نێچیرڤان بارزانی : پێشوازی لە بڕیاری دادگا دەکەم بۆ سزادانی عەجاج

پێشوازی لە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی تاوانبار (عەجاج تکریتی)، جەللادەکەی نوگرەسەلمان ده‌كه‌م. ئەم بڕیارە سەرکەوتن و جێبه‌جێبوونى دادپەروەری و لانى كه‌مى دڵدانه‌وه‌ى کەسوکاری ئەنفالکراوانه‌. دەستخۆشی لە دادوەران، پارێزەران، شایەتحاڵە بوێرەکان و هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ هاوكار بوون له‌ گه‌ياندنى تاوانبار به‌ سزاى ياسايى.

سزادانی ئەم تاوانبارە دوای چەندین ساڵ، پەیامێکی ڕوونە کە تاوانەکانی جینۆساید و دژی مرۆڤايه‌تى، ده‌رهه‌ق به‌ گەلی کوردستان، هەرگیز کۆن نابن و دەستی دادپەروەری هەر دەگاتە تاوانباران. ئەمڕۆ جارێکی تر سەلمێنرا کە ئیرادەی ماف و ژیان، لە هەموو ستەم و دڕندەیيیەک بەهێزترە.

هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قه‌ره‌بووى ماددى و مه‌عنه‌ويى قوربانييانى ئه‌نفال بكاته‌وه‌ كه‌ دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق به‌ جينۆسايد ناساندوويه‌تى.

یادی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان هەمیشە بەرز و گيانيان شاد و ئاسووده‌ بێت.

درزەکەی نێوان دەسەڵات و شەقام لە کوردستان بووەتە خەندەقێکی کوشندە

محمد کاروان

وەک شانۆیەکی گەورە و ڕازاوە کە تێیدا ئەکتەرەکان جلی پاشایەتییان پۆشیوە و بە دەنگی بەرز دیالۆگی نیشتمانپەروەری دەخوێننەوە، بەڵام لە دەرەوەی هۆڵەکە، بیناکە ئاگری گرتووە و بینەرەکانیش لەناو دووکەڵدا دەخنکێن بێ ئەوەی یەک ئەکتەر ئاوڕیان لێ بداتەوە؛ حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیش ڕێک بەمجۆرە لە واقیعی گەلەکەی دابڕاوە. کاتێک حکومەتێک هەیە کە توانای دابینکردنی مووچە و کارەبای نییە بەڵام دەتوانێت لە چرکەیەکدا ئاسایشی شارێک کۆنترۆڵ بکات، و کاتێک پەرلەمانێک هەیە کە موچەی خەیاڵی وەردەگرێت بەڵام ناتوانێت یەک وەزیری تاڵانچی بانگهێشت بکات، ئەوە ئیتر ئێمە خاوەنی دەوڵەت نین. ئێمە خاوەنی هەیکەلێکی سیاسین کە تەنها بۆ وێنەگرتن و پێشوازییکردن لە شاندە بیانییەکان دروستکراوە، لە کاتێکدا ژیانی ڕاستەقینەی هاوڵاتییان لەناو زەلکاوێکی پڕ لە نەبوونی و بێیاساییدا نوقم بووە. ئەم بۆشاییە گەورەیەی نێوان دروشمەکانی سەرەوە و نەهامەتییەکانی خوارەوە، درزێکی ئاسایی نییە؛ ئەمە خەندەقێکە کە دەسەڵات بە ئەنقەست هەڵیکەندووە بۆ ئەوەی دەنگی خەڵک هەرگیز نەگاتە کۆشکەکانیان.

ئەم دابڕانە ئامانجدارە، دەرەنجامی نەشارەزایی نییە، بەڵکو ستراتیژی مانەوەی ئەو دەسەڵاتی بنەماڵەیەیە کە وڵات بەڕێوەدەبەن. لە فەرهەنگی ئەواندا، “حکومەت” دامەزراوەیەک نییە بۆ خزمەتکردن، بەڵکو کۆمپانیایەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئابووری سێبەر. کاتێک نەخۆشخانەکان بێ دەرمانن و گەنجان لە دەریای ئیجەدا دەخنکێن، وەزیرەکان لەسەر شاشەکان باسی “پێشکەوتنی ئابووری” و “کوردستانێکی بەهێز” دەکەن. ئەمە درۆکردن نییە لەگەڵ میللەت، ئەمە کوشتنی واقیعە. ئەوان جیهانێکی مەجازییان بۆ خۆیان دروستکردووە کە تێیدا هەموو شتێک گوڵاوە، چونکە ئەوان مووچەکانیان دواناکەوێت، کارەبایان نابڕێت، و منداڵەکانیان لە دادگای کارتۆنی ناترسن. ئەوان لەسەر هەسارەیەکی تر دەژین کە بە پارەی دزراوی ئێمە بونیادیان ناوە.

“کۆمەڵگە لە نێوان ئەو ئایدیاڵانەی کە ستایشیان دەکات و ئەو واقیعەی کە پراکتیزەی دەکات، پارچە پارچە بووە.”  ئەمەش ڕێک هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە فەڕەنسای پێش شۆڕشدا دەگوزەرێت، کاتێک ماری ئەنتوانێت لەناو کۆشکی ڤێرسایدا دەیگوت “با کێک بخۆن”، لە کاتێکدا خەڵکی پاریس لەسەر پارچەیەک نان یەکتریان دەگوشت. ئەو بۆشاییەی نێوان کۆشک و شەقام بووە هۆی ڕووخانی تەواوی سیستەمەکە. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی کوێر بن لە ئاست مێژوودا، هەمان هەڵە دووبارە دەکەنەوە. ئەوان بە دروستکردنی گەڕەکی داخراو (VIP) و نەخۆشخانەی تایبەت و قوتابخانەی نێودەوڵەتی بۆ خۆیان، بەتەواوی لە ئازاری ئەو مامۆستایە دابڕاون کە پارەی کرێی پاسی پێ نییە بڕواتە دەوام. حکومەتەکەی ئەوان بۆ خەڵک کار ناکات، چونکە ئەوان خۆیان بە بەشێک لەم خەڵکە نازانن.

لەم تەماشاگەرییە مەدەنییەدا، هەر کاتێک پەرلەمان بێدەنگ دەبێت لە ئاست بڕینی قووتی خەڵک، و هەر کاتێک حکومەت دەبێتە تەنها دەرکەرێکی بەیاننامەی بێمانا، شەرعیەتی دەسەڵات نامێنێت و تەنها هێزی زەبروزەنگ جێگەی دەگرێتەوە. ئەو سیستەمەی کە پێکهاتەکەی هێندە قەبەیە بەڵام توانای چارەسەرکردنی بچووکترین کێشەی خەڵکەکەی نییە، وەک دایناسۆرێک وایە کە قەبارەکەی گەورەیە بەڵام مێشکی توانای مانەوەی لەدەستداوە.

داوای کۆتاییهێنان بە مێژووی ڕەشی زیندان دەکرێت

لە نیشانەیەکدا بۆ یەکڕیزی و هاودەنگی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا، ڕێکخراوی داکۆک کەمپینێکی ناڕەزایەتی مەدەنی و ئاشتیانەی ئەنجامدا کە لە ڕووی کاتەوە لە یەک چرکەدا دەستی پێکرد. ئەم چالاکییە بەبێ جیاوازی کات، لە هەریەک لە شارەکانی لەندەن، بێرمینگام، مانچستەر، لیدز، نیوکاسڵ، گلاسگۆ و کاردیف لە یەک کاتدا بەڕێوەچوو. هەموویان یەک ناونیشانیان هەڵگرتبوو: ‘لە سەردەشتەوە بۆ شێروان، مێژوویەکی ڕەش لە تیرۆر و زیندان’، بۆ ئەوەی پەیامەکەیان کاریگەرییەکی بەهێزتری هەبێت.

لە سەرجەم مەیدانەکانی ئەم حەوت شارەدا، پەیامێکی هاوبەش ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرا کە تێیدا بە توندی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) سەرکۆنە کران. ئەم ئیدانەکردنە بەهۆی درێژەدانە بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بە دیاریکراویش هێشتنەوەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و چالاکوانانی بادینان لە زیندانەکاندا. لە هەمان کاتدا، گردبوونەوەکە بووە یادکردنەوەیەکی نیشتیمانی بۆ سەردەشت عوسمان، کە ئامادەبووان داوایان کرد دەسەڵاتداران بکەرانی تاوانی کوشتنەکەی ساڵی ٢٠١٠ی هەولێر ئاشکرا بکەن و سزایان بدەن.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، جەخت لەسەر سەربەخۆیی دادگاکان کرایەوە. خۆپیشاندەرانی هەموو شارەکان بە یەک دەنگ سیستەمی دادوەری و دادگاکانی هەرێمیان شەرمەزار کرد. ئامانجی ئەم هەڵوێستە دروستکردنی فشار بوو لەسەر دادگاکان تا جورئەت بکەن و لەژێر سێبەر و بڕیارە ئامادەکراوەکانی حیزب بێنە دەرەوە و کارەکانیان بە سەربەخۆیی ئەنجام بدەن.

بارسێلۆنا بڕیاری کۆتایی خۆیدا سەبارەت بە ڕاشفۆرد

ئەم وەرزە بۆ مارکۆس ڕاشفۆرد وەرزێکی سەخت بوو،دوای ئەوەی لە نیوەیدا بەخواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە ڕوویکردە بارسێلۆنا،بەڵام ئاستی لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە بەرچاو نەبووە،کە ئەمەش وایکردوە بۆ ئیمزا کردنی گرێبەستی هەمیشەیی لەگەڵ ئەستێرە ئینگلیزیەکە بکشێنەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان بێت یانەی بارسێلۆنا نایەوێت گرێبەست لەگەڵ ڕاشفۆرد ئیمزا بکات ئەمەش بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە ئاستی وەک پێویست نەبووە و پێدانی 30 ملیۆن یۆرۆش بە مان یونایتد قورس دەکەوێت لەسەر بلوگرانالەم کاتە بەهۆی قەیرانی داراییەوە،بۆیە یانەکە ئامادەیە دەستبەرداری بێت،کە ئەمە بابەتێکی تەواو چاوەڕوان کراوە.

شایەنی باسە دوای بارسێلۆنا ڕاشفۆرد دەگەڕێتەوە مان یونایتد و تۆتنهامیش لەسەر هێڵە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بەهەمیشەیی،بەڵام تاکە ڕێگر لەبەردەم ئەو گرێبەستە دابەزینی تۆتنهامە لە پرێمەرلیگ،کە تاکو ئێستا ڕکابەری مانەوە دەکات و لەئەگەر مانەوەی ئەوا ڕاستەوخۆ مان یوو ئامادەیە ڕاشفۆرد بداتە تۆتنهام بە 30 ملیۆن یۆرۆ.

“سەرکار ڕێبوار”

لەکۆتاییدا کارێراس قسەی خۆی کرد دەربارەی کێشەکەی لە ڕیاڵ مەدرید

دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا ڕۆژنامەکان پەردەیان لەسەر کێشەیەکی ژووری جل گۆڕینی ڕیاڵ مەدرید لادا و ئاشکرایان کرد شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان کارێراس و ڕۆدیگێر ڕوویداوە تەنانەت گەیشتۆتە ئەو حاڵەتەی ڕۆدیگێر بۆکسێکی لە کارێراس داوە.

لەسەر ئەم بابەتە کارێراس بێدەنگی شکاند و باسی ڕووداوەکەی کرد و وتی؛ لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چەند ناوزڕاندن و ناڕاستیەک لەسەر من بڵاوکراوەتەوە،کە ئەمانە تەنها بەمەبەست کراون،من لێرە هەموو ئەمانە ڕەتدەکەمەوە و پابەندم بە یانەکەم و ڕاهێنەر و ستافی تیپەکەم،سەبارەت بەو کێشەیەی لەگەڵ یەکێک لە هاوتیمەکانم هەمبووە تەنها شتێکی بێمانایە و لەماوەی ڕابردوودا چارەسەر کراوە،من پەیوەندیم لەگەڵ سەرجەمیان باشە.

کارێراس لەسەرەتای وەرزدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش دەکرد،بەڵام لەم ماوەی ڕابردوودا شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی لەدەستداوە،وە ئەم قسانەیشی سەلمێنەری کێشەی نێو ماڵی ڕیاڵ مەدریدن لە ئێستادا،بەڵام ئەوەش دەسەلمێنێت یانەکە توانای چارەسەری هەیە بۆ کێشەکان.

“سەرکار ڕێبوار”

مشتومڕەکانی یاریەکەی دوێنێ شەو زیاتر دەبن و هێرش دەکرێتە سەر ناوبژیوان

دوێنێ لەقۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ یانەی ئارسێناڵ بە تاکە گۆڵێکی خاوێن لە ئەتڵەتیکۆ مەدریدی بردەوە و گەیشتە یاری کۆتایی،بەڵام ئەوەی مایەوە داوای یاریەکە کۆمەڵێک مشتومڕی لێدانی سزا و هەڵەی ناوبژیوان بوو،کە لەسەر ئەم بابەتە هێرشی توند کراوە،

لای خۆیە ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی نووسیوویەتی؛ ئەتڵەتیکۆ مەدرید یاریەکی زۆر نایابی کرد،بەڵام زوڵمی ناوبژیوان نەیهێشت بگاتە یاری کۆتایی،کە گریزمان شایەنی لێدانێکی سزا بوو،یاریەکە لەوە نەدەچوو تەکنەلۆژیای ڤاری تێدا هەبێت،بەڵکو بە پێش سەردەمی ڤار دەچوو،ئەتڵەتیکۆ مەدرید بووە قوربانی بڕیارەکانی ناوبژیوان.

لای خۆیانەوە تاکو ئێستا یانەی ئەتڵەتیکۆ مەدرید هیچ بەیاننامەیەکی فەرمیان بڵاو نەکردۆتەوە لەسەر ئەم بابەتە و قسەیان نەبووە،بەڵام قسەی ڕۆژنامە مەدرید و ئیسپانی و بەشێکی چاودێران دێڕێکیان نەهێشتۆتەوە تاکو یانە ئیسپانیەکە بیڵێت بۆ مافی خۆی.

“سەرکار ڕێبوار”

کارێراس کۆتایی بە دەنگۆکان هێنا

ئەلڤارۆ کارێراس یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید لە رێگەی ئەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام وەڵامی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی دایەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە میدیاکان بڵاوکرابوونەوە و باسیان لەوە دەکرد کە ئەو یاریزانە لە دەرەوەی پلانەکانی یانەکەیە و کێشەی لەگەڵ هاوڕێکانیدا هەیە.

ئەو یاریزانە ئاماژەی بەوە کرد کە تەواوی ئەو پڕوپاگەندانە ناڕاستن و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕاستی رووداوەکاندا ناگونجێن و دوپاتیکردەوە کە لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەی بۆ یانەکە بە تەواوی پابەند بووە بە ڕێنماییەکان و ڕاهێنانەکان و لە ئێستاشدا لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و هەست بە دڵخۆشیەکی زۆر دەکات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یاریزانانی تری یانەکە کارێراس روونی کردەوە کە هیچ کێشەیەکی تایبەتی لەگەڵ کەسدا نییە و ئەوەی پێشتر روویداوە تەنها پەیوەندی بە گۆشەگیرییەوە هەبووە و لە ئێستادا ئەو بابەتە چارەسەر کراوە هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هەمیشە رێزی کارەکەی دەگرێت و هەوڵی زۆری داوە تاوەکو جارێکی تر بگەڕێتەوە و درێسی یانەی شاهانە بپۆشێتەوە.

رۆمیلۆ لوکاکۆ گەرایەوە

دوای زیاتر لە مانگێک دابڕان لە یانەکەی، رۆمیلۆ لوکاکۆ هێرشبەری بەلجیکی گەڕایەوە ناوەندی راهێنانەکانی یانەی ناپۆلی ئیتاڵی، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەیەکی درێژ بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورکەوتبۆوە.

گەڕانەوەی لوکاکۆ لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەی ناپۆلی تووشی گرژی ببوو، چونکە ناوبراو بێ هەماهەنگی پێشوەختە بڕیاری دابوو لە وڵاتەکەی خۆی بمێنێتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و گومانی لەسەر داهاتووی دروست کردبوو.

یانەی ناپۆلی لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا گەڕانەوەی ئەستێرە بەلجیکییەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو لە ئێستادا دەستی بە راهێنانی تاکە کەسی کردووە، تا بە تەواوی ئامادە دەبێتەوە بۆ بەشداریکردن لە یارییەکاندا.

سەرەتای تەنگژەی نێوان هەردوولا بۆ کۆتایی مانگی ئاداری ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک یانەی ناپۆلی بەهۆی پابەندنەبوونی لوکاکۆ بە کاتە دیاریکراوەکان، هەڕەشەی دوورخستنەوەی یاریزانەکەی کردبوو.

کریستیانۆ جونیۆر پشت لە نەسڕ دەکات

کریستیانۆ جونیۆری تەمەن ١٥ ساڵ و کوڕی ئەفسانەی پورتوگالی، بڕیارێکی چارەنووسساز دەدات و دەیەوێت لە پێناو گەشەپێدانی زیاتری بەهرەکانی لە سعوودیەوە بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا.

هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا وەرزی داهاتوو لەگەڵ باوکی لە تیپی یەکەمی نەسڕ یاری بکات، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو دەیەوێت لە ژینگەیەکی کێبڕکێی بەهێزتردا خەونی یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ بەدی بهێنێت.

ئەم یاریزانە لاوە کە خاوەنی ئامارێکی سەرسوڕهێنەرە و لەگەڵ تیپەکانی پێشووی دەیان گۆڵی تۆمارکردووە، ئارەزووی گەڕانەوە بۆ بەریتانیا یان مەدرید دەکات. لە کاتێکدا ناوی بە یانەکانی وەک ڕیاڵ مەدرید، دۆرتمۆند و سپۆرتینگ لیشبۆنەوە دەبەسترێتەوە، خێزانەکەی لە فشارە میدیاییەکان و بەراوردکاری بەردەوامی کوڕەکەیان لەگەڵ باوکی دوودڵن.

کریستیانۆ جونیۆر بە گەڕانەوەی بۆ ئەکادیمیا گەورەکانی ئەوروپا، دەیەوێت لە دەرەوەی سێبەری باوکی بیسەلمێنێت کە دەتوانێت ببێتە یاریزانێکی پیشەگەر لە بەرزترین ئاستدا.

ئەستێرەیەکی ئەڵمانی وازهێنانی لەیاری کردن ڕاگەیاند

لە بەرنامەیەکی سۆشیاڵ میدیاییدا نیکۆڵاس سۆلێ ئەستێرەی ئەڵمانی و یاریزانی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند ئاشکرای کرد لەکۆتایی ئەم وەرزە واز لەیاری کردن دەهێنێت،ئەمەش بەهۆی ئەو پێکانە سەخت و ناخۆشانەی دووچاری هاتوونە،کە بەتایبەت پێکانەکەی ئەژنۆ زۆری بێزاری کردوە و دەبێت واز بێهێنێت.

سۆلێ یەکێکە لەو ئەستێرە ئەڵمانیانەی خاوەن دەستکەوتێکی زۆرە لەکاروانی وەرزشی خۆی،لە 2017 هۆفنهایم جێهێشت بۆ بایرن میونخ و لەگەڵ ئەو یانە باڤاریە چامپیۆنزلیگ و خولی ئەڵمانی و جامی جیهانی یانەکانی و جامی ئەڵمانی و جامی سوپەری ئەڵمانی بەدەست هێناوە،دواتریش لەساڵی 2022 ڕوویکردە یانەی بوروسیا دۆرتمۆند.

سۆلێی تەمەن 30 ساڵ لەکاروانی یاری کردنیدا خاوەنی 22 گۆڵە و بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش 49 یاری نێودەوڵەتی ئەنجامداوە،بەڵام بەهۆی پێکانەوە خۆری یاری کردنی بەناچاری ئاوا دەبێت.

“سەرکار ڕێبوار”

👤
Live: 9 Today: 32 📊 Click Here