قەیرانی پشتەوەى دیمەنەکان

چۆمان محمد امین

لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، سەرنجڕاکێشترین دیاردە بریتییە لە بوونی پلەبەندییەکی زۆر سەیر و ئاوەژوو لە دابەشکردنی سەرنج و ئاگایی گشتیدا. کاتێک قەیرانێکی زەبەلاحی دارایی یان مووچە ڕوو دەدات کە بەستراوەتەوە بە بژێوی و چارەنووسی سەدان هەزار خێزانی کەمئامادە و کارمەندانی دەوڵەت، بە شێوەیەکی سەیر و جێی سەرنج، ئاستی گفتوگۆی گشتی و بڵاوبوونەوەی لە میدیاکاندا زۆر کەمتر و لاوازتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ دەمەقاڵێیەک یان دەنگۆیەکی ناڕوونی نێوان دوو کەسایەتیی دیاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،

یان بڵاوبوونەوەی چیڕۆکێکی مۆدێل و فاشن! پرسیاری جەوهەری، تاڵ و بکوژ لەم هاوکێشەیەدا ئەوەیە: کێ ئەم بڕیارە بێبەزەییەی دا کە شەڕ و درامای تایبەتیی کەسایەتییە ئینتەرنێتییەکان شایستەی سەرنجی نیشتمانیی زیاتر بێت لە سەرکەوتن یان داڕمانی ئابووریی خێزانە ئاساییەکان؟ لەم واقیبە تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە زمانی حاڵی دەسەڵاتدارانی میدیا و سیاست بەم شێوەیە دەرببرێت: “ئێمە ناتوانین قەیرانی بێکاری و نەبوونی مووچەکەت بۆ چارەسەر بوبکەین، بەڵام بێگومان دەتوانین درامایەکی نوێی ئینفلۆئەنسەرێک بکەینە بابەتێکی نیشتمانی تاوەکو خەمە ئابوورییەکانت لەبیر بچێتەوە!” ئەم جێبەجێکردنە هۆشیارانەی سەرگەرمکردن نیشانەی ئەوەیە کە دەستەبژێری دەسەڵاتدار فێری ئەوە بوون چۆن ڕووداوە لاوەکییەکان بوبکەنە چەترێک بۆ داپۆشینی قەیرانە ستراتیژییەکان.

کاتێک ڕەنگاڵەیی و درامای کەسایەتییە مەشهورەکان دەبنە ئامرازی ئاراستەکردنی ئاگایی جەماوەر، ئیتر تەواوی پرسیارە جدییەکان لەسەر بەهەدەردانی سەرمایەی نیشتمانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە بێدەنگی دادەپۆشرێن. لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی کۆمەڵگە فێری ئەوە نەبێت کە بەهای دیاردەکان بەپێی کاریگەرییان لەسەر ژیانی واقعی بسەنگێنێت، کەسایەتییە مەشهورەکان و دراماکانیان هەمیشەیی دەبنە باشترین پەناگە بۆ دەسەڵات تا لە پشتیانەوە لە لێپرسینەوە و بەرپەرسیارێتیی قەیرانە نیشتمانییەکان هەڵبێن.

یاری دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان…!

ڕاوێژ ڕزگار تەها – چالاکوان

من هیچ کاتێک باوەڕم بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنێک نەبووە لە هەرێمی کوردستان، هەموو ئەوەی هەبووە لە ئێستا و لە ڕابردووش دا دا کۆمەڵێک خەڵکی بازرگان و بەرژەوەندی خواز بوون ئامانجیان خۆ دەوڵەمەند کردن بووە لە ژێر چەمکی ئۆپۆزیسیۆن بوون دا و دەسەڵات بەکاری هێناون بۆ نەهێشتنی متمانەی میللەت بە گۆڕانکاری، دوای بەدەست هێنانی متمانەی میللەت و بوونیان بە ڕەقەم لە هاوکێشەی سیاسی هەرێم دا هەر زوو سحرەکەیان بەتاڵ دەبێتەوە و پەل دەهاوێن بۆ وەرگرتنی پۆست و وەزارەت و خۆ دەوڵەمەند کردن لەژێر ناوی بەشداری کردن لە حکومەت، ئامانجی ئەوان لە گۆڕینی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشی بوون لەو سیستەم و دەسەڵاتە، شاسوار عەبدولواحید و جوڵانەوەکەی کە نەوەی نوێیە لە تازەترین ڤێرژنی گەوجاندنی میللەت لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆن داو دوای بەدەست هێنانی ١٥ کورسی لە هەڵبژاردن دا لە ماوەکانی ڕابردوو خۆیان خزاندە نێو ڕێکەوتنێک لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئیمزا کرد بە ناوی گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی، شاسوار و نەوەی نوێ لەپێناو چاوپۆشی کردن لە پۆخڵەوات و لێخۆشبوونیان لە باج و گەندەڵیەکانیان لە سنوری یەکێتی ئەو یاریەیان کرد، دەسکەوتی ئەو ڕێکەوتنە پاراستنی سەرمایە و لێخۆشبوونی سەرۆکی جوڵانەوەکە شاسوار عەبدولواحید و هەروەها وەرگرتنی وەزارەتی ژینگە بوو لە عێراق بۆ سروە عەبدولواحیدی خوشکی سەرۆکی جوڵانەوەکە و چاوپۆشی بوو لەو مەلەفانەی کە لەسەریانە لە دادگا، دەسکەوتی دەسەڵاتیش نەمانی متمانە بوو بە هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک لە چوارچێوەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان و کۆتا بزمار بوو لە تابووتی ئۆپۆزیسیۆن و متمانەی میللەت درا بۆ هەمیـــشە…

ئازادی ل هەرێما کوردستانێ

هێرش صالح عبداللە

  
بێ گومان ئازادیا ڕادەربڕینێ ئێک ژ مافێن بنەڕەتیێن هەر مرۆڤەکی یە، و دەمێ لایەنێن دەسەڵاتدار سنوورداریێ دئێخنە سەر ڤی مافی  باندورەکا راستەوخۆ ل سەر هەموو بەشێن جڤاکی دروست دکەت و دبیتە ئاریشەکا مەزن دناڤ هەمی وەلاتی دا ، کۆنترۆڵکرنا دەنگێ سەربەخۆ /ل گەلەک دەم و جهان ، دەسەڵات هەوڵا کێم کرن  یان بێدەنگکرنا دەنگێن ڕەخنەگر و ڕۆژنامەڤان و ماموستایا ب تایبەت ددەت، ئەڤەژی زیانێ دگەهینیتە بڕیارێن دادپەروەرانە و پاشەکشێ ب پرۆسەیا دیمۆکراسیێ دکەت ، ترس و بێدەنگی د جڤاکی دا  پەیدا دبیت دەمێ ئازادیا ئاخفتنێ و دەربریناهزران دهێتە بەرتەنگکرن ، ترس د ناڤ جڤاکی دا بەلاڤ دبیت ، کو ئەوژی باوەریا گەنجان و هەووڵێن پێشڤەچوونێ و سەرکەفتنێ ژناڤ دبەت و هزرێن نوو و ئافرێنەر بێدەنگ دکەت دناڤا مللەتی دا ، ماف و دادپەروەری زوڵم و نەبوونا ئازادیا ڕادەربڕینێ دەستکەفتێن ئابووری و ئاڤەدانیێ ژی بێ مفا دکەت و سنوردار دکەت ، چونکی بێی ئازادیا ئاخفتنێ ئاستەنگێن خەلکی ناگەهنە کەتوارێ بڕیاردانێ و گەندەڵیا گەندەلکاران ژی دهێتە ڤەشارتن .

کوردستان و گەندەڵى

ئاسۆ حسن محمد

ئەمڕۆ لەناوچەكە عێراق و هەرێمی كوردستانیش زۆرترین قسە و باس لەوە بارەیەوە كراوە و دروشمی حكومەتەكەی ئێستاش چاكسازیی و ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵییە، بەڵام وەك چاودێران دەڵێن ماوەیەكی زۆر بەسەر دەرچوونی یاسای چاكسازیدا تێپەڕیوە و هێشتا دەرئەنجامێكی كردەیی دەرنەكەوتووە ، وەك شارەزایان باسی دەكەن گەندەڵی لە فراوانترین پێناسەیدا بریتییە لە بەکارهێنانی دەسەڵات و سەروەت و پێگەی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی ، جا ئەو بەرژەوەندیە تایبەتیە دەکرێ هی کەسێک، گروپێک، حزبێک، خێزانێک یان ناوچەیەکی دیاریكراو بێت. ئەمە ئەو پێناسە گشتیەیە کە زۆرترین لێکۆڵەر و دەزگای نێودەوڵەتی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیش پەسەندی دەکەن ، گه‌نده‌ڵى له‌هه‌رێمى كوردستان چوارچێوه‌ى گه‌نده‌ڵى تێپه‌ڕاندووه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ به‌تاڵانبردن ، ڕاسته‌ له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی تر ڕێژه‌كه‌ی جیاوازه‌ و میكانیزمی به‌رجه‌سته‌بوونی بۆ واقیعێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دیسان جیاوازه‌ وە ئەکرێت جیاواز تر بێ ، به‌ڵام واقعى هه‌رێمى كوردستان شتێكى تر ده‌ڵێت ، بۆنموونه‌ له‌وڵاتێكى مۆدێرن ڕه‌نگه‌ گه‌نده‌ڵى هه‌موو جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگاى نه‌گرتبێته‌وه‌، تەنها کۆمەڵس جومگەیەکی وڵاتەکەی گرتبێتەوە ، به‌ڵام لێره‌ پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست كه‌ گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی واقعیه‌ و كۆمه‌ڵگاكانی له‌ گه‌شه‌ی شارستانی و مه‌عریفی و بگره‌ ئابووریش وه‌ستاندووه‌ و ڕێگه‌ نادات كۆمه‌ڵگاكان قۆناغه‌كانی پێشكه‌وتنی شارستانی خۆیان په‌ره‌ پێ بده‌ن و عێراق و هەرێمی كوردستانیش پشكی سەرەكییان بەركەوتووە لەم نەخۆشی گەندەڵیە ،

شكستى ئابوورى و دامه‌زراوه‌یى ڕویداوە له‌هه‌رێمى كوردستان هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌و به‌هه‌ده‌ردان  و تاڵانكردنانە بووە كه‌ له‌ساڵانى ڕابردوو له‌لایه‌ن دەسەڵاتی حکومڕان لە کوردستان ئەنجامدراوە قسەی زۆر و کرداری کەممان لە شەڕی پێویستی دژە گەندەڵیدا هەبووە ، هەوڵی زۆر دراوە کە گەندەڵی وەکو کولتور وێنا بکرێت و گشتگیر بكرێت و ببەسترێتەوە بە ڕووداوە مێژوییەكانەوە ، ئەمەش تەنیا بۆ خۆ دزینەوە و بیانوو دۆزینەوەیە بۆ پەرەپێدان و بەردەوامیدان بە گەندەڵیە نهێنی و زاقەکانی وڵات . دەنا هیچ راستیەکی زانستی و مێژوویی نیە بیسەلمێنێ کە گەندەڵی کولتورە و قەدەری هەندێ میللەت و وڵات وایە کە ئەکرێ تێیدا هەبێ وەك کلتوور بەرجەستە بکرێت و ئاشنا بکرێت بە هەموو چاودێران وەك هاوڵاتی و وڵاتانی دیکە و دژە گەندڵەیەکان ،
ئەوە راستە کە زۆر وڵات بە رێژەی جیاواز دووچاری گەندەڵی بوون و دەبن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و هەرجێگەیەكی دیكە كە گەندەڵی سەرجەم جومگەكانی فەرمانڕەوایی داگیر دەكات ،  لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە و مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو هۆکارانەی دەرفەتەکان بۆ گەندەڵی فراوان دەکەن، ئایندەی ئەو وڵاتانەی دەست نیشان کردووە. 
ئەو جۆرە گەندەڵییەی لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت جیاوازە لە زۆربەی جیهان بەوەی لایەنە گەندەڵەكان خۆیان باس لە نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن و خۆیان بە هۆكاری نەهێشتنی گەندەڵی دەناسێنن ، جوانتر بڵێم دەستی پیسی خۆیان بە ئاوریشمێك لەژێر ناونیشانی دەست پاکی دەسڕن ، پرۆژە بۆ كۆتایی هێنانی گەندەڵی پێشكەش دەكەن ، ئەوە لە كاتێكدایە هیچ كەس و لایەنێك دەستی نەگرتوون و زۆرینەی گەندەڵییەكانیش لەهەردوو جۆری یەكەم و دووەم هەبووە و جۆری دووەم بووەتە چەترێكی گەورە و پەنایەكی فراوان بۆ خۆشاردنەوەی گەندەڵكاران و ئەوەشی جێگەی سەرنجی مێژوو نووسانە بەشێك لە پەرەپێدانی گەندەڵییەكە دەكەوێتە ئەستۆی ئەو بەرپرسانەی مێژوویەكی دوور و درێژیان هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییەكانی رژێمی پێشوو ، بەوەش مەترسی گەورەیان بۆ سەر مێژووەكەی خۆشیان دروستكردووە، لەرۆژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا هەموو ساڵێک سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكومەتیش كۆكن لەسەر ئەوەی لەناوخۆی هەرێم و دامودەزگاكان و گرێبەستەنەوتیەكان و سنوورەكان و جیاوازی ژیانی خێزان و كەسوكارە نزیكەكان و كۆمپانیاكانی نزیك لە دەسەڵاتداران زۆر جیاوازە لە ژیانی ئاسایی خەڵك و هاونیشتیمانی ئەوەش زۆرینەی خەڵکی بەدگومان كردووە لەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان هێندە فراوان و بەرقەرارە كە هیچ فەرمانگەیەكی هەرێمی كوردستان بەدەر نەبێت لە گەندەڵی جۆری یەكەم و دەسەڵاتدارانیش سواغدرابن بە گەندەڵی ، ئەوە لە كاتێكدا ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەكان و پەرلەمانتاران و شارەزایانی بواری گەندەڵیی بەبەڵگەوە ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنن و لەبری ئەوەش لە شوێنێكدا كۆتایی بەو دۆخە بێت كە چی تادێت زیاتردەبێت و لەبەرامبەریشدا نیگەرانییەكانی خەڵكیش بەرەو هەڵكشان دەچێت ، ئێستاش دەیان دژە گەندەڵکاران دەبینین لە کەناڵەکانی حوکومەت و لایەنە بێلانەکانی دیکە وە هەروەها لە سۆشیاڵ میدیاش دەیان بینین کە بە بەڵگەی ورد و زاق و ڕاستی قسە لەسەر گەندەڵیەکان دەکەن ،کەچی هیچ

یەکێك لە بەڵگەکان نرخیان بۆ دانانرێت لەو وڵاتە تەنها لەبەر ئەوەی خۆیان دەسەڵاتن نەك بەڵگەکان !

هەمووان دەڵێن لەگەڵ پەرلەمانین — کەواتە کێ ڕێگری لێدەکات؟

سەربەست سەعید ساڵح

سەرکردە و گوتەبێژانی پارتە باڵادەستەکان ڕۆژانە بە گەرمی دەردەکەون و بە یەک دەنگ کۆمەڵێک دروشمی لەبەرکراو دەڵێنەوە، کەچی هەموو دامەزراوە شەرعی و یاساییەکانی وڵات لە خاڵی سفردا چەقیون.

کێ لەگەڵ کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمانە؟ هەموان دەڵێن ئێمە!
کێ لەگەڵ پێکهێنانی خێرای کابینەی حکومەتە؟ هەردوولا دەڵێن ئێمەین!
کێ پشتگیری لە ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک و ئەنجامی هەڵبژاردن دەکات؟ هەردوو پارت پێداگری لەسەر دەکەن!
کێ پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و خەمی هاوڵاتییانە؟ بێگومان هەردوولا خۆیان بە تاکە فریادڕەس دەزانن!
کێ لەگەڵ یەکڕیزیی نەتەوەیی و پاراستنی قەوارەی هەرێمە؟ هەموو بەیاننامە فەرمییەکان بەم دروشمە دەستپێدەکەن!

لێرەدا پرسیارە سادە و بنەڕەتییەکە دروست دەبێت: ئەگەر هەموو لایەک لەگەڵ هەموو ئەم پرەنسیپە پیرۆزانەدان، کەواتە بۆچی لە واقیعدا هیچ شتێک ڕوونادات و کێ ڕێگری لە کاروانی حکومڕانی دەکات؟

ئەم تەنگژەیە بە تەواوی لەو دوو کەسە دەچێت کە لە تەنیشت ئۆتۆمبێلێکی پەکیەکەوتوودا وەستاون: «هەردووکیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکە بجوڵێت، هەردووکیشیان کۆکن لەسەر ئەوەی بزوێنەرەکە گرنگە، هەروەها هەردوولاش لەسەر ئەوە کۆکن کە شۆفێرەکە دەبێت بەرپرسیار بێت؛ تەنیا لەسەر یەک شتی بچووک ڕێکنەکەوتوون: کێ مافی ئەوەی هەیە دەست لە سوکانەکە بدات!»

بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەی سیاسی بەوە ناپێورێت کە پارتەکان لە ڕاگەیاندنەکانیاندا بانگەشەی چی دەکەن یان دەڵێن پشتگیری لە چ پڕۆژەیەک دەکەن، بەڵکو تەنیا و تەنیا بەوە دەپێورێت کە لە واقیعدا ڕێگە دەدەن دامەزراوەکان چەندە سەربەخۆ بن و چ ئەرکێک بەجێبهێنن.

کاتێک هەژاری دەبێتە بازاڕێک بۆ فرۆشتنی سەرقاڵیی بێبەها

مە ريوان قادر حسن

لە جیهانی سیاسەت و حوکمڕانیی هاوچەرخدا، سەرنج و هۆشیاریی گشتی لە ئامرازێکی سادەی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕدراوە بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز یان دراوێکی سیاسیی گرانبەها کە دەسەڵاتداران بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیان بەکاریدەهێنن. لە واقیعی ڕۆژانەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، سەرنجی هاووڵاتییان ڕۆژانە بە ئەنقەست و لە ڕێگەی داڕشتنی سیناریۆی جۆراوجۆرەوە ئاڕاستەی کەناڵە لاوەکییەکان دەکرێت تا دووربخرێنەوە لە قووڵبووبوونەوە لە قەیرانە بنەڕەتییەکان. هەموو ڕۆژێک بابەتێکی نوێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندنەکاندا بەرهەم دەهێنرێت تا بێتە مانشێتی سەرەکی: شەڕەقسەی بێبەهای نێوان فاشنیستاکان، ڕەفتاری سەیر و سەمەرەی ئەستێرە دروستکراوەکان، پێشبڕکێ و نمایشی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان، یان کێشەیەکی ناوخۆییی بچووک کە بە ئەنقەست گەورە دەکرێتەوە. کاتێک جەماوەر بەم جۆرە نمایشە ڕووکەشانە سەرقاڵ دەکرێت و هەفتەیەک تەواوی وزە و ناڕەزایەتیی خۆی لەسەر ڤیدیۆیەکی ترێند بەهەدەردەدات، کێشە پێکهاتەیییە قوڵەکان وەک خۆیان بە بێدەنگی دەمێننەوە. داڕمانی کەرتی تەندروستی، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بێکاریی گەنجان،

داڕزانی ژێرخانی ئابووری، و تاڵانکردنی سیستماتیکی سەروەتی گشتی، لە پشت پەردەی ئەم جۆرە سەرقاڵکردنە جەماوەرییانەدا دەشاردرێنەوە و هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەسەر ناکرێت. لەم هاوکێشە دارێژراوەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە بگوترێت: “دەسەڵاتداران پێویست ناکات هیچ چارەسەرێک بۆ هەژاری و داڕمانی ژێرخان بدۆزنەوە، کاتێک دەتوانن بە ڤیدیۆیەکی ترێند لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەواوی شەقام بۆ چەندین ڕۆژ سڕ بوبکەن!” کاتێک هۆشیاریی گشتی تووشی داڕشتبوونەوەی ساختە دەبێت و سۆشیاڵ میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی کەشوهەوای بێئاگایی، دەسەڵات بەرژەوەندییەکانی خۆی بەبێ هیچ فشارێک لەلایەن جەماوەرەوە دەپارێزێت. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە هاووڵاتییان هۆشیارانە سەرنجی خۆیان لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان کۆبکەنەوە و ڕێگە نەدەن نمایشە ڕووکەشەکان ببنه پەردەیەک بۆ داپۆشینی ناکارامەیی و گەندەڵییەکانی دەسەڵاتداری.

کوردستان پێویستی بە گۆڕانێکی ڕاستەقینە هەیە

پەیوەند حەمە ئەمین

کوردستانی ئەمڕۆ پێویستی بە دروشم و قسەی زۆر نییە؛ پێویستی بە کردار، دادپەروەری، یاسا و گۆڕانێکی ڕاستەقینە هەیە.

ئێمە سیستەمێکی سیاسیمان دەوێت کە تێیدا یاسا بۆ هەمووان یەکسان بێت، دامەزراوەکان بەهێز و سەربەخۆ بن، و دەنگ و ویستی گەل بنەمای بڕیارەکان بێت.

کوردستان نابێت بەردەوام لە هەمان بازنەی سیاسی و هەمان شێوازی بەڕێوەبردندا بمێنێتەوە. پێویستە هەنگاو بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتی بنرێت؛ گۆڕانێک کە بەرپرسیارێتی، شەفافیەت، دادپەروەری و مافی هاووڵاتی بکاتە بنەمای کار.

کوردستان هی هیچ حزب، گرووپ یان کەسێکی تایبەت نییە؛ کوردستان هی هەموو گەلە.

هیچ دەسەڵاتێک نابێت خۆی لە سەرووی یاسا بزانێت، و هیچ هاووڵاتییەک نابێت بەهۆی دەربڕینی ڕای خۆی بێدەنگ بکرێت.

ئێمە کوردستانێکمان دەوێت کە تێیدا یاسا لەسەر دەسەڵات بێت، دادپەروەری بۆ هەمووان بێت، و بەرژەوەندیی گشتی لەسەر بەرژەوەندیی تایبەت بێت.

کوردستان بە دەسەڵاتی بێ سنوور و بەردەوامبوونی دۆخی کۆن پێش ناکەوێت؛ بە دامەزراوەی بەهێز، یاسای دادپەروەر و بەشداریی ڕاستەوخۆی گەل پێش دەکەوێت.

ئێستا کاتی گۆڕانە؛ کاتی ئەوەیە کوردستان بۆ گەل بێت، نەک بۆ بنەماڵا

تەنها سوێن خواردن

ئەرسەلان عەلى ڕەشەید

لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، هیچ شتێک ئەوەندەی ئەو دەنگە بەرز و بڕوا بەخۆبووەی سەرکردەکان لە شاشەی تەلارە بریقەدارەکانەوە پەخشی دەکەن، باوەڕپێنەکراو و لە هەمان کاتدا کارەساتبار نییە. لە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی لە بەردەم کامێراکاندا ڕاوەستان، سوێندی سەربەرزییان خوارد، بە دڵنیاییەکی ڕەهاوە ئاماژەیان بە ڕێککەوتنی نێوانیان، دەستپێکی «سەردەمێکی نوێ»، «چاکسازیی بێئامانج» و کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمان و کابینەی نوێ کرد؛ گوتارێک کە وای لە بەشێک لە جەماوەری ماندوو کرد جارێکی تر تووشی هەڵەی مێژوویی ببن و باوڕ بە لێدوانە پڕ لە شانازییەکانیان بپڕسێن. بەڵام کاتێک تەمومژەکە ڕەوییەوە و پەردە لەسەر شاشە ڕاگەیاندنییەکان لادرا، واقیعی تاڵی سەر زەمین بە تەواوەتی پێچەوانەی ئەو سوێندانە دەرچوو: پەرلەمانەکە هێشتا وەک زیندانێکی چۆڵکراو و ئیفلیجکراو ماوەتەوە، دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت لەناو بازنەیەکی بەتاڵی تۆمەتبەخشینەوە و شەڕی پۆستە داهاتدارەکاندا خول دەخۆنەوە، و ئیدارەدانی وڵاتەکەش بە هەمان عەقڵییەتی قۆرخکاری و حوکمڕانیی بنەماڵەیی بەردەوامە.

ئەم جیاوازییە قووڵەی نێوان «دڵنیایی فیزاوی لە کاتی بەڵێنداندا» و «پەککەوتنی تەواوەتی لە کاتی کرداردا»، نیشانەی سیستمێکە کە بەڵێنەکان تەنها وەک ئامرازی کۆنترۆڵکردنی دەروونیی شەقام و ڕامکردنی توڕەییی جەماوەر بەکاردێنێت. کاتێک سەرکردەیەک بە بێشەرمییەوە سوێندی یاسایی و ئەخلاقی دەخوات بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، کەچی دواتر پرۆسەی سیاسیی تەواوی وڵاتێک دەکاتە بارمتەی حەزە حزبی و بنەماڵەیییەکانی، باوەڕی خەڵک بە سەرتاپای چەمکی ڕاستگۆیی و شەرعییەتی دەسەڵات بە تەواوەتی هەڵدەتەکێت. لە کاتێکدا هاوڵاتییانی بێدەرەتان لە ژێر بارگرانیی هەڵئاوسانی ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ناڕوونیی ئایندەی خۆیان و منداڵەکانیاندا دەپووکێنەوە، سەرکردەکان لە پشت درگاکانەوە خەریکی سەوداکردنی کۆمپانیاکان و دابەشکردنی زۆنەکانن؛ ئەمە تەنها فەشەلی حوکمڕانی نییە، بەڵکو سووکایەتییەکی بێوێنەیە بە هۆشیاریی نەتەوەیەک.

کۆتایی ئەم یارییە سیاسییە بێزارکەرە، حەقیقەتێکی زۆر بەئازار و تاڵمان بەڕوودا دەکێشێتەوە کە چیتر هیچ پەردەیەک ناتوانێت بیپۆشێت: لە کوردستاندا، بەڵێنە برەقەکان هەمیشە دەستبەجێ و لە کاتی خۆیاندا دەگەن، کەچی ئەنجامە واقعیستییەکان سەرەنجام و دوای ساڵانێک دەگەن—یان هەرگیزمەگەڕێ بەدوایاندا، چونکە بەبێ ئەوەی بوونیان هەبێت، وەک هەڵم بە ئاسماندا دەچن.

چەتەیی بەجلی فەرمییەوە

سەرمەند ئیسماعیل سالح

لە سایەی حوکمی چەندین دەیەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا، سەیر نییە تەنانەت ئەگەر سپایدرمانیش لە ناچاریدا ببووە قاچاخچیی بەنزین و دەبەبەدەست لە سەرەی سووتەمەنیدا پشتی بچەمایەتەوە. ئەم دیمەنە تەنیا کارتۆنێکی گەڵتەجاڕی نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە و بێپەردەی سەردەمی چەتەیی، تاڵانی و تاكڕەوییە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوزدا، ڕێک لە هەرێمێکدا کە لەسەر زەریایەک لە نەوت و سامانی سروشتی دانیشتووە، کەچی هاووڵاتییەکانی دەبێت بۆ لترێک سووتەمەنی زەلیل بكرێن.

بنەماڵەی بارزانی لە هەولێر و بنەماڵەی تاڵەبانی لە سلێمانی، بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەر چاوی جیهان، نەوتی ئەم خاکە بە بۆری و تانکەر تاڵان دەکەن و داهاتەکەی ڕاستەوخۆ دەڕژێننە ناو حیسابە بانکییە نادیارەکانی خۆیان و کوڕەکانیان لە بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، کەچی وەک منەتێکی گەورە، بەنزینی کواڵێتی نزیک لە ئاو بۆ خەڵکی ڕەشپۆش و هەژار بەنرخی بێڕەحمانە دابەش دەکەن.

ئەوان كوردستانیان کردووەتە کێڵگەی تایبەتی و میراتی باوکیان،بازاڕی سووتەمەنی و سەرچاوەکانی وزەیان بەسەر کۆمپانیا مافیایی و حزبییەکانی وەک کار و نۆکان و سێبەرەکانیاندا دابەش کردووە تا دوا ڕامانی جەماوەر ڕووت بکەنەوە. کارەکە تەنیا تاڵانیی دارایی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ ژەهر دەرخواردی خەڵک دەدەن، بەنزینی بێ‌ئاست، کیمیایی و ژەهراوی دەخەنە بازاڕەوە کە ڕۆژانە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان دەسووتێنێت، تا دواتر هەر هەمان کۆمپانیا حزبییەکانی خۆیان لە ڕێگەی فرۆشتنی بەنزینی بەناوبانگی گرانتر و پارچەی ئۆتۆمبێلەوە ملیۆنەها دۆلاری دیکە لە گیرفانی خەڵک بدزنەوە.

ئەوەی ناوی نراوە سەرەی بەنزین، لە ڕاستیدا سەرەی سووکایەتیکردنە بە کەرامەتی مرۆڤ،خەڵک دەبێت کاتژمێرەکانی تەمەنیان لە سەرەی تاقەتپڕووكێن و کوشندەدا بەفیڕۆ بدەن تا دڵۆپێک بەنزینی ناستانداردیان دەستبکەوێت، لەکاتێکدا کوڕ و نەوەی بەرپرسەکان بە نوێترین ئۆتۆمبێلی مۆدێلی ساڵەوە بەسەر ئازار و ماندووبوونی خەڵکدا تێدەپەڕن.

ئەمە بە هیچ جۆرێک حکومڕانی و خزمەتکاری نییە، ئەمە جەردەیییە بە جلی فەرمی و دەستکەوتی سیاسییەوە،کاتێک وڵاتێک غەرقی سامان بێت و خەڵکەکەی لە هەژاری و دەربەدەریدا بژین، ئیتر پێویست بە بەڵگە ناکات بۆ ئەوەی بزانرێت کێ جەردەیە و کێ قوربانی. پرسیا ڕاستەقینەکە ئەوەیە: تا کەی دەبێت جەماوەری کوردستان باجی ئەم تاڵانییە بێئامانەی بارزانی و تاڵەبانی بدەن و بێدەنگ بن؟

شەڕى سوتەمەنى

سمکۆ علی ممند

لە یەکێک لە نمایشە هەرە سەیر و گاڵتەجاڕییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، پارتی و یەکێتی هەموو هەوڵ و میدیاکانی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی شەڕێکی قێزەون لەسەر جیاوازیی نرخی چەند سەد دینارێکی لیترێک بەنزین لە نێوان شارەکاندا بکەن، لە کاتێکدا هاوڵاتیی هۆشیار و ماندووی ئەم نیشتمانە زۆر لەوە تێپەڕیوە کە بەم یارییە بچووکانە هەڵبخەڵەتێت و ئێستا بەدوای وێنە گەورەکە و ونبوونی سامانی نیشتمانیدا دەگەڕێت . دەسەڵاتداران دەیانەوێت گێڕانەوەی سیاسی و میدیایی تەنیا لە دەوری ئەوە بسوڕێتەوە کە کام حزب بەنزینی هەرزانتر دابین دەکات و کێ لەسەر حیسابی گیرفانی شۆفێران قازانج دەکات، وەک ئەوەی گەورەترین دەستکەوتی ئابووریی وڵاتێک کە لەسەر دەریایەک نەوتە، تەنیا دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی بێت بۆ چەند ڕۆژێک .

بەڵام لە ژێر ئەم پەردەیەی شەڕەقسەی حزبییەدا، دایک و باوکێک کە لە کاتی پڕکردنی تانکیی ئۆتۆمبێلەکانیاندا ئاهێکی قووڵ هەڵدەکێشن، چیتر بیر لە جیاوازیی نرخی نێوان هەولێر و سلێمانی ناکەنەوە، بەڵکو پرسیارە شۆککەرە ڕاستەقینەکە دەکەن: باشە ئەگەر ئێمە ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشین، کوا ئەو ملیاران دۆلارەی کە دەبوو بکرێتە ژێرخانێکی بەهێز و خۆشگوزەرانی بۆ منداڵەکانمان؟ . ئەم ململانێ دروستکراوەی سەر نرخی سوتەمەنی، تەنیا هەوڵێکی بێهودەی دەسەڵاتە بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی گشتی لەسەر پرسیارە پێکهاتەییەکانی وەک شەفافیەت، چارەنووسی داهاتی خاڵە سنوورییەکان، و ئەو پارە خەیاڵییەی کە لە ڕێککەوتنە نەوتییە تەمومژاوییەکاندا دیار نەماوە .

ئەوان دەیانەوێت خەڵک لەسەر شاشەکان پەلاماری یەکتر بدەن بۆ چەند دینارێک، تا لە پشتی پەردەوە ئامێرەکانی تاڵانکردن بەبێ دەنگی کار بکەن و ملیارەها دۆلار بڕژێتە گیرفانی نوخبەیەکی دیاریکراوەوە . بەڵام ئەم سەردەمە گۆڕاوە و هاوڵاتییان ئێستا زۆر باش دەزانن کە کێشەی ڕاستەقینە نرخی بەنزینخانەی گەڕەکەکانیان نییە، بەڵکو دیارنەمانی ئەو سامانە نەتەوەییەیە کە دەبوو ببێتە مایەی شانازی و گەشەسەندن، نەک هۆکارێک بۆ سواڵکردن و شەڕە پەڕۆی حزبی لەسەر کەمترین مافی ژیان

👤
Live: 79 Today: 312 📊 Click Here