سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/17، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەتوان ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرا لەپێناو باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

پارێزگاری بەغدا ستایشی ئاوەدانی و گەشەپێدانی هەمەلایەنی هەرێمی کوردستانى کرد و خواستی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم نیشان دا.

سەرۆکی حکومەت ئامادەییی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاوکارییەکی پێویست لەگەڵ بەغدا و پارێزگەکانی دیکەی عێراق دەربڕی.

کەشناسی: هەفتەی داهاتوو هاوین دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی

بەپێی حیساباتی فەلەکی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە وەرزی هاوین بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.

شارەزایانی کەشناسی رایدەگەیەنن کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکە ڕۆژی شەممە دەبێت کە لە هەندێک ناوچە پلەکانی گەرما دەگەنە 49 بۆ 50 پلەی سیلیزی.

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وا باشترە هاووڵاتییان لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆ تاوەکو عەسر کەمتر بەر تیشکی خۆر بکەون.

مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت

ڕۆژی یەک شەممە ( ٢١ ی حوزەیران تا ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.

هاوکات لەهەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کەلەدوای ( ٢٠٢٤/٧/١ ) بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون کەشایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری

١٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

مەسرور بارزانی سوپاسی خەلکی پارێزگایی هەلەبجە دەکات

سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی ڕوقیە ، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو.

پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوخەمیانم . خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.

بە داخەوە لەم ماوەیەدا، ڕووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕێکار و ڕێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک ڕووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو ، هەروەها داوا و تکا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم کە ئەو ڕێنماییانە لەبەر چاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن .

نزاکارین لە خودای مەزن کە هەموو لایەک بپارێزێت .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2026/6/18

ئه‌شواق جاف بۆ زاگرۆس: سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جۆرێك له‌ دڵنیایی به‌ كۆمپانیا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌كوردستان داوه‌

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و په‌رله‌مانتاری عێراقیش، باس له‌ گفتووگۆی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و نوێنه‌رایه‌تی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ كوردستان ده‌كات و زانیاری ده‌خاته‌روو.

د.ئه‌شواق جاف، بۆ زاگرۆس گوتی: “كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی كوردستان داوای دڵنیاییان كردووه‌ كه‌ چیتر به‌ ئامانج نه‌گیرێن له‌لایه‌ن گروپه‌كانه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ڵێنی پێداون، به‌ڵأم ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێبدرێت ئه‌گه‌ر به‌ئامانج بگیرێن قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش ده‌ڵیت: ( ئه‌گه‌ر له‌ناو خاكی عێراقه‌وه‌ به‌ ئامانج بگیرێت به‌پرسیار ده‌بێت به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه‌ به‌رپرسیار نییه‌). و تائیستاش ئه‌م گفتووگۆیانه‌ ماوه‌.

گوتیشی: “ئه‌و شانده‌ی هاتوه‌ته‌ كوردستان شاندێكی باڵای ئه‌منییه‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیاریان كردووه‌ و هه‌ولێر ده‌یه‌وێت هاوكاری عێراق بكات به‌تایبه‌ت له‌رووی ده‌رچه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌ و ده‌بێت كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بپارێزرێن.

مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات و دەڵێت “هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران کرد.

مەسرور بارزانی دەڵێت: “پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەم. هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

ڕێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان: كارا نه‌كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی و لاوازبوونی میكانیزمی چاودێری

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی کرد کە درێژبوونەوەی کارا نەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پەرەپێدانی چوارچێوەی یاسایی هەرێم هەیە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە کە زۆربەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون، جەخت لەسەر پێویستی دەرچوونی یاسا و هەموارکردنەوەی یاساکان دەکەنەوە. بەپێی وتەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پەرلەمان وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دەرچوونی یاسا و چاودێریکردن لە جێبەجێکردنیان، بۆیە نەبوونی پەرلەمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پابەندبوونی هەرێم بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.

د. زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەیەک لە ڕاسپاردەکان هێشتا چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانن، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە دەرچوونی یاسا نوێ و هەموارکردنەوەی یاسا هەنووکەییەکانەوە هەیە.

لە هەمان کاتدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر گرنگی پەسەندکردنی ژمارەیەک لە یاسا و پرۆژە یاسا سەرەکییەکان کردەوە کە پەیوەندیان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، پاراستنی مافەکانی منداڵ، بیمەی تەندروستی و چاکسازییە یاساییەکانەوە هەیە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی کرد کە کەمبوونی چالاکی یاسادانان دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی یاسایی، کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەکان و لاوازبوونی میکانیزمەکانی چاودێری و دادپەروەری. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە چالاککردنەوەی پەرلەمان و دانانی پلانێکی یاسادانان بەپێی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی یاسا، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان.

وردەکاری گرێبەستەکەی دۆمفریس لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید

دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا یانەی ڕیاڵ مەدرید توانی گرێبەستی ئەستێرەی باڵی ڕاستی بەرگری دۆمفرێس یەکلایی بکاتەوە و یاریزانەکە پشکنینە پزیشکیەکانی تێپەڕاند ئەمڕۆ ئیمزا لەسەر گرێبەستەکەی دەکات.

بەگوێرەی زانیاریەکانی فابریزۆ ڕۆمانۆ ئیتاڵی دۆمفرێس گرێبەستەکەی تاکو هاوینی ساڵی 2030 دەبێت و لەماوەی ئەو گرێبەستەدا لەکاتی بردنەوەی نازناوی کۆمەڵ تاکە کەسی یاریزانەکە پاداشتی دارایی وەردەگرێت وەک مەرجی ئیمزا کردنی گرێبەستەکەی.

گواستنەوەی دۆمفرێس گرینگی تایبەتی خۆی دەداتە ئاستی ڕیاڵ مەدرید و یانەکە دەیەوێت بۆ وەرزی داهاتوو داگیرکاری نازناوەکان بکات وەک قەرەبووی خراپی و بێ نازناوی دوو وەرزی ڕابردوو.

وێستگەی داهاتووی یۆرگن کڵۆپ ئاشکرا دەبێت

دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا ناوی یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە دەبەسترایەوە،بەڵام دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لەلایەن پێرێزەوە هەموو ئەم بابەتە هەڵوەشایەوە،لەم چەند ڕۆژەشدا ڕۆژنامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئینگلتەرا ناوی ڕاهێنەرەکەیان بە یانەیەکی سعودی دەبەستە،بەڵام ئەمڕۆ سکای سپۆرت هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕاتکردەوە و ناوی شوێنێکی نوێی هێنا وەک وێستگەی نوێی ڕاهێنەرەکە.

بەگوێرەی قسەی سکای سپۆرت بێت کڵۆپ چاوی لە وەرگرتنی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە و دەیەوێت لەکاتی نەبوونی ئەنجام لەم مۆندیالەدا بچێتە شوێنی نایگلیسمان،هەر ئەوەش بۆتە هۆکارێک بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو گرێبەستانەی بۆی هاتوون.

کڵۆپ خەونی وەرگرتنی پۆستی ڕاهێنەرایەتی ئەڵمانیایە و چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردەکە دەکات لەم مۆندیالەدا،لەئەگەری ئەنجامی خراپی ئەوا دەچێتە شوێنی ڕاهێنەری ئێستای،که لە دوو مۆندیالی ڕابردوودا مانشافت لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی کردوە.

“سەرکار ڕێبوار”

مۆرینیۆ بریارێکی یەکلاکەرەوەی لەسەر داهاتووی چوامینی دا

دوای ئەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بە سەرکەوتوویی لە هەڵبژاردنەکاندا مانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید تا ساڵی 2030 مسۆگەر کرد، یانە شاهانەکە بە فەرمی گەڕانەوەی خۆسێ مۆرینیۆی بۆ پۆستی ڕاهێنەرایەتی ڕاگەیاند. لە یەکەم هەنگاوی ستراتیژی خۆیدا، مۆرینیۆ داهاتووی ئۆریلیان چوامینی تەمەن 26 ساڵی لەگەڵ یانەکە یەکلا کردەوە.

سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی یانەکە بەهۆی بێبەشبوون لە نازناوەکان و کێشە ناوخۆییەکانی وەک پێکدادانی نێوان چوامینی و فیدی ڤالڤێردی، هەروەها نۆژەنکردنەوەی پێکهاتەکە بە گرێبەستکردن لەگەڵ دێنزێل دۆمفرێس و ئیبراهیما کۆناتێ، مۆرینیۆ بە توندی ڕێگری لە فرۆشتنی چوامینی کرد.

سەرباری هەوڵە زۆرەکانی مانچستەر یونایتد بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئەستێرە فەرەنسییە بە مەبەستی بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ ئێدێرسۆنی ئەتالانتا، ڕاهێنەرە پورتوگالییەکە بە فەرمی بە پێرێزی ڕاگەیاند کە چوامینی فرۆشراو نییە و بە تەواوی دەرگای گفتوگۆکانی مێرکاتۆی بە ڕووی هەر یانەیەکی دیکەدا داخست.

👤
Live: 37 Today: 571 📊 Click Here