بەنزینی پارتی یان بەنزینی یەکێتی، باجەکەی هەر هاوڵاتیی دەیدات!

محمد زیاد عەزیز

لە گەرمەی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستاندا، ململانێی حیزبەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت نرخی سووتەمەنیش بووەتە کەرەستەیەکی ڕاگەیاندن بۆ شکاندنی یەکتری و بانگەشەی هەڵبژاردن. کاتێک لە میدیاکاندا دەبیستین کە پارتی و یەکێتی شانازی بەوەوە دەکەن کە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کام حیزبدا بەنزین بە ١٠٥٠ یان ١١٥٠ دینار دەفرۆشرێت، ئەمە لە ڕاستیدا نیشانەی خزمەتکردن نییە، بەڵکو نیشانەی دابەشبوونی ئابووریی وڵاتە بەسەر دوو زۆنی قاچاخچێتی و قۆرخکاریدا. بەرپرسان حەز دەکەن ئەم جیاوازییە کەمەی نرخ وەک “دەستکەوت” و خەمخۆری بۆ هاوڵاتییان پیشان بدەن، و کاتێکیش فەرمان دەردەکەن کە دەبێت بەنزینی بازرگانی لە ٨٥٠ دینار زیاتر نەبێت، وەها وێنای دەکەن کە ئیتر کێشەکە چارەسەر بووە. بەڵام لە واقیعدا، هاوڵاتییەکی ئاسایی کەمترین باکی بەوە هەیە کە کام حیزب لەسەر شاشەکان خۆی دەکاتە پاڵەوانی هەرزانکردنی ٥٠ دینار لە لیترێک بەنزیندا؛ ئەوەی بۆ شەقام گرنگە، تێچووی گشتیی ژیان و توانای بژێوییە لە هەرێمێکدا کە ڕۆژانە نەوت دەردەهێنێت کەچی دانیشتووانەکەی دەبێت چەندین کاتژمێر لە ڕیزدا بوەستن بۆ کڕینی چەند لیترێک سووتەمەنی. خەڵک پرسیاری ئەوە ناکات ئایا بەنزینخانەکە لە زۆنی زەردە یان سەوز، بەڵکو پرسیار دەکات بۆچی ئەو نەوتەی لێرە دەردەهێنرێت بە ٤٥٠ دینار دەدرێتە پارێزگاکانی تری عێراق، بەڵام هاوڵاتیی کورد دەبێت لە وێستگەکاندا تا ١٣٠٠ یان ٢٠٠٠ دینار بداتە هەمان بەنزین؟.

گەورەترین فێڵی ئەم شەڕە میدیاییە ئەوەیە کە دەیانەوێت تێڕوانینی شەقام لە “داواکردنی مافی بنەڕەتی”یەوە کورت بکەنەوە بۆ “ڕازیکردن بە کەمترین زیان”. کاتێک تێکڕای داهاتی خێزانێک لە هەرێمدا تەنیا دەوروبەری ٤٠٠ دۆلارە، دانی پارەیەکی خەیاڵی بە سووتەمەنی واتە وێرانکردنی بودجەی خێزانەکە. ئیتر چ جیاوازییەک دەکات ئەگەر بەنزینخانەکە سەر بە کۆمپانیاکانی پارتی بێت یان یەکێتی، کاتێک لە کۆتاییدا ئەو کەسەی دەست دەباتە گیرفانی و باجی ئەم قۆرخکارییە دەدات هەر هەمان هاوڵاتیی هەژارە کە مووچەکەیشی بڕاوە؟. کاتێک حکومەت خۆی ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆ تەرخان دەکات، کەچی بەرهەمەکەی لەلایەن پاڵاوگە حیزبییەکانەوە بە نرخی بازرگانی دەفرۆشرێتەوە بە خەڵک، ئەمە پێی دەوترێت تاڵانکاریی ڕێکخراو نەک قەیرانی سووتەمەنی. هەربۆیە، دروشمە حیزبییەکان هەرچەندە بریقەدار بن، ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە هەردوو حیزب شەریکن لەم سیستەمەدا و شەڕی سەر شاشەکانیشیان تەنیا بۆ ئەوەیە خەڵک بیر لەوە نەکاتەوە کە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم پاڵاوگە و کۆمپانیایانە کێن.

ئیفلیجکردنی دامەزراوەکان لە سێبەری ململانێ حزبییەکاندا

ئەحمەد نەوزاد ئیبراهیم


پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە هەرێمی کوردستان، تەنها قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو دەرخەری نەخۆشییەکی درێژخایەنی ناو سیستەمی سیاسیی هەرێمە. ئەم چەقبەستووییە، کە بە پلەی یەکەم بەرهەمی ململانێ و بەرژەوەندیخوازیی هێزە سەرەکییەکانە—بەتایبەت پارتی و یەکێتی—سەلمێنەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ئیرادەی حزبی بەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا زاڵ کراوە. پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، کە دەبوو پرۆسەیەکی دیموکراسی و دامەزراوەیی بێت، گۆڕدراوە بۆ یارییەکی کاتکوشتنی بێ کۆتا، وەک ئەوەی جومگەکانی ژیان لەسەر وەستانی کات و چاوەڕوانیی ڕێککەوتنی ئەوان گیرسێتبێتەوە.
لە ڕووی کارگێڕییەوە، مانەوەی هەرێم لەم بۆشاییەدا، بووەتە هۆی پەلوپۆخستن و ئیفلیجکردنی دامەزراوە گشتییەکان. کاتێک دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە دۆخی “کاربەڕێکەر”ێکی لاوازدایە، بڕیارە ستراتیژییەکان سڕ دەکرێن و تەنها ڕۆتینێکی ئیداریی بێگیان باڵادەست دەبێت. لەم نێوەندەشدا، دامەزراوەکان نەک هەر وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان نین، بەڵکو دەنگ و داواکارییەکانی خەڵک لەناو دەنگەدەنگی ململانێ سیاسییەکاندا بە تەواوی پشتگوێ دەخرێن و هیچ بەهایەکیان بۆ نامێنێت.
دەرهاویشتە ئابوورییەکانی ئەم قەیرانە، لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردان. نەبوونی دیدگایەکی ڕوونی ئابووری و سەقامگیریی سیاسی، ژینگەی وەبەرهێنانی وێران کردووە و بازاڕی خستووەتە دۆخێکی نادڵنیایی قووڵەوە. داهێنانە سەیرەکانی ئەم جۆرە حوکمڕانییە، وەک دروستکردنی سیستەمی “لەتە مووچە” و دابەشکردنی پارە بە شێوەی وەرزی، بوونەتە ناسنامەی ئیدارەدانی هەرێم. لەولاشەوە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، و ڕێگاوبان لەوپەڕی خراپیدان و هێشتا وەک پێداویستییەکی نایاب و لوکس مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، نەک وەک مافێکی سادەی هاوڵاتیبوون.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، ئەم درزە گەورەیەی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە، متمانەی بە سیستەمەکە لە ڕەگەوە هەڵتەکاندووە. هاوڵاتیان لە نێوان بێئومێدی و توڕەییدا دەژین، کە ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەرهەڵدانی ناسەقامگیریی و تەقینەوەی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای ئەوەی چارەسەرەکە لە یەکگرتوویی و وەلانانی بەرژەوەندییە تەسکەکاندایە، بەڵام دەستەبژێری سیاسی بە جۆرێک لە واقیعی خەڵک دابڕاون، کە بەوپەڕی بێباکییەوە دەڕواننە نەهامەتییەکانی چینی ئاسایی و هیچ نرخ و بەهایەکی ئەخلاقییان بۆ ئیرادەی گشتی نەهێشتووەتەوە.

مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی تۆپەکە بۆ یەکتر هەڵدەدەن، بەڵام خەڵک چیتر نایەوێت سەیری یارییەکە بکات!

ڕێباز عوسمان محمد

ململانێی نێوان سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی، بەتایبەتی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، چیتر تەنیا ناکۆکییەکی سیاسیی ئاسایی نییە، بەڵکو بووەتە یارییەکی تەلەفزیۆنیی بێزارکەر کە تێیدا هەردوو لا تەنیا خەریکی هەڵدانی تۆپی بەرپرسیارێتین بۆ گۆڕەپانی یەکتری. قەیرانی ڕاستەقینە لە هەرێمی کوردستاندا لە خودی ناکۆکییەکاندا نییە، بەڵکو لەو سوڕە بەتاڵەدایە کە سیاسەتی ئەم وڵاتەی تێدا گیری خواردووە؛ سوڕێک کە تێیدا کۆبوونەوەکان تەنیا دەبنە هۆی ڕێکخستنی کۆبوونەوەی تر، دانوستانەکان تەنیا دانوستانی تر بەرهەم دەهێنن، و لێدوانە ئاگرینەکان تەنیا بۆ وەڵامدانەوەی لێدوانەکانی پێشوو دەدرێن. لەم نێوەندەشدا، ئەوەی دەبوو ببێتە مەرجەعی یاسایی و چاودێری واتە پەرلەمان، بە تەواوی ئیفلیج کراوە، و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتیش بووەتە چیرۆکێکی خەیاڵیی بێکۆتایی. هاوڵاتییان کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بەرەو سندوقەکانی دەنگدان چوون بۆ ئەوەی دامەزراوەکانیان بۆ کارا بکرێتەوە، ئێستا دەبێت وەکو بینەرێکی ماندوو لەسەر کورسییەکانی چاوەڕوانی دابنیشن و سەیری ئەم یارییە سیاسییە بکەن کە هیچ ئەنجامێکی نییە جگە لە بەفیڕۆدانی کات و سامانی وڵات.

شەقامی کوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە چیتر باکی بەوە نەماوە کام حیزب زۆرترین پۆست دەبات یان کام سەرکردە لە میدیاکاندا خۆی بە براوە نیشان دەدات؛ تاکە پرسیارێک کە بۆ خەڵک گرنگە ئەوەیە: ئایا ئەم یارییە بێمانایە کەی کۆتایی دێت؟ کاتێک دەسەڵاتداران خەریکی دابەشکردنی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوتن لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە، شەقام بەدەست بێمووچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنێت. سەرکردەکان پێیان وایە بە درێژکردنەوەی کاتی یارییەکە دەتوانن مەرجەکانیان بەسەر یەکتریدا بسەپێنن، بێئاگا لەوەی کە خەڵک مێژوویەکی درێژی لەگەڵ ئەم شانۆگەرییانەدا هەیە و زۆر باش دەزانێت کە لە کۆتاییدا حیزبەکان لەسەر دابەشکردنی پارەکە ڕێکدەکەون و ئەوەی وەک هەمیشە دەدۆڕێت تەنیا هاوڵاتیی هەژارە. تا ئەو کاتەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ بردنەوەی دەسکەوتی حیزبی بێت نەک بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا، ئەوا ئەم یارییە هەر بەردەوام دەبێت و بینەرەکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بێئومێد دەبن و واز لە سەیرکردنی دەهێنن.

گەندەڵى تەواوو بوو !

ئومێد عومەر

پێدەچێت دەسەڵاتدارانی عێراق باوەڕیان وابێت کە گەندەڵی تەنها ئەو کاتە بوونی هەیە کە لە مانشێتی ڕۆژنامەکاندا دەنووسرێت، بۆیە کاتێک ئۆپەراسیۆنە پاڵەوانانەکەی “فەجر”ـیان بە گرتنی ٤٧ بەرپرس ڕاگەیاند، وەها خۆیان نیشان دا کە ئیتر سەروەریی یاسا باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە و هیچ کەسێک ناتوانێت لە سزای حکومەت دەرباز بێت. بەڵام هەر ئەوەندەی کە سەرنجی کامێراکان لەسەر ئەم دراما میدیاییە لاچوو و هەواڵەکان بێدەنگ بوون، ئیتر وڵات بە تەواوی گەڕایەوە سەر هەمان سیستەمی دابەشکردنی پشکی دزییەکان؛ چونکە لە واقیعدا گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا قەیرانێکی تاکەکەسی نییە تا بە گرتنی چەند دەڵاڵێک چارەسەر ببێت، بەڵکو خودی سیستەمەکەیە. ئەوەی بینیمان تەنها قوربانیکردنی چەند کەسێک بوو بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی جەماوەر و پاراستنی سەرۆکە گەورەکان، کە ئەمەش دروست وەکو ئەوە وایە بڵێیت دارێکی گەنیومان بڕیوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها گەڵاکانیمان هەڵوەراندووە و ڕەگەکەی لەژێر زەویدا قوڵتر ڕۆچووە.

کاتێک حکومەت خۆی دەڵێت گەندەڵی هەموو جومگەکانی تەنیوە، ئیتر بە چ لۆژیکێک داوا لە هاوڵاتییەک دەکات باوەڕ بەو شانۆگەرییە بکات کە تەنها بە گۆڕینی چەند دەموچاوێک لەسەر کورسییەکان، وڵات بووەتە بەهەشتی دەستپاکیی و ئیتر کەس پارە ناخوات؟. تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی نوێ هەمان ئەو دەسەڵاتە ڕەهایانە بە میرات وەردەگرن کە هیچ چاودێرییەکی سەربەخۆیان لەسەر نییە، ئەوا بە بێدەنگبوونی میدیاکان گەندەڵی کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو تەنها شێوازی دزینەکە بۆ سەردەمێکی نوێ مۆدێرنتر کراوە و دزەکان فێربوون چۆن بەبێ دروستکردنی ژاوەژاو و لەژێر پەردەی “چاکسازی”ـدا سامانەکە هەڵلووشن.

باجی لاوازیی ئازادیی ڕاگەیاندن، لاوازیی لێپرسینەوەیە

فەرمان یاسین

لە هەر کۆمەڵگایەکی تەندروستدا، ڕۆژنامەنووسان وەک پردێکی پەیوەندیی زیندوو لە نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کار دەکەن. ئەوان چاوی شەقامن بەسەر بڕیارە سیاسییەکان، گرێبەستە داراییەکان و هەنگاوەکانی حکومەتەوە. کاتێک ئازادیی ڕاگەیاندن پاشەکشێ دەکات و سنووردار دەکرێت، تەنیا زیان بە پێگەی پیشەیی ڕۆژنامەنووسان ناگات، بەڵکو ئەم پردە گرنگە تێکدەشکێت. لێکەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم دۆخەش بریتییە لە داڕمانی توانای کۆمەڵگا بۆ ناسینەوەی کێشەکان و لێپرسینەوە لەسەریان.

کاتێک ژینگەی کاری ڕۆژنامەنووسی لێوانلێو دەکرێت لە ترس، گوشاری یاسایی و بەربەستی کارگێڕی، کۆمەڵگا توانای دۆزینەوەی سەرچاوەی قەیرانەکانی لەدەست دەدات. لەم دۆخەدا، کێشە گەورەکانی وەک گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی یان خراپیی خزمەتگوزارییەکان، لە کایەی گشتییەوە دەگوازرێنەوە بۆ ژوورە داخراوەکان. هاوڵاتیان لە ڕاستییەکان بێبەش دەبن و لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای زانیاریی ورد گفتوگۆ بکەن، فەزای گشتی بە پڕوپاگەندەی حیزبی، دەنگۆ و گومانی بەردەوام تژیم دەبێت. ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگا نەتوانێت بە شێوازێکی زانستی و دروست دەستنیشانی کەمکوڕییەکان بکات.

کاتێک چاوی میدیا کوێر دەکرێت، لێپرسینەوە دەبێتە چەمکێکی مەحاڵ؛ چونکە ناتوانیت لێپرسینەوە لەسەر کێشەیەک بکەیت کە ڕێگەت پێ نەدراوە بزانیت بوونی هەیە.

ئەم پاشەکشێیەی ئازادیی میدیا، سێ زیانی ستراتیژی بە پرۆسەی لێپرسینەوە دەگەیەنێت:

  • پارێزبەندی بۆ گەندەڵکاران: نەبوونی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی و ئازاد، کەشێکی ئارام بۆ بەرپرسە کەمتهەمخەمەکان یان گەندەڵەکان دەڕەخسێنێت تا بێ ترسی ئاشکرابوون بەردەوام بن لە سەرپێچییەکانیان.
  • سەپاندنی یەک دەنگی: کاتێک میدیای سەربەخۆ بێدەنگ دەکرێت، تەنیا گێڕانەوەی فەرمیی حکومەت یان میدیا سێبەرەکان دەمێنێتەوە، ئەمەش واتا کوشتنی فرەیی و قۆرخکردنی ڕاستییەکان.
  • بێهێزبوونی شەقام: هاوڵاتی کاتێک زانیاریی دروستی لەبەردەست نەبێت، توانای فشارکردن یان پێشکەشکردنی داواکاریی حەقیقی بۆ چاکسازی لەدەست دەدات.

سنووردارکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، گەورەترین دیارییە کە پێشکەش بە سیستمی گەندەڵ و سست دەکرێت. پاراستنی ڕۆژنامەنووسان خێر یان پۆزێکی دیمۆکراسی نییە کە دەسەڵات شانازیی پێوە بکات، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگا بە زیندویی. ئەگەر ئامانج بنیاتنانی دەوڵەتێکی کارا و متمانەپێکراوە، دەبێت پێش هه موو شتێک ڕێگا بدرێت پردی گەیاندنی ڕاستییەکان بە ساغڵەمی بمێنێتەوە، چونکە بێ ئازادیی میدیا، هیچ جۆرە چاکسازی و لێپرسینەوەیەک بوونی نابیێت.

ڕێکخراوی داکۆک پردێک بۆ تێگەیشتن لە یاسا و بەهێزکردنی پێگەی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیا

ژیانی پەنابەری پڕە لە ئالەنگاری و بەربەست، بەتایبەتی کاتێک باس لە تێگەیشتن لە سیستەمی یاسایی و کۆمەڵایەتی وڵاتێکی نوێ دەکرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا و بۆ کەمکردنەوەی ئەم بارقورساییە لەسەر شانی کوردانی تاراوگە، ڕێکخراوی داکۆک لە ١٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ سیمینارێکی گرنگی لە شاری بێرمینگهام ڕێکخست. سیمینارەکە کە لەلایەن بەڕێزان توانا تاڵب و سۆران سپێرۆییەوە پێشکەش کرا، هەوڵێک بوو بۆ پێدانی زانیاری دروست و دروستکردنی متمانە لای ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ژیانێکی نوێ و سەقامگیر لە بەریتانیا بونیاد بنێن. ئامادەبوونی بەرچاوی هاوڵاتیان نیشانەی ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی کوردی بەردەوام لە هەوڵی فێربوون و خۆگونجاندندایە.

ناوەڕۆکی سیمینارەکە زۆر دەوڵەمەند بوو، بە جۆرێک کە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆگرتبوو کە ژیانی پەنابەران ڕاستەوخۆ پێیانەوە بەستراوەتەوە. یەکەمیان بریتی بوو لە هۆشیارکردنەوە و پێگەیاندنی ڕەوەندی کوردی لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە، بۆ ئەوەی بتوانن وەک کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو دەربکەون. دووەمیان، کە جێگەی بایەخی زۆربەی ئامادەبووان بوو، بریتی بوو لە شیکردنەوەی یاسا و ڕێساکانی وڵاتی بەریتانیا بە شێوەیەکی سادە و ئاسان، کە ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ژیانێکی بێ کێشە. سێیەمیشیان تەرخان کرابوو بۆ گرنگی بەشداریکردنی گەنجان لە ناو کۆمەڵگای بەریتانیدا، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی کاریگەری خۆیان و ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە ناوچەکانیاندا.

توانا تاڵب و سۆران سپێرۆیی بە شارەزاییەکی زۆرەوە توانیان وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە لە مێشکی پەنابەراندا دروست ببوون. ئامادەبووانیش بە تێبینییە وردەکانیان کۆڕەکەیان گەرموگوڕتر کرد و وایانکرد کە بابەتەکان لە ڕووی تیۆرییەوە ببنە واقیعی و کرداری. ڕێکخراوی داکۆک زۆر سوپاسی ئەم دوو کەسایەتییەی کرد کە کاتی خۆیان تەرخان کرد بۆ ئەم خزمەتە گەورەیە. وەک ڕێزگرتنێکیش لە ماندووبوونی خۆبەخشان، لە کۆتایی بەرنامەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەش بەو ئەندامانە کرا کە وەک سەربازی ون بەردەوامن لە یارمەتیدانی پەنابەران و هێشتنەوەی ڕێکخراوی داکۆک لە لوتکەی خزمەتکردندا.

خاوێنکردنەوەی ماڵی سیاسی؟

جێگر سەلێمان ساڵح

ئەو کەمپینە بەرفراوانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا دەموچاوە دیار و قورسەکانی ناو کایەی حوکمڕانیی کردە ئامانج، سەرنجی تەواوی ڕای گشتی و میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژووی لێپرسینەوەدا وێنا کرا. دیمەنی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی بەرپرسە باڵاکان بۆ ماوەیەک شەقامی توڕە و بێهیوای ئارام کردەوە، بەڵام لە پشت پەردەی لێدوانە فەرمییەکانەوە، پرسیارێکی قورس و جدی هەمیشە لە ناو بازنە و گفتوگۆ سیاسییەکاندا دەخولێتەوە: ئایا ئەم لێکۆڵینەوە و ڕێکارە توندانە تەنیا لەسەر بنەمای بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی بوون، یان وەک ئامرازێک بەکارهێنران بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوە و ڕێکخستنەوەی نەخشەی هەژموون و پێگەی هێزەکان لە ناو جەستەی دەوڵەتدا؟

مێژووی سیاسی پێمان دەڵێت کە لە سیستمە پشککاری و ئاڵۆزەکاندا، سنووری نێوان دادپەروەریی ڕاستەقینە و ململانێی سیاسی هێندە باریکە کە زۆرجار بە تەواوی تێکەڵ دەبن. گومانی شەقام لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بۆچی دۆسیەی گەندەڵییەکان هەمیشە بەپێی کات و سات و هاوسەنگیی هێزەکان دەکرێنەوە یان دادەخرێن؛ کاتێک لێکۆڵینەوەکان تەنیا ئاراستەی تەکەتول یان کارەکتەرێکی دیاریکراو دەکرێن کە لەو خولەدا پێگەی کەم بووەتەوە، یان کاتێک پێشڕەوانی کەمپینەکە خۆیان لە تۆڕی بەرژەوەندیی حیزبیدا دەپارێزن، چەمکی دادپەروەری بەها پیرۆزەکەی خۆی لەدەست دەدات و دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە «خاوێنکردنەوەی ماڵی سیاسی».

ئەمەش بەو واتایەی کە دەسەڵاتی نوێ دەیەوێت نەیارە کۆنەکان یان شەریکە سەرکێشەکان لە سەر ڕێگەی خۆی لا ببات تا جێگە بۆ تۆڕ و دەموچاوە نوێیەکانی سەر بە خۆی بکاتەوە. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم دۆخە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکەوێت؛ ئەگەر ئەم ڕێکارانە ستراتیژێکی گشتگیر بن کە سەرجەم لایەن و بەرپرسەکان بێ جیاوازی بگرێتەوە و دەست بۆ بنەبڕکردنی سیستمی گەندەڵی ببات، ئەوا دەتوانرێت ناوی بنرێت دادپەروەری. بەڵام ئەگەر تەنیا وەک ئامرازێکی کاتی بۆ تۆقاندنی ڕکابەرەکان و جێگیرکردنی پێگەی دەسەڵاتدارانی ئێستا بەکاربهێنرێت، ئەوا وڵات هیچ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە نەچووە، بەڵکو تەنیا شایەتی گەمەیەکی نوێی سیاسی بووە کە تێیدا یاسا کراوەتە چەکێک بۆ پاکتاوکردنی حسابات و پاراستنی بەرژەوەندیی باڵادەستەکان لە پشت پەردەی دروشمە بریقەدارەکانەوە.

قەڵغانی دیموکراسی یان دیواری پۆڵایینی گەندەڵکاران

سورێن حەمە کەریم

لە تیۆرییە سیاسییەکان و لە دەقی دەستوورەکاندا، پارێزبەندیی پەرلەمانی وەک قەڵغانێکی پیرۆز بۆ پاراستنی نوێنەرانی گەل دیزاین کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس لە هەڕەشەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن قسە بکەن و لێپرسینەوە بکەن. بەڵام لە عێراقدا، ئەم چەمکە دیموکراسییە گۆڕاوە بۆ یەکێک لە گەورەترین و گاڵتەجاڕترین ئامرازەکانی پاراستنی گەندەڵی. کاتێک دەسەڵاتداران ڕایدەگەیەنن کە پارێزبەندییان لە کۆمەڵێک یاسادانەر سەندووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵمەتە ٤٧ کەسییەکەی ناوچەی سەوزدا دەستگیریان بکەن، ئەمە نیشانەی سەرکەوتنی یاسا نییە، بەڵکو دانپیادانانێکی مەترسیدارە بەوەی کە پەرلەمان خۆی بووەتە گەورەترین پەناگەی ئارام بۆ ئەوانەی پارەی وڵات تاڵان دەکەن. لەبری ئەوەی پارێزبەندی بۆ گوزارشتکردن لە بیروڕا بێت ، لێرە بووەتە “بەربەستێکی پێکهاتەیی کە ڕێگە بە حیزبەکان دەدات دزەکانیان لەناو باڵەخانەی یاساداناندا بشارنەوە و مەرج دابنێن بۆ هەر هەوڵێکی دەستگیرکردن. ئاخر کام دیموکراسییە ڕێگە دەدات نوێنەرێک ملیاران دینار بدزێت و دواتر بە پاساوی پارێزبەندییەوە لەسەر کورسییەکەی دابنیشێت و پێبکەنێت، تا ئەو کاتەی حیزبەکەی بڕیار دەدات بیفرۆشێت؟.

ئەمە پێمان دەڵێت کە لە عێراقدا، سیستەمەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە دەزگای یاسادانان خۆی دەبێتە دوژمنی سەروەریی یاسا. کاتێک حکومەت ناچار دەبێت پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزی ڕێککەوتنی سیاسی بگرێتەبەر تەنها بۆ ئەوەی پارێزبەندی لە یاسادانەرێکی گەندەڵ بسەنێتەوە، ئەمە مانای وایە کە یاسا لەسەر هەمووان وەک یەک جێبەجێ نابێت. ئەگەر خەڵکی ئاسایی بۆ دزینی پارچە نانێک ڕاستەوخۆ دەستگیر بکرێت، بۆچی دەبێت نوێنەرەکەی بۆ دزینی ملیۆنان دۆلار پێویستی بە مۆڵەتی حیزبەکەی هەبێت بۆ دادگاییکردنی؟ پارێزبەندی لەم وڵاتەدا ئامرازێک نییە بۆ دیموکراسی، بەڵکو قفڵێکە لەسەر دەرگای دادگاکان، و تەنها ئەو کاتە دەکرێتەوە کە دەسەڵاتداران بیانهەوێت نمایشی “پاکسازی” بەسەر شاشەکاندا پەخش بکەن.

ئایا نیشتمان بەهێزی چەک دەپارێزرێت، یان بەهێزی یاسا؟

عەلی ایسماعیل



کاتێک یاسا دەبێتە خزمەتکاری دەسەڵات، نەک دەسەڵات خزمەتکاری یاسا؛ کاتێک دادگا و دادوەر ناتوانن بە ئازادی بڕیار بدەن؛ کاتێک دەنگی جیاواز بە گفتوگۆ و دیموکراسی وەڵام نادرێتەوە، بەڵکوو بە فشار، توندوتیژی یان زیندان؛ ئەوە نیشانەی دەوڵەتی دامەزراوە نییە، بەڵکوو ئاگادارکردنەوەیە لە مەترسیی لاوازی متمانەی خەڵک بە سیستەم.

نەتەوەیەک بە ترس پێش ناکەوێت، بە ئازادی پێش دەکەوێت. کۆمەڵگایەک بە چاوپۆشی لە هەڵەکان چاک نابێت، بە لێپرسینەوە و دادپەروەری چاک دەبێت.

سامانی گشتی، موڵک و سەروەتی گەلە؛ پاراستنی ئەوان ئەرکی پیرۆزی هەموو بەرپرسیارێکە. هەر کاتێک گومان یان تۆمەت هەبێت بە دەستدرێژی بۆ سامانی گشتی، پێویستە بە شەفافیەت و دادوەرییەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لێبکرێت، چونکە هیچ کەسێک نابێت لەسەروی یاسا بێت.

حوکمڕانی لەسەر بنەمای حیزب، بنەماڵە یان خێڵ، ناتوانێت جێگای حوکمڕانی یاسا بگرێتەوە. داد، یەکسانی و شایستەیی ئەو بنەمایانەن کە داهاتووی هەر کۆمەڵگایەک لەسەریان دروست دەبێت.

داواکاری ئێمە نە توندوتیژییە و نە تۆڵەسەندنەوە؛ داواکاری ئێمە دادە، یاسایە، ئازادییە، شەفافیەتە و لێپرسینەوەی یەکسانە بۆ هەمووان. ئەو نیشتمانەی یاسا لەسەر هەمووان یەکسان بێت، هەرگیز لە ترسی دەنگی جیاواز ناترسێت.

نیشتمان بە یاسا دەمێنێتەوە، نە بە ترس. دادوەری سەربەخۆ بناغەی ئازادییە، و ئازادی بناغەی داهاتووی هەرێمی کوردستانە.

عێراق لە ڕێگەی هەمان ئەو سیستمەوە چاک ناکرێت کە قەیرانەکەی خوڵقاندووە

شوان عبدالرحمن حارس

کاتێک سەرۆک وەزیرانی نوێ عێراق،کە هێشتا وەک نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە باڵادەستەکان مامەڵە دەکات—بەڵێنی دژایەتیکردنی گەندەڵی، چاکسازیی ڕیشەیی و گەڕاندنەوەی داراییە دزراوەکان دەدات، سۆز و هیوایەکی کاتی لای هاوڵاتیان دروست دەکات. تەنانەت دروستکردنی ئەنجومەنێکی باڵای دژە گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە دۆسیە گەورەکانی وەک “دزینی سەدە”، وەک هەنگاوێکی جدی نیشان دەدرێن. بەڵام لە پشت ئەم دیمەنە فەرمییەوە، پرسیارێکی سیاسیی قورس و مێژوویی هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە: ئایا چاکسازیی ڕاستەقینە دەکرێت لە ڕێگەی حکومەتێکەوە بێت کە خۆی لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و بە پاڵپشتیی هەمان ئەو پێکهاتە و حیزبە سیاسییانە دروست بووە کە بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە عێراقیان بەم ڕۆژە گەیاندووە؟ لۆژیکێکی سادە هەیە کە دەڵێت: تۆ ناتوانیت قوفڵێک بەو کلیلە بکەیتەوە کە خۆی شکاندوویەتی. سیستمێک کە مانەوە و هێزی دارایی و چەکداریی خۆی لەسەر گەندەڵی و دابەشکردنی سامانی دەوڵەت ئاوا کردبێت، چۆن ڕێگە بە سەرۆک وەزیرانەکەی دەدات پایەکانی ئەو سیستمە بڕوخێنێت؟

مێژووی نوێی عێراق پڕە لەو حکومەتانەی کە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیانەوە دروشمی نەمانی گەندەڵییان بەرزکردووەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها دۆسیەی گەندەڵکارە بچووکەکان یان نەیارە سیاسییەکانیان کردووەتە ئامانج. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەم کابینەیەش لەوەدا نییە کە چەند لێدوانی توند دەدات یان چەند فەرمانبەرێکی پلەنزم دەستگیر دەکات؛ بەڵکو پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە: ئایا ئەم دەسەڵاتە ئامادەیە ڕووبەڕووی ئەو تۆڕە مافیایی و حیزبییە قووڵانە ببێتەوە کە دەستیان بەسەر دەمارە سەرەکییەکانی دەوڵەتدا گرتووە و شادەماری مانەوەی خودی ئەم سیستمەن؟ ئەگەر نا، ئەوا هەموو پڕۆسەکە تەنها دەبێتە نمایشێکی نوێ بۆ ڕازاندنەوەی هەمان سیمای کۆنی چەتەگەرایی سیاسی.

👤
Live: 66 Today: 375 📊 Click Here