نرخی نەوت زیاتر پاشەکشەی کرد و تەکساس دابەزی بۆ خوار 89 دۆلار

​ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت درێژەی بە ئاراستەی دابەزینەکەی دا و زیاتر لە نرخەکانی دوێنێ نیشتنەوەی بەخۆوە بینی، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەشە ئارامەکەی ناو بازاڕ دوای ڕاگرتنی هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت پاشەکشەی زیاتری کرد و گەیشتە 92.00 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (93.43 دۆلار) بە بڕی 1.43 دۆلار دابەزیوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە توندی دابەزی و گەیشتە 88.72 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (90.08 دۆلار) دابەزینێکی 1.36 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم پاشەکشە بەردەوامەی نرخەکانی نەوت بەهۆی ئەوەوەیە کە بازاڕەکان متمانەی زیاتیان بەدەستهێناوەتەوە سەبارەت بە سەقامگیریی هێڵەکانی دابینکردنی وزە، دوای ئەوەی نێوەندگیرییەکەی ئەمریکا ڕێگر بوو لە تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ. وێڕای ئەم دابەزینەش، وەبەرهێنەران و بازرگانان هێشتا بە وریاییەوە چاو لە لێدوانەکانی هەردوولا دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی ئەم ئارامییە کاتییە لە ناوچەکەدا.

شەپۆلێکی توندی دابەزین بازاڕی زێڕ و زیوی گرتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان نزمبوونەوەیەکی زۆر توند و بەرچاویان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ و زیو لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا بە ڕێژەیەکی خێرا هاتوونەتە خوارەوە و بەشێکی زۆر لە بەهاکەیان لەدەستداوە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ دابەزینی توندی بەخۆوە بینی و هاتووەتە خوارەوە بۆ 4,173.94 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 134,195.45 دۆلار و یەک گرامیش بە 134.2 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان نزمبوونەوەی پێوانەیی تریان تۆمارکرد و بەم شێوەیە جێگیر بوون؛ عەیارەی ٢٢ بە 949,094 دینار، عەیارەی ٢١ بە 905,953 دینار و عەیارەی ١٨ بە 776,531 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیویش هاوشێوەی زێڕ ڕووی لە دابەزینێکی خێرا و بەرچاو کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو دابەزیوە بۆ 63.63 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,045.75 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.05 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕەکان بە توندی کاریگەرن بە پێشهاتە سیاسی و لێدوانە نێودەوڵەتییەکانی دوێنێ، ئەمەش وایکردووە کە دڵڕاوکێی وەبەرهێنەران کەمێک هێور بێتەوە و جۆرێک لە ڕووبەروبوونەوەی خێرا لە نێوان هێزی کڕین و فرۆشتندا دروست ببێت، کە دواجار فشاری گەورەی خستووەتە سەر بەهای کانزا گرانبەهاکان لە بۆرسەی جیهانیدا.

بیتکۆین زیاتر لە دوو هه‌زار دۆلاری دیکەی لەدەست دەدات

​ ​لە بەردەوامیی گۆڕانکارییەکانی بەهای دراوە دیجیتاڵییەکاندا، لە دواین مامەڵەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، نرخی بیتکۆین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی دابەزین ببووەوە و بۆ 61,131.98$ پاشەکشەی کرد.

​ئەم ئاستە نوێیەی نرخ پاش بەراوردکاری لەگەڵ دوو ڕۆژ پێش ئێستا (دووشەممە، 8ی حوزەیران) دێت، کە تێیدا بەهای دراوەکە گەیشتبووە 63,260$. بەمەش بەراورد بەو ئاستە، بیتکۆین تەنها لە ماوەی 48 کاتژمێردا نزیکەی 2,128$ (نزیکەی 3.3%) لە بەهاکەی لەدەستداوە و تەواوی ئەو قازانجانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆی کردبوونەوە، دووبارە لەدەستی دانەوە.

​شرۆڤەکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم پاشەکشە خێرایە نیشانیدەدات کە بازاڕەکە هێشتا لەژێر کاریگەریی فشارە قورسەکانی پێشوودایە و ناتوانێت بە ئاسانی پێگەی خۆی بپارێزێت، ئەمەش دووبارە ترسی لەدەستدانی هێڵە سەرەکییەکانی پاڵپشتی لای وەبەرهێنەران دروستکردووەتەوە.

نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بۆرسەی جیهانی دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە دوایین مامەڵەکانی ڕۆژی دووشەممەدا لە ئاستێکی بەرزتردا بوو.

​لەسەر ئاستی جیهان، لە ئێستادا نرخی یەک ئۆنسە زێڕ (کە هاوتای 31.1 گرامە) بە 4 هەزار و 205 دۆلاری ئەمریکی مامەڵەی پێوەدەکرێت. هاوکات لە بازاڕی دراوەکانیشدا، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 154 هەزار و 250 دیناری عێراقی خەمڵێنراوە.

​ئەم گۆڕانکارییانە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر نرخی مسقاڵێک زێڕ (کە یەکسانە بە 5 گرام) لە بازاڕەکانی ناوخۆدا و نرخەکان بەم شێوەیەی خوارەوە جێگیر بوون: ​نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24 دابەزی بۆ 1 ملیۆن و 47 هەزار دینار، لە کاتێکدا ڕۆژی دووشەممە بە 1 ملیۆن و 82 هەزار دینار بوو. هەروەها زێڕی عەیار 22 نرخەکەی گەیشتە 960 هەزار دینار دوای ئەوەی پێشتر بە 992 هەزار دینار فرۆشرابوو.

​هاوکات، زێڕی عەیار 21 کە زۆرترین خواستی لەسەرە، پاشەکشەی کرد بۆ 917 هەزار دینار بۆ هەر مسقاڵێک، لە کاتێکدا لە دوایین مامەڵەکاندا بە 948 هەزار دینار بوو. لە کۆتاییدا نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18 بە 787 هەزار دینار جێگیربوو، کە بەراورد بە ڕۆژی دووشەممە 26 هەزار دینار دابەزیوە کاتێک بە 813 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.

نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ بەردەوامیی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی وزەدا، نرخی نەوت بازدانێکی گەورە و بەهێزی بەخۆوە بینی و ئەو ئارامی و دابەزینەی چەند ڕۆژی ڕابردووی جێهێشت، ئەمەش دوای سەرهەڵدانەوەی گرژییەکی بێپێشینە لە ناوچەکەدا.

​لە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ئەمڕۆی بازاڕدا، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی و گەیشتە 93.57 دۆلار، کە بەراورد بە ئامارەکانی دوێنێ (92.00 دۆلار) بە بڕی 1.57 دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

هاوكات، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە هەمان شێوە ڕووی لە هەڵکشان کردەوە و گەیشتە 90.69 دۆلار، کە ئەمەش بەراورد بە کاتی پێشوو (88.72 دۆلار) بەرزبوونەوەی 1.97 دۆلاری نیشان دەدات.

​ئەم بەرزبوونەوە بەرچاوەی نرخەکانی نەوت ڕاستەوخۆ دوای ئەوە هات کە تاران داخستنی تەنگەی هورمزی ڕاگەیاند، کە خاڵێکی یەکجار ستراتیژی و گرنگی گواستنەوەی کەرتی وزەیە لە جیهاندا. ئەم بڕیارە ترسی توندی لای بازرگانان و وەبەرهێنەران دروستکردووەتەوە سەبارەت بە پچڕانی هێڵەکانی دابینکردنی نەوت، ئەمەش دڵەڕاوکێی کەرتی وزەی گەیاندووەتە لوتکە و وایکردووە نرخەکان دووبارە بە توندی ڕوو لە هەڵکشان بکەنەوە.

شەپۆلێکی توندی دابەزین بازاڕی زێڕ و زیوی گرتەوە

​ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بازاڕەکانی کانزا گرانبەهاکان بەردەوامبوون لەسەر هێڵە دابەزیوەکەیان و نزمبوونەوەیەکی بەرچاوی دیکەیان بەخۆوە بینی؛ نرخی زێڕ لەسەر ئاستی جیهانی و بازاڕەکانی ناوخۆدا بە ڕێژەیەکی خێرا هاتووەتە خوارەوە، لە کاتێکدا بازاڕی زیو کەمێک ڕووی لە جێگیربوون و بەرزبوونەوەی ڕێژەیی کردووە.

​لە بازاڕە جیهانییەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر دابەزی بۆ 4,088.71 دۆلار، یەک کیلۆگرام بە 131,455.08 دۆلار و یەک گرامیش بە 131.46 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​هاوکات لە بازاڕەکانی ناوخۆشدا و بەپێی نرخی فەرمی سەندیکای زێڕنگران، عەیارەکان نزمبوونەوەی پێوانەیی تریان تۆمارکرد و چوونە ژێری هێڵی پێشوویانەوە؛ عەیارەی ٢٢ بە 929,395 دینار، عەیارەی ٢١ بە 887,149 دینار و عەیارەی ١٨ بە 760,414 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

​لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی زیو بە پێچەوانەی زێڕەوە کەمێک هەڵکشا، بە جۆرێک لە ئێستادا نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو گەیشتووەتە 63.92 دۆلار، هەر کیلۆگرامێک بە 2,055.11 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخی هەر گرامێکیش لەسەر 2.06 دۆلار جێگیر بووە.

​شارەزایانی دارایی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوامیی دابەزینی نرخی زێڕ گرێدراوی ئەو گۆڕانکاری و جێگۆڕکییە خێرایەیە کە لە نێوان کڕیاران و فرۆشیارانی بۆرسە جیهانییەکاندا ڕوودەدات، کە هێشتا لەژێر کاریگەریی پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی ئابووری گشتیدا، دەیانەوێت هاوسەنگیی دارایی خۆیان لە بازاڕەکاندا بپارێزن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە میری ئێزدییان دەکات

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 6/10، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میر حازم میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییان کرد.

لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و بارودۆخی ئێزدییان تاوتوێ کرا.

سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ خواست و مافەکانی ئێزدییان دووپات کردەوە.

میر حازم سوپاسی پشتیوانی و پشتگیریی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق: هێزەکانی پێشمەرگەی قارەمان بەشێکی دانەبڕاون لە سیستمی بەرگری

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەباح ئەلنەعمان، ڕایگەیاند کە دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و هیچ بژاردەیەک لە دەرەوەی یاسادا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی ئەیلوولی داهاتوودا، بڕیارێکی بنبڕە و دواخستن هەڵناگرێت.

ئەلنەعمان جەختی کردەوە کە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە یەکجاری کۆتایی دێت و پەیوەندییەکان دەبنە هاوبەشیی دووقۆڵی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەریی تەواوی عێراق.

گوتی: لیژنەی باڵای ناوەندی دەستی بە وەرگرتنی چەک، کەرەستە، کۆگا و سەربازگەکان لە کەرتی سامەڕادا کردووە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر پەیوەندییەکی سیاسی و خستنەژێرباری هێزەکان بۆ ژێر چەتری دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان، لەگەڵ پاراستنی مافە داراییەکانی شەڕکەران.

راشیگەیاند: هێزەکانی پێشمەرگەی قارەمان ڕاگرێکی دەستووری و بەشێکی دانەبڕاون لە سیستمی بەرگری و پڕۆسەی سیاسی عێراق، و پابەندبوون بە چاودێریکردنی خێزانی شەهید و بریندارەکانیان بەشێکە لە بەهێزکردنی سیستمی ئەمنی نیشتمانی.

ئاشکراشی کرد: یەکێک لە ئەولەویەتەکان کۆتاییهێنانە بە دیاردەی چەکداری لە ناو شارەکاندا و ڕادەستکردنی تەواوی مەلەفی ئەمنیی ناوخۆی شارەکانە بە وەزارەتی ناوخۆ.

نەعمان جەختی کردەوە: بڕیاری ئەمنی تەنیا لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە، و عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی ببێتە شوێنی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، بە هەمان شێوەش قبووڵی هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیدا ناکات.

سەرۆکی حکومەت؛ گەنجانی کوردستان دواڕۆژی وڵاتەكەمانن و ڕۆڵی کارایان هەیە لە دروستكردنی ئاییندەیەکی باشتر

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 6/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا ناوەندی گەنجان Youth Hub – ی کردەوە، کە گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندی گەنجانە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و جیهان و لەلایەن کوردستان فاوندەیشنـەوە دروستکراوە و بەڕێوە دەبرێت.

سەرۆکی حکومەت بەشە جۆراوجۆرەکانی ناوەندەکەی بەسەر کردەوە کە تایبەتن بە چالاکییە ڕۆشنبیری، ڕاگەیاندن، هونەری، وەرزشی و تەکنەلۆژی و چەند بوارێکی دیکە.

پاشان سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا، باسی لە گرنگیی ئەم ناوەندەکە کرد وەک گەورەترین ناوەندی گەنجانە لەسەر ئاستی جیهان. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت گوتی؛ جێی شانازییە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان كە ئێمە ناوەندێكی بەم شێوەیە ئێستا لە كوردستان هەمانە و بووەتە سەكۆیەك، بووەتە شوێنێك بۆ ئەوەی هەموو گەنجەكانی كوردستان بتوانن سوودی لێ ببینن.

پیرۆزبایی لە هەموو گەنجانی كوردستان و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، دەستخۆشیش لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە ڕۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە و بەردەوامیشن لە پێگەیاندنی گەنجەكان و دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تەندروستەی كە پێویستە هەمانبێت لە نێوان گەنجەكان و هەموو ڕۆڵەكانی ئەم كۆمەڵگەیە.

سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی؛ زۆر خۆشحاڵ بووم بە بینینی ئەو گەنجە بەهرەمەندانەی كە ئەمڕۆ لێرە بەشێكیان بەرهەمەكانی خۆیان پێشانی ئێمە دا. ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە كە گەنجەكانی ئێمە شوێنێكیان هەبێت بتوانن تێیدا كۆببنەوە و لە هەموو ڕوویەكەوە سوودی لێ ببینن. كتێبخانەیەكی گەورە لەم ناوەندەدا هەیە كە پڕە لە كتێب و لە بەرهەمە گرنگەكان بۆ ئەوەی لە ڕووی زانستی و لە ڕووی مێژووییەوە گەنجەكان سوودی لێ ببینن.

ئەوەی من داوا دەكەم و پێشنیاز دەكەم، گەنجەكانمان مێژووی خۆیان بخوێنن، بۆ ئەوەی ببینن و بزانن لە كوێوە هاتووین و ئەوەی ئێستا لە كوردستان هەمانە، بەرهەمی خەبات و ڕەنجی نەتەوەیەكی ستەمدیدە و ستەم لێكراوە. ئێمە بە درێژایی مێژوو ستەمێكی گەورەمان لێكراوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆمان نەچەماندووە و نەمانهێشتووە كە ئیرادەی گەلەكەمان بمرێت. بەرهەمی خەباتی پێشمەرگە و قوربانیدانی ئەم گەلە وایكردووە كە ئێستا كوردستانێكی گەشەسەندوو و پێشكەوتوومان هەیە و ئومێدم وایە ئەم گەنجانە بتوانن زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەن.

سەرۆکی حکومەت داوای لە گەنجەكان کرد كە پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن. زۆرجار گلەیی ئەوەمان دەبیست كە كوردستان شوێنێكی تێدا نییە كە گەنجەكان بتوانن بەهرەكانی خۆیانی تێدا بەرەو پێشەوە ببەن یانیش دەرفەت و فورسەتێكیان بۆ پەیدا ببێت بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن. دروستكردنی ئەم ناوەندە ئەم شوێنەیە كە گەنجەكانمان چیتر روو لە هەندەران نەكەن، پێیان وا نەبێت وڵاتەكەیان شوێنی ئەوانی تێدا نییە، وڵاتی ئێمە شوێنی ئەم گەنجانەیە، ئەوانەی كە خەباتیان كردووە و زەحمەتیان كێشاوە و تا ئێرە هێناویانە و كوردستانیان ئاوەدان كردووە، لەمەودوا ئەم ئەركە دەكەوێتە سەر شانی گەنجەكانمان.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی ئەم ناوەندە لە چەندین ڕووەوە دەتوانێت یارمەتیی گەنجەكان بدات، لە ڕووی وەرزشییەوە شوێنی باشیان هەیە بۆ ئەوەی گەنجەكان بتوانن خۆیان تێیدا پەروەردە بكەن. لە ڕووی كولتوور و كەلەپووری نەتەوەییمانەوە، بتوانن هەم ئاشنا بن بەو كولتوور و كەلەپوورە، هەم بە جیهانیشی بناسێنن.

من داوام لە گەنجەكانمان هەیە، خۆیان دوور نەگرن لەو كولتوورە جوانەی كە وڵاتەكەمان هەیەتی. جلوبەرگی جوانی كوردی لەبەر بكەن و شوێنە جیاوازەكانی وڵاتەكەمان بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەوەوە جوانە كە شانازیی بەو كولتوورە نەتەوەییەی خۆیان بكەن. خۆتان بەدوور مەگرن، لە بۆنەكانی وەكوو ئەمڕۆ و هاوشێوەی ئەمڕۆ، داواتان لێ دەكەم بگەڕێنەوە بۆ دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تەندروستە لەگەڵ مێژووی خۆتان، بەڵام سوودوەرگرتن لە مێژوو بەس نییە و بەستنەوەی ئێستا بە مێژووش بەس نییە، دەبێ ئێمە بیری گەورەمان هەبێ بۆ داهێنان و دروستكردنی ئاییندەیەكی گەشتر، وڵاتێكی ئاوەدانتر. گەنجەكان دەتوانن سوود لە زانست و تەكنەلۆژیا ببینن كە ئەم جۆرە ناوەندانە و بە تایبەتی ئەم ناوەندە دەتوانێت بیخاتە خزمەتی گەنجەكانمان. لە ڕووی تەكنەلۆژییەوە ئامێری باش دەخرێتە خزمەتیان كە ئەوان بتوانن سوودی لێ وەربگرن.

لە ڕووی تێكەڵاویی كۆمەڵایەتی، بەبێ فەرق و جیاوازی لە هەموو ناوچە و شار و شارۆچكەكانی كوردستان گەنجەكان دەتوانن سەردانی ئەم ناوەندە بكەن، هەم بە یەكتر ئاشنا بن، هەم بتوانن بیروبۆچوونەكانی خۆیان ئاڵوگۆڕ بكەن و سوود لە تواناكانی یەكتر وەربگرن، چۆنیش بتوانن كاریگەرییان لەسەر داڕشتنی سیاسەتی داهاتووی وڵاتەكەمان هەبێت.

لە کۆتایی گۆتەکەیدا سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە گەنج چیتر با وا نەزانێ كە پێگەیان نییە یان دەنگیان بیستراو نییە، دەنگی ئێوە بیستراوە و شوێن دەستی ئێوەش دیارە. راستە ئێوە هیوای دواڕۆژی وڵاتەكەمانن، بەڵام ئێوە هەر لە ئەمڕۆوە كاریگەریتان هەیە لەسەر دروستكردنی ئەو ئاییندەیەی كە دەتانەوێ تێیدا بژین. ئێوە بەشێكن لەو كۆمەڵگەیە و ئێوە دەبێ بەشێك بن لە دروستكردنی سیاسەتی وڵاتەكەتان. دەتانەوێ بەرەو كوێ بڕۆن؟ دەتانەوێ چاو لە چ وڵاتێكی پێشكەوتوو بكەن؟ ئەوەی لەسەر ئێمەمانانە یارمەتیتان بدەین و ئەو كەرەستانەتان بخەینە بەردەست، ئێوەش بە بەهرەی خۆتان، بە بۆچوونەكانی خۆتان، بە زیرەكی و شارەزایی و لێهاتوویی خۆتان، بتوانن تواناكانی خۆتان بەكار بهێنن بۆ دروستكردنی وڵاتێكی ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر. دەتوانن یارمەتیمان بدەن لە رووی دروستكردنی ژێرخانێكی ئابووریی باشتر، تەلاری جوانترمان بۆ ئاوەدان بكەنەوە، كەرتی تەندروستیمان باشتر بكەن، خوێندنمان بەرەو ئاستێكی بەرزتر ببەن، لە هەموو ڕوویەكەوە دەتوانن یارمەتیمان بدەن كە ئێمە بتوانین شانازیی بە بوونی ئێوە بكەین، هەروەك شانازیتان پێوە دەكەین. من دواقسەم بۆ خوشك و برایانم، بۆ هەموو گەنجانی خۆشەویستی كوردستان ئەوەیە، خەونی گەورە ببینن، ئامانجتان با گەورە بێت، هیچ خەونێك ئەوەندە گەورە نییە، هیچ ئامانجێكیش ئەوەندە بە زەحمەت نییە كە بەدی نەیەت، جگە لەوەی كە هەوڵی بۆ نەدەن. بۆیە هیوادارم بەردەوام بن لە بینینی خەونی گەورە و بەرەو ئەو ئاستە بڕۆن كە شایستەی داهاتووی ئێوەیە.

دەستەی وەبەرھێنان: بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، جووتیاران و کۆمپانیاکان دەتوانن گەنم ھەناردەی دەرەوە بکەن

​دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو جووتیار و کۆمپانیایانەی ئارەزوومەندن گەنمی ھەرێم ھەناردەی دەرەوە بکەن، دەتوانن لە ئێستاوە داواکاریی فەرمیی خۆیان پێشکەش بە دەستەی وەبەرھێنان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی.

​ئەم ھەنگاوە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری جووتیاران و بەبازاڕکردنی بەرھەمەکانیاندایە، و دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە وادەی پێشکەشکردنی داواکارییەکان سنووردارە و تەنیا حەوت ڕۆژ لەبەردەم خوازیاراندا هەیە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان.

👤
Live: 15 Today: 751 📊 Click Here