‎یەکەمین ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دوای دوو مانگ دەستپێکردەوە

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی چاودێریکردنی هاتووچۆی کەشتییەکان «تانکر تراکرز»، لە ڕۆژی چوارشەممەدا چەند کەشتیێکی نەوتی گەورەی ئێران توانییان ناوچەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە دەوروبەری بەندەرەکانی ئێران ببڕن و بارە نەوتییەکانیان بگوازنەوە.

ماڵپەڕەکە لەسەر تۆڕی «ئێکس» ڕایگەیاند کە دوو کەشتیی گەورەی گواستنەوەی نەوت بە ناوەکانی «دیۆنا» و «هێرۆ 2» سەر بە کۆمپانیای نیشتمانی گواستنەوەی نەوتی ئێران، لە گەمارۆکە تێپەڕیوون و بە یەکەوە نزیکەی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی خامی ئێرانیان هەڵگرتووە. دواتریش ئاماژەی بە تێپەڕینی کەشتییەکی سێهەم کرد.

بەپێی «تانکر تراکرز»، ئەمانە یەکەمین هەناردەکردنی نەوتی خامی ئێرانن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا.

ماڵپەڕەکە وتی، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیارییانە، ئاماژەکانی سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی کەشتییەکانی شیکردۆتەوە و لەگەڵ وێنەکانی وەرگیراو لە مانگی دەستکردی زەوی (ساتەلایت) بەراوردی کردووە.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، کە نزیکەی دوو مانگ بەردەوام بوو، هەڵگیراوە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی هەینی، لە سوویسرا، ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یادداشتێکی تێگەیشتن واژۆ بکەن کە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەواوی کەنداوی هۆرمزە. ئەو ڕێککەوتنەش وەک دەستپێکی ماوەیەکی دوو مانگەی گفتوگۆ و دانوستان پێناسە دەکرێت.

کەنداوی هۆرمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێگا دەریاییەکانی جیهان، چونکە نزیکەی پێنجەک یەک لە بەرهەمی نەوتی جیهان بە شێوەی ئاسایی لە ڕێگەی ئەم مەرەوەیە دەگوازرێتەوە. ئێران ئەم ڕێگایەی داخستبوو دوای ئەوەی یەکەم هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستی پێکرد.

یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کەم بۆتەوه

داتا فەرمییە نوێیەکانی بانکی ناوەندی نیشانی دەدەن کە ئاستی یەدەگی دراوی بیانی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا کەم بۆەتەوه. دابەزینی هەفتانە لە مانگی ئایاردا: لە ٢٨ی ئایاردا قەبارەی یەدەگ گەیشتووەتە نزیکەی ١١٨.٩٤٧ تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا لە ٢١ی ئایاردا ١٢٠.٦٧٥ تریلیۆن دینار بووە. واته بە بڕی ١.٧٢٨ تریلیۆن دینار (بە ڕێژەی 1.43%) کەمی کردووه. بەراوردکاریی مانگانە: پاشەکشەی یەدەگەکە لەسەر بنەمای مانگانەش بەردەوام بووە؛ لە مانگی نیساندا یەدەگەکە ١٢٧.١٥٢ تریلیۆن دینار بووە، دوای ئەوەی لە مانگی ئازاردا ١٣٠.٤٤٣ تریلیۆن دینار بوو. ئەمەش نیشانەی دابەزینێکی قۆناغ بە قۆناغە لە نێوان ئازار تا کۆتایی ئایار. یەدەگی زێڕ: بەپێی داتاکان، بەهای ئەو زێڕەی کە لەناو یەدەگە فەرمییەکاندایە گەیشتووەتە نزیکەی ٣٢.٩٧٣ تریلیۆن دینار، کە یەکێکە لە توخمە هەرە گرنگەکانی پاراستنی هاوسەنگیی دارایی. هۆکارەکان: ئەم گۆڕانکاری و داڕمانە لە ئاستی یەدەگە فەرمییەکاندا بەستراوەتەوە بە چەندین هۆکارەوە، لەوانە: جوڵەی داهاتە دەرەکییەکان، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی نەختینە و ناجێگیریی بازاڕە جیهانییەکان لەم ماوەیەدا.

کشتوکاڵی عێراق ٣ ئاست بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی بەرروبوومی کشتوکاڵی دیار دەکات

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، سیاسەتێکی فرەئاستی بۆ ڕێکخستنی هاوردەکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگی لە بازاڕ و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی خۆراکدا جێبەجێ دەکرێن لە سایەی ئالنگارییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوادا. گرنگترین خاڵەکانی ناو لێدوانی ڕاوێژکاری وەزارەتەکە، مەهدی زەمەد ئەلقەیسی: ڕۆژژمێری کشتوکاڵی (الرزنامة الزراعية): سیاسەتی قەدەغەکردنی هاوردەکردن تەنیا لە کاتی هەبوونی بەرهەمی پێویستی ناوخۆییدا جێبەجێ دەکرێت. بڕیارەکە چەندین بەرهەمی وەرزی دەگرێتەوە لەوانە: شوتی، کاڵەک، خەیار، باینجان، پیاز، پەتاتە، تەماتە، گەنم، خورما، لەگەڵ مریشکی زیندوو (گۆشت و هێلکە)، بە ئامانجی پاراستنی جوتیاران و ڕێگریکردن لە داڕمانی نرخەکان. سێ ئاستی سەرەکیی قەدەغەکردنی هاوردەکردن: 1. قەدەغەکردنی وەرزی (الحظر الموسمي): قەدەغەکردنێکی کاتییە و بەستراوەتەوە بە زۆریی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕدا بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە. 2. قەدەغەکردنی پەیوەست بە تۆو و شەتڵ (البذور والتقاوي): ڕێگری دەکرێت لە هاوردەکردنی هەر جۆرە تۆوێکی بەرهەمە سەرەکییەکان (وەک گەنم، جۆ، گەنمەشامی، برنج و عەلەف) ئەگەر لە لایەن “لیژنەی نیشتمانی بۆ تۆمارکردن و پاراستنی جۆرە کشتوکاڵییەکان”ەوە پەسەند و تۆمار نەکرابێت. ئەم سیستەمە مافی ١٠ ساڵ پاراستنی یاسایی دەداتە لایەنی تۆمارکار بۆ گرەنتیی جۆریی و ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی تۆوی بێهێز یان دەستکاریکراوی بۆماوەیی (معدلة وراثياً). 3. قەدەغەکردنی تەندروستی (کەرەنتینەی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری): ئامانجی پاراستنی سامانی ڕووەکی و ئاژەڵییە لەو نەخۆشییە ڤایرۆسی، بەکتریایی و کەڕووییانەی کە لە سنوورەکانەوە دێن، ئەمەش لە ڕێگەی قەدەغەکردنی هاتنەناوەوەی هەر بەرهەم یان ئاژەڵێکی تووشبوو یان گوماناوی.

نوێترین نرخی زێڕ و زیو لە بازاڕدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی بڕیارە نوێیەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکادا جۆرێک لە ڕاستکردنەوەی نرخ و هێوربوونەوەیان بەخۆوە بینی، بە جۆرێک نرخەکان لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا کەمێک پاشەکشەیان کردووە بەراورد بە لوتکەی دوێنێ.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ هاتووەتە سەر 4,304.74 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 138,400.77 دۆلار و یەک گرامیش بە 138.4 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان کەمێک دابەزینیان بەخۆوە بینی و بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیارەی ٢٢ بە 993,863 دینار، عەیارەی ٢١ بە 948,687 دینار و عەیارەی ١٨ بە 813,160 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ کەمێک پاشەکشەی کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو هاتووەتە خوارەوە بۆ 68.93 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,216.15 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.22 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی ڕێککەوتنی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران، مەترسییەکانی هەڵاوسانی کەمکردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەر زێڕ.

​هاوکات ڕۆژی چوارشەممە، بانکی ناوەندی ئەمریکا (Federal Reserve) بڕیاریدا ڕێژەی سوود لە ئاستی 3.50% بۆ 3.75% جێگیر بکات، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی بانکەکە کە ٩ لە کۆی ١٩ بەرپرسن، پێیان وایە دەبێت ئەمساڵ سوودی بانکی بەرز بکرێتەوە. بەپێی ڕاپرسییەکان، ئێستا ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی کانوونی یەکەمدا بۆ 85% بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا پێشتر تەنیا 61% بوو.

پارێزگارێ دهۆكێ بخێرهاتنا پاتریاك و سه‌رۆكێ نوویی یێ كه‌نیسا كلدانان ل عيراقێ و جیهانێ كر

ئه‌ڤرۆ ڕۆژا چوارشه‌مبی ١٧ی خزیرانا ٢٠٢٦ێ به‌ڕێز”د.عه‌لی ته‌ته‌ر”پارێزگارێ دهۆكێ سه‌را كه‌نیسه‌یا “كاتدرائية مار ايث الاها” دا و ب ئاماده‌بوونا هژماره‌كا كه‌سایه‌تییێن جڤاكی و ئولی و به‌رپرسێن دامۆده‌زگایێن جودا بناڤێ هه‌موو پێكهاته‌یێن پارێزگه‌هێ پیرۆزباهی و بخێرهاتن ل به‌ڕێز قه‌داسه‌تێ پاتریاك”مار پولسێ سێیێ نونا” پاتریاك و سه‌رۆكێ كه‌نیسا كلدانا ل عێراقێ و جیهانێ كر و د كۆنگره‌كێ ڕۆژنامه‌ڤانیدا خواست ب ده‌ستبكاربوونا وان وه‌كۆ سه‌رۆكێ نوویی یێ كه‌نیسا كلدانان و سه‌ره‌دانا جه‌نابێ وان بوو كۆردستانێ پره‌سیپێن پێكڤه‌ژیانێ مۆكۆمتر بن.

ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.

پاشان، ئەنجومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاوتوێ کرد. لەم بارەیەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکاندا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ . دواتر هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەکاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.

دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.

بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بە پێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دروست.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی لە بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسووڵەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە.

ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاووڵاتیانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاری دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن، هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە.

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەتوان ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرا لەپێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

پارێزگاری بەغدا ستایشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەمەلایەنی هەرێمی کوردستانى کرد و خواستی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم نیشان دا.

سەرۆکی حکومەت ئامادەییی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.

کەشناسی: هەفتەی داهاتوو هاوین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی

بەپێی حیساباتی فەلەکی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە وەرزی هاوین بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

شارەزایانی کەشناسی رایدەگەیەنن کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکە ڕۆژی شەممە دەبێت کە لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وا باشترە هاووڵاتییان لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ تاوەکو عەسر کەمتر بەر تیشکی خۆر بکەون.

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت

ڕۆژی یەک شەممە ( ٢١ ی حوزەیران تا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.

هاوکات لەهەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

١٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

مەسرور بارزانی سوپاسی خەلکی پارێزگایی هەلەبجە دەکات

سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە ، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو.

پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوخەمیانم . خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.

بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو ، هەروەها داوا و تکا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم کە ئەو ڕێنماییانە لەبەر چاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن .

نزاکارین لە خودای مەزن کە هەموو لایەک بپارێزێت .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2026/6/18

👤
Live: 71 Today: 372 📊 Click Here