن و دەگەنە هۆڵە پڕ لە شکۆکانی ئەمریکا. تیکساس کە بە ناوەندی جیهانیی چەک و مەزادە مێژووییەکان دەناسرێت، تەنیا شوێنی کڕینی ئامێرێکی جەنگی نییە، بەڵکو بەپێی دەنگۆ و زانیارییەکان، دەبێتە گۆڕەپانی جۆرەها خولیای تری وەک قومار کە تێیدا پارەی گشتی وەک گرەو لەسەر مێزی کات بەسەربردنی گرانبەها بەکار دەهێنرێت. لە ڕاستیدا، کاتێک داهاتی کوردستان لەبری ئاوەدانی، دەچێتە ناو بازنەی مەزادە نێودەوڵەتییەکان و سەرکێشییەکانی سەر مێزی قومار، ئەو پرسیارە جەوهەرییە لای هاووڵاتی دروست دەبێت کە چۆن دەکرێت سەرمایەیەک هەبێت بۆ راوکردنی پارچە چەکی “کۆلێکتەر” و دۆڕاندنی هەزاران دۆلار لە کایە تایبەتەکاندا، بەڵام هەمان ئەو سەرمایەیە لە خەزێنەکانی وڵاتدا وون بێت و نەتوانێت برینی پڕۆژەکان سارێژ بکات. ئەمە وێنەیەکە کە تێیدا حەزە تایبەتییەکان و ئارەزووی قومارکردن بە داهاتی گشتی، برینێکی قووڵ لە دڵی خەڵکدا دروست دەکەن و داهاتی کوردستان تەنیا لەسەر مێزە تاقانەکانی ئەمریکا و دوور لە دەستی هەژاران دەدرەوشێتەوە.

‎نرخی نەوت 114 دۆلاری تێپەڕاند

19ی ئاداری 2026 — بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شۆکێکی گەورەیان بەرکەوت و نرخی نەوت بازدانێکی مێژوویی بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای پەرەسەندنی مەترسیداری گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی کەنداو.

هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی هاوبەشیان کردە سەر کێڵگە ستراتیژییەکانی غازی ئێران لە ناوچەی کەنداو. ئەم هێرشانە بوونە هۆی تێکچوونی باری تەناهی و دروستبوونی ترسێکی زۆر لای وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە.

تاران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد و داوای هێرشکردنە سەر ژێرخانە وزەییەکانی ناوچەکەی کرد. دواتر، ناوچەی رەس لافان لە قەتەر کرایە ئامانج و کۆمپانیای (QatarEnergy) پشتڕاستی کردەوە کە ئاگرێکی گەورە لە دامەزراوەکانیاندا کەوتووەتەوە و زیانی زۆری لێکەوتووەتەوە، ئەم رووداوە وایکرد حکومەتی قەتەر فەرمان بە ژمارەیەک دیپلۆماتی ئێرانی بکات خاکی وڵاتەکەی جێبهێڵن.

​ئەم ئاڵۆزییانە ڕاستەوخۆ رەنگی دایەوە لەسەر نرخەکانی نەوت لە جیهاندا و نرخی نەوتی برێنت بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە 114.07 دۆلار. هەروەها نرخی تەکساسی ئەمریکیش گەیشتە دەوروبەری 96.46 دۆلار.

​شارەزایان پێیان وایە ئەم هەڵچوونە خێرایەی نرخەکان تەنها سەرەتایەکە و ئەگەر دۆخەکە هێور نەبێتەوە، بازاڕە داراییەکانی جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵتر دەبنەوە.

‎هاتوچۆی هەولێر: لە ڕۆژانی جەژن هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسكیڵ قەدەغەیە

هاتوچۆی هەولێر پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسیكیڵ ڕادەگەیەنێ و دەڵێ: ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتییە، بۆ ئەوەی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ گەشتیاران دروست نەبێ.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەكی شۆفێرانی بارهەڵگر و ماتۆڕسیکیڵ بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند: “لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە 20ـی 3ـی 2026 تاوەكوو 5ـی 3ـی 2026، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆرسیکیڵ قەدەغەیە.”

ئەو قەدەغەیەش، له کاتژمێر 7ـی بەیانی تا 12ـی شەو لەو ڕێگایانەی کە دەکەونە سەر شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاکان دەبێت.

هاتوچۆی هەولێر دەڵێ: “ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و دروستنەبوونی جەنجاڵی و ئاستەنگی هاتوچۆ و سەلامەتی گەشتیارانە لەم ڕێگایانە.”

‎کاروان ستونی وادەی کۆتاییهاتنی وەرزی عومرە و دەستپێکی حەجی ٢٠٢٦ ڕادەگەیەنێت

سبەی ڤیزای عومڕە ڕادەگیرێت.

کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان، ڕایگەیاند کە وادەی دەرچوونی ڤیزای عومرە بۆ ئەم وەرزە دیاریکراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی ١ی شەوال (٢٠/٣/٢٠٢٦)، دواین ڕۆژی دەرچوونی ڤیزا دەبێت .

هەروەها کاروان ستونی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ڤیزایان وەرگرتووە و گەشتیان نەکردووە دواین وادە بۆ چوونە ناو خاکی عەرەبستانی سعوودیە لەلایەن عومرەکارانەوە، ڕۆژی ١٥ی شەوال (٣/٤/٢٠٢٦) دەبێت .

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، کاروان ستونی ئاشکرای کرد، کە ڕۆژی ١ی ذو القعدە (١٨/٤/٢٠٢٦)، بە کۆتا ڕۆژی وەرزی عومرە لە سعوودیە دادەنرێت و جەختی کردەوە کە نابێت لەو ڕێکەوتە بەدواوە هیچ عومرەکارێک لە سعوودیە مابێتەوە و پێویستە هەمووان گەڕابێتنەوە.

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حەج، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەمساڵی ٢٠٢٦ تەواو کراون، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ یان گۆڕانکاری بۆ وەرزی حەجی ٢٠٢٦ نەدراوە و کارەکان وەک خۆیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن.

لە کۆتاییشدا، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر لە ڕێکەوتی ١٨/٤/٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی چالاککردنی ڤیزای حەجی ئەمساڵ دەبێت و بەمەش قۆناغی کردەیی گەشتی حاجی ئەمساڵ ٢٠٢٦ دەستپێدەکات.

کوردانی تاراوگە هۆشداری دەدەن: میلیشیاکان عێراق پەلکێشی جەنگی ئەمریکا و ئێران دەکەن

لە چالاکییەکی نوێدا، ڕێکخراوی داکۆک لە هەردوو شاری لەندەن و مانچستەر گردبوونەوەی جەماوەرییان ئەنجامدا دژی هەژموونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق. پەیامی سەرەکی خۆپیشاندانەکە ئیدانەکردنی ئەو مەترسییانە بوو کە ئەم میلیشیایانە دروستی دەکەن لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی. ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ململانێکانی حەشدی شەعبی، مەترسییەکی گەورەیە و خاکی عێراق دەکاتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران. ڕێکخراوی داکۆک داوای هەڵوێستی جدی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا کرد بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەم گروپە چەکدارانە کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وێنەکان

👤
Live: 36 Today: 804 📊 Click Here